پەرلەمانتارێکی ئەورووپا: ئێمە قەرزاری کوردین
رووداو دیجیتاڵ
لە ناو باڵەخانەی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا لە برۆکسل، رێوڕەسمێکی تایبەت بۆ پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆزی کورد بەڕێوەچوو. ڤیلی سۆندەل، ئەندامی پەرلەمانی ئەورووپا و وەزیری پێشووی دەرەوەی دانیمارک، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ رووداو، پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ مافەکانی گەلی کورد دووپات کردەوە و رایگەیاند، ئەورووپا قەرزاری قوربانییەکانی کوردە لە شەڕی دژی داعشدا.
ڤیلی سۆندەل لە لێدوانەکانی بۆ ئاڵا شاڵی، نێردراوی رووداو بۆ بەلجیکا ئاماژەی بەوە کرد، ناسینی کورد و پیرۆزکردنی نەورۆز لە پەرلەمانی ئەورووپا پەیامێکی گرنگە. سۆندەل گوتی: "وەک هەر گەلێکی دیکە، زۆر گرنگە کە کورد کولتوور، دابونەریت و جەژنەکانی خۆی هەبێت. من لە زۆربەی شارە گەورەکانی دانیمارک لە نەورۆزدا بەشداریم کردووە و باشترین هاوڕێکانم کوردن." سۆندەل جەختی کردەوە، پێویستە کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان (ئێران، عێراق، سووریا و تورکیا) مافی هەبێت زمانی دایک و کولتوور و قوتابخانەی تایبەت بە خۆی هەبێت.
سەبارەت بە پشتیوانیی ئەورووپا بۆ هەرێمی کوردستان لە ناو جەرگەی جەنگی ئێستا لە ناوچەکەدا، سۆندەل گوتی: "پێموایە ئێمە قەرزاری ئێوەین بەهۆی ئەو کاتەی کە داعش هەبوو؛ ئێوە هاوکاریتان کردین بۆ شەڕکردن دژی ئەوان و نزیكەی 7,000 کەستان گیانیان لەدەستدا." پەرلەمانتارەکە گوتیشی، هەرێمی کوردستان نموونەیەکی ناوازەی بنیادنانی دیموکراسی بووە لە ناو تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا."
ئەم ئەندامەی پەرلەمانی ئەورووپا رەخنەی لە چەوساندنەوەی کورد لە تورکیا گرت و گوتی: "نابێت سەرۆک شارەوانییەکان لە زینداندا بن." سەبارەت بە رۆژهەڵاتی کوردستانیش، سۆندەل گوتی: "ئێمە زۆر ئومێدەوارین گەلی کورد لە باکووری ئێران مافی زیاتریان هەبێت بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنووسی خۆیان."
لەسەر هێرشە بەردەوامەکانی سەر هەرێمی کوردستان، ڤیلی سۆندەل داوای کرد، ئەورووپا هەموو پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی خۆی لە برۆکسل و کۆپنهاگن بەکاربهێنێت بۆ پشتیوانیکردنی خەڵکی کوردستان. وەزیری پێشووی دەرەوەی دانیمارک پێشنیازی کرد، "دەبێت هاوکاریی ئابووریی زیاتر پێشکێشی کۆمەڵگە کوردییەکان بکرێت و بە هەموو شێوەیەک هەوڵ بدرێت هاوکاریی ژیانی رۆژانەی گەلی کورد بکرێت" تاوەکو لە مەترسییەکانی جەنگ پارێزراو بن.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: لە پەرلەمانی یەکێتی ئەورووپاوە سڵاوتان لێبێت، ئەمرۆ رێوڕەسمێکی تایبەت، دەتوانم بڵێم جەژنی نەورۆزی کورد لێرە پیرۆز دەکرێت، چەندین ئەندام پەرلەمانی یەکێتی ئەورووپا لێرە ئامادەن. من ئێستا دەمەوێت لەگەڵ کەسایەتییەک، سیاسەتڤانێکی ناوداری ئەم پەرلەمانە کە خەڵکی دانیمارکە، پێشتر وەزیری دەرەوەی دانیمارک بوو، بەڕێز (ڤیلی سۆندەل)، قسە بکەم. دەمەوێت چەند پرسیارێکی ئاراستە بکەم، کوردیش باش دەناسێت. بەڕێز سۆندەل زۆر زۆر سوپاس بۆ ئەم چاوپێکەوتنە. پرسیاری من لە بەڕێزتان ئەوەیە، چەند گرنگە بە لای بەڕێزتانەوە کورد بناسن و چەند گرنگە کە جەژنی نەورۆزی کورد لێرە پیرۆز بکرێت؟
ڤیلی سۆندەل: پێموایە ئەمە زۆر گرنگە، چونکە وەک هەر گەلێکی دیکە، زۆر گرنگە کە کولتوور، دابونەریت و جەژنەکانی خۆتت هەبێت و بیانکەیت. من زۆر بەشداریم کردووە؛ من لە دانیمارک هەڵبژێردراوم و لەوێ دەژیم، لە هەموو شارە گەورەکانی دانیمارک لە نەورۆزدا بەشداریم کردووە و لەگەڵ ئێوەدا پیرۆزم کردووە. هەندێک لە باشترین هاوڕێکانم لە دانیمارک کوردن. ئێمە زۆر دڵخۆشین بە گەلی کورد و بە هەر شێوەیەک بتوانین پشتیوانییان دەکەین. دەمانەوێت هەموو ئێوە، چ لە ئێران بێت، چ لە عێراق، چ لە سووریا یان تورکیا، رێگەتان پێ بدرێت کولتووری خۆتان، زمانی خۆتان و قوتابخانەی خۆتانتان هەبێت. ئەوەیە کە ئێمە پشتیوانی لێ دەکەین.
رووداو: زۆر سوپاس. بەڵام ئێستا دۆخەکە دۆخێکی زۆر ناخۆشە، شەڕە، شەڕی ئیسرائیل و ئەمریکا و ئێرانە، بەردەوام هێرش دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان. یەکێتی ئەورووپا چۆن دەتوانێت پشتیوانی هەرێمی کوردستان بکات؟ چۆن دەتوانێت لەم دۆخە هەستیارەدا پشتیوانی هاوپەیمانەکانی بێت؟ بۆ نموونە پێشمەرگە کە چەندین ساڵ دژی داعش شەڕی کردووە؟
ڤیلی سۆندەل: پێموایە ئێمە قەرزاری ئێوەین بەهۆی ئەو کاتەی کە داعش لە سووریا هەبوو. ئێوە هاوکاریتان کردین بۆ شەڕکردن دژی ئەوان. زۆر لە ژن و پیاوەکانی ئێوە گیانیان لەدەستدا، ئەگەر بە دروستی لەبیرم بێت نزیكەی 7,000 کەس. بۆیە ئێمە زۆر سوپاسگوزارین بۆ ئەوە. من هەندێک پەیوەندی باشم هەیە لەگەڵ کوردستانی عێراق، کە پێموایە شوێنێکی ناوازە بوو لە ناو تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا لەگەڵ هەموو ئەو دیکتاتۆرییەت و کەمیی دیموکراسییەی هەبوو؛ کوردەکان دیموکراسییان لە کوردستانی عێراق بنیاد دەنا. ئاگاداری ئەو خەباتەشم کە لە تورکیایە، کە زۆرجار چەوساندنەوە لە لایەن حکومەتەکەی ئەوێوە هەیە کە نابێت هەبێت، زۆر لە سەرۆک شارەوانییەکان لە زیندانن. دواجار و گرنگتر لە هەمووی، ئەوەی ئێستا لە ئێران روودەدات؛ ئێمە زۆر ئومێدەوارین گەلی کورد لە باکووری ئێران، مافی زیاتریان هەبێت بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنووسی خۆیان و رێز لە کولتوور و زمان و هەموو شتەکانیان بگیرێت. ئەمانە هەمووی ئەو شتانەن کە ئێمە پشتیوانییان دەکەین.
رووداو: بەڵام چۆن دەتوانن هاوکاری کورد بکەن لە باشووری عێراق (هەرێمی کوردستان) کە ئێستا بە بەردەوامی هێرش دەکرێتە سەریان، چۆن دەتوانن کورد بپارێزن لە ناوچەکە؟
ڤیلی سۆندەل: پێم وایە دەبێت هەرچی لە تواناماندا بێت بیکەین بۆ پشتیوانیکردنی کۆمەڵگە کوردییەکانی عێراق. پێم وایە دەبێت هەموو ئەو پەیوەندییە باشانەی کە لەگەڵ کورد هەمانە، چ لە برۆکسل بێت یان لە کۆپنهاگن، بەکاربهێنین بۆ بەردەوامبوون لە پشتیوانیکردنی خەڵک لەوێ. پێم وایە دەبێت هاوکاریی ئابوورییش پێشکێشی کۆمەڵگە کوردییەکان بکەین و بە هەموو شێوەیەک هەوڵ بدەین هاوکاریی ژیانی رۆژانەی گەلی کورد بکەین.
رووداو: زۆر زۆر سوپاس بۆ ئەم هەڤپەیڤینە.
ڤیلی سۆندەل: دەستخۆش، زۆر سوپاس. هیوای سەرکەوتن.