جۆن بۆڵتن: پشتگیری لە دەوڵەتی سەربەخۆی کورد دەکەم
رووداو دیجیتاڵ
لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، جۆن بۆڵتن، راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاند، تاوەکو "رژێمی" ئێستا لە تاران لانەچێت، هیچ دەرفەتێک بۆ ئاشتی و سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا نییە. بۆڵتن پاڵپشتیی خۆیشی بۆ دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دەربڕی.
سەبارەت بە رەوشی ناوچەکە، بۆڵتن ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتانی کەنداو، بەتایبەتی ئیمارات، زۆرترین زیانیان بەهۆی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی ئێران بەرکەوتووە. ئاشکراشی کرد، ئەگەرچی داگیرکاریی زەمینیی گەورە لەئارادا نییە، بەڵام ئەگەری بەهێز هەیە هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا بۆ پاراستنی کەرەستە ئەتۆمییەکان بچنە نێو پێگە سەرەکییە ئەتۆمییەکانی وەکو ئەسفەهان و نەتەنز، تاوەکو ئەو تەکنەلۆژیایە نەکەوێتە دەستی "گرووپە تیرۆریستییەکان."
لە بەشێکی گرنگی قسەکانیدا دەربارەی داهاتووی کورد، بۆڵتن پشتیوانیی مێژوویی خۆی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی دووپاتکردەوە و گوتی، "من ماوەیەکی زۆرە پاڵپشتی لە دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی دەکەم." ئەو پێیوایە، هاوکاریکردنی حیزبە کوردییەکان و کەمینە نەتەوەییەکانی وەکو ئازەری و بەلووچەکان لە ناوخۆی ئێران، گوشارێکی کوشندە دەخاتە سەر سوپای پاسداران و "پرۆسەی رووخانی رژێم" خێراتر دەکات.
لە کۆتاییدا، بۆڵتن هۆشداریی دا لەوەی، ئەگەر جەنگەکە بەبێ "گۆڕینی رژێم" کۆتایی بێت، ئەوا تاران دووبارە دەست دەکاتەوە بە بونیاتنانەوەی چەکی ئەتۆمی و پاڵپشتیکردنی میلیشیا شیعەکان لە عێراق، حیزبوڵڵا و حەماس، ئەمەش بە واتای شکستێکی ستراتیژی بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دێت.
دەقی هەڤپەیڤینی جۆن بۆڵتن، سیاسەتڤانی ئەمریکایی و راوێژکاری پێشووتری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لەگەڵ رووداو:
رووداو: بەڕێز بۆڵتن، بەخێربێیت بۆ رووداو، زۆر خۆشحاڵم کە میوانی بەرنامەکەمیت.
جۆن بۆڵتن: زۆر سوپاس، خۆشحاڵم کە لەگەڵتانم.
رووداو: لە سەرەتادا ئامانجی ترەمپ لەم جەنگەدا زۆر روون نەبوو. ئایا دەتوانیت بڵێیت دوای تێپەڕبوونی نزیکەی دوو بۆ سێ هەفتە، ئێستا ئامانجەکە روون بووەتەوە؟
جۆن بۆڵتن: بەداخەوە هێشتا کەمێک سەرلێشێواوی هەیە، ئەمەش بەهۆی ئەو لێدوانە جیاوازانەی کە بەرپرسانی ئیدارەکە داویانە. بەڵام باوەڕم وایە "گۆڕینی رژێم" دەکرێت ئامانجە راستەقینەکە بێت، جا هیوادارم هەر ئەوەش بێت کە بەدوایدا دەگەڕێن، چونکە پێموانییە هیچ هەلێک بۆ ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا هەبێت تاوەکو ئەو کاتەی حکومەتی ئێستای تاران لانەچێت.
رووداو: وەک لە راپۆرتێکی ئەمڕۆدا بڵاوبووەتەوە، پێنتاگۆن داوای بودجەیەکی 200 ملیار دۆلاری بۆ شەڕی ئێران کردووە. ئایا هێرشێکی ئاسمانی پێویستی بەو بڕە پارە زەبەلاحە هەیە؟
جۆن بۆڵتن: روون نییە کە ئایا ئەو داواکارییە بەتەواوی بۆ تێچووی جەنگەکەیە یان نا. رەنگە بۆ پڕکردنەوەی کۆگا و جبەخانەکانمان بێت لەو چەکانەی کە هەم لە ئێران و هەمیش بۆ هاوکاریکردنی حکومەتی ئۆکراینا لە شەڕەکەی دژی رووسیا بەکارمان هێناون. بۆیە ئەمە بودجەیەکە بۆ داهاتوو دەڕوانێت. پێنتاگۆن دوای دوو هەفتەی یەکەمی جەنگەکە بە ئاشکرا رایگەیاند کە تێچووەکە نزیکەی 11 ملیار دۆلار بووە. کەواتە روونە کە ئەمە روانینێکە بۆ داهاتوو.
رووداو: بەڵام دوای سێ هەفتە بەڕێز بۆڵتن، پێشبینی دەکەیت لە کۆتاییدا هێزی زەمینی بچێتە نێو جەنگەکەی ئێرانەوە؟
جۆن بۆڵتن: پێموانییە هێزێکی زەمینیی گەورە بەشداربێت بە شێوەیەک کە وەک داگیرکارییەک دەربکەوێت. بەڵام پێموایە ئەگەرێکی بەهێز هەیە کە هێزە تایبەتەکان بەکاربهێنرێن بۆ هەوڵدان بۆ پاراستنی کەرەستە ئەتۆمییەکان لە هەندێک لە پێگە سەرەکییەکانی ئێران. پێموایە ئەمە کارێکی زۆر ژیرانە دەبێت. ئێمە نامانەوێت یۆرانیۆمی پیتێنراو یان ئامێرەکانی سەنتەرفیوج، یان تەنانەت زانیاری لەسەر چۆنیەتی دروستکردنی پرۆگرامی چەکی ئەتۆمی، بکەوێتە دەست تیرۆریستان یان دەوڵەتێکی یاخی.
رووداو: لەبارەی تەنگەی هورمزەوە کە ئێستا بابەتێکی گەرمە؛ ئایا دەکرێت تەنگەی هورمز بەبێ بەکارهێنانی هێزی زەمینی بە کراوەیی بهێڵرێتەوە؟
جۆن بۆڵتن: هەندێک بۆچوون هەن دەڵێن کارەکە ئاسانتر دەبوو ئەگەر کۆنترۆڵی ناوچە بەرزەکانی دیوی ئێرانیی تەنگەی هورمزمان بکردایە، من ئەوە بۆ شرۆڤەکارە سەربازییەکان جێدەهێڵم. بەڵام پێموایە دەکرێت تەنگەکە هێندە پارێزراو بکرێت کە کەشتییە نەوتهەڵگرەکان بتوانن پێیدا تێبپەڕن. هیوادارم لە سەرەتای جەنگەکەدا کارە لەپێشینەکانمان زیاتر بخستایەتە سەر ئەم بابەتە، بەڵام پێموایە ئێستا کارەکان بە باشی دەڕۆن. ئەگەر بەخت یاوەرمان بێت، لە هەفتەی داهاتوو یان کەمێک زیاتر، کۆمپانیاکانی دڵنیایی و خاوەن کەشتییەکان متمانەی ئەوەیان دەبێت کە دەتوانن بەبێ رووبەڕووبوونەوەی هیچ هێرشێک بێن و بچن.
رووداو: وەک دەزانین، ئەمریکا ئێستا دەستی بە جێگیرکردنی هێزی مارێنز کردووە لە ناوچەکە، بە لایەنی کەمەوە 2,500 سەرباز. هەندێک راپۆرتیش باس لە پلانێک دەکەن بۆ ناردنی رەنگە هەزاران سەربازی دیکە بنێرن. ئەگەر هێزی زەمینی جێگیر بکرێت، ئایا تەنیا لە تەنگەی هورمز سنووردار دەبن؟ یان پێشبینی دەکەیت ئەگەر ریتمی جەنگەکە بەمشێوەیە بەردەوام بێت، بەرەو نێو ئێران پێشڕەوی بکەن؟
جۆن بۆڵتن: وەک گوتم، رەنگە ئەرکێک لەنێو ئێراندا هەبێت لە پێگە ئەتۆمییەکان، پێگە سەرەکییەکانی وەک ئەسفەهان، فۆردۆ، نەتەنز، چیای پیکاکس و شوێنی لەو جۆرە. بەڵام پێموایە ئەوە دەکەوێتە قۆناخێکی دواترەوە، رەنگە لە کاتی رووخانی حکومەتەکە و دروستبوونی دۆخێکی ناسەقامگیریی نێوخۆییدا بێت. ئێمە تەنیا دەمانەوێت دڵنیا بین لەوەی کە کەرەستە ئەتۆمییەکان بەڕاستی و بەتەواوی نێژراون وەک ئەوەی رەنگە لە فۆردۆ وابێت، یان ئەگەر وا نەبێت، بزانین دەتوانین لە وڵاتەکە بیانبەینە دەرەوە بۆ ئەوەی نەکەونە دەستی هەڵە.
رووداو: لە لایەکی دیکەوە ئیسرائیل و، بەتایبەتی بنیامین نەتەنیاهوو، زۆر روونن لەبارەی ئامانجەکەیانەوە کە ئەویش گۆڕینی رژێمە، ئەمەشیان بە ئاشکرا راگەیاند. بەڵام بەڕاستی ئەمریکا لەم جەنگەدا چیی لە ئێران دەوێت؟ لە سەرەتادا تەنیا باس لە پرۆگرامی ئەتۆمی و مووشەکەکان دەکرا، دواتر دۆناڵد ترەمپ گوتی کە لە چەند رۆژێکدا کۆتایی دێت. بەڵام ئێستا هەفتەیەک تێپەڕیوە، باس لەوە ناکات کە جەنگەکە بەمزووانە کۆتایی دێت. بەڕاستی ئەمریکا چیی دەوێت و ئامانجی لەم جەنگەدا چییە؟
جۆن بۆڵتن: بەشێک لەمە، کە دەبێت خەڵک لێی تێبگات، خودی دۆناڵد ترەمپە؛ کە مەرج نییە بە شێوازە نەریتییەکە بیربکاتەوە و لە خاڵی "A"یەوە بچێتە خاڵی "B" و دواتر بۆ خاڵی "C"، هەروەها زۆرجاریش بڕیارەکانی دەگۆڕێت. بەڵام وەک دەزانیت، لە کانوونی دووەمی رابردوودا کاتێک خەڵکی ئێران خۆپێشاندانیان دەکرد، ئەو پێی دەگوتن: "بەردەوام بن لە خۆپێشاندان، دەست بەسەر دامەزراوەکانتاندا بگرن، یارمەتی بەرێوەیە." بەڵام بەداخەوە لەو کاتەدا هیچ یارمەتییەک نەگەیشت و هەزاران کەس لەلایەن میلیشیاکانی بەسیج و هێزەکانی دیکەی سوپای پاسدارانەوە کۆمەڵکوژ کران. بۆیە پێموایە ئەو تێدەگات کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هەڕەشەی ئەتۆمی و کێشەی پاڵپشتیکردنی ئێران بۆ تیرۆری نێودەوڵەتی، "گۆڕینی رژێم" تاکە وەڵامی مەودادرێژە. تەنانەت چەند رۆژێک لەمەوبەر لە کێنتاکی، لە گوتارێکدا گوتی: "نامانەوێت ناچاربین هەموو دوو ساڵ جارێک بگەڕێینەوە و ئەم کارە بکەین"، پێموایە زۆربەی خەڵک هاوڕان لەسەر ئەوە. بەڵام تاکە رێگە بۆ بەدەستهێنانی ئەو دڵنیاییە، هەبوونی رژێمێکی زۆر جیاوازە کە پابەند بێت بە سیاسەتێکی دەرەوەی زۆر جیاواز بۆ ئێران.
رووداو: لە هەندێک راپۆرتدا دەبیستین کە دۆناڵد ترەمپ و ئیدارەی ئەمریکا تاوەکو رادەیەک سەرسام بوون بە وەڵامی ئێران بۆ هێرشەکان. پێتوایە تا رادەیەک ئەمریکا و دۆناڵد ترەمپ پێشبینی ئەم وەڵامەی ئێرانیان نەدەکرد؟
جۆن بۆڵتن: من سەرسام دەبم ئەگەر ترەمپ سەرسام بووبێت! لە خولی یەکەمیدا باسمان لەمە کردووە و، دڵنیام کە جەنەڕاڵ دان کەین، سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هاوبەش، زانیاریی پێداوە لەبارەی کۆمەڵێک ئەگەری وەڵامدانەوەی ئێرانەوە و ئەوەی کە دەرەنجامەکان دەکرێت چی بن. پێشموانییە لایەنی ئیسرائیلی هیچ وەهمێکیان هەبووبێت لەسەر ئەوەی چی روودەدات. بۆیە پێموایە بەشێکی ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ترەمپ دەیەوێت خۆی لە هەر رەخنەیەک بەدووربگرێت کە گوایە هەڵەی کردووە لە فەرماندان بەم ئۆپەراسیۆنە. ئەمەش رەفتارێکی ئاسایی و باوی ترەمپە.
رووداو: گەواهیدانەکەی تولسی گابارد لە رۆژی چوارشەممە لە بەردەم ئەنجوومەنی پیران لەبارەی ئێران و راپۆرتە هەواڵگرییەکانەوە، تا رادەیەک جیاوازە لە لێدوانەکانی ترەمپ و پێنتاگۆن. بەڕای تۆ، هۆکاری ئەمە چییە؟
جۆن بۆڵتن: پێموایە ترەمپ شتانێکی گوتووە کە بە سادەیی دروست نین. لە ماوەی هەشت-نۆ مانگی رابردوودا گوتی کە لە میانی جەنگە 12 رۆژەییەکەی حوزەیرانی ساڵی رابردوودا، پرۆگرامی چەکی ئەتۆمیی ئێران بەتەواوی خاپوور کراوە، بەڵام لە راستیدا خاپوور نەکرا. پێموایە زیانێکی گەورەمان پێگەیاندووە، ئەوەیان راستە، بەڵام بەدڵنیاییەوە بەتەواوی لەنەبراوە. دواتریش ترەمپ وەک ئامادەکارییەک بۆ هێرشەکانی ئێستای سەر ئێران، گوتی کە ئەوان لە رووی ئەتۆمییەوە هەڕەشەیەکی مسۆگەر و نزیک بوون بۆ سەر ئەمریکا. لە رووی کەسییەوە و بە پشتبەستن بەوەی من دەیزانم، هیچ هەڕەشەیەکی مسۆگەر نەبوو. ئەوە شەرعییەتی بڕیاری ئێمە بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازی ناگۆڕێت، بەڵام پێموایە ترەمپ بابەتەکەی گەورەتر کرد. هیچ گومانێکم لەوەدا نییە کە ئایەتوڵڵاکان هەوڵی دووبارە بونیاتنانەوەی پرۆگرامە ئەتۆمییەکەیان و گەیشتن بە چەکی ئەتۆمییان دەدا، بەڵام پێموانییە هەڕەشەکە ئەوەندە نزیک بووبێت. بۆیە تولسی گابارد و بەرپرسە هەواڵگرییەکانی دیکە دەبوو هەوڵبدەن هاوسەنگییەک دروست بکەن لەگەڵ ئەو لێدوانە نادروستانەی ترەمپ دابووی. پێشموایە دوێنێ دەیانویست بەسەر ئەو کێشەیەدا زاڵ ببن.
رووداو: ئەگەر دۆناڵد ترەمپ بڕیار بدات ئێستا جەنگەکە رابگرێت و، ئەگەر جەنگەکە لەم قۆناخەدا بوەستێت، کێ براوە دەبێت، بەڕێز بۆڵتن؟
جۆن بۆڵتن: بەداخەوە ئەگەر پێش ئەوەی گۆڕینی رژێم بە کردار رووبدات جەنگەکە رابگرێت، ئەوا رژێمی ئێران براوە دەبێت. پێشموایە ئەمە پلانی یارییەکەی ئەوانە. ئەوان پێویستیان بەوە نییە لە رووی سەربازییەوە ئەمریکا تێکبشکێنن کە ناتوانن لە رووی سەربازییەوە ئەمریکا تێکبشکێنن، بەڵام دەتوانن بڵێن؛ تەنیا بە مانەوەمان لە ژیان، ئێمە براوەین. ئەم بانگەشەیەیان تا رادەیەکیش راستیی تێدایە ئەگەر بیکەن، چونکە هیچ گومانێکم نییە کە ئەوان راستەوخۆ دەگەڕێنەوە سەر سیاسەتەکانی پێشوویان بۆ بونیاتنانەوەی توانای چەکی ئەتۆمی و پاڵپشتیکردنی هێزە نوێنەرایەتیکەرە تیرۆریستییەکانیان لە سەرانسەری ناوچەکەدا؛ لە حووسییەکان، حەماس، حیزبوڵڵا، تا دەگاتە میلیشیا شیعەکانی عێراق. ئەمەش ئەو هەڕەشانەن کە گۆڕینی رژێم هەوڵی نەهێشتنیان دەدات. بۆیە ئەگەر هەڕەشەکان لەناونەبەیت و، ئامادە نەبیت گۆڕینی رژێم تا کۆتایی ببەیتە سەر -هەرچەندە بەدیهێنانی قورسیش بێت- ئەوا رەنگە باشتر بووایە هەر لە سەرەتاوە دەستت پێنەکردایە.
رووداو: بەلەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی ئێستا، پێت وایە ئەم جەنگە چۆن کۆتایی دێت؟
جۆن بۆڵتن: تاوەکو ئێستا ئەو دامەزراوە ئێرانییانەی کە هەڕەشەن بۆ سەر جیهان و سەرکوتکەری گەلەکەی خۆیانن، واتە سوپای پاسداران، فەیلەقی قودس و میلیشیای بەسیج، زیانی زۆر گەورەیان بەرکەوتووە. ئەگەر ئەمەش بەردەوام بێت، پێموایە ئەگەرەکانی گۆڕینی رژێم لەنێو ئێراندا زۆر زیاتر دەبن، چونکە سەرکردەکانی دیکەی رژێم، سەرکردەکانی نێو کۆمەڵگەی ئێرانی و، خودی ئۆپۆزیسیۆنیش دەبینن کە رژێمەکە توانای بەرگریکردنی لە خۆی نییە. رژێمێکیش کە توانای بەرگریکردنی لە خۆی نەبێت، تەمەنی کورت دەبێت. خەڵکێکی زۆر سەیر دەکەن کە کەشتیی دەوڵەت لە ئێران خەریکە نوقم دەبێت و دەڵێن: "نامەوێت لەگەڵ کەشتییەکەدا نوقم ببم، پێم باشترە بچمە پاڵ ئۆپۆزیسیۆن و یارمەتییان بدەم."
رووداو: ترەمپ بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەمریکا بێئاگا بووە لە هێرشەکەی دوێنێی ئیسرائیل بۆ سەر ژێرخانی گازی ئێران. ئایا ئیسرائیل دەتوانێت هێرشێکی لەو شێوەیە لە باشووری ئێران بەبێ رەزامەندیی ئەمریکا بکات؟
جۆن بۆڵتن: راپۆرتی دژبەیەکی دیکە هەبوون کە دەیانگوت لە راستیدا ئەمریکا و خودی ترەمپیش ئاگاداری هێرشەکە بوون و پەسەندیان کردووە. لە ماوەی ئەم نزیکەی سێ هەفتەیەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەدا، پێموایە بەڵگەکان ئەوە دەردەخەن کە هاوئاهەنگیی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا زۆر بێگرێ و کێشەیە، جا ئێمە دەزانین ئیسرائیلییەکان چی دەکەن و ئەوانیش دەزانن ئێمە چی دەکەین. زۆر سەرسام دەبم ئەگەر لایەنی ئەمریکی ئاگادار نەکرابێتەوە و رەزامەندیی نەدابێت، رەنگە تاوەکو ئاستی خودی ترەمپیش بەمەی زانیبێت.
رووداو: ئەورووپییەکان بەڕاستی ئامادە نین بچنە نێو ئەو هاوپەیمانێتییەی ترەمپ بانگەشەی بۆ دەکات بۆ پاراستنی ئاسایشی تەنگەی هورمز. بەڕای تۆ بۆچی دڵنیا نین یان ئامادە نین بچنە نێو ئەو هاوپەیمانێتییە؟
جۆن بۆڵتن: پێموانییە ئەوەیان بۆ روون کرابێتەوە کە ئەم جەنگە لە بەرژەوەندیی ئەورووپادایە. پێموایە ئەمە شکستێکی ترەمپ بوو پێش دەستپێکردنی جەنگەکە. ئێستاش دەتوانێت هەوڵبدات قایلیان بکات، هەرچەندە لەم کاتەدا کارەکەی زۆر بەباشی ناکات. بەڵام پێموایە ئەورووپاش هێندەی ئێمە، ئەگەر زیاتریش نەبێت، هەڕەشەی لەسەرە بەهۆی توانای ئەتۆمیی ئێران و پاڵپشتیکردنی ئێران بۆ تیرۆر. لە رووی جوگرافییەوە، ئەورووپا زۆر لە ئێرانەوە نزیکترە و ئێستا لەنێو مەودای مووشەکە بالیستییە مامناوەندەکانی ئێراندایە. بەدڵنیاییشەوە پشکی خۆیان لەو تیرۆرە بەرکەوتووە کە بە دەستی رژێمی ئێران کراوە. بۆیە پێموایە رەنگە ئەوان لە ترەمپ بێزار بن، بەڵام ئەگەر بەباشی بیر لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی خۆیان بکەنەوە، رۆڵێکی کاراتر دەگێڕن. هێشتا هیوادارم رۆڵێکی کاراتر بگێڕن، بەتایبەتی لە کردنەوەی تەنگەی هورمز و بەکراوەیی هێشتنەوەیدا.
رووداو: لە رۆژانی سەرەتای جەنگەکەدا، دۆناڵد ترەمپ پاڵپشتی لە بەشداریکردنی حیزبە کوردییەکان دەکرد، بەڵام دواتر پاشگەز بووەوە. بەڕای تۆ هۆکاری ئەمە چی بوو؟
جۆن بۆڵتن: کاتێک بابەتەکە دێتە سەر ترەمپ، زۆر جار قورسە هیچ بیڵێیت. بەڵام پێموایە کەمینە نەتەوەییەکانی نێو ئێران زۆر ناڕازین، نەک تەنیا کوردەکان، بەڵکو ئازەری، لوڕ، عەرەب و بەلووچەکانیش. من خۆم لەگەڵ پارچەپارچەکردنی ئێراندا نیم، بەڵام پێموایە هاوکاریکردنی گرووپە نەتەوەییەکان گوشاری زیاتر دەخاتە سەر سوپای پاسداران و، ئەمەش شتێکی باش دەبێت بۆ یارمەتیدانی رووخاندنی رژێمەکە. دوای ئەوەی ئەوان نەمان، هەموو گەلانی ئێران دەتوانن پرۆسەیەکی راوێژکارییان هەبێت بۆ بڕیاردان لەسەر ئەوەی بە کۆمەڵ داهاتوویان چۆن دەبێت.
رووداو: 10 ملیۆن کورد لە ئێران هەن، کە حیزبی سیاسییان هەیە و مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی 1945 و 1946. کورد و حیزبە سیاسییەکان لەوێ داوای فیدراڵی دەکەن. تۆ داهاتووی کورد لە ئێران چۆن دەبینیت؟
جۆن بۆڵتن: سەیرکە، من ماوەیەکی زۆرە پاڵپشتی لە دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی دەکەم. ئەوە رووینەداوە، تەنانەت لە پەیماننامەی ڤێرسای لە کۆتایی جەنگی جیهانیی یەکەم و هەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییەوە نەبووە. پێموایە پاساوێک بۆ سەقامگیریی ناوچەکە هەیە کە ئەگەر رژێمی ئێران بڕووخێت و ئێمە بتوانین سەقامگیری بگەڕێنینەوە، ئەوا کۆمەڵێک ئەگەر دێنە ئاراوە بۆ گۆڕانکاریی ئاشتییانە لە ناوچەکەدا. بەڵام نامەوێت پێشوەختە پەلە لەوە بکەم. دەکرێت یارمەتیی کورد دژی رژێم زۆر گرنگ بێت، هەر لەبەر ئەوەشە پاڵپشتی لە هاوکاریکردنیان دەکەم. وەک گوتم، دواتر بڕیار لەسەر داهاتووی ئێران، داهاتووی کورد و نەتەوەکانی دیکە دەدرێت لەو کاتەی رژێمە کۆنەکە نامێنێت و رژێمێکی کاتی دێتە ئاراوە. ئایا ئەوە دەبێتە هۆی ئۆتۆنۆمیی زیاتر، یان ئایا رووداوەکانی ناوچەکە بەگشتی زیاتر لە بەرژەوەندیی دەوڵەتێکی کوردیدا دەبن؟ من نازانم. بەڵام ئەگەر وابێت، من بەدڵنیاییەوە پاڵپشتی لێ دەکەم.
رووداو: هەڵمەتەکە تاوەکو ئێستا هەڵمەتێکی ئاسمانییە. پێت وایە دەوڵەتێک یان هەر رژێمێک دەتوانێت لە رێگەی ئاسمانەوە بڕووخێت؟
جۆن بۆڵتن: کاریگەریی هەڵمەتە ئاسمانییەکە لە لەنێوبردنی سەرکردایەتییە باڵاکە و لاوازکردنی سوپای پاسداران، فەیلەقی قودس و بەسیج، دەبێت کاریگەریی هەبێت لەسەر تێکدانی سەقامگیریی رژێمەکە بەگشتی، ئەمەش پیشانی دەدات کە ئەو توخمانەی هێز کە رژێم بۆ هێشتنەوەی خۆی لە دەسەڵاتدا بەکاری دەهێنان، ئیتر وەک پێشوویان نەماون. ئەوەش کەسانی دیکەی نێو رژێمەکە هان دەدات بۆ ئەوەی بکشێنەوە و بەدوای سەلامەتیی خۆیاندا بگەڕێن. دەکرێت ببێتە هۆی درز و ناکۆکییەکی نێوخۆیی گەورە لەنێو رژێمدا کە هەموو ئەمانەش سەرکردایەتییە باڵاکە پارچەپارچە دەکەن و، دەرفەت دەدەنە ئۆپۆزیسیۆن کە بەدوای جیابووەوەکانی نێو رژێم، ریزەکانی سوپا و تەنانەت سوپای پاسدارانیشدا بگەڕێن. ئاواش رژێمەکە دەڕووخێت، وەک چۆن زۆرێک لە رژێمە پاوانخوازەکان بەهۆی ناکۆکیی نێوخۆییەوە دەڕووخێن.
رووداو: پێشتر راتگەیاندووە کە تۆ پاڵپشتی لە گۆڕینی رژێم دەکەیت لە ئێران، بەڵام نیگەرانیت لەوەی ئامادەکاریی ناتەواو رەنگە ببێتە کۆسپ لەبەردەم ئەو ئامانجە. پێتوایە ترەمپ کەوتووەتە تەڵەیەکەوە کە قورسە لێی دەرباز ببێت؟
جۆن بۆڵتن: پێموایە ئەو هەوڵەکەی زۆر قورستر کردووە بەهۆی ئەوەی بە شێوەیەکی کاریگەر هاوئاهەنگی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن نەکردووە، کە زۆر بەربڵاون بەڵام بەباشی رێکنەخراون. بۆیە دەمانتوانی پاڵپشتیی پەیوەندییەکانیان زیاتر بکەین، سەرچاوە و تەنانەت پارەیان پێبدەین بۆ یارمەتیدانی هەوڵەکانیان. دەمانتوانی چەکیان پێبدەین ئەگەر ئەوە داواکارییەکەیان بووایە. بەڵام بەڵگەی ئەوتۆ نییە کە ئێمە ئەو کارەمان کردبێت. دیسانیش پێموانییە زۆر درەنگ بووبێت بۆ ئەوە. ئەمە مەرج نییە بەو واتایە بێت کە رژێم لە ماوەی 30 رۆژی داهاتوودا دەڕووخێت، بەڵکو پێویستە بەردەوام بین لە هاوکارییەکان و رەنگە بەردەوامیش بین لە هەندێک ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی تەنانەت دوای تەواوبوونی زۆرینەی کارەکەش. هەر لەبەر ئەوەیە بۆ گۆڕینی رژێم، پێویستت بە ئارامگری و پێداگرییە. پێشموایە ئەمریکا وەک حکومەت ئەوەی هەیە، بەڵام ئایا ترەمپ ئەو تایبەتمەندییانەی هەیە یان نا، ئەوە دەبێت لە داهاتوودا بزانین.
رووداو: ئەو وڵاتانەی زۆرترین زیانیان لەم جەنگەدا بەرکەوتووە، وڵاتانی کەنداون. زیاتر لە 85٪ـی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی ئێران کراونەتە سەر وڵاتانی کەنداو. تەنیا ئیمارات، پێموایە 57٪ـی کۆی هێرشەکانی ئێران تەنیا بۆ سەر ئەو وڵاتە بووە. لە کاتێکدا ئەم وڵاتانە لە هاوپەیمانێتییەکی باشدان لەگەڵ ئەمریکا و بنکەی ئەمریکیشیان تێدایە و، ئێران بە بیانووی بنکەکانی ئەمریکاوە هێرشیان دەکاتە سەر؛ پێتوایە ئەمریکا شکستی هێناوە لە پاڵپشتیکردن و پاراستنی ئەم وڵاتانە؟
جۆن بۆڵتن: هیوادارم هەستەکە بەو شێوەیە نەبێت. ئێمە پێشوەختە هەوڵمان داوە ئامادەیان بکەین و، دەشزانم ئێستا لە نێوەڕاستی پێکدادانەکاندا هاوئاهەنگییەکی زۆر چڕ هەیە. ئەوەی لە کەنداو روویدا ئەوەیە کە ئەو وڵاتانە، لە ئیمارات یان قەتەر یان هەر ئەندامێکی دیکەی کەنداوەوە، هەوڵێکی زۆریان دا بۆ قایلکردنی ئێران کە ئەگەر پێکدادان روویدا، هێرش نەکاتە سەریان. بەڵام پێموایە ئەوان شتێکیان لەسەر کارەکتەری راستەقینەی رژێمی ئایەتوڵڵاکان بۆ دەرکەوت؛ کە لە راستیدا ئەوان بەشێکی زۆری تواناکانیان ئاراستەی ئامانجە مەدەنییەکانی وڵاتانی عەرەبیی کەنداو کردووە، نەک ئیسرائیل یان بنکەکانی ئەمریکا. هەر بۆیە، هەرچەندە بێگومان کاتێک ئەوە روودەدات زۆر نیگەرانکەرە، بەڵام بە ئاشکرابوونی نیازە راستەقینەکانی رژێم، پێموایە ئەمە دەبێت ئارەزووی هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ ئەمریکا زیاتر بکات بۆ لابردنی رژێمەکە و، نەهێشتنی ئەم هەڕەشەیە لەسەر سەقامگیری و ئاشتیی کەنداو و سەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
رووداو: هەمیشە دەبیستین کە یەکێک لە ئامانجەکانی ئەمریکا لەم جەنگەدا رووبەڕووبوونەوەی چینە، چونکە چین یەکێکە لە کڕیارە سەرەکییەکانی نەوتی ئێران. ئەمە تا چەند لە راستییەوە نزیکە؟
جۆن بۆڵتن: پێموانییە هێندە جەخت لەسەر رووبەڕووبوونەوەی ستراتیژیی چین کرابێتەوە، بەڵام چین سوودمەند دەبوو و لە بەرامبەریشدا سوودی بە ئێران دەگەیاند لە رێگەی کڕینی بڕێکی زۆری نەوت بە نرخی کەمتر لە بازاڕی جیهانی. بەشێکی زۆری نەوتی کەنداو دەچێتە ئاسیای رۆژهەڵات و زۆرینەشی بۆ چینە، بۆیە بڕینی نەوتەکە لە مەودای نزیکدا بەدڵنیاییەوە کاریگەرییەکی زۆر نەرێنیی لەسەر چین دەبێت. ناچاریان دەکات نرخی زیاتر بدەن و نەوتی زیاتر لە رووسیا بکڕن، بێگومانیش بەوە دڵخۆش نابن. جێگەی سەرنجیشە، ئێستا وادیارە کە ئەو لووتکەیەی بڕیار بوو لە کۆتایی ئەم مانگەدا لەنێوان شی جینپینگ و ترەمپ بەڕێوەبچێت دواخراوە، بەوەش دەرفەتی گفتوگۆکردن لەسەر ئەم پرسانە لەگەڵ چینییەکان رەنگە بۆ مانگێکی دیکە یان زیاتر دوابخرێت. پێموایە لە رووی ئابوورییەوە بۆ چین قورس دەبێت، بەلەبەرچاوگرتنی پشتبەستنیان بە نەوتی کەنداو، نەک تەنیا نەوتی ئێران، بەڵکو وڵاتانی دیکەی کەنداویش.
رووداو: دوایین پرسیارم بەڕێز بۆڵتن، چی روودەدات ئەگەر لە کۆتایی ئەم جەنگەدا کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک سیستم و وڵاتێک بمێنێتەوە؟ ئەمە مانای چییە بۆ ناوچەکە و بۆ ئەمریکا؟
جۆن بۆڵتن: پێموایە ئەوە شکست دەبێت ئەگەر ئامانجەکە لەناوبردنی ئەو رژێمە بێت و نەکرێت. پێشموایە بە شێوەیەکی مسۆگەر، مانەوەی رژێم بەو واتایە دێت کە سەرلەنوێ پرۆگرامی چەکی ئەتۆمییەکەی بونیات دەنێتەوە، هێزە نوێنەرایەتیکەرە تیرۆریستییەکانی لە سەرانسەری ناوچەکە و جیهان بونیات دەنێتەوە و، جارێکی دیکەش دەبێتەوە سەرچاوەی سەرەکیی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و ئاشتیی نێودەوڵەتی. رەفتاری رژێم ناگۆڕێت بەهۆی ئایدۆلۆژیا و بیروباوەڕە تووندڕەوەکەیەوە. بۆیە ئەگەر رژێم لە شوێنی خۆی بهێڵرێتەوە، سیستەمی بیروباوەڕەکەشی لە شوێنی خۆی دەمێنێتەوە. جا لە ماوەیەکی دیاریکراودا کە قورسە دیاری بکرێت چەندە، بەڵام دوای ماوەیەک، رێک دەگەڕێینەوە هەمان ئەو خاڵەی پێش دەستپێکردنی جەنگەکە لێی بووین.
رووداو: بەڕێز جۆن بۆڵتن، زۆر سوپاس کە میوانی رووداو بوویت و سوپاس بۆ کاتەکەت.
جۆن بۆڵتن: دووبارە سوپاس بۆ میوانداریکردنم.
رووداو: سوپاس، کاتێکی خۆش، رۆژێکی باش بۆت دەخوازم.