سەرۆکی هۆزەکانی کورد لە حەما: لە ناوچەکەمان نزیکەی 700 هەزار کورد هەن


رووداو دیجیتاڵ 

مەهدی عەلی سەرۆکی هۆزەکانی کورد لە حەما رایدەگەیێنێت، لە پارێزگای حەمای سووریا 700 هەزار کورد هەن، بەڵام دۆخیان خراپە.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە مەهدی عەلی باسی کرد، لە حومسیش 70 هەزار کورد هەن، گوتی: "ئێمە کوردین و شانازی بە کوردبوونی خۆمانەوە دەکەین، بەڵام بە هۆی دەسەڵاتی پێشوو، زەحمەت بوو بڵێین ئێمە کوردین."
 
مەهدی عەلی ئاماژەی بە ستەم و چەوسانەوەی کورد کرد و گوتی: "کوردەکانی ناوخۆ لە پلەی سێیەم یان چوارەمدا بوون، سەرەڕای ئەوەی کە لە مێژوودا قوربانیمان داوە. هیوادارم سەرۆک مەسعود بارزانی و مەزڵوم عەبدی یەک بگرن تاوەکو ئێمە پێیانەوە شانازی بکەین و بەهێز بمێنینەوە."
 
ئەو رایگەیاند کە لە حەما 14 هۆزی کورد هەن، بەڵام قسەکردن بە کوردی کەمە، "لە هەندێک گوند بە کوردی قسە دەکرێت، بەڵام زۆربەی کوردەکانی ناوخۆی سووریا بە هۆی دەسەڵاتی پێشوو بەعەرەبکراون."
 
شێخ مەهدی عەلی شێخی کوردەکانی حەما و دەوروبەری و ناوچەی نێوەڕاستە. ئەو خەڵکی ناوچەی سەهل ئەلخابە کە سەر بە پارێزگای حەمایە.
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ شێخ مەهدی عەلی
 
رووداو: لە سەرەتادا دەمەوێت بزانم چۆن باوباپیرانتان گەیشتنە شاری حەما و مێژووی بوونی کورد لە ناوچەکە چۆن بووە؟
 
مەهدی عەلی: کورد لە سەردەمی باپیرەمان سەڵاحەدینی ئەیوبییەوە لێرەن و بەڕاستی ئێمە خاوەنی رەسەنین لە کۆنەوە، لە هەزاران ساڵەوە.
 
رووداو: ئێستا ژمارەی کورد لە شاری حەما و بەگشتی لە ناوچەی ناوەڕاست چەندە؟
 
مەهدی عەلی: لە حەما و دەوروبەری نزیکەی 700 هەزار و لە ناوچەی حومس نزیکەی 70 هەزار کەسن.
 
رووداو: ژمارەی گوندە کوردەکان لە پارێزگای حەما چەندە و بەتایبەتی لە کوێن؟
 
مەهدی عەلی: زۆربەی گوندەکانی چۆڵەوانی بە تەواوی کوردن و پێکهاتەی کورد لە هەموو گوندەکان تێکەڵە. زۆربەی گوندەکان پێکهاتەی کوردی تێدایە و لە شاری حەما نزیکەی 65-70٪ی پێکهاتەکان کوردن.
 
رووداو: ئایا ئەوان خۆیان وەک کورد دەناسن؟
 
مەهدی عەلی: بێگومان.
 
رووداو: یان رەچەڵەکیان کوردە و ئێستا خۆیان بە کورد ناناسن؟
 
مەهدی عەلی: نا نا، ئێمە کوردین و شانازی بە کوردبوونی خۆمانەوە دەکەین، بەڵام بە هۆی دەسەڵاتی پێشوو، زەحمەت بوو بڵێین ئێمە کوردین.
 
رووداو: تۆ گوتت زۆربەی دەوروبەری حەما گوندی کوردن، مەبەستت تەنها دەوروبەی رۆژئاوایە یان چی؟
 
مەهدی عەلی: من دەڵێم لە زۆربەی دەوروبەری حەما گوندی کورد هەیە و لە زۆربەی گوندەکان پێکهاتەی کورد هەیە، نەک زۆربەیان کوردن.
 
رووداو: دۆخی ئێوە، دۆخی کوردەکانی ئەم ناوچەیە لە رووی کولتووری، کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە چۆنە؟
 
مەهدی عەلی: ئێمە لە ماوەی 50 بۆ 55 ساڵدا رووبەڕووی زۆر گوشار و سەرکوتکردن بووینەوە، واتە ئێمە لە هەموو مافەکانمان بێبەش بووین. بێگومان ئێوە مێژووتان خوێندووەتەوە و دەزانن زۆربەی سەرکردە سیاسییەکانی کە دەوڵەتی سوریایان دامەزراندووە خەڵکی حەمان، وەک شیشەکلی، سەراج و بەرازییە و هۆرانی.
 
رووداو: لە رەچەڵەکی کوردیشن.
 
مەهدی عەلی: بێگومان بێگومان. سیاسەتێک هەبوو بۆ لەناوبردنی ئەم کەسانە و پەرتەوازەکردنیان و پێکهاتەی کورد باجی دەدا. لە پێنج ساڵ بەر لە ئێستا دەستمان کرد بە بیرکردنەوە لە دامەزراندنی دامەزراوەیەک و توانیمان هەموو هۆزە کوردەکان کۆبکەینەوە. سوپاس بۆ خودا ئەنجاممان دا و کۆبووینەوە و خۆمان بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەن کاندید کرد. یەکێک لە سەختترین شەڕەکان بوو. 55 ساڵ بوو نەماندەتوانی کورسییەک بەدەست بهێنین. ساڵی رابردوو کورسییەکمان بەدەست هێنا، سەربەخۆ بێگومان. دەستپێکێکی باش بوو، بەڵام بە راستی دۆخەکە ئێستا ڕوون نییە. نازانین لە قۆناغی نوێدا داهاتووی کوردەکانی ناوخۆ چییە و ئایا ئێمەش وەک رژێمی پێشوو لەناو دەبەن یان نا.
 
رووداو: ئایا دوای کەوتنی ئەسەد تووشی هیچ هێرش یان ئازاردانێک هاتن؟
 
مەهدی عەلی: بە راستی نا، بەڵام لەسەر هەندێک کەسایەتی کورد گوشار هەیە، وەک من، لەبەر ئەوەی هەموومان لەسەر رژێم دەژمێردراین.
 
رووداو: ئەوان چیان لێتان دەوێت؟
 
مەهدی عەلی: پێم باشە وەڵامی ئەم پرسیارە شاراوە بمێنێتەوە. نامەوێت وەڵام بدەمەوە.
 
رووداو: ئایا ئێوە لە دامەزراوەکانی حکومەتی خۆجێیی پارێزگای حەما شوێنتان هەیە؟
 
مەهدی عەلی: کەس راوێژی پێ نەکردووین. ئێستا نا.
 
رووداو: هەواڵ هەن کە باسی بانگهێشتکردنی ئێوە دەکەن بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتیمانی، کە لە شام بەڕێوە دەچێت، ئەمە راستە؟
 
مەهدی عەلی: هیچ شتێک نەگەیشتووەتە ئێمە.
 
رووداو: ئایا بەشداری کۆبوونەوەی راوێژکاری بوون کە پێش دوو رۆژ لە پارێزگای حومس بەڕێوەچوو؟
 
مەهدی عەلی: نا، کەس بانگهێشتی نەکردین.
 
رووداو: مەبەستم ئەوەیە کە هۆزە کوردەکانی پارێزگای حومس بەشدار نەبوون؟
 
مەهدی عەلی: نا بەشدار نەبوون.
 
رووداو: لەبەر ئەوەی تۆ لە سەهل ئەلخاب دەژیت، دۆخی ئاسایش و خزمەتگوزاری لە ناوچەکانی ئێوە، لە گوندە کوردەکانی سەهل ئەلخاب چۆنە؟
 
مەهدی عەلی: لەم قۆناغەدا دۆخی ئاسایش زۆر باشە. لە سەرەتادا ئاڵۆزییەکی گەورە هەبوو لەبەر ئەوەی گوندەکان بە هەموو پێکهاتە و رەنگەکانیانەوە تێکەڵن، بەڵام دوای هاتنی دەستەی کارگێڕی یان بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەراسیۆنەکان دۆخەکە تاوەکو 95٪ کۆنترۆڵ کرا. دۆخی ژیان زۆر زۆر سەختە. دۆخی خەڵک زۆر خراپە و ئەمە قۆناخێکی گواستنەوەیە. بێگومان ئەم قۆناخە سەخت دەبێت. ئێمە وەک کوردەکانی ناوخۆ، واتە وەک ناوچەی نێوەڕاست و من خۆم لەگەڵ کوردەکانی حەلەب، بەشێک لە حەلەب و ئاغاکانی حەلەب، هاوپەیمانێتییەکمان لەگەڵ کوردە سوورییەکانی ناوخۆ دروست کرد. ئینشاڵڵا ئێمە تەنیا سووری دەبین، ئێمە لەگەڵ کەسێک دەبین کە خزمەتی سووریا بکات.
 
ئومێد دەکەین هەموو کەس وەک سووری بەشداری بکات و ئێمە بە بێگانە لە دژی خەڵک و میللەتی خۆمان بەهێز نەبین. ئومێد دەکەین هەموو پێکەوە کار بکەن و هەروەها ئومێد دەکەین کوردەکانی جەزیرەمان بگەنە مافەکانیان و کوردەکانی ناوخۆ ناچار نەمێنن باج بدەن. کوردەکانی ناوخۆ لە زووەوە پشتگوێ خراون. کوردەکانی ناوخۆ لە پلەی سێیەم یان چوارەمدا بوون، سەرەڕای ئەوەی کە لە مێژوودا قوربانیمان داوە. هیوادارم سەرۆک مەسعود و مەزڵوم عەبدی یەک بگرن تاکو ئێمە پێیانەوە شانازی بکەین و بەهێز بمێنینەوە.
 
رووداو: تۆ باسی ناوچە کوردییەکانی سووریات یان رۆژئاوای کوردستانت کرد، دەمەوێت بپرسم ئایا پەیوەندیتان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر یان پارتە سیاسییە کوردەکان هەیە؟
 
مەهدی عەلی: دوای رووخانی رژێم پەیوەندی دروست بوو، بەڵام ئەم پەیوەندییانە لە چوارچێوەی نەتەوەییدا سنووردارن. ئێمە هەمیشە هەوڵ دەدەین خوێنڕشتن رابگیرێت و ریزەکانی کورد یەک بگرن بۆ بەرژەوەندی هەموو سوورییەکان.
 
رووداو: داواکارییەکانتان لە بەڕێوەبەرایەتی نوێی سووریا چین؟
 
مەهدی عەلی: ئێمە وەک هەر پێکهاتەیەکی سووری مافی خۆمان دەوێت. من کوردم و بە رادەی پێویست ئازارم چێشتووە و مافی هەموو گەلی سووریام دەوێت، نەک تەنها گەلی کورد. ئێمە دەمانەوێت پێکەوە لە ئاسایش و ئارامیدا بژین. ئێمە دەمانەوێت مافی خۆمان وەربگرین و بژین. گەلی هەژار سووتەمەنی شەڕی هەموو لایەنەکانە. ئەمڕۆ ئەوەی باج دەدات گەلی هەژارە، کوڕی هەژارە. هەموو دەوڵەتەکان دەست لە کاروباری سووریا وەردەدەن. هیوادارم واز لە دەستێوەردان بهێنن و با سوورییەکان پێکەوە بژین. بە خودا ئێمە لە یەکتر تێدەگەین و پێک دێین چونکە گەلی سوریا گەلێکی زۆر باشە.
 
رووداو: بە بۆچوونی تۆ چۆن ئەم مافە وەک کورد، وەک کوردەکانی ناوخۆ یان ناوچەی ناوەڕاست دەپارێزرێت، ئێوە لە سوریای نوێ چیتان دەوێت؟
 
مەهدی عەلی: بە یەکخستنی گوتاری کوردی، یەکخستنی گوتاری کوردی لە هەموو شوێنێک. ئەگەر ئێمە یەک بگرین مافی خۆمان وەردەگرین و یارمەتی بنیاتنانی سوریا دەدەین. ئەگەر رێزگرتن هەبێت لە نێوان هەموو لایەنەکاندا دەبێت.
 
رووداو: ئایا ئەنجوومەنێکی تایبەت بۆ پەیوەندییەکانی نێوان ئێوە و پارتە سیاسییەکان یان بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا هەیە؟
 
مەهدی عەلی: نا نییە. ئێمە ئەمڕۆ 14 هۆزی کوردین لە پارێزگای حەما، ئێمە شارەزا نین لە سیاسەتدا، بەڵام ئەزموونمان لە ژیان و پێکەوەژیاندا هەیە. بە ویستی خودا لە سەرتاسەری پارێزگای حەمادا رەنگێکی زۆر جوانی پێکهاتەی کوردمان نیشان دا و ئێمە خێرخواز بووین و یارمەتی هەموو خەڵکمان دا. وێنەیەکی باشمان لە پێکهاتەی کورد نیشان دا، بەڵام ئەمڕۆ بە راستی لە سیاسەتدا هیچ شتێک تێناگەین لەبەر ئەوەی سیاسەتمەدارەکانمان ئازا نەبوون. ناچار بوون ببنە ئەندامی پارتی بەعس. ئەوان نەیاندەوێرا. ئەمڕۆ لە قۆناخی داهاتوودا لەگەڵ دووبارە بنیاتنانەوەی دامەزراوەکان دەمانەوێت پارتێک دروست بکەین، کە هەموو پێکهاتەی کورد پێکەوە تێیدا بن.
 
رووداو: ئایا بۆ ئەمە لە نێوان ئێوە و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر یان لە نێوان ئێوە و ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی سووریا (ENKS) هەماهەنگی هەیە؟
 
مەهدی عەلی: بەداخەوە من لە لایەنی خۆمەوە هیچم نەبینی. سوپاسی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دەکەم، کە کەسانێکیان نارد و بانگهێشتیان کردم و چووم و ئەوان ئامادەیی خۆیان نیشان دا کە بیروڕای ئێمە و ئەوان یەک بێت و لە بڕیارەکاندا بەشدار بین. ناتوانم شتێکت پێ بڵێم، ئێمە ئامادەین و وەک گوتیان هەر کەسێک لە چوارچێوەی نەتەوەیی سووریادا بێت ئێمە لەگەڵیداین، هەر کەسێک بۆ گەلەکەی شت پێشکەش بکات ئێمە لەگەڵیداین. ناچارم راستی بڵێم، ئەگەر ئەمڕۆ دۆخەکە لە دژی کوردەکانی جەزیرە بێت من ئاسوودە نابم، نە من و نە پێکهاتەکەشم لەبەر ئەوەی ئەوان گەلی ئێمەن. ئەگەر چاکە بۆ ئەوان نەبێت چاکە بۆ هەموو سووریاش نییە.
 
رووداو: لە کۆتایی ئەم هەڤپەیڤینەدا بەڕێز مەهدی، دەمەوێت بپرسم ئایا خێزانە کوردەکانی حەما بە کوردی قسە دەکەن یان لە زمانی دایکی خۆیان دوور کەوتوونەتەوە؟
 
مەهدی عەلی: لە هەندێک گوندی لادێ بە کوردی قسە دەکرێت بەڵام زۆربەی کوردەکانی ناوخۆی سووریا بە هۆی دەسەڵاتی پێشوو بەعەرەبکراون.
 
رووداو: شێخ مەهدی عەلی، شێخی کوردەکانی حەما و دەوروبەری و ناوچەی نێوەڕاست، تۆ لەگەڵمان بوویت لە ناوچەی سەهل ئەلخاب. بەخێرهاتنت دەکەین و سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە.
 
مەهدی عەلی: بە خێر و خۆشی، بە خێر و خۆشی.