باڵیۆزی ئیسپانیا لە عێراق: دەتوانین جارێکی دیکە نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە بەدەستبهێنین

 
رووداو دیجیتاڵ

باڵیۆزی ئیسپانیا لە عێراق رایگەیاند، داعش لە عێراق تێکشکێندراوە، ئاماژەی بەوەش کرد، "باشترین شت ئەوە دەبێت کە دەوڵەت دەسەڵاتی بەسەر چەکدا هەبێت." دوای دەستکردنەوە بە هەناردەکردنەوەشی، لەبارەی نەوتی هەرێمی کوردستانیش قسەی کرد و گوتی، ئەورووپا دەتوانێت جارێکی دیکە بەدەستیبهێنێت.
 
ئەلیسا ریکۆ، باڵیۆزی ئیسپانیا لە عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، هانی هاووڵاتییانی عێراق و هەرێمی کوردستانی دا بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن، رێککەوتنی نەوتی نێوان هەولێر و بەغدایشی بە "هەواڵێکی زۆر باش" بۆ سەقامگیریی وڵاتەکە و راکێشانی وەبەرهێنان وەسف کرد.
 
باڵیۆزی ئیسپانیا لە عێراق ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی هاوردەکاری نەوتە لە عێراقەوە و "لە ئەورووپا، دەتوانین جارێکی دیکە نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە بەدەستبهێنین."
 
ئەلیسا ریکۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە "زۆر گرنگ" و "بەڵگەی پێگەیشتوویی دیموکراسی لە عێراق" ناودەبات، هیوایشی خواست، "هەڵبژاردنێکی ئاشتییانە، دادپەروەرانە و شەفاف بەڕێوەبچێت."
 
سەبارەت بە وەرگرتنی ڤیزای شینگن لەڕێگەی باڵیۆزخانەکەیانەوە، باڵیۆزی ئیسپانیا لە عێراق ئاماژەی بەوە کرد، "یاساکان بۆ ئیسپانیا هەمان یاساکانی وڵاتانی دیکەن،" ئەوەشی خستەڕوو، "ئەگەر هەموو بەڵگەنامەکانت پێ بێت، نابێت کێشە بۆ وەرگرتنی ڤیزا هەبێت."
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ئەلیسا ریکۆ، باڵیۆزی ئیسپانیا لە عێراق:
 
رووداو: خانمی باڵیۆز، زۆر سوپاس بۆ ئەوەی لەگەڵمانیت.
 
ئەلیسا ریکۆ: سوپاس. زۆر دڵخۆشم کە لێرەم، لە کۆتاییدا دیدارێکم لەگەڵ رۆژنامەوانانی تۆڕی میدیایی رووداو هەیە، کە بەڕاستی ستایشی کارە باش و پرۆفیشناڵییەکەی دەکەم.
 
رووداو: جێگەی خۆشحاڵییە. زۆر سوپاس. لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەوە دەستپێدەکەم. وەکو دەزانن، هەڵمەتی بانگەشەکردن بۆ بەشداریکردنی هاووڵاتییان لە هەڵبژاردنەکانی عێراق و کوردستان دەستیپێکردووە. پێمانبڵێن، تاوەکو ئێستا چۆن ئەم پرۆسەیە هەڵدەسەنگێنن؟
 
ئەلیسا ریکۆ: بەڵێ، پێموایە ئەمە هەڵبژاردنێکی زۆر گرنگە. ئەمە شەشەمین هەڵبژاردنە لەدوای کۆتاییهاتنی رژێمی پێشوو، بەڵگەیەکە لەسەر پێگەیشتوویی دیموکراسیی لە عێراق. بەڕاستی ئێمە هیوادارین هەڵبژاردنێکی ئاشتییانە، دادپەروەرانە و شەفاف بێت. ئەوەی پێموایە زۆر گرنگە ئەوەیە کە عێراقییەکان بەشدار بن، واتە عێراقییەکان و کورد لێرە لە کوردستان لەم هەڵبژاردنانەدا بەشدار بن، چونکە رێژەی بەشداریکردن زۆر گرنگە. ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی رابردوودا بینراوە، بە گشتی زۆر کەم بووە. بۆیە من بەڕاستی هانی خەڵک دەدەم دەنگ بدەن.
 
رووداو: چۆن دەتوانن خەڵک هانبدەن بۆ دەنگدان یان بەشداریکردن لە پرۆسەی هەڵبژاردندا؟
 
ئەلیسا ریکۆ: پێموایە ژمارەیەکی زۆر گەنج لەم وڵاتەدا هەن، لەسەتا 60ی دانیشتووان لە خوار تەمەنی 25 ساڵییەوەن، زۆرێکیان بۆ یەکەمجار دەنگ دەدەن. ئەوە بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیارییە دەربارەی گرنگیی بەشداریکردنی راستەقینە لە داهاتووی ئەم وڵاتەدا، چونکە پێموایە حکومەتی داهاتوو رۆڵێکی یەکلاکەرەوەی دەبێت. گۆڕانکاری زۆر لە عێراقدا روویانداوە. عێراق لە قۆناخێکی نوێدایە و، پێموایە دەبێت چاکسازییەکی زۆر ئەنجام بدەن و بڕیار بدەن لەسەر ئەوەی کێ بۆ چوار ساڵی داهاتوو حوکمڕانی ئەم وڵاتە دەکات.
 
رووداو: سەبارەت بە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر نەوتی کوردستان، رێککەوتنێکی نوێ کراوە. دەتوانن بۆمان باس بکەن دەربارەی بۆچوونی وڵاتەکەتان یان بۆچوونی خۆتان، سەرنجتان لەسەر ئەم پێشهاتە چییە؟
 
ئەلیسا ریکۆ: ئێمە بەڕاستی ستایشی ئەوە دەکەین. هەواڵێکی زۆر زۆر باشە کە لە کۆتاییدا، وابزانم دوای زیاتر لە دوو ساڵ، بە کردەوە نەوتەکە دووبارە لە رێگەی بۆڕییەوە بۆ تورکیا دەڕواتەوە. ئەمە زۆر جێگەی ستایشە بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها بێگومان کۆمپانیا نەوتییە بەشداربووەکانیش. هەواڵێکی زۆر باشە، بۆ سەقامگیریی وڵاتەکە زۆر باش دەبێت و هەروەها بۆ راکێشانی وەبەرهێنانی زیاتر بۆ کوردستان، کە شتێکی زۆر زۆر ئەرێنییە.
 
رووداو: سۆمۆ رایگەیاند کە رێککەوتنێک و گرێبەستێکیان واژۆ کردووە، کە بەشێک لە نەوتی کوردستان بۆ ئەورووپا دەبێت. دەتوانن پێمان بڵێن نەوتی کوردستان، چ سوودێک بە عێراق و کوردستان و ئەورووپا دەگەیەنێت؟
 
ئەلیسا ریکۆ: بێگومان، بۆ کوردستان ئەمە هەواڵێکی زۆر خۆشە. هەروەها گرنگە چونکە لە کۆتاییدا رێککەوتنێک لەنێوان هەولێر و بەغدا کراوە کە هۆکاری زۆرێک لە گرژییەکان بوو. ئەمە پێشهاتێکی زۆر ئەرێنییە. لە ئەورووپاش، دەتوانین جارێکی دیکە نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە بەدەستبهێنین. ئیسپانیا هاوردەکاری نەوتە لە عێراقەوە، بۆیە بۆ ئێمە، ئەمە هەواڵێکی باشە.
 
رووداو: دەتوانن پێمان بڵێن لە چ بوار و کەرتێکدا حەز دەکەن لە کوردستان و بەگشتی لە عێراق وەبەرهێنان بکەن؟
 
ئەلیسا ریکۆ: لە کوردستان، یەکێک لە یەکەم پڕۆژەکانی ئیسپانیا لە عێراقدا لێرە لە کوردستان بوو، کۆمپانیایەکی ئیسپانی وەبەرهێنانی لە کارگەیەکی خشتدا کرد. پاشان ئێمە حەزمان بە بواری ژێرخانیش هەیە. راستەوخۆ دوای ئەم هەڤپەیڤینە، یاوەری شاندێکی بازرگانی ئیسپانی دەکەم بۆ بینینی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژەیەکی گونجاو لە کەرتی ژێرخاندا. ئەم کۆمپانیایە پێشتر لێکۆڵینەوەی گونجاوی بۆ تۆڕێکی هێڵی ئاسن ئەنجامداوە. ئەوانە تەنیا دوو نموونەن. بەڵام پێموایە دەرفەت لە کەرتی کشتوکاڵیشدا هەیە، لە پیشەسازیی کشتوکاڵیدا و، بێگومان ئێمە زۆر کراوەین بۆ هەر دەرفەتێک کە لێرە لە کوردستان هەبێت. پێموایە نوێنەرایەتیی کورد لە ئیسپانیاش خەریکی رێکخستنی شاندێکی بازرگانی و پیشەسازیی کۆمپانیا ئیسپانییەکانە بۆ ئەوەی بێن بۆ ئێرە بۆ کوردستان، بێگومانبە پشتیوانیی ئێمە.
 
رووداو: ئایا هیچ ئاڵنگاری یان نیگەرانییەکی ئەمنی هەیە بۆ کۆمپانیا ئیسپانییەکان کە رێگرییان لێبکات لە هاتنە عێراق یان وەبەرهێنان لە عێراق و کوردستاندا؟
 
ئەلیسا ریکۆ: کوردستان ناوچەیەکی تاڕادەیەک ئارام بووە و بەڕاستی هیچ کێشەیەکی گەورەی ئەمنی نییە کە رێگر بێت. سەبارەت بە بەشەکەی دیکەی وڵاتەکە، ئێستا گرنگییەکی زۆر هەیە. پێموایە ئێستا، وەک پێشتر گوتم، قۆناخێکی نوێیە. جێگەی ستایشە کە چۆن ئاسایش لە وڵاتەکەدا باشتر بووە. بێگومان پێمانوایە دەکرێت کاری زیاتر بکرێت. بەڵام جگە لە ئاسایش، ئەوە زیاتر پەیوەندی بەوەوە هەیە، وەکو لە پانێڵەکەشدا گوتم، پەیوەندیی بە باشترکردنی کەشوهەوای بازرگانی و هەندێک یاسا کە دەبێت لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند بکرێن. بێگومان رووبەڕووبوونەوەی کێشەکانیش وەک هەموومان دەزانین، هەندێک گەندەڵی و ئاستەنگ کە دەتوانن رێگری لە هاتنی وەبەرهێنانی بیانی بکەن. بەڵام ئێستا هێندە پەیوەندی بە ئاسایشەوە نییە، چونکە بەڕاستی پێمانوایە دۆخی عێراق زۆر زۆر باشترە.
 
رووداو: ئایا پێتان وایە هەڕەشەی داعش یان گرووپە چەکدارەکانی دەرەوەی دەوڵەت چیتر هەڕەشە نین لەسەر ئاسایشی عێراق؟
 
ئەلیسا ریکۆ: پێموایە داعش بەڕاستی لە عێراق تێکشکێنراوە، هەر وەکو دەسەڵاتدارانی عێراق دەڵێن، پێموایە ئەوانن کە دەبێت بەڕاستی ئەوە بسەلمێنن. هێشتا پاشماوە ماون، ئەوە ئاشکرایە، هەمیشە شتێکە کە دەبێت کۆنترۆڵی بکەیت و هێشتا هەڕەشەیەک ماوە. بێگومان دۆخی سووریاش کاریگەریی هەیە، چونکە دەبێت رێگری بکەین لەوەی داعش دووبارە بەهێز بێتەوە. بەڵام سەبارەت بە گرووپە چەکدارەکان، باشترین شت ئەوە دەبێت کە دەوڵەت دەسەڵاتی بەسەر چەکدا هەبێت. پێموایە ئەوە تەنیا بە حکومەت ناکرێت، بەڵکو زۆرێک لە کارەکتەرە سیاسییەکانی عێراقیش، تەنانەت گەورەترین مەرجەعی ئایینی شیعەکانیش، سەید عەلی سیستانی، ئەوەی گوتووە.
 
رووداو: بەڕێز باڵیۆز، ئاماژەت بە شاندێکی بازرگانی لە نێوان کوردستان و کۆمپانیا ئیسپانییەکاندا کرد. دەتوانن زیاتر لەو بارەیەوە بڵێن؟
 
ئەلیسا ریکۆ: لە راستیدا، نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مەدرید خەریکی رێکخستنیەتی و داوای پشتیوانییان کردووە. پێموایە ئێستا خەریکی ئامادەکارین. نازانم کەی بەڕێوەدەچێت، بەڵام دەزانم کە دەیانەوێت رێکی بخەن.
 
رووداو: چالاکییەکە لای نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا، لە مەدریدە؟
 
ئالیسیا ریکۆ: نەخێر، لێرە. ئەوان دێنە ئێرە. کۆمپانیا ئیسپانییەکان دێنە ئێرە.
 
رووداو: باشە، ئەوە زۆر باشە. دوو ساڵ لەمەوبەر لە بەغدا بووم. خۆشحاڵ بووم کە لەو کاتەدا باڵیۆزی ئیسپانیا ببینم، ئەو پێی گوتم کە پلانیان هەیە نووسینگەیەک یان نوێنەرایەتییەکی ئیسپانیا لێرە لە کوردستان بکەنەوە. کەی پلانی بۆ دادەنێن؟
 
ئەلیسا ریکۆ: نەمزانیوە ئەو شتێکی وای گوتبێت.
 
رووداو: ئەو هیوای خواست کە ئەوە بکات.
 
ئالیسیا ریکۆ: لە راستیدا، هەوڵدەدەم تا دەکرێت زۆرترین جار بێمە کوردستان. ماوەی ساڵێکە لە عێراقم و نزیکەی چوار جار هاتوومەتە کوردستان و هەوڵدەدەم بە رێکوپێکی بێم. هەندێک جار، هەموو وڵاتان، بەهۆی سنووردارکردنی بودجەوە سنووردار دەکرێین. بۆ ئێستا، پێموایە قورسە، بەڵام لە داهاتوودا نازانین.
 
رووداو: باشە. ئەوەم گوت چونکە ئێوە هاندەرێکی زۆر گەورەی تۆپی پێ، تۆپی پێی ئیسپانیتان هەیە لێرە لە کوردستان و لە عێراقیشدا، بەتایبەتی ریال مەدرید و بەرسەلۆنە. ئەوەتان بەدی کردووە؟
 
ئەلیسا ریکۆ: بەڵێ، بەڵێ، بەڵێ. لە راستیدا، نایابە. پێموایە خەڵک ئیسپانیا بەهۆی خولی ئیسپانیاوە دەناسن. بەڵام...
 
رووداو: وە ئێستا بەهۆی دراما و زنجیرە ئیسپانییەکانەوە. بەڵێ، زۆر چالاکە.
 
ئەلیسا ریکۆ: بەڵێ، نێتفلێکس.
 
رووداو: بەڵێ.
 
ئەلیسا ریکۆ: بۆ نموونە، کاسا دی پاتێل.
 
رووداو: بێگومان.
 
ئەلیسا ریکۆ: پێموایە شتێکی نایابە کە سۆز و خۆشەویستی بۆ تۆپی پێی ئیسپانی، خولی ئیسپانی و بۆ بارسا و ریاڵ مەدرید دەبینین. ئێمە لە بواری وەرزشدا لەگەڵ عێراق هاوکارین، نەک تەنیا لەگەڵ لیژنەی ئۆڵۆمپی نیشتمانی، بەڵکو خولی ئیسپانی، لالیگا، پڕۆژەیەکی لەگەڵ یەکێتیی تۆپی پێی عێراق هەیە. ئەوان یارمەتی خولی عێراق دەدەن، هەروەها بۆ پەرەپێدانی بەهرە و یاریزانانی تۆپی پێ لە عێراق، راهێنان بە کوڕە گەنجەکانیش دەکەن. ئەوان لێرە بوون، لە کوردستانیش کار دەکەن. پێموایە دوایین پڕۆژەیان، شتێکیان لە دهۆک رێکخست. لە راستیدا یەکێک لە راهێنەرەکان، وەکو پێشتر گوتم، چەند ساڵێک لەمەوبەر لە تیپێکی تۆپی پێی کوردی یاری کردووە.
 
رووداو: پێموایە ئەکادیمیایەک یان دامەزراوەیەک هەیە، ریاڵ مەدرید و بارسەلۆنەش. لە هەولێر و دهۆک هەیانە.
 
ئەلیسا ریکۆ: بەڵێ، بەڵام تیپی تۆپی پێی دیکەش هەن کە لە عێراق کار دەکەن. ئێل بێتیس، ئیسپانیۆڵ هەن. هاوکارییەکی زۆری تۆپی پێ هەیە.
 
رووداو: ئەوان هەوڵدەدەن یاریزانی نوێ دروست بکەن یان پەرەیان پێبدەن بۆ ئێوە، بۆ ئیسپانیا؟ یان بۆ کوردستان یان عێراق؟
 
ئەلیسا ریکۆ: نەخێر، بۆ عێراق، بۆ عێراق، بۆ عێراق. بۆ پەرەپێدانی بەهرە لێرە لە عێراق. راهێنان بە کوڕە گەنجەکان دەکەن کە ئەگەری هەیە ببنە یاریزانی باشی تۆپی پێ.
 
رووداو: باسی داواکارییەکانی ڤیزا بکەین. دەمەوێت بزانم هاووڵاتییانی عێراق یان خەڵکی کوردستان چۆن دەتوانن ڤیزا بەدەستبهێنن و ئێوە چۆن ئاسانکاری بۆ پرۆسەکە دەکەن؟
 
ئەلیسا ریکۆ: یەکێک لە کارە لەپێشینەکانی من کاتێک گەیشتمە عێراق، کردنەوەی بەشی ڤیزای باڵیۆزخانە بوو، کە بۆ ماوەیەک بەهۆی هۆکاری ئەمنییەوە داخرابوو. ئێمە ئەم کارە لە رێگەی ئەو کۆمپانیا خزمەتگوزارییانەوە دەکەین کە زۆرێک لە باڵیۆزخانەکان کاریان لەگەڵ دەکەن، ئیسپانیاش لەگەڵ کۆمپانیایەکی دابینکردنی خزمەتگوزاریی ڤیزا کار دەکات کە BLSـە. باڵیۆزخانەکانی دیکەش لەگەڵ کۆمپانیایەکی دیکە کار دەکەن. ئەوانیش نووسینگەیەکیان لە بەغدا کردووەتەوە. بۆ ڤیزای گەشتیاریش، وەکو دەزانن، ڤیزای شینگنە. بۆیە یاساکان بۆ ئیسپانیا هەمان یاساکانی وڵاتانی دیکەی شینگنە. دەتوانن داواکاری پێشکێش بکەن، ماڵپەڕێکیان هەیە کە دەتوانن کاتی چاوپێکەوتنی ئۆنلاینی تێدا وەربگرن و، لەو ماڵپەڕەدا هەموو مەرجەکان، هەموو بەڵگەنامە پێویستەکان هەن کە دەبێت بۆ وەرگرتنی ڤیزا بیانهێنن. پێموایە بۆ پەیوەندییەکانی نێوان گەلان گرنگە، بۆ ئەوەی خەڵک بتوانن سەردانی ئیسپانیا بکەن و وڵاتەکەمان بناسن. ئێمە دووەم گەورەترین شوێنی گەشتیارین لە جیهاندا کە ساڵانە زیاتر لە 80 ملیۆن گەشتیار سەردانمان دەکەن. هەروەها بۆ مەبەستی بازرگانیش.
 
رووداو: چەند گەشتیار عێراقین یان خەڵکی کوردستانن؟
 
ئالیسیا ریکۆ: ناتوانم ژمارەیەکی دیاریکراو بڵێم، پێموایە ژمارەیەکی زۆر بەرز نییە. بەڵام ژمارەیەکی زۆر عێراقیمان هەن کە سەردانی ئیسپانیا دەکەن. تەنانەت خەڵکیشمان هەیە، عێراقی، کە لە ئیسپانیا وەبەرهێنان دەکەن و کاری بازرگانییان لە ئیسپانیا هەیە.
 
رووداو: دەتوانن ژمارەیەکمان پێبدەن؟ بۆ نموونە، رێژەی پەسەندکردنی ڤیزاکانتان، رێژەی رەتکردنەوەکانتان، چەند ڤیزا دەدەن؟
 
ئەلیسا ریکۆ: نازانم، ناتوانم ئەوە بڵێم چونکە ئەمانە شتانێکن کە بە ئاشکرا نایانڵێین. سەبارەت بە رەتکردنەوە، ئەگەر هەموو بەڵگەنامە پێویستەکانت هەبێت، ئەوا نابێت کێشەیەک هەبێت. بەڵام زۆر جار خەڵک کاتێک داواکارییەکانیان پێشکێش دەکەن، بەڵگەنامەیان کەمە. بۆ نموونە، دەڵێن دەچنە بەرسەلۆنە و پاشان پسووڵەی هۆتێل لە مەدرید پێشاندەدەن. دەزانن، ئەو شتانەی کە تەنیا ناگونجێن...
 
رووداو: یان هەژمارێکیی بانکی ساختە...
 
ئەلیسا ریکۆ: شتێکی دیکە لەگەڵ هەموو وڵاتانی شینگن روودەدات، دێنە باڵیۆزخانەی ئیسپانیا، بەڵام لە راستیدا گەشت دەکەن بۆ...
 
رووداو: ئیتاڵیا.
 
ئەلیسا ریکۆ: ئیتاڵیا، دروست وایە. یان داواکارییەکەیان بە باشی پڕناکەنەوە یان ناڕێکی تێدایە. بانگهێشتنامەیان لە کەسێکەوە بۆ هاتووە، بەڵام پاشان پسوولەی هۆتێلێکی هێناوە. بۆیە دەبێت خەڵک داواکارییەکانیان بە باشی پێشکێش بکەن لەگەڵ هەموو بەڵگەنامە پێویستەکان و بیمە. ئەگەر بەڕاستی دەتەوێت داوای ڤیزا بکەیت، بە شێوەیەکی دروست ئەنجامی بدە.
 
رووداو: بەڕێز باڵیۆز، زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە و دووبارە بەخێربێیت بۆ رووداو.
 
ئەلیسا ریکۆ: شایانی نییە. زۆر سوپاس. جێگەی خۆشحاڵییە.
 
رووداو: زۆر سوپاس.
 
ئەلیسا ریکۆ: سوپاس.