هونەرمەند شەیدا له‌ قه‌ڵای هه‌ولێره‌وه‌: بەیەکجاری دەگەڕێمەوە رۆژئاوای کوردستان

 
رووداو دیجیتاڵ

هونەرمەندی ناسراوی کورد، شەیدا، لە قەڵای مێژوویی هەولێرەوە رایگەیاند، بڕیاری داوە بەڕێژەی 70% بۆ 80% بەیەکجاری بگەڕێتەوە رۆژئاوای کوردستان.
 
شەیدا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ نالین حەسەن، پێشکێشکار و بێژەری تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند کە ژیانی پەنابەری و دوورکەوتنەوە لە وڵات کاریگەریی قورسی لەسەر ژیانی هونەری و کەسایەتیی داناوە و گەڕانەوە بۆ نیشتمان بۆتە بڕیارێکی جیدی.
 
شەیدا کە لە ساڵی 2016ـەوە رۆژئاوای کوردستانی جێهێشتووە، لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ قەڵای هەولێر وتی: "من لێرە بۆنی عامودا دەکەم، چونکە کورد لە هەر شوێنێک بێت، ئەوێ دەبێتە کوردستان."
 
ئەو هونەرمەندە هۆکاری سەرەکیی بیرکردنەوەی لە گەڕانەوەی بۆ یەکڕیزی و لێکتێگەیشتنی نێوان لایەنە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان گەڕاندەوە و بە "جێگەی هیوا" ناویبرد، کە وای لێکردووە زیاتر بیر لە گەڕانەوە بکاتەوە و ببێتە بەشێک لەو قۆناغە نوێیە.
 
لە بەشێکی دیکەی هەڤپەیڤینەکەدا هونەرمەند شەیدا باسی لە سەرەتاکانی کاری هونەری و پشتیوانیی بێسنووری باوکی کرد، که‌ مووچه‌ی ساڵێکی خۆی داوە بۆ کڕینی تەمبوورێک. هەروەها چیرۆکی پشت بەشێک لە بەرهەمە بەنێوبانگەکانی وەک "دلبەر هەگەر"ی ئاشکرا کرد و ئاماژەی بەوەشدا کە دوێتێکی نوێی لەگەڵ سەفقانی برای بەڕێوەیە.
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ هونەرمەندی ناسراوی کورد، شەیدا: 
 
رووداو: شوێنێکی چۆنە، خۆشە؟
 
شەیدا: هەواکەی زۆر خۆشە، باوەڕ ناکەی، بەڕاستی زۆر خۆشە.
 
رووداو: تۆ پێشتر قەڵای هەولێرت بینیبوو؟
 
شەیدا: نەخێر، ئەمە یەکەمجارە، بەڕاستی شتێکی زۆر خۆش و سەرنجڕاکێش بوو کە تۆ منت هێنایە شوێنێکی ئاوا، سوپاس.
 
رووداو: هونەرمەندێک کە ئاوا خزمەتی هونەری کوردی کردبێت و دەنگی ئەوەندە خۆش بێت، دەنگێکی زۆر بەنرخ  شایستەی شوێنێکی ئەوەندە خۆشە، بەخێربێی.
بینەرانی رووداو سڵاو، ئەمڕۆ ئێمە لە قەڵای هەولێرین، شوێنێکی زۆر مێژوویی و دێرینە، یەکێکە لە کۆنترین ئەو شوێنانەی کە مرۆڤ تێیدا ژیاوە و تاوەکو ئێستاش ژیان تێیدا بەردەوامە، لە قەڵای هەولێر میوانمان هونەرمەندێکی زۆر دەنگخۆشە، ساڵانێکە خزمەتی هونەری کوردی کردووە، لەگەڵ خانەوادەکەیدا هەموو شتێک و ژیانی خۆی بۆ خزمەتی هونەری کوردی تەرخان کردووە، بێگومان ئێوە دەیناسن، هونەرمەند شەیدایە، گوێتان لە گۆرانییەکانی گرتووە، بەڵام ئەمڕۆ لەم هەڤپەیڤینە تایبەتەدا لە نزیکەوە زانیاریی زۆر جیاواز و تایبەت لەسەر هونەرمەند شەیدا دەزانین، زۆر بەخێربێی هەم بۆ هەولێر و هەم بۆ رووداو.
شەیدا: زۆر سوپاس، سوپاس بۆ ئێوە و بۆ کارمەندەکانتان و بۆ بانگهێشتکردنەکەتان، بەڕاستی من زۆر دڵخۆش بووم کەمنت هێنایە شوێنێکی ئاوا خۆش کە قەڵای هەولێرە، کە بۆ من زۆر سەرنجڕاکێش بوو.
 
رووداو: باشە، مادام سەرنجڕاکێشە، ئێمە هەر لەوێوە دەست پێدەکەین، کاتێک تۆ ئەم شوێنە مێژووییە دەبینیت، ئەم بەردانە دەبینیت کە مێژووەکەیان هەزاران ساڵە، بەڕاستی چی دێتە خەیاڵت؟
 
شەیدا: دایک و باوکی مرۆڤ دەهێنێتەوە یاد بەڕاستی شتێکی ئەوەندە دێرینە، دەڵێی بۆنی باوباپیرانی مرۆڤی لێ دێت، بەڕاستی جێگەی شانازییە کە ئێمەش، ئێمەش وەک هەموو گەلان شوێنەوارمان هەیە، کەلاوەمان هەیە و مرۆڤ دەتوانێت بیسەلمێنێت، بە هەموو گەلان بڵێت، خاوەنی کولتوور، خاوەنی شارستانییەتین، من بەو هیوایەم کە بە شێوەیەکی ئاشتییانە بە هەموو خەڵک بگات.
 
رووداو: تۆ باسی دایک و باوکت کرد، هەڵبەت لە ژیاندا نەماون، خوا لێیان خۆش بێت، دیارە کە تۆ بیری رۆژئاواشت کردووە، یەکەم کەس دایک و باوکت هاتنەوە بیرت، لە کەیەوە تۆ رۆژئاوای کوردستانت نەبینیوە؟
 
شەیدا: لە ساڵی 2016ـەوە، بەڕاستی لە مانگی هەشتدا، لە مانگی هەشتی 2016ـدا من لە رۆژئاوای کوردستان دەرچووم.
 
رووداو: تۆ ئێستا بۆنی عامودا لە قەڵای هەولێرەوە دەکەیت؟
 
شەیدا: من بۆنی عامودای لێ دەکەم، هەمیشە دەڵێم کورد لە هەر شوێنێک بێت، لە هەر خاکێک بێت، ئەوێ دەبێتە کوردستان، ئێمە سەیری چوار پارچەی کوردستان ناکەین، هەمووی یەکە، هەمان ئەو شوێنەیە، واتە ئەو بۆنەی لێ دێت، ئەو دایکانەن، ئەو باوکانەن، ئەو برایانەن، ئەو خوشکانەن، ئەو شوێنە جێگەی شانازییە بۆ مرۆڤ، لە هەر کوێیەک بێت، کاتێک مرۆڤ ئەم مانایە بچەسپێنێت، بەڕاستی واتە مرۆڤ نەڵێت "وەڵا رۆژهەڵات و رۆژئاوا...".
 
رووداو: هەموو کوردستان یەکە و تۆ بۆنی عامودات لێ کرد، باشە کاک شەیدا، دەگەڕێیتەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان؟ بە سەردان دەچیت یان بەیەکجاری دەگەڕێیتەوە بۆ رۆژئاوا؟
 
شەیدا: باوەڕ دەکەم 70-80% بەیەکجاری دەگەڕێمەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان.
 
رووداو: ئەو بڕیارە بۆ هونەرمەند شەیدا چۆن بوو؟ واتە بەیەکجاری بگەڕێتەوە رۆژئاوا... ئەمە چەند ساڵە تۆ لە ئەڵمانیا دەژیت، غەریبی، واتە هەم بۆ کەسایەتیی تۆ وەک شەخس، هەم بۆ تۆ وەک هونەرمەندێک، چ کاریگەرییەک، چ کاریگەرییەکی خراپی لەسەر تۆ داناوە؟
 
شەیدا: بەراستی، نازانم چی بڵێم... بۆ هونەرمەندان، واتە پەنابەری بەڕاستی زۆر قورسە، زەحمەتیی خۆی هەیە، واتە هەم غەریبی، هەم لە رووی کارەوە، ناتوانیت کاری پێشووی خۆت بکەیت، زۆر ئاستەنگ دێنە پێش مرۆڤ، دواتر وەک کەسایەتییەک، تۆ لە کۆمەڵگەیەکەوە دەردەچیت و دەچیتە ناو کۆمەڵگەیەکی دیکە، تۆ لە کۆمەڵگەیەکدایت هەموو کەس دەتناسێت، هەموو کەس سڵاوت لێ دەکات، هەموو کەس رێزت لێ دەگرێت... هەرگیز بەراورد ناکرێن، لە وڵات بژیم یان بچم لە ئەڵمانیا بژیم بەراورد ناکرێن، واتە ئەوە راستییەکەیە.
 
رووداو: تۆ خۆشەویستێکی زۆرت هەیە، بە ملیۆنانن بەراستی، نەک تەنیا لە رۆژئاوا، بەڵکو لە هەر چوار پارچەی کوردستانیش، بەڵام مەبەستم ئەوەیە شتی تایبەت لەسەر شەیدا بزانین، بۆیە دەمەوێت بپرسم، یەکەم هاندەری تۆ وەک هونەرمەند شەیدا بۆ هونەر کێ بوو؟ چی بوو؟ کەسێک بوو، هونەرمەندێک بوو، یان دەوروبەرەکەت بوون، خانەوادەکەت بوو، یان شتێک لە منداڵییەوە لە شەیدادا هەبووە؟
 
شەیدا: نازانم... من هەمیشە دەڵێم، لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، لەو سەردەمەدا، واتە ساڵانی هەشتا و نەوەدەکان، دایک و باوک رێگەیان نەدەدا منداڵەکانیان گۆرانی بڵێن، واتە باوک زۆر جار تەمبوورەکانیانی دەشکاند، لە منداڵەکانیانی دەدا... بەداخەوە، بەڵام باوەڕ بکە باوکی من وا نەبوو، ئەو دایکی من ئەو دایکە نەبوو، بوونی شەیدا، بوونی سەفقان، بوونی باوکمان... مرۆڤێکی واتە کراوە بوو، دنیادیدە بوو، خوێندەوار بوو، هیچ کات نەبووە رێگر لەبەردەممان، بەپێچەوانەوە، بەڵکو دەتوانین بڵێین، ئێستا لەژێر گوێی سەفقانی دەربێنە، دەیگوت "بڕۆ تەمبوورێکم بۆ بکڕە"، ئەو کاتە بە پێنجسەد وەرەقەی سووری کڕی، واتە گرامێکی زێڕ ئەو کاتە بە شەست- حەفتا وەرەقە بوو، هێشتا لە ساڵانی هەشتاکاندا، مووچەی ساڵێکی فەرمانبەرێک بوو، باوکم بەڕاستی پشتیوانیی لێ کردین و دایکیشم هەروا، ئەوە دەستپێکمان بوو، واتە، ئەو کاتە بەڕاستی شتێکی دیکە بوو.
 
رووداو: کاتێک تۆ کاسێتت دەرکرد و بەناوبانگ بوویت، ئەو کاتە باوکی رەحمەتیت پارەی مووچەکەشی دابوو بۆ ئەوەی تۆ کاسێتەکەت تۆمار بکەیت، ئەو زانیارییە راستە؟
 
شەیدا: بەڵێ، ئەو کاتە ئێمە بە 22 هەزاری سووری تۆمارمان کرد، واتە پارە، من بە باوکمم گوت "بابە، وەڵا ئەوەندە پارە پێویستە"، ئەو کاتە گوتی "بەسەرچاو"، ئەو پێی دام و بەڕاستی رەنگە کەس لەو زیاتر پشتیوانیی نەکردبێت.
 
رووداو: یەکەم گۆرانی کە تۆمارت کرد، کام گۆرانی بوو، کام ساڵ بوو، چیرۆکەکەی چی بوو؟ کەمێک باسی بکە.
 
شەیدا: لە سەرەتادا ئێمە وەک گرووپی "ئۆرکێش" کارمان دەکرد، من و دژوار و سەفقانیش، هەر سێکمان پێکەوە بووین، کارمان دەکرد، ئەو کاتە من بە گۆرانیی "دلبەر هەگەر" دەرکەوتم و بەناوبانگ بووم، هۆنراوەکەی هی خەمگینی بێرهات بوو و دابەشکردنەکەشی خۆشیار ئاگری بۆی کردین، ئەو و لەزگین بوون، گۆرانیی دووەم "شەڤەک خۆش بوو ژ بیرانینێ"، ئەویش هی خالید بوو، دۆستێکی من بوو، زۆر هۆنراوەی پێدام، "هەی دەلالێ"ش هی حەسەن بوو، ئاوا هەر یەکێکمان سێ گۆرانیمان لەو کاسێتەدا بڵاو کردەوە، واتە ئەوانە گۆرانیی هاوبەش بوون، یازدە-دوازدە گۆرانی تێدا بوو، ئەو کاتە "دلبەر هەگەر" ئاوا دەنگی دایەوە.
 
رووداو: بەڕاستی ئەو گۆرانییەت بۆ هاوژینی خۆت دروست کردبوو، "دلبەر" هاوژینی تۆیە؟
 
شەیدا: من خۆشمدەویست، چوار ساڵ پێشتر ئاوازەکەم بۆ دانابوو، هۆنراوەکەم لە دیوانی خەمگینی بێرهاتم دەرهێنا.
 
رووداو: ساڵی چەند بوو؟ بەوردی.
 
شەیدا: ئێمە لە 1999 بڵاومان کردەوە، بەڵام چوار-پێنج ساڵ پێشتر ئاوازەکەم دانابوو.
 
رووداو: ئێستا هاوژینەکەشت بێگومان سەیری ئێمە دەکات و گۆرانییەکەش بۆ ئەوە، دەتوانیت پارچەیەکی لێ بڵێیت؟
 
شەیدا: گۆرانی دەڵێت: دلبەر هەگەر تە زانیبا، تە چ کری یە ب دلێ من.. ئاورێن چاڤێ تە یێ رەش، ژ نوو پر کرن کولێ من.. ئاورێن چاڤێ تە یێ رەش، ژ نوو پر کرن کولێ من...
 
رووداو: دەستخۆش، سوپاس، بەڕاستی دەنگی تۆ خۆی ئاوازە، واتە پێویستت بە ئاواز نییە، تۆ ئاوازەکان جوان دەکەیت، دەنگی تۆ ئاوازەکان جوان دەکات، تۆ هەر هەبیت، دەنگت لە دنیادا بێت، زۆر گۆرانیی تۆ هەن وەک "دلبەر هەگەر"، "تو نزانی"، "ئەڤینا تە"، "خوەزی ئەسمەر... واتە بەڕاستی بوونەتە بەشێک لە یادەوەریی هەموو کوردێک لە هەر چوار پارچەی کوردستان، کاتێک تۆ گۆرانییەک هەڵدەبژێریت، ئایا پەیوەندیی بە چیرۆکێکی کەسیی هونەرمەند شەیداوە هەیە؟
 
شەیدا: نەخێر، بەڕاستی، زۆر جار ئەم پرسیارەم لێ کراوە، من حەز دەکەم، بەراستی، پرسیاری واشم لێ بکرێت و وەڵامی بدەمەوە، زۆر سوپاس، هیچ کات... واتە هەمیشە دەڵێم، مەرج نییە کە هونەر بنووسێت، چیرۆکێکی هەبێت، مەرج نییە کاتێک یەکێک ئاوازێک دادەنێت، چیرۆکێک بەسەریدا هاتبێت، واتە شت هەیە چیرۆکە، شتیش هەیە ئاساییە، هۆنەر وەک هەستی خۆی دەینووسێت، بەڵام هەڵبژاردنی ئێمە بۆ هۆنراوە کەمێک قورسە، رەحمەتی خودای لێ بێت، فەرهادی ئچمۆ دەیگوت، "رازیکردنی تۆ کەمێک زەحمەتە"، سەفقان دەیگوت، "جەرگم رەش دەکات تاوەکو هۆنراوەکان کۆدەکەمەوە"، بەڕاستی زۆر هونەرمەندیش بۆیان نووسیوم و من سوپاسی هەموویان دەکەم، نامەوێت ناو بهێنم، چونکە زۆرن، لەبیرم دەچن، مافیان دەخۆم، سوپاسی هەموویان دەکەم، بەڵام ئەوانەی زۆرترینیان بۆ من نووسیوە، بەراستی، رەحمەتیی فەرهادی ئچمۆ بوو و سەفقانیش زۆری بۆ نووسیوم، "تو نزانی" ئاواز و تێکستیش هی سەفقانە، واتە ئاوازیش هی ئەوە، تێکستیش هی ئەوە.
 
رووداو: زۆر بەرهەمی هەیە، تۆش ئاوازت داوەتە سەفقان، کاتێک سەفقان دەستی بە کاری هونەری کرد و بە تەمەنیش بچووک بوو، بەرهەمی هاوبەشتان هەیە بە ئاواز و گۆرانی، بەڵام تاوەکو ئێستا ئێمە هونەرمەند سەفقان و هونەرمەند شەیدامان بە دوێتێک نەبینیوە، بۆچی؟
 
شەیدا: هەیە، بەڵام رەنگە کۆن بێت، واتە کەمێک کۆن بووە، رەنگە لە سۆشیاڵ میدیا و لە یوتیووب نەبێت، رەحمەتی خودای لێ بێت فەرهادی ئچمۆ، جارێک لای ئەو دانیشتبووین، گوتی "شەیدا، ئێوە زۆر لەسەر ئەسمەرەکان دەڵێن، با لەسەر گەورەیەکیش (شۆخێک) بڵێن"، ئیتر هەستا گۆرانییەکی دانا، "گەورێ دێم بخاڵ، لێڤ مەی و پیاڵ، ژیان ل گەل وێ نەورۆز و سەرساڵ"، ئەوە من و سەفقان دەمانگوت، وەک دوێت، بەڵام بەداخەوە نازانم، لای سەفقانە یان... ئەمشەویش پێم گوت، بڵێ، زۆربەی ئەو ئاوازانە من دامنابوون و رەحمەتیی فەرهادی ئچمۆ نووسیبووی، بەڵام ئاوا لەبەر گوێیەکان ون بوو، بەداخەوە.
 
رووداو: ئێستا هەواڵێکم لایە دەربارەی ئەمە، سەفقان ئامادەی کردووە، هەموو شتێک، دوێتێکی ئامادە کردووە کە ئێوە پێکەوە بیڵێن، ئێستا کە ئێوە دەگەڕێنەوە... ئەو پێی گوتم، "من دوێتێکم ئامادە کردووە، هەموو شتێک ئامادەیە، من چاوەڕێی شەیدام".
 
شەیدا: راستە... باوکی رەوان تاقەتی زۆرە...
 
رووداو: دەمەوێت شتێکت نیشان بدەم... زانیت ئەو بەرهەمە بۆچی سەرنجی راکێشام؟ ناوی "هێڤی"ـیە، بۆچی؟ نەمویست برینەکەت بکولێنمەوە، بەڵام بەڕاستی زۆر کەس دەپرسن، دەڵێن بەرهەمێکی زۆر بەسۆزە، لاواندنەوەشی تێدایە، بەڵام ناوی "هێڤی"ـیە، لەبەر ئەمەش بۆ منیش سەرنجڕاکێش بوو.
 
شەیدا: من هیچ کات، زۆر جار پێم دەڵێن "بیڵێ"، ناتوانم بیڵێم، چونکە شتێکی ناخۆشی لە دڵمدا هەیە، رەحمەتی خودای لێ بێت فەرهادی ئچمۆ، تەلەفۆنی بۆ کردم، گوتی "شەیدا، من هۆنراوەیەکم دۆزیوەتەوە، تۆ دەیڵێیت"، هەستام پێم گوت "تەواو، وەرە"، من چوومە لای، ساڵی 2015 بوو، هەستا هۆنراوەکەی بۆ هێنام، هۆنراوەکە هی ئەو نەبوو، هۆنراوەکە هی ئەو نەبوو... ناویم نایەتەوە یاد، پیاوێکی بەتەمەن بوو، دراوسێی رەحمەتیی فەرهادی ئچمۆ بوو، ئەویش هەموو منداڵەکانی کۆچیان کردبوو، تەنیا مابووەوە، منیش هەموو منداڵەکانم رۆشتبوون، تەنیا مابوومەوە، کوڕەکەم چووبووە ئەورووپا، ئەو کاتە منداڵەکانم چووبوونە باکووری کوردستان، من تەنیا مابوومەوە و ئەویش تەنیا مابووەوە، گوتی، "شەیدا، شتێکی خۆش دروست دەکەیت"، هەستا، ئەم مەقامەی کە ئێمە دروستمان کرد، مەقامی حیجازی دەشتی مێردینە، مەقامێکی زۆر بەسۆزە، بەراستی، من سوپاسی ئەویش دەکەم بەراستی، ئەو کەسانەی کەمانچەشیان لێدەدا نەمابوون، خەڵک هەموو کۆچیان دەکرد ئەو کاتە خەڵک زۆر پەرێشان بوون.
 
رووداو: واتە ئەم بەرهەمە دەربارەی کوڕی تۆیە؟
 
شەیدا: ئەو بەرهەمە لەسەر کوڕی منە، واتە من وەک هەستی خۆم لەسەر کوڕی خۆمم دروست کرد و ئەوەی نووسیبووی، ئەویش لەسەر منداڵەکانی خۆی نووسیبووی، بەراستی، ئەو کاتە کۆچێکی گەورە هەبوو، خەڵک زۆر ناڕەحەت بوون.
 
رووداو: دەتوانیت پارچەیەکی لێ بڵێیت؟
 
شەیدا: نەخێر، ناتوانم، یەکجاریش ناتوانم... واتە باش بوو ئەوەم تێپەڕاند.
 
رووداو: دەمەوێت کەمێک باسی... هەرچەندە هونەرمەندان کەمێک حەزیان لە سیاسەت نییە، دوورن، بەڵام ئێمە کوردین، واتە کارمان هەرچی بێت، هەر پەیوەندیمان بە سیاسەتەوە هەیە، ئەم گۆڕانکارییانەی ئەم دواییە لە رۆژئاوای کوردستان روویان داوە، تۆ وەک هونەرمەند، وەک هونەرمەندێکی دیاری رۆژئاوای کوردستان، وەک دەنگێکی زوڵاڵی کورد، ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە رۆژئاوا بەتایبەتی روویان دا، چ کاریگەرییەکیان لەسەر هونەری تۆ، لەسەر پەیامی تۆ کرد؟
 
شەیدا: بەڕاستی ئەم پرسیارە باش بوو لێت کردم، بەڕاستی دوای ئەم لێکتێگەیشتنە، نەک تەنیا لای من، بەڵکو لای هەموو خەڵکی ئێمە کە لە ئەورووپا دەژین، بووە جێگەی هیوا، بووە جێگەی خۆشەویستی، بووە جێگەی... هەرچی بڵێی، ئەو شتە خۆشەیە بەراستی، ئەم شتە یەکێک بوو لەو شتانەی کە وای کرد من بیر لە گەڕانەوە بکەمەوە... واتە من زیاتر لەسەری بوەستم، بێمەوە، بگەڕێمەوە، چونکە ئێمە هەموومان بووین بە یەک، پێویست بوو ئەم شتە بەراستی، ببورن، چواردە-پازدە ساڵ پێش ئێستا بووایە، من رووداوێکی بچووک دەگێڕمەوە، باوکم تەمەنی نزیکەی هەشتا و شتێک بوو، من هاتمەوە ماڵەوە، تاوەکو لای دانیشم، ئێوارە بوو، سەیری تەلەڤزیۆنمان دەکرد، گوتی "مەلا، کورد رێککەوتن"، ساڵی 2012-2013 بوو، گوتی، "خۆپێشاندانێک دەرچووە و هەموو بوونەتە یەک"، کوڕی حەفتا-هەشتا ساڵیی من"، جا ئێمە چاوەڕێی ئەم شتەین، من لە ماڵەوە بمێنمەوە؟"، من گوتم "قورسە بۆت بڕۆیت"، گوتی "بەسە خوا لێت رازی بێت، من لەم رۆژە گەرمەدا..." وەڵا، ئیتر منیش لە باوکم کەمتر نابم، بەراستی، ئەم شتە جێگەی خۆشییە، جێگەی هیوایە و من بەو هیوایەم کە بەردەوام بێت و ئێمە بتوانین ئەم میوەیە بخۆین، واتە ئەم زەوییە بە خوێن ئاو دراوە، لە سەرتاسەری کوردستان، من بەو هیوایەم کە نەوەی نوێ خۆشی ببینن، تەواو.
 
رووداو: یەکڕیزیی کورد لە رۆژئاوای کوردستان، پرۆسەی ئاشتیش لە باکووری کوردستان هەیە، ئەگەر بڵێن بە گۆرانییەک تۆ لەسەر ئەمە پەیامێک بنێریت، دەتوانیت؟
 
شەیدا: دەیدەم، [گۆرانی] گولا کوردستانێ، رێبازا دل، د دەریایێن وان چاڤان... ل ئامەد، وان و هەولێرێ ئەز م بلبل، بۆ من رێکە سێلاڤان... گولا کوردستانێ، رێبازا دل، د دەریایێن وان چاڤان... ل هەولێر و وانێ، ئەز م بلبل...
 
رووداو: دەستخۆش، زۆرخۆش بوو، یەکجار خۆش بوو، با شتێکم لەبیر نەچێت، با پرسیاری کۆتاییم بێت، ئێمە کەم تۆ لە ئاهەنگەکاندا دەبینین، لەلایەنی مۆسیقاوە، کۆنسێرتەکان... بۆچی کۆنسێرت ناکەیت؟
 
شەیدا: بەراستی، کۆنسێرت... من هەر لە کۆنەوە کەم دەردەکەوتم، لەسەر میدیاش، لەسەر سۆشیاڵ میدیا، فەیسبووک، تیکتۆک، ئینستاگرام... من یەکجار دەرناکەوم، بەڕاستی خۆمی تێدا نابینمەوە، واتە گەنجێک هەیە لەسەر کارەکانم راوەستاوە و حوکمی خۆی بەسەر مندا دەسەپێنێت، "ئاوا بکە، ئاوا مەکە..." من ناتوانم قبووڵی بکەم، بەڵام کۆنسێرت دەکەن... من ئاوا حەز ناکەم، هۆکارێک هەیە، بەراستی، وەک ئامێرژەنەکان کە لەگەڵم کار بکەن، من دەمەوێت گرووپێکی پڕۆفیشناڵ لەگەڵمان بێت، ئەوەش بەڕاستی لە ئەورووپا زۆر زەحمەت بوو، کە مرۆڤ گرووپێکی باش بدۆزێتەوە، لەبەر ئەوە من کەم دەردەکەوتم، لە رۆژئاوای کوردستان، کاتی پێشوو کە دەردەکەوتین بۆ کۆنسێرت، بەڕاستی گرووپێکی باش لەگەڵمان بوو، ئێستا ئێمە چاوەڕێی کۆنسێرتێکین لە رۆژئاوا، کاتی خۆی کاتێک گرووپێکی مۆسیقای باشمان دۆزییەوە، کار دەکەین.
 
رووداو: گفتوگۆ و پرسیار لەگەڵ تۆ هێشتاش تەواو نابن، زۆر سوپاست دەکەم و من زۆر دڵخۆش بووم کە ئەم هەڤپەیڤینەم لەگەڵ تۆ ئەنجامدا و تۆ میوانی ئێمە بوویت.
 
شەیدا: سوپاس بۆ تۆش و بۆ هەموو کارمەندەکانتان لە رووداو و ئەمڕۆ گەنجەکانیش لەگەڵ ئێمە ماندوو بوون بەراستی، تاوەکو درەنگانی شەو، کاتتان شاد و هیوای سەرکەوتن بۆ هەمووتان، رۆژێکی خۆش و تەندروستییەکی باشتان بۆ دەخوازم، زۆر سوپاس.
 
رووداو: سوپاست دەکەم، سوپاس بۆ ئێوەش کە سەیری ئێمەتان کرد، هەر شاد بن.