کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا لەبارەی کۆچی کۆچبەران: لە راستیدا بلیتێک بۆ نێو دۆزەخ دەکڕن

 
رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا لەبارەی پرسی کۆچبەران لەسەر سنووری بێلاڕووس - پۆڵەندا رایدەگەیێنێت، ئەوەی روودەدات هێرشێکی جیۆپۆڵەتیکی و هەمەلایەنەیە لە دژی یەکێتیی ئەوروپا؛ دەشڵێت، ئەوەی خەڵک دەیکات بۆ گەیشتن بە ئەوروپا لەڕێگەی بێلاڕووسەوە، "لە راستیدا کڕینی بلیتێکە بۆ نێو دۆزەخ".
 
مارگەریتەس شیناس، جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا لەمیانی بەشداریکردنی لە هەڤپەیڤینێکی رووداو کە رێباز عەلی لەگەڵی ئەنجامداوە، ئاماژەی بەوەش کردووە، "گریمانەی سەرەکیم ئەوەیە کە ئەو خەڵکە کۆچ دەکەن، چونکە قاچاخچییەکان لەسەر بنەمایەکی درۆ باوەڕیان پێهێناون. ئەگەر تۆ لەو هەرێمە بیت و ئاگادارییەک ببینیت کە دەڵێت لە هەولێرەوە دەتبەین بۆ فرانکفۆرت، یاخود لە بەیرووتەوە دەتبەین بۆ میونخ، باوەڕت پێدەهێنن کە ئەوە ئۆفەرێکی ئاساییە؛ بەڵام وانییە، ئەوە درۆیە و فێڵە. خەڵک نابێت باوەڕ بەوە بکەن".
 
جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا دەڵێت، ئەگەر دەرفەتی هەبێت لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستان قسە بکات، "پێیان دەڵێم باوەڕ بەو قسانە مەکەن و کۆچ مەکەن، چونکە ئەوە کۆچێکی ئاسایی نییە، بەڵکو دەبنە بەشێک لە شتێکی جیاواز، دەبنە بەشێک لە ساختەکارییەک. بەتایبەتی ئەوانەی خێزاندارن، دەبێت خۆیان لەوە بەدووربگرن".
 
بە گوتەی مارگەریتەس شیناس، هێزە تایبەتەکانی رژێمی بێلاڕووس بە پاس کۆچبەران دەبەن بۆ نێو دارستان و لەوێ بەجێیاندەهێڵن. لەبارەی گەڕانەوەی کۆچبەرانیش دەڵێت، "زۆر گرنگە گەشتە ئاسمانییەکانی گەڕانەوە بە زوویی رێکبخرێن".
 
 
رووداو: بەڕێز شیناس، زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە و بەخێرهاتی.. وڵاتانی ئەوروپا ئێستا سەرقاڵی هەوڵێکی دیپلۆماسیی گەورەن بۆ رێگریکردن لە چوونی کۆچبەران لە عێراق و هەرێمی کوردستان و سووریا و وڵاتانی دیکەشەوە بۆ بێلاڕووس و دواتریش وڵاتانی دیکەی یەکێتیی ئەوروپا. دەتوانیت باسی ئەو هەوڵانە بکەیت؟ هەروەها سەردانی ئەمڕۆت بۆ بەغدا لەبەر چییە؟
 
مارگەریتەس شیناس: سەرەتا دەمەوێت ئەوە بڵێم کە ئەوەی روودەدات کۆچێکی ئاسایی نییە، ئەوە رێگەی کۆچکردنی ئاسایی نییە، ئەوە جیاوازە. ئەوە هێرشێکی جیۆپۆڵەتیکی و هەمەلایەنەیە لە دژی یەکێتیی ئەوروپا، لەلایەن رژێمێکی تۆتالیتارییەوە کە مرۆڤ وەکو ئامراز بۆ دەستکەوتی سیاسی بەکاردەهێنێت، ئەوان خەڵک وەکو ئامرازێکی سیاسی بەکاردەهێنن بۆ هێرشکردنەسەر ئەوروپا. ئەوان لەگەڵ قاچاخچییەکان تێوەگلاون بۆئەوەی دڵنیایی بە خەڵک بدەن کە دەتوانن بە سەلامەتی لە هەولێرەوە گەشت بکەن بۆ ئەڵمانیا، لە کاتێکدا لە راستیدا ئەو خەڵکە بلیتێک بۆ نێو دۆزەخ دەکڕن، دەکەونە نێو دارستانێکەوە پلەی گەرمای پێنج لەژێر سفرە و دەرچەیەکی بۆ دەربازبوون نییە. من ئێستا سەرقاڵی گەشتێکم بەنێو وڵاتانی ناوچەکە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کۆچبەران لێیانەوە دێن و ئەوانەی کۆچبەران پێیاندا تێپەڕدەبن، بۆئەوەی دڵنیابین کە هاوکاریمان دەکەن و لەم دۆخە سەختەدا لەگەڵ ئەوروپا کار دەکەن؛ لەسەر ئاستی مرۆیی بۆ هاوکاریکردنی ئەو خەڵکە، هەروەها هاوکاریکردنمان بۆ کۆتاییهێنان بەو دیاردە بێ پێشینەیە. نابێت خەڵک وەکو ئامرازی سیاسی بەکاربهێندرێن.
 
رووداو: چاوەڕوانیی ئێوە لەو وڵاتانە چییە بۆتان بکەن؟
 
مارگەریتەس شیناس: گفتوگۆکانم لەگەڵ وڵاتان دوو بەشن؛ یەکەم لەگەڵ وڵاتانی ترانزێت، داوایان لێدەکەین کە هێڵە ئاسمانییەکانیان یاخود ئەو هێڵانەی بەنێو فڕۆکەخانەکانیاندا تێپەڕدەبن، بەردەوام نەبن لەو هێرشە هەمەلایەنەیە. من خۆشحاڵ بووم کە هەموو ئەوانەی لەگەڵیاندا گفتوگۆم کردووە لە ئیمارات و لوبنان و تورکیا هاوکاریمان دەکەن لە گەشتە ئاسمانییەکاندا، دەمانەوێت ژمارەی گەشتەکان لە چەند گەشتێکەوە بکەینە سفر. بەشی دووەمی گفتوگۆکان لەگەڵ ئەو وڵاتانەیە کە کۆچبەران لێیانەوە دێن، ئەوانەی هاووڵاتییانیان کراونەتە بەشێک لەو ئامرازە، لەوانەش عێراق. دەمانەوێت کار بکەین لەگەڵ حکومەتدا بۆئەوەی دڵنیابین کە خەڵک ئاگاداری دۆخەکەبن و باوەڕ بە درۆی قاچاخچییەکان نەکەن و هەموو هەوڵێک بدەین بۆ گەڕانەوەیان و دووبارە دەستپێکردنەوەی ژیانێکی نوێ.
 
رووداو: باست لەوە کرد کە بێلاڕووس لەگەڵ قاچاخچییەکان تێوەگلاوە، دەتوانیت باسی ئەوە بکەیت؟ هیچ بەڵگەیەکی ئەو تێوەگلانە هەیە؟ ئەو قاچاخچییانە کێن؟ ئایا خەڵکی ئەو وڵاتانەن کۆچبەران لێیانەوە دەڕۆن یاخود ئەو وڵاتانەی کۆچبەران پێیاندا تێپەڕدەبن؟
 
مارگەریتەس شیناس: ئێمە بەڵگەی زۆر و هەواڵگریی بڕواپێکراومان هەیە کە تێوەگلان لە نێوان تۆڕەکانی قاچاخچێتیی نێودەوڵەتی و رژێمی لوکاشێنکۆ لە بێلاڕووس هەیە. باوەڕ بە خەڵک دەهێنن کە ڤیزای خوێندن و ڤیزای گەشتیاری و مۆڵەتی کارکردن بەدەستدەهێنن، هەروەها دەتوانن بە سەلامەتی لە سنوور بپەڕنەوە و بگەنە ئەوروپا، بەڵام ئەوە روونادات، چونکە کاتێک دەگەنە مینسک، هێزە تایبەتەکانی رژێمی بێلاڕووس بە پاس دەیانبەن بۆ نێو ئەو دارستانە و بەجێیاندەهێڵن و لێناگەڕێن بچنە ژوورەوە و بگەڕێنەوە دواوە. ئەوە پرسی تێوەگلانی ئەو قاچاخچییانەی لەگەڵ دوایین دیکتاتۆری ئەوروپا گەرمتر کردووە و ئێمەش سوورین لەسەر کۆتایی پێهێنانی.
 
رووداو: ئامانجی حکومەتی بێلاڕووس لەو تێوەگلانە لەگەڵ قاچاخچییەکان و هێنانی ئەو هەموو کۆچبەرە بۆسەر سنوورەکانی ئەوروپا چییە؟
 
مارگەریتەس شیناس: لەوانەیە لەبیرت بێت کاتێک لە مانگی 12ی ساڵی رابردوو، مینسک فڕۆکەی جەنگیی بەکارهێنا بۆ هێنانە خوارەوەی فڕۆکەیەکی مەدەنی کە لەنێوان دوو پایتەختی ئەوروپیدا گەشتی دەکرد، بە مەبەستی دەستگیرکردنی سەرکردەیەکی ئۆپۆزیسیۆن. راستەوخۆ لەدوای ئەو رووداوە، یەکێتیی ئەوروپا سزای بەسەر رژێمدا سەپاند، پێموابێت ئەوەش کارێکی دروست بوو، چونکە ئەوەی روویدا زۆر جێگەی سەرسوڕمان بوو؛ هەڕەشە لە فڕۆکەیەکی مەدەنی لەلایەن فڕۆکەیەکی جەنگییەوە لە ئەوروپا! ئەوە شتێکە ئێمە هەرگیز نامانەوێت بیبینین؛ بەڵام لەدوای ئەوە رژێمەکە پێیوابوو کە باشترین رێگە بۆ وەڵامدانەوەی سزاکانی ئەوروپا، رێکخستنی ئەو هێرشە هەمەلایەنەیە، ئەویش بەکارهێنانی مرۆڤ لە رێگەی کۆچبەرییەوە. ئەوە شتێکی زۆر نا عەقڵانییە و سەرکەوتوو نابێت.
 
رووداو: پێتوایە رۆڵی رووسیا لەو پرسەدا چییە؟ ئایا پێتوایە کە ئەوەی روودەدات هەوڵێکی رووسیایە دژی وڵاتانی ئەوروپا؟
 
مارگەریتەس شیناس: من لە پێگەیەکدا نیم ئەوە بڵێم و بەڵگەشم نییە، تەنیا بەڵگەی زۆرم لەسەر رژێمی بێلاڕووس هەیە. پێموانییە رووسیا هێرشێکی لەو شێوەیە بکاتە سەر یەکێتیی ئەوروپا، بەڵام من نازانم چەند ئاگاداری کارەکانی مینسکن یاخود چەند ئاگادار نین، ئەوە کاری من نییە. ئەوەی کە من دەیکەم گفتوگۆیە لەگەڵ هاوبەشەکان و دۆستەکانمان لەو هەرێمە، بۆئەوەی هاوپەیمانێتییەک دروستبکەین کە هاوکاریمان بکات کۆتایی بەو دیاردەیە بهێنین.
 
رووداو: لە گوتارێکی جۆزێپ بۆرێل لە برۆکسل، دەڵێت زۆربەی کۆچبەران لە کوردستانی عێراقەوە هاتوون. تێڕوانینی یەکێتیی ئەوروپا بۆ ئەوە چییە؟
 
مارگەریتەس شیناس: من نامەوێت راڤە و قسە لەسەر دۆخێک بکەم، خەڵک دەیانەوێت کۆچ بکەن. گریمانەی سەرەکیم ئەوەیە کە ئەو خەڵکە کۆچ دەکەن چونکە قاچاخچییەکان لەسەر بنەمایەکی درۆ باوەڕیان پێهێناون. ئەگەر تۆ لەو هەرێمە بیت و ئاگادارییەک ببینیت کە دەڵێت لە هەولێرەوە دەتبەین بۆ فرانکفۆرت، یاخود لە بەیرووتەوە دەتبەین بۆ میونخ، باوەڕت پێدەهێنن کە ئەوە ئۆفەرێکی ئاساییە؛ بەڵام وانییە، ئەوە درۆیە و فێڵە. خەڵک نابێت باوەڕ بەوە بکەن. ئەگەر دەرفەتم پێبدەیت لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستان قسە بکەم؛ پێیان دەڵێم باوەڕ بەو قسانە مەکەن و کۆچ مەکەن، چونکە ئەوە کۆچێکی ئاسایی نییە، بەڵکو دەبنە بەشێک لە شتێکی جیاواز، دەبنە بەشێک لە ساختەکارییەک. بەتایبەتی ئەوانەی خێزاندارن، دەبێت خۆیان لەوە بەدووربگرن.
 
رووداو: ئێوە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن؟ ئەوان چۆن هاوکاریتان دەکەن؟
 
مارگەریتەس شیناس: من لە پلانمدا هەبوو کە بچم بۆ هەولێر، لە راستیدا دەمویست لە دوای بەغدا سەردانی هەولێر بکەم، بەڵام پێیانگوتم کە بەرپرسانی حکومەتی هەرێم لەوێ نین، بۆیە نەمتوانی سەردانەکە رێکبخەم. بەڵام هەر دەمەوێت سەردانی هەولێر بکەم و لەگەڵ بەپرسان قسە بکەم و تێیان بگەیێنم کە ئەرکی ئەوانیشە هاوکاریمان بکەن، چونکە ئەمە ئەو ساتەیە کە ئەوروپا رووی لە دۆستەکانی کردووە و دەمانەوێت باوەڕ بەوە بکەین کە لە هەولێریش دۆستمان هەیە.
 
رووداو: چۆن دەتانەوێت یارمەتیتان بدەن؟ ئەوان دەتوانن چی بکەن؟
 
مارگەریتەس شیناس: داواکاریی سەرەکیی ئێمە ئەوەیە هاوکاریمان بکەن لە گەیاندنی پەیامێکی گشتی بە راستی و دروستی، ئەویش ئەوەیە کە گەشت مەکەن. پێموایە زۆر گرنگە ئێمە ئەوە بڵێین و حکومەتی عێراقیش بیڵێت، بەڵام زۆر گرنگە بۆ سەرکردایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە رۆڵی لە هاوکاریکردنی ئێمەدا هەبێت، چونکە ژمارەیەکی گەورەی ئەوانەی گەشت دەکەن، کوردی عێراقین.
 
رووداو: دەتوانیت باسی رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان بکەیت؟ ئەوان چۆن لەو دۆخەدا هاوکاریتان دەکەن؟
 
مارگەریتەس شیناس: ئەمە ئەو ساتەیە کە لایەنی مرۆیی زۆر گرنگە. ئێمە ژمارەی گەشتە ئاسمانییەکان کەمتر دەکەینەوە و جەخت دەخەینەسەر ئەو خەڵکەی کە ئێستا لەوێن. لەگەڵ حکومەتی بەغدا قسەمان کردووە بۆئەوەی گەشتی ئاسمانیی گەڕانەوەیان رێکبخەین، بۆ ئەوەش پێویستە حکومەتی عێراق لەگەڵ حکومەتی بێلاڕووس قسە بکات و ئەوە رێکبخەن؛ گەڕانەوەی خۆبەخشانە و گەڕانەوەی زۆرەملێ. ئێمەش ئامادەین هاوکاربین لە رێگەی ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەتایبەتی UNHCR، چونکە ئەوان نووسینگەیەکیان لە مینسک هەیە و چەند رۆژێکە رێگەیان پێدراوە سەردانی دارستانەکە بکەن. لەبەرئەوە رۆڵی ئەوان زۆر گرنگە بۆ رێکخستنی هاوکاریی ئەوانەی لەنێو دارستانەکەدان و هەروەها رێکخستنی گەشتی گەڕانەوەیان. ئێمە ئامادەین هاوکاریی حکومەتی عێراق بکەین، نەک تەنیا لە گەشتەکاندا، بەڵکو لە گەڕاندنەوەی ئەو خەڵکانە بۆ نێو کۆمەڵگە، بۆئەوەی بتوانن ژیانێکی نوێ و دەستپێکێکی نوێ بە هاوکاریی ئێمە بەدەستبهێنن.
 
رووداو: ئایا ئێوە لەو هەوڵانەدا هیچ هاوکارییەکی دارایی پێشکێش بە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن؟
 
مارگەریتەس شیناس: من دڵنیاییم بە حکومەتی عێراق داوە کە دەتوانن پشت بە یەکێتیی ئەوروپا ببەستن لە هاوکاریکردنیان بۆ دووبارە گەڕاندنەوەی ئەو خەڵکە بۆ نێو کۆمەڵگە، هەرکاتێک گەشتە ئاسمانییەکانی گەڕانەوە دەستپێدەکەن.
 
رووداو: گوتەبێژێکی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، بە بڕوای نەتەوە یەکگرتووەکان پێویستە رێگەبدرێت بە هەندێک لەو کۆچبەرانە، ئەوانەی ناتوانن بگەڕێنەوە وڵاتانی خۆیان، بۆئەوەی بگەنە وڵاتێکی ئەوروپی و جێگیر ببن. بۆچوونی تۆ چییە؟ ئایا دەرفەت هەیە بۆ هەندێک لەوانە ئەو سنوورە تێپەڕ بکەن و بگەنە وڵاتێکی ئەوروپی؟
 
مارگەریتەس شیناس: هەرگیز لە ژیانی سیاسیی خۆمدا قسە لەسەر قسەی کەسێکی دیکە ناکەم، ئەوە بنەمایەکە و لەسەری دەڕۆم، بۆیە هیچ لەسەر ئەو لێدوانە ناڵێم، بەڵام دەتوانم ئەوە بڵێم کە ئەوروپا وەکو رووگەی پەناخوازان دەمێنێتەوە بۆ ئەوانەی لە شەڕ و دیکتاتۆرییەت و چەوسانەوە هەڵدێن، بەڵام ئەوەی روودەدات ئەوە نییە، بەڵکو ئەوە هێرشە. ئەوەی روودەدات خێزانێک نییە داوای پەنابەری بکات، بەڵکو هەزاران هەزار کەسن کە بە شێوەیەکی رێکخراو لەلایەن پۆلیس و هێزی تایبەتەوە پاڵدەنرێن. من دەمەوێت ئەو پەیامە دووبارە بکەمەوە بۆ ئەو خەڵکانەی کە دەیانەوێت باوەڕ بە قاچاخچییەکان بکەن، پێیان دەڵێم نەکەن باوەڕ بکەن. ئەوان بلیتی چوونە ئەوروپاتان بۆ ناکڕن، بەڵکو بلیتی چوون بۆ نێو دارستانێکی ساردتان بۆ دەکڕن.
 
رووداو: بۆچی تاوەکو ئێستا نەتانتوانیوە دۆخێکی مرۆیی باشتر بۆ ئەو کۆچبەرانەی لەسەر سنوور گیریانخواردووە دابین بکەن؟ نیگەران نین لە دروستبوونی قەیرانێکی مرۆیی؟
 
مارگەریتەس شیناس: بێلاڕووس دەوڵەتێکی داخراوە، دەوڵەتێکە هیچ رێگە بە هیچ ئۆفەرێک نادات، هیچ رێگەیەک بە هاوکاری نادات. ئەوان دۆخی دەوروبەری ئەو دارستانەیان بە شێوەیەک رێکخستووە کە پێیانوایە بەو شێوەیە لە بەرژەوەندیی خۆیانە بۆ هێرشکردنە سەر ئەوروپا، ئەوان خەڵک وەکو بارمتە بەکاردەهێنن. لەبەرئەوە تاکە رێگەی هاوکاریکردن بریتییە لە ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان یاخود UNHCR، کە تەنیا چەند رۆژێکە رێگەیان پێدراوە. من لەگەڵ فیلیپۆ گراندی دیدارم کردووە کە نوێنەری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ کاروباری پەنابەران و رێککەوتین لەسەر ئەوەی کە ئەوان دەتوانن پشت بە ئێمە ببەستن لە هاوکاریکردنی کۆچبەران. هەروەک پێشتریش باسم کرد، زۆر گرنگە گەشتە ئاسمانییەکانی گەڕانەوە بە زوویی رێکبخرێن، بۆئەوەی خەڵک لەو دۆخە خراپە رزگار بکرێن.
 
رووداو: ئایا ئێوە نیگەرانن لە دروستبوونی رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەنێوان بێلاڕووس و پۆڵەندا؟ ئەگەر ئەوە رووبدات چی دەکەن؟
 
مارگەریتەس شیناس: پێم باشە تەنیا لەسەر سیناریۆ ئاساییەکان بووەستمەوە، هەرچەندە ئەوەی کە هەیە هەڕەشەیەکی ئەمنییە.
 
رووداو: سەربازێکی پۆڵەندی بووە قوربانی..
 
مارگەریتەس شیناس: بێگومان قوربانی دەبێت... کاتێک هەزاران کەس وەکو چەک و ئامراز بەکاردەهێنرێن، ئەگەری روودانی کارەسات دروستدەبێت؛ بەڵام پێموانییە ئەوەی کە هەیە سەربکێشێت بۆ شەڕێک و ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنی. ئێمە رووبەڕووی دۆخێکی نائاسایی و هەمەلایەنە بووینەتەوە و دەبێت رایبگرین و هاوکاریی خەڵکەکە بکەین، ئەوە گرنگترین شتە.
 
رووداو: ئایا پلانی درێژخایەنتان چییە بۆ پرسی کۆچبەری لە ئەوروپا؟
 
مارگەریتەس شیناس: لە مانگی ئەیلوولی ساڵی رابردووەوە، پاکێجێکی تەواو و گشتگیرمان لەسەر کۆچبەری و پەناخوازی لە ئەوروپا پێشکێش کردووە. لەوانەیە لای تۆ شتێکی زۆر سەیر بێت، بەڵام یەکێتیی ئەوروپا کە گەورەترین بازاڕە لە جیهاندا، خاوەنی دووەم گەورەترین دراوە لە جیهاندا، 10%ی دانیشتووانی جیهانی تێدایە، خاوەنی 20%ی GDP جیهانە، ئەو ئەوروپایە سیاسەتی کۆچبەری نییە. ئەوە زۆر جێگەی تێڕامانە و پێویستی بە گۆڕانکارییە. لەسەر بنەمای ئەو پاکێجەی پێشکێشمان کردووە، ئەمە دوایین دەرفەتە بۆ گەیشتن بە سیاسەتێکی کۆچبەریی دروست کە بتوانین لەنێو سیستەمێکدا کار بکەین، نەک وەکو ئێستا کە وەکو ئاگرکوژێنەوە کار دەکەین. پاکێجەکە بنەماکانی بەرپرسیارێتی و سەروەری و بەڕێوەبردنی سنوور و پەیوەندیی وڵاتانی لەخۆگرتووە. من زۆر ئومێد دەکەم لەژێر سەرۆکایەتیی ئێستای فەرەنسادا بتوانین پێشڤەچوونی باش ببینین.
 
رووداو: ئێستا کە تۆ لە عێراقی، پەیامتان چییە بۆ خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان؟ دەتانەوێت چییان پێبڵێن؟
 
مارگەریتەس شیناس: پەیامی سەرەکیمان بۆ خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە ئەوان یەکێتیی ئەوروپا بە دۆستی خۆیان بزانن، ئێمە دۆستی ئەم وڵاتەین، پێشتر ئەوەمان سەلماندووە، ئێمە بەردەوام دەبین لە هاوکاریکردنی عێراق بۆ دووبارە گەیشتنەوە بە دیموکراسییەت و سەقامگیری. ئەمە وڵاتێکە کە شەڕی دژی تیرۆر کردووە، وڵاتێکە بەنێو زەحمەتی و دۆخی خراپی زۆردا رۆیشتووە، وڵاتێکە لە رابردوودا سوودی لە هاوکاریی ئەوروپا بینیوە و دەمانەوێت سەرکەوتوو بێت، هەموو کەسێک لە ئەوروپا دەیەوێت عێراق سەرکەوتوو بێت. پەیامی من ئەمەیە؛ ئێمە دۆستی ئێوەین و لەگەڵتانین. پەیامەکەی دیکەش ئەوەیە کە دۆستی راستەقینە لەگەڵ یەکدی راشکاو دەبن، لەبەرئەوە پێیان دەڵێم نابێت رێگە بدەن بەکارتانبهێنن و باوەڕ بە درۆکانی قاچاخچییەکان بکەن و پێتانوابێت ئەوە جووڵەیەکی کۆچبەریی ئاساییە، چونکە وانییە. ئەوەی روودەدات هەڕەشە و هێرشێکی هەمەلایەنەیە و نابێت ببنە بەشێک لەوە.
 
رووداو: ئێوە رازین لە ئاستی هاوکاریکردنی هەردوو حکومەت لە بەغدا و هەولێر؟
 
مارگەریتەس شیناس: بەڵێ من رازیم، چونکە عێراق لە مانگی تەممووزدا گەشتە ئاسمانییەکانی راگرت. هەروەها کارەکانی دوو کۆنسوڵخانەی بێلاڕووسیان راگرت. ئەوان کار دەکەن لەسەر ئەنجامدانی گەشتی گەڕانەوەی کۆچبەرەکان و بەڵێنم وەرگرتووە کە بەردەوام دەبن. من داوامکردووە کە رێگەنەدەن کاری قاچاخچێتی لێرە ئەنجامبدرێت، ئەگەر هەبوو دەبێت زۆر بە تووندی مامەڵەی لەگەڵدا بکەن و پێموابێت چەند حاڵەتێکی سەرکەوتوو لەو بوارەدا هەیە. هەمان ئەو پەیامانەش بە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدەم کاتێک دەرفەتم هەبوو بچم بۆ ئەوێش.
 
رووداو: پرسیاری کۆتاییم؛ باسی قاچاخچێتیت کرد، هیچ بەڵگەتان هەیە لەسەر تۆڕی قاچاخچیی نێودەوڵەتی لەنێو عێراقدا؟
 
مارگەریتەس شیناس: بەڵگە هەیە لەسەر کاری قاچاخچێتیی نێودەوڵەتی کە زۆر گەورەیە و بە باشی لە زۆر شوێنی ئەم ناوچەیەدا رێکخراوە. ئەو بەرپرسانەی لە عێراق گفتوگۆم لەگەڵدا کردوون، دڵنیایان کردمەوە کە بە تووندی رووبەڕوویان دەبنەوە و رایانگەیاندووە کە هەندێک ئۆپەراسیۆنی سەرکەوتوویان لەو بوارەدا هەبووە. من داوایان لێدەکەم لەو کارە باشە بەردەوام بن.
 
رووداو: زۆر سوپاس بۆ ئەو دەرفەتە.
 
مارگەریتەس شیناس: سوپاس و رێزی زۆرم بۆ هەولێر.