راوێژکارێکی سوودانی بۆ رووداو: دۆخی ئاو لە عێراق خراپترینە لە 90 ساڵی رابردوو


رووداو دیجیتاڵ

تورهان موفتی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئاو رایدەگەیێنێت، ئێستا دۆخی ئاو لە عێراق بەراورد بە 90 ساڵی رابردوو، لە خراپترین دۆخدایە. جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە "عێراق لەدوای دامەزراندنی دەوڵەتەوە هیچ رێککەوتنێکی ئاوی لەگەڵ تورکیا واژۆ نەکردووە."
 
ئەو راوێژکارە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم ساڵ کەمترین بارانبارین هەبووە و گەرمترین ساڵە لە 90 ساڵی رابردوو. کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەواش لەسەر عێراق "لەوپەڕی تووندیدایە."
 
موفتی دەڵێت، هەموو حکومەتەکانی دوای 2003 سەرقاڵی بابەتە ئەمنییەکان بوون و دەوڵەتی عێراق پێشبینی وشکەساڵییەکی لەو شێوەیەی نەدەکرد.
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە: 
 
رووداو: دەگوترێت ئێستا لە خراپترین دۆخی ئاودایە و، ماوەی 80 ساڵە بەو شێوەیە نەبوو، ئایا ئەوە راستە؟ ئایا رێژەی ئاو ئێستا لە دیجلە و فورات چەندە؟ دۆخی گشتیی ئاو لە عێراق چۆنە؟
 
تورهان موفتی: راستییەکەی دۆخی ئاوی عێراق نەک لە 80 ساڵەوە، بەڵکو لە 90 ساڵەوە وایە. ئەم ساڵ دادەنرێت بە کەمترین ساڵی بارانبارین و گەرمترین ساڵ لەماوەی 90 ساڵدا، بەتایبەتی لە 35 ساڵی رابردوودا. ئەوەی ئێستا روودەدات، بە تێگەیشتنی زانستیی من، بوونی سووڕێکی دیاریکراوە، واتە خولێکی دیاریکراو، ئەم خولە رەنگە هەموو ماوەیەک دووبارە ببێتەوە. پرۆسەی گۆڕانی کەشوهەوا لە ناوچەکەدا لەوپەڕی تووندیدایە، ئەم گۆڕانکارییەی لە عێراقدا هەیە، لە راستیدا لە هەموو ناوچەکەدا هەیە. بۆ نموونە، من پێشتر لە دیدارەکانی دیکەشدا باسم کردووە، ئەگەر ناوچەی رووباری دیجلە و فورات وەربگرین کە لە باشووری تورکیا و رۆژئاوای ئێران و هەموو عێراق و رۆژهەڵاتی سووریاوە دەست پێدەکات، ئێستا ئەگەر لە سەرەوە بێین، بۆ نموونە، رێژەی وشکەساڵی لە باشووری تورکیا هەیە، نەک هەموو تورکیا. هەندێک ناوچەی دیاریکراوی تورکیا ئێستا لافاویان تێدایە، بەڵام باشووری تورکیا کە ناوچەی دیجلە و فوراتە، رێژەی وشکەساڵی تێیدا نزیکەی 59%ـە. پێشتر 56% بوو، بەڵام بەپێی خوێندنەوە نوێیەکان دەڵێن بە رێژەی 59% وشکەساڵی لە باشووری تورکیا هەیە. لە رۆژئاوای ئێران کە بەشێکە لە ناوچەی دیجلە، نزیکەی 62% بۆ %63 وشکەساڵی هەیە. عێراق دوو هێندەی ئەم رێژەیەی تێدایە، چونکە عێراق دوو جار تووشی دەبێت: جارێک وشکەساڵییەکەی خۆمان کە هەیە، جارێکیش دابەشکردنی زیانەکان. کاتێک ئێران و تورکیا وشکەساڵی یان بە واتایەکی دیکە کەمئاوییان هەیە، ئەوان پشکی خۆیان وەردەگرن و دابەشکردنی زیانەکان بە لایەنی کەمەوە دەکەوێتە سەر عێراق. بۆیە ناوچەکە بە گشتی لە ماوەی 90 ساڵدا، ئەم ساڵ کەمترین ئاوی تێدایە ی و گەرمترین ساڵیشە.
 
رووداو: بڕیاربوو جارێکی دیکە گفتوگۆ لەگەڵ تورکیا دەستپێبکەن، ئایا ئەو گفتوگۆیانە دەستیان پێکردووەتەوە؟ 
 
تورهان موفتی: لەگەڵ تورکیا رێککەوتنێک کراوە، رێککەوتن نییە، بەڵکو یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنە. خاڵێکی زۆر گرنگ هەیە ئەویش ئەوەیە کە عێراق هیچ رێککەوتنێکی لەگەڵ تورکیا سەبارەت بە ئاو نییە. ئەمە خاڵێکی گرنگە. لەدوای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە، عێراق هیچ رێککەوتنێکی لەگەڵ تورکیا سەبارەت بە ئاو واژۆ نەکردووە.
 
رووداو: ئەوە چۆن دەبێت؟
 
تورهان موفتی: نەبووە، واژۆ نەکراوە. تاکە رێککەوتن کە رێککەوتنی دراوسێیەتیی باش و دۆستایەتیی ساڵی 1946ـە، پرسی ئاو تێیدا بە سووکی تێپەڕیوە. لەو کاتەدا، ناوچەکە ناوچەی لافاو بوو، بۆیە تەنیا چەند دێڕێک تێیدا نووسراوە. هەروەها هەمان دۆخ لەگەڵ ئێراندا هەیە. لەگەڵ ئێرانیش هیچ رێککەوتنێک نییە، رێککەوتنی جەزائیری ساڵی 1975 هەیە. لە رێککەوتنی جەزائیردا، بە شێوەیەکی زۆر کەم تەنیا باسی پێنج رووبار دەکات.
 
رووداو: ئەمە بەهۆکاری سیاسی بووە یاخود پشتگوێ خراوە؟
 
تورهان موفتی: راستییەکەی ئەوەیە کە سێ خاڵی تێدایە. یەکەم، ئەوانەی رێککەوتنەکانیان واژۆ کردووە، چ لە 46 لەگەڵ تورکیا بێت یان لە 75 لەگەڵ ئێران، ئەو کاتە ناوچەکە ناوچەی لافاو بووە، دەوڵەتی عێراقیش بە خەیاڵیدا نەهاتووە کە وشکەساڵییەکی لەو شێوەیە رووبدات.
 
رووداو: منەتیان پێ نەبوو؟
 
تورهان موفتی: دروست وایە. ئەوە خاڵی یەکەم، بەمەش جۆرێک لە پشتگوێخستن لەو ماوەیەدا دروست بوو. لەدوای ئەوە، پرسی کەمئاوی، بەڕاستی ئێمە لە هەشتاکانەوە دەستمان پێکرد. سەرەتای هەشتاکان، عێراق چووە ناو شەڕی عێراق-ئێرانەوە، دوای ئەوە ئابڵۆقە و، حکومەتی عێراقیش نزیک بوو لە داڕمان. لەدوای 2003، بابەتەکانی تیرۆر، قاعیدە، داعش، خۆپیشاندانەکان. بۆیە حکومەتە یەک لەدوای یەکەکان بە شێوەیەکی، با بڵێین، چڕتر بیریان لەم بابەتە نەکردووەتەوە. هەموو حکومەتەکانی دوای 2003 سەرقاڵ بوون، با بڵێین، بە بابەتە ئەمنییەکان، شەڕی دژی تیرۆر، شەڕی دژی داعش، ئازادکردن. بۆیە پێیان نەکراوە. حکومەتەکانی پێش 2003، یان شەڕ و ئابڵۆقە و دەوڵەتێکی نزیک لە داڕمان بوو. بڕیارەکان جێبەجێ نەدەکران. بۆیە ئەو رێککەوتنانە نەکران.
 
رووداو: گفتوگۆ جارێکی دیکە دەستیپێکردووە، چونکە ماوەیەک پێش ئێستا هەندێک لە تورکیاوە هات و ئاستی ئاو لە دهۆک و زاخۆ بەرزبوویەوە، ئایا ئەوە بەردەوام دەبێت، ئەو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنە دەبێتە رێککەوتن؟
 
تورهان موفتی: ئەوەی هەیە ئەوەیە کە ئێمە چ وەکو کوردستان بێت یان وەکو عێراق، هەموومان وەک یەک ناوچە دادەنرێین، کە ناوچەی دیجلە و فوراتە. لە سەردەمەی ئەم حکوومەتەدا، بۆ یەکەمجار رێککەوتنێک کرا، یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن کە بە رێککەوتنی چوارچێوەیی ئاو لە نێوان عێراق و تورکیادا ناودەبرێت. لە چوارچێوەی ئەو یاداشتنامەیەدا کە ناوی رێککەوتنە، بەڵام وەکو یاداشتنامەیە، بۆ یەکەمجار لایەنی ئابووری لە بەرامبەر ئاودا بەکاردەهێنرێت. واتە، ئێمە وا دەکەین تورکیا ئاومان بۆ دابین بکات، لە بەرامبەردا ئێمە لایەنی ئابووری بۆ تورکیا دابین دەکەین. ئەمە تەنیا لە چوارچێوەی دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندیدا نابێت، بەڵکو هەرێمی کوردستانیش بەشێک دەبێت لەم بابەتە.
 
رووداو: چۆن هەرێمی کوردستان دەبێت بە بەشێک لەو رێککەوتنە؟ ئێستا تورکیا بە چەند مەتر ئاو رازی بووە کە بەریبداتەوە، ئایا ئاو زیاتر دەبێت یاخود وەکو خۆی دەمێنێتەوە؟
 
تورهان موفتی: رێککەوتنەکە یاخود یاداشتنامەکە، پێش ئەوەی بچمە سەر ئەو پڕۆژانەی ئێستا هەن. یاداشتنامەکە پڕۆژەی تێدایە، بەشێک لەو پڕۆژانە لە هەرێمی کوردستانن، بۆیە هەرێمی کوردستان بەشێکە لەو یاداشتنامەیە. بۆ نموونە بەنداوەکان، کۆکردنەوەی ئاو، بەنداوەکانی بەرهەمهێنانی وزە و هەندێک پڕۆژەی چاکسازی هەن کە لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستانەوە پێشکێشکراون و، رەزامەندی بەڕێز سەرۆکوەزیرانمان لەسەر وەرگرتووە، ئەوانە لەناو ئەم یاداشتنامەیەدان و چاوەڕێی رێکارەکان ناکەن.
 
رووداو: چاوەڕێی رازیبوونی سەرۆکوەزیرانی عێراقن؟
 
تورهان موفتی: بەڵێ.
 
رووداو: چی تێدایە بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ عێراق؟ ئایا بەنداو دروستدەکرێت؟
 
تورهان موفتی: نەخێر، نەخێر، لەبەرئەوەی یاداشتنامەکە فیدراڵییە، ناچێتە ناو وردەکارییەکانی دیکە. واتە، بۆ نموونە ئەگەر بمانەوێت باسی پشکی هەرێم بکەین، ئەو بابەتانە ناگرێتەوە.
 
رووداو: بابەتی تەکنیکین. 
 
تورهان موفتی: دروستە، وەکو تۆ گوتت بابەتێکی تەکنیکییە. دووەم، بەنداوە سەرەکییەکان لە هەرێمی کوردستانن، کە ئەوانیش بۆ نموونە بەنداوەکانی دووکان و دەربەندیخانن و، بەشێک لە ناوچەی کۆکردنەوەی ئاو بۆ باران و بەفر، ئەوانیش لەنێو هەرێمی کوردستاندان. بۆیە بابەتەکە ملکەچی رێژە و هاوسەنگی نییە، کاری نێوان هەرێم و ناوەند، ئەمە بابەتێکی دیکەیە. دێینە سەر بڕی بەردانەوەی ئاو، بڕی ئەو ئاوە لە لایەن تورکیاوە لە ساڵانی رابردوودا زۆر زیاتر بوو لەوەی ئەم ساڵ هەیە. بۆت باس دەکەم بۆ نموونەوە، باسی ئەم ساڵ ناکەم، با بڵێین سێ مانگی پێش ئێستا. ساڵی رابردوو و ساڵی پێشتر دوو یان سێ ئەوەندەی ئەم ساڵ بەردانەوەی ئاو هەبووە. ئەمە کێشەکەیە، کێشەکە لە کوێیە؟ ئەگەر رێگەم پێ بدەیت، دەمەوێت بێمە سەر خاڵێکی گرنگ. وەکو باسمان کرد، گۆڕانی کەشوهەوا بە شێوەیەکی گشتی لە ناوچەکەدا هەیە، نەک تەنیا لە عێراق، تورکیا دوو بەنداو یان زیاتری لەسەر دیجلە هەیە. ئەوان لە هەوڵی ئەوەدان بەنداوەکانیان پڕ بکەنەوە، لە بنەڕەتدا هەندێک لە بەنداوەکانیان لە نیوە کەمترن. بۆیە ئەگەر زیاتر ئاو بەربداتەوە، خۆی زیانی پێدەگات، بێگومان نایەوێت لە بەرژەوەندی عێراقدا زیان بە خۆی بگەیەنێت، لێرەدا دانوستاندنی سیاسی دێتە ئاراوە. چۆن ئاو بەردەدەنەوە؟ لەبەر ئەمە یاداشتنامەکە کرا و، پەیوەندیی لەسەر بەرزترین ئاست ئەنجامدرا. مانگی حەوت و هەشت پشکی ئاو کە پێمان دەگەیشت زیاتر بوو لەوەی تورکیا دەیویست بەریبداتەوە، بە سوپاسەوە مانگی حەوت و هەشتمان بە ئاسوودەیی تێپەڕاند.
 
رووداو: چەند بوو، دەتوانین ژمارەیەک بزانین؟
 
تورهان موفتی: بە تێکڕا، نزیکەی 300 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا لەسەر دیجلە و، لەسەر فوراتیش نزیکەی 350 بۆ 400 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا بوو.
 
رووداو: بۆ مانگی ئەیلوولیش هەروا بوو؟
 
تورهان موفتی: مانگی ئەیلوول جیاواز بوو لای ئێمە، چونکە ئەو بڕە زیادەیە بوو کە بۆمان دەهات، با بڵێین، لە مانگەکانی حەوت و هەشتدا. مانگی نۆ و دە جیاواز بوو، چونکە ئەو رێککەوتننامە مانگانەیە لەگەڵ یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکەدا نەبوو، بەو پێیەی هەمیشە لە مانگی نۆ و دەدا باران لە تورکیا دەبارێت. خاڵی گرنگ کە بۆ ئێمە وەک عێراق لە تورکیا سوودی هەیە: بەشی باشووری تورکیا کە لەدوای بەنداوی ئەلیسۆوەیە، ئەو ناوچەی باران و بەفرە هەمووی هی عێراقە، لەنێو سنووری تورکیادایە، بەڵام هی ئێمەیە، چونکە لەوێ نە کشتوکاڵیان هەیە و نە پڕۆژەی ئاودێری و نە بەنداو. هەرچەندە باران و بەفر هەبێت، بۆ ئێمە دێت. ئەم ساڵ تاوەکو ئێستا باران لەوێ نەباریوە.
 
رووداو: ئەو گفتوگۆ سیاسییانە بەکوێ گەیشتوون؟ ئایا بە ئەنجام گەیشتوون؟
 
تورهان موفتی: بێگومان نەخێر، ئەم دانوستاندنانە لە بەرزترین ئاستەکاندا بەڕێوەدەچن.
 
رووداو: واتە بەڕێز سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆککوماری تورکیا؟
 
تورهان موفتی: دروستە لە ئاستێکی زۆر بەرزدا بوو. تەنانەت یاداشتی رێککەوتنی چوارچێوەیی، بە شێوەیەکی ئاسایی لە حکومەتی عێراقیدا و، یاداشتنامەکانی لێکتێگەیشتن لەلایەن پسپۆڕانەوە واژۆ دەکرێن، واتە بۆ نموونە لەلایەن وەزیرێک لە عێراق و وەزیرێک لە وڵاتێکی دیکەوە. جگە لە یاداشتنامەی رێککەوتنی چوارچێوەیی بۆ ئاو، کە لەلایەن بەڕێز سەرۆکوەزیران و لەلایەن بەڕێز ئەردۆغانەوە واژۆ کراوە.
 
رووداو: ئێستا گفتوگۆکان بەردەوامن؟
 
تورهان موفتی: بەڵێ. 
 
رووداو: ئێستا دەچنە نێو گفتوگۆی دیکە؟
 
تورهان موفتی: نەخێر نەخێر، دانوستاندنەکان تەواو بوون، یاداشتنامەکە کەوتە واری جێبەجێکردنەوە. بەهۆی ئەمەوە ساڵی رابردوو سەرەڕای کەمیی ئاو، تا مانگی هەشت هیچ ناڕەحەتییەکمان نەبوو.
 
رووداو: مەبەستم بۆ ئەوەی ئەو یاداشتە بکرێتە رێککەوتن، هیچ پلانێک هەیە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ ئەوە؟ 
 
تورهان موفتی: ئەمە بابەتێکی جیاوازە. بێگومان حکومەتی عێراق بۆچوونێکی هەیە کە رێککەوتنێک واژۆ بکات. واتە ئەم یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنە، بەڵام من بۆ ئەوەی رێککەوتنێک واژۆ بکەم، دەبێت سەرەتا رێککەوتنێک لەسەر پێناسەی رووبارەکە هەبێت. واتە ئێران و تورکیا سەیری خۆیان دەکەن کە ئەوان وڵاتی سەرچاوەن و، رووبارەکانیش رووباری نێوخۆیین. ئەمە خاڵێکی گرنگە. بەپێی یاسای نێودەوڵەتی، کێیە کە رووبارەکە بە رووبارێکی نێوخۆیی دەبینێت و ئەو وڵاتە وڵاتی سەرچاوەیە، جا تورکیا بێت یان ئێران، لەم حاڵەتەدا، عێراق مافی نییە داوای پشک بکات. پێناسەی ئێمە بۆ ئەم رووبارانە، بە رووبار و وڵاتەکانیش بە وڵاتانی کەناراو دەزانین. بۆیە پێش ئەوەی رێککەوتنێک واژۆ بکرێت، دەبێت ئەو وڵاتانەی سەربە ناوچەی دیجلە و فوراتن، کە عێراق و سووریا و ئێران و تورکیان، سەرەتا دەبێت لەسەر پێناسەی رووبارەکە رێکبکەوین.
 
رووداو: گفتوگۆ بۆ ئەوە دەستیپێکردووە کە جارێکی دیکە پێناسەی رووبار بکەن؟
 
تورهان موفتی: نەخێر، نەخێر، تاوەکو ئێستا هیچ شتێکی وا نییە. ئێستا لەسەر یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن دەڕۆین. لە رۆژانی داهاتوودا لەسەر ئەوە قسە دەکەین. 
رووداو: سەبارەت بە ئێران، لە ماوەی رابردوو لە هەرێمی کوردستان کێشە هەبووە، بۆ نموونە لە قەڵادزێ لە ماوەی رابردوودا کێشەیان هەبووە چونکە ئاو بەرنادرێتەوە لەلایەن ئێرانەوە. ئایا گفتوگۆ لەگەڵ ئێران هەیە؟
 
تورهان موفتی: لەگەڵ ئێران، پێشتر 46 رووبار و جۆگە هەبوون. ئەم رووبار و جۆگانە نزیکەی بە تەواوی، یان بەنداویان لەسەر دروستکراوە، یان رێڕەویان گۆڕدراوە، تەنیا ژمارەیەک لەوان ماونەتەوە. ئەو ژمارە کەمەی ماونەتەوە، هەمان ئەو رووبارانەن کە لە رێککەوتننامەی جەزائیردا ئاماژەیان پێکرداوە. ئەو رووبارانەی کە لای ئێمە ماونەتەوە، کە سەرچاوەکەیان لە بەرزاییەکانەوە دێت، بۆ نموونە چیاکانی زاگرۆسی ئێران، وەک ناوچەی دیجلە دێنە لای ئێمە، بەشێک لە رووباری زێی بچووک، بەشێک لە رووباری شێروان یان رووباری دیالە، دەچینە خوارەوە بۆ رووباری سوێب کە لە کەرخەوە دێتە سەر حوێزە و دەچێتە باشووری عێراق و بەشێک لە رووباری کاروون. کەواتە، پێنج رووبارمان هەیە کە بەردەوام ئاویان تێدایە و، رووبارێکیش لە بەدرە هەیە. رووبارێکی دیکەش لە عەمارە هەیە. ئەم رووبارانە ئاویان بەردەوامە، بەڵام زۆربەی رووبارە بچووکەکان و جۆگەکان، بەهۆی وشکەساڵی یان کەمیی ئاوەوە، وشکبوون، یان ئەوان بەنداوی کۆکردنەوەی ئاویان دروستکردووە و ئاو نایەت.
 
رووداو: دەتوانین بزانین رێژەی بەردانەوەی ئاو لەلایەن ئێرانەوە چەندە؟
 
تورهان موفتی: نەخێر، لەگەڵ ئێران هیچ ژمارەیەکی دیاریکراو نییە، چونکە ئەوان رووباری گەورە نین وەکو دیجلە و فورات کە وێستگەیان تێدا بێت. ئێمە هیچ وێستگەیەکمان لەگەڵ ئێران نییە. ئەگەر وێستگە دروست بکرێن، تەنیا کاریگەری لەسەر زێی بچووک و ئەو رووبارانە دەبێت. ژمارەمان هەیە، وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان ژمارەی ساڵانەی هەیە، کە چەند بڕ ئاو لەو رووبارانەوە دێت، بەڵام ژمارەی رۆژانە نییە.
 
رووداو: ئایا دەبێ چاوەڕێی 10 ساڵی داهاتووی خراپ بۆ عێراق بکەین؟
 
تورهان موفتی: سەبارەت بە ئاو؟
 
رووداو: بەڵێ
 
تورهان موفتی: من وەکو شارەزا لێرە قسە دەکەم، نەک وەک سیاسییەک. پرۆسەی گۆڕانی کەشوهەوا، سێ خولی هەیە. خولێکی بچووک هەیە کە هەموو دوو بۆ پێنج ساڵ جارێک دێت. واتە دوو ساڵ باران دەبارێت، و سێ یان چوار ساڵ باران نابارێت.
 
رووداو: وەکو پێیدەڵێن وشکەساڵی.
 
تورهان موفتی: دروستە. هەروەها خولێکی گەورە هەیە، بۆ نموونە، خولگەلێک هەن کە هەموو سەد ساڵێک، یان سەد و بیست ساڵێک روودەدەن. هەروەها خولی گەورەش هەیە، ئەمانە ماوەیەکی زۆر دەخایەنن، هەموو ماوەیەکی گەورە، بۆ نموونە، پێشتریش باسم کردووە، لە چوارچێوەی خوێندنەوەمان بۆ شوێنەوار و مێژوو، ماوەیەک هەبووە لە 730 بۆ نزیکەی 600 پێش زایین، کە 130 ساڵ بووە و، ناوچەکە تووشی وشکەساڵی بووە.
 
رووداو: واتە ئێستا پێشبینی ئەوە بکەین؟
 
تورهان موفتی: نەخێر، نەخێر، ئەو پێشبینییە ناکرێت. پێشبینی من ئەم ساڵ زیاد دەبێت، نزیکەی 10 بۆ 15 لەسەد. ساڵی دواتر، بە ویستی خودا، ساڵی داهاتوو ئاو زۆر باش دەبێت. نەک ئەم ساڵ، بەڵکو ساڵی دواتر. ئەم ساڵ زیاد دەبێت، نزیکەی 15 یان 20 لەسەد. بەڵام ساڵی دواتر واتە 2027، بارانێکی زۆر دەبارێت.

 

رووداو: دوایین پرسیار لەسەر پرسی هەڵبژاردن دەبێت، بەڕێزتان تورکمان خەڵکی کەرکووکن، ئێستا پرۆسەکە چۆن دەبین و چۆن بەڕێوە دەچێت؟ دەنگی تورکمان چۆنە؟ کێ لە کەرکووک براوە دەبێت؟
 
تورهان موفتی: وەک دەزانیت پرسی کەرکووک، بەڕاستی پرسێکی هەستیارە. خاڵی ئەرێنی کە هەموو لایەنەکان لە کەرکووک لەسەری کۆکن ئەوەیە کە دەکرێت کەرکووک بەدوور لە بوونی لایەنێکی دیکە بەڕێوەببرێت. ئەمە خاڵێکی گرنگە. هەموو لایەنەکان، من لە 2005 تا 2010 ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا بووم، ئەو کاتە مشتومڕی سیاسی توند هەبوو. کێبڕکێی سیاسی توندوتیژی زۆری تێدا بوو. ئێستا مشتومڕ و ناکۆکی سیاسی لە چوارچێوەی سیاسەتدا دەمێنێتەوە. ئەم خاڵە لە کەرکووک زۆر گرنگە. لە مشتومڕێکی سیاسی توندەوە، کە تیرۆر لەو کاتانەدا توندوتیژی سیاسی قۆستەوە و تەقینەوەی ئەنجام دەدا، گۆڕا بۆ گفتوگۆیەکی سیاسی رێزلێگیراو لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا. ئەمە خاڵێکی گرنگە. راستە ئێستا تورکمانەکان لە حکومەتدا نین. بەشێک لە هێزە کوردییەکان کە پارتی نوێنەرایەتییان دەکات، نین. بەشێک لە عەرەب لە حکومەتی خۆجێیی ئێستادا نین. لە بەرامبەردا، یەکێتی و بەشێک لە عەرەب هەن، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە، گفتوگۆکە وەکو گفتوگۆیەکی سیاسی مایەوە، نەگۆڕا بۆ گفتوگۆیەکی دیکە. بۆیە ئەمە خاڵێکی زۆر گرنگە بۆ ئێمە لە کەرکووک. واتە بەڕاستی، پێگەیشتوویی سیاسی روویداوە سەبارەت بە سیاسەت، سەبارەت بە هەڵبژاردن و ئەو دەنگانەی تۆ باست کردن. تورکمانەکان، بە سرووشتی دۆخی خۆیان، لە ئەنجامی ئەو ئاڵۆزییانەی کە لە ساڵی 1920 تا 2003 هەبووە، پرۆسەی تێکەڵبوونی تورکمان لەگەڵ کۆمەڵگەی عێراقی پێویستی بە کاتە. دەبێت پارتەکانی دیکە و پێکهاتەکانی دیکە بەشداری لە تێکەڵبووندا بکەن. کاتێک بەشداری لە تێکەڵبووندا نەبێت، دەنگی تورکمانەکان کەم دەبێتەوە و تورکمانەکە تووڕە دەبێت، چونکە لە بنەڕەتدا دەرهاویشتەیەکی 80 ساڵی هەیە. دەرهاویشتەکانی تورکمانەکانی پێش 80 ساڵ وەکو کورد و شیعە نین، چونکە کورد بە لایەنی کەمەوە جوگرافیایەکی داخراوی خۆیان هەبوو. کاتێک حکومەتەکانی پێشوو ستەمیان لێ دەکردن، دەچوونە دەرەوە دەبوونە ئۆپۆزسیۆن، دەبوونە پێشمەرگە، دەبوونە کۆمەڵە، دەستیان بە شەڕ دەکرد. هێزە شیعەکان زۆنگاوەکانیان هەبوو، دەیانتوانی لە زۆنگاوەکان خۆیان حەشار بدەن، ئەوانیش بە هەمان شێوە دەجووڵانەوە. سوننەکان دەیانتوانی پەنا ببەنە بەر قووڵایی ناوچە سوننییەکان. تورکمان و جوگرافیای تورکمان بە تەواوی لەناو عێراقدا بوو. بۆیە کاتێک کەسێک دەبووە ئۆپۆزسیۆن، حکومەتە یەک لە دوای یەکەکان لێی دەدان و بابەتەکە کۆتایی دەهات. بەهۆی ئەمەوە، پرۆسەی تێکەڵبوونی تورکمان لە کۆمەڵگەی عێراقی پێویستی بە کاتێکی زیاترە لە پێکهاتەکانی دیکە.
 
رووداو: چەند کاتی پێویستە؟ ئایا 80 ساڵی دیکە پێویستە؟
 
تورهان موفتی: نەخێر، نەخێر، مەحاڵە. ئێستا ئەگەر بڵێین پرۆسەکە گۆڕاوە بۆ گفتوگۆیەکی سیاسیی رێزدارانە، واتە ئێمە زیاتر لە نیوەی رێگاکەمان لە یەکخستنەوەدا بڕیوە.

 

رووداو: واتە کەمتر ماوە..
 
تورهان موفتی: بەڵێ، بڕێکی کەم، ئەمەش بە یارمەتی لایەنەکانی دیکە. رەنگە تورکمان زیاتر تێکەڵ بە کۆمەڵگە ببێت، بەتایبەتی لە کەرکووک. بۆیە، دەنگەکانی تورکمان جیاواز دەبێت، رەنگە پێکهاتەکانی دیکە کاتێک بیر لە دەنگەکان دەکەنەوە، بڵێن: نەخێر، با زیاتر تێکەڵ نەبن
 
رووداو: چەند زیاد دەکات با رای تۆ؟
 
تورهان موفتی: ئەگەر یەکخستنەوەی سەد لە سەد بێت، زیاد دەبێت.