لێکۆڵەرێک لە پەیمانگەی واشنتن: هێرشەکانی داعش لە عێراق 55% کەمیان کردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

لێکۆڵەرێک لە پەیمانگەی واشنتن لەبارەی هێرشەکانی داعش لە عێراق دەڵێت، "55% کەمیان کردووە." لەسەر ئاستی جیهانیش پێیوایە "25% کەمیان کردووە." بە گوتەی ئەو لێکۆڵەرە، "کە هێرشەکانی داعش کەمیانکرد لە پڕ هەوڵی هەڵاتن لە گرتووخانەی حەسەکە درا."
 
ئیدۆ لێڤی، لێکۆڵەر لە پەیمانگەی واشنتن لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، کە رۆژ عەلی زاڵە لەگەڵیدا سازی کردبوو، باسی پرسی داعشی لە ناوچەکە و جیهان کرد. ئەو لەبارەی کەمپی هۆلەوە دەڵێت، "دانیشتووانی کەمپی هۆل گەشە دەکەن و ژنان لەوێ منداڵی زیاتریان هەیە." ئاماژە بەوەش دەکات، "زۆرینەی خەڵکی کەمپی هۆل عێراقین."
 
هێزە ئەمنییەکانی عێراق، بە گوتەی لێڤی، "باشتر بوون لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی داعش." پێیشی وایە کە هێشتا ئەمریکا تەواو پابەندە لە شەڕی دژی داعشدا و "هێزە تایبەتییەکانی خۆی بۆ کوشتنی سەرکردەکانی داعش بەکاردەهێنێت."
 
سەبارەت بەوەی داعش لە کوێ چالاکە، ئەو لێکۆڵەرە لە پەیمانگەی واشنتن گوتی، "هێشتا داعش لە مۆزەمبیق و کۆماری کۆنگۆی دیموکرات چالاکە." بە گوتەی لێڤی، ئەوان دەزانن ئێستا داعش دژی تاڵیبان دەجەنگێت و ناسنامەی سەرکردەکانیان ئاشکرا ناکەن.
 
سەبارەت بە شەڕی دژی داعش لە سووریا، لێکۆڵەرەکە پێیوایە، "هەسەدە تاکە ئەکتەرە لە سووریا بەڕاستی شەڕی داعش دەکات." لەبارەی ئۆپەراسیۆن و کردەوە سەربازییەکانی تورکیاش لە سووریا گوتی، "تورکیا کردەی سەربازیی دژی هەسەدە کردبێت، شەڕی دژی داعش زیانی بەرکەوتووە."
 
رووداو: زۆر سوپاس کە لە گەڵمانی، با لەوەوە دەستپێبکەم. ئاستی ئەو هەڕەشانەی داعش دروستی دەکات لە کوێیدایە؟
 
ئیدۆ لێڤی: زۆر سوپاس بۆ پرسیارەکە و سوپاس بۆ ئەم میواندارییە. ئێستا هەڕەشەی داعش، ئەگەر سەیری عێراق بکەیت، لە پارەوە ئەو هێرشانەی داعش لە عێراق کردوونی 55% کەمیان کردووە. ئەگەر لە ئاستی جیهانیدا سەیری بکەیت، ئەوا 25% کەمیان کردووە. هەڕەشەکانی دەرەوەی عێراق و سووریایش کەمبوونەتەوە. دۆخەکە لە نەیجیریا باش نییە. لەڕاستیدا بانگەشەکانی داعش بۆ هێرشکردن لە نەیجیریا ئەو بانگەشانەیان تێپەڕاندووە کە لە عێراق زۆر جار دەیکەن. زۆر جار بانگەشەکان لە عێراق بەرزترن. پار لە نەیجیریاش بەرزتر بوون و ئەوەیش رەنگدانەوەی ئەو راستییەیە کە هێشتا داعش لە رۆژئاوای ئەفریقیا و نەیجیریا تەواو بەهێزە. لە بەشەکانی دیکەی رۆژئاوای ئەفریقیایش چالاکی دەکەن. هێشتا لە شوێنەکانی وەکو مۆزەمبیق و کۆماری کۆنگۆی دیموکرات چالاکن. جا ئەمانەیش هەموو ئەو شوێنانەن کە هاوپەیمانی[ـی نێودەوڵەتی] ئەگەر بە تەواوەتیش تێیاندا ئامادە نەبێت، ئەوا زۆر ئامادەیی نییە. فەرەنسایش هەوڵ دەدات بوونی خۆی لەو ناوچانەدا کەم بکاتەوە. جا شتێکی دیکەیش ئەفغانستانە کە لەو کاتەوەی ئەمریکا کشاوەتەوە زۆر دژوارە، ئێمە تەواو بزانین لەوێ چی دەگوزەرێت. جا ئێمە دەزانین کە ئێستا داعش دژی تاڵیبان دەجەنگێت و، نازانین تاڵیبان چەندە بە باشی دژیان دەجەنگێتەوە. دەزانیت، بەڕاستی رێگەیەک نییە کە ئێمە بەردەوام بە هەر جۆرێک چاومان لەسەر ئەو هەڕەشەیە بێت. جا بەڕاستی ئێستا هەڕەشەکە جۆرێک دەرەکییە و لە دەرەوەی عێراق و سووریاوەیە. بۆیە ئێستا دەبینین داعش، وەکو دەزانیت، هەڕەشەکانی لە ناوجەرگەی عێراق و سووریا زۆر کەمیان کردووە. ئەگەر ببینین، ئەوانە دەبنە هەڕەشەیەکی گەورەتر، ئەوا دەکرێت کێشەی عێراق و سووریا خراپتر بکەن. هەروەها دەبینین لە سووریا کێشەی [کەمپی] هۆل و کێشەی کەمپەکان لەوێ هەن.
 
رووداو: باشە، هێرشەکان کەمیان کردووە یان وەکو ئەوەی هەندێک راپۆرت ئاماژە بەوە دەکەن رەنگە بە ئەنقەست داعش کەمتر باس لە هێرشەکانی خۆی بکات و خاوەندارێتییان لێ بکات؟
 
ئیدۆ لێڤی: خۆی وا دەردەکەوێت کە لە عێراق کەمیان کردووە، بەڵام راست دەکەیت، لە سووریا لەوێ زۆر روون نییە. ئاخۆ بەڕاستی کەمیان کردووە یاخود داعش بە دەست ئەنقەس بیانشارێتەوە لەبەر ئەوەی نایانەوێت سەرنجی زیاتر بۆ خۆیان کێش بکەن. جا پار رێک ئەمەمان بینی. کاتێک هێرشەکانی داعش کەمیان کرد، ئەوا لەپڕ هەوڵی هەڵاتن لە گرتووخانەی حەسەکە درا کە یەکەم چالاکیی گەورەیان بوو. رەنگە لە 2019وە وەکو یەکێک لە گەورەترین چالاکییەکانیان بووبێت لە سووریا؛ بۆیە ئەوە بە جۆرێک لە جۆرەکان سەرسووڕهێنەر بوو. دەکرێت ئەوە ئەنجامی ئەوە بووبێت کە لەڕێگەی شاردنەوەوە هەوڵی کردنیان دەدات. نەیاویست...
 
رووداو: باشە، بە شێوەیەکی دیکە، یانی ئەگەر کەمتر باس لە هێرشەکانی خۆیان بکەن، دەکرێت بڵێین ئەوە لەبەر ئەوەیە کە خۆیان ئامادە دەکەن بۆ هێرشێکی گەورە یان چ سوودێکی هەیە لەوەی کەمتر بەرپرسیارێتیی هێرشەکان بگرنە ئەستۆ و کەمتر باس لە هێرشەکانی خۆیان بکەن؟
 
ئیدۆ لێڤی: خۆی وا دەزانم هەرگیز ناتوانین بە دڵنیاییەوە بزانین، بەڵام رەنگە لە بارێکی وەکو ئەوەی حەسەکەدا، لەوانەیە لەبەر ئەوە بووبێت ئامادەکارییان بۆ کردبێت و نەیانویستبێت سەرنج بۆ خۆیان رابکێشن، بەڵام بەڕاستی نازانین هۆکارەکە چییە. ئێمە تەنیا دەتوانین بەڕاستی گومان ببەین کە بۆچی دەیانشاردەوە؛ هەمیشە ئەوە باشە کە ئاگادار بیت ئاخۆ ئەوان...
 
رووداو: باشە، سەبارەت بە سەرکردەکانیان، ئەمریکا ژمارەیەکی باشی لەناوبردن. ئێستا پێموایە ئەلحوسەین ئەلحوسەین ئەلقورەیشی، سەرکردەی ئێستایانە. چ شتێک لەسەر ئەلقورەیشی دەزانین؟
 
ئیدۆ لێڤی: راستییەکەی زۆر نازانین. زۆر کەم لەبارەیەوە دەزانرێت. رەنگە تەنانەت سەرکردەی بەر لەو یان دوو سەرکردەکەی بەر لەو هەرگیز رووخساریان دەرنەخستبێت، چونکە داعش تێگەیشت کە ئێستا ئێمە تواناییەکی زۆر بەهێزمان هەیە بۆئەوەی بتوانین بیانکەینە ئامانج؛ بۆیە بەڕاستی ئێمە زۆریان لەبارەوە نازانین. تەنانەت نایشزانین ئاخۆ ئەوە ناویەتی یان نا، جا بۆئەوەی بە نهێنی چالاکییەکانیان رابپەڕێنن، بەڕاستی ناسنامەی سەرکردەکانیان ئاشکرا ناکەن.
 
رووداو: لەناوبردنی سەرکردەکانیان تا چەند کاریگەریی لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانیان هەبووە؟
 
ئیدۆ لێڤی: لە لایەنی ئۆپەراسیۆنەکانیانەوە، دەڵێم کە تاڕادەیەک کاریگەریی مەزنی لەسەر ئۆپەراسیۆنەکان نەبووە. ئەوە تەنیا شتێکە کە من دەیبینم لەڕێگەی ئەو هێرشانەوەی وەکو خۆیان دەکرێن، بەڵام بینیویشمانە، کە ئەمریکا بەتایبەتی، زۆر تووند بووە لە بەدواداچوونی سەرکردە باڵاکان و تەنانەت سەرکردە ناوەند و نزمەکانیشدا. تەنانەت چەند هەفتەیەک لەمەوپێش لە سۆماڵیش بینیمان ئەمریکا لەوێ هەڵمەتێکی بۆ لەنێوبردنی سەرکردەیەکی گەورەی داعش کرد. شتێک کە ئێستا زۆر دەیبینین ئەوەیە، ئەمریکا راستەوخۆ هێزە تایبەتەکان بۆ هەڵمەتی هێرشکردن یان دەستگیر کردن یان کوشتنی سەرکردەکانی داعش بەکاردەهێنێت. نەک تەنیا سەرکردەی باڵا، خەلیفە، وەکو بەو جۆرە خۆیان ناودەنێن، بەڵکو ئەمیرە ئاست نزمەکان یان ئەو خەڵکانەی لە پارەدان یان هێنانی چەکدار تێوەگلاون یان ئەو کەسانەی زانیاریی ئۆپەراسیۆنی گرنگ یان زانیاریی تەکنیکییان هەیە. ئێمە لەو بارەیەوە زۆر تووند بووین. دەکرێت ئەوە لە داهاتوودا زیاتر لە کاریگەرییەکی هەبێت، بەڵام پێموایە ئەوە بە درێژایی ماوەیەکی زۆر پێویستی بە هەوڵێکی زۆر چڕە.
 
رووداو: باشە، تۆ لێکۆڵینەوەی زۆریان لەسەر دەکەیت و گەورە و بچووکی جووڵەکانیان شارەزای. هیچ گۆڕانکارییەک لە رێکخستنیان دەبینیت؟ چونکە پێشتر وەزیری داراییان هەبوو، والیی ئەم شوێن و ئەو شوێنیان هەبوو، ئێستا رێکخراوێکی زۆر بچووکترە، گۆڕانکاری لە رێکخستنیان هەیە؟
 
ئیدۆ لێڤی: دەڵێم، رەنگە هێشتا هەموو ئەم شتانەیان هەبێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەوەندە زۆر نییە کە لەسەری راهاتبوون. لە عێراق و سووریا راهاتبوون، هەرێم، کە پێیان دەڵێن ویلایەت، زۆریان هەبێت؛ چەند ویلایەتێکی جیاوازیان هەبوو. ئێستا لە ویلایەتێک لە عێراق و یەکێک لە سووریا کۆیان کردوونەتەوە و، ئەمەیش دوو ساڵێکە وایە. ئینجا ئەوەی لە رۆژئاوای ئەفریقیا بینیمان، ئەوەیە داعش ویلایەتێکی نوێی بۆ رۆژئاوای ئەفریقا دامەزراندووە یان دروست کردووە. هەروەها پێم وایە داعش لە بیابانی گەورەدایە، کە ئێستا ناوە تەواوەتییەکەم بیر نییە. بۆیە ئەوەی بینیومانە پێکهێنانەوەی ویلایەتێکە، وەکو ئەوەی بۆ ئەفریقیای ناوەندی دروستیان کرد؛ وەکو دەزانیت، بۆ مۆزەمبیق. بۆیە ئەوەی دەیبینین شتێکە وەکو پێکهێنانەوە. من نازانم ئەوە ماناکەی چەندێکە بۆ سەرکردایەتیی رێکخراوەکە. پێم وایە پێکهاتە گشتییەکە شتێکی هەمان جۆر دەبێت. پێم وایە ئەوەی بەڕاستی گۆڕاوە ژمارەی ویلایەتەکانە. جا پەیوەندییان بە ویلایەتی ناوەندییەوە تەواو روون نییە؛ بەڵام بەڵێ، ئەوەندەی دەتوانم تێبگەم، مەبەستم ئەوەیە کە هێشتا هەموویان پێکەوە بەرەو ئامانجێکی هاوبەش کار دەکەن.
 
رووداو: لە سووریا و عێراق، هاوپەیمانیی تێکشکاندنی داعش هەیە، هێشتا هەندێک سەربازی ئەمریکی لێرەن، لە سۆماڵ وەکو تۆش ئاماژەت پێکرد، هێزی ئاسمانیی ئەمریکا هێرشی کردە سەریان. بەڵام، ئێستا کە لقی نوێ دروست دەکەن، لە شوێنێکی وەکو مۆزەمبیق و کۆماری ناوەندیی ئەفریقیا، ئایا ئەوە لەبەر ئەوەیە کە شوێنەکانی دیکە گوشاریان زۆر لەسەرە، یان لەبەر ئەوەیە کە لەو ناوچانە هەلی نوێیان بۆ رەخساوە تاوەکو لەو ژینگانەی ئەوێش خۆیان گەشە پێبدەن؟
 
ئیدۆ لێڤی: پێم وایە بە تەواوەتی بۆ ژینگەکان دەگەڕێن. ئەمانە دەرفەتن کە تێیاندا ژینگەیان تێدایە بۆ ئەوان کراوەن، بۆ نموونە وەکو لە کۆماری کۆنگۆی دیموکرات کە ماوەیەکی زۆر ئەم کۆمەڵەیە هەبوو و پێی دەگوترا هێزە دیموکراتە هاوپەیمانەکان، کە لە بنچینەدا کۆمەڵەیەکی ئۆگەندی بوون. سوپای ئۆگەندا بەزاندنی و، دەزانیت، چەند ساڵێک لەمەوپێش لە سنوورەوە کشانەوە بۆ کۆنگۆ و بەڵێنیان دا بەیعەت بە داعش بدەن. بۆیە ئەو جۆرە دەرفەتانە کە کەسانی بەئەزموون هەبن، دێن بۆ لات و دەڵێن دەمانەوێت بچینە ناو داعش و داعش بڵێت، باش و ئێمە دەتوانین بەکارتان بهێنین. زۆربەی جار ئەوەی داعش لە بەرامبەردا دەیکات بەلایەنی کەمەوە پشتیوانیی میدیاییە. لە ڤیدیۆکاندا دەیانبینیت، چونکە ئەوان دەڵێن، ئەمانە سەربازانی خەلیفەن بۆ ئەوەی رەوایەتییان بدەنێ یان بۆ ئەوەی زیاتر هێزی وەرگرتنی [خەڵکیان] بداتێ، ئەگەر ئەمە ئەو شتە بێت بۆی دەڕوانن. هەروەها بە دڵنیاییشەوە ئاڵوگۆڕێک هەیە ئەگەر بڵێیت داعشیت، ئەوا دەکرێت تۆ زیاتر لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکاوە بکرێیتە ئامانج، رەنگە بتوانیت سەرنج رابکێشیت؛ بەڵام هێشتا بۆ زۆرێک لەم گرووپانە ئەمە دەچێتە ئاوەزەوە و، هەروەها هەمان شت لە مۆزەمبیق روویدا. ئەوە بۆیە لە مۆزەمبیق داعش هەیە. ئەوەی کە دەیبینین کاتێک ئەم گرووپانە بەڵێن دەدەن بەیعەت بە داعش بدەن، زۆربەی جار هەوڵ دەدەن بە لایەنی کەمەوە ئۆپەراسیۆنی گەورەتر بکەن. ئێمە زۆر جار ئەمە دەبینین کە گرووپەکان دەیکەن. بۆیە کاتێک گرووپێک دەداتە پاڵ داعش، ئەوە جۆرە ئاماژەیەکە کە ئەوان رەنگە بیانەوێت تواناییان نوێ بکەنەوە ئەوەی قەبارەی ئۆپەراسیۆنەکانیان گەورەتر بکەن.
 
رووداو: کاتێک کە ئەم گرووپانە بەیعەت دەدەن، ئاراستەی پارە بە کام لادایە؟ گرووپەکان هاوکاریی دارایی ناوەند دەکەن، یان ناوەند هاوکاریی لقەکان دەکات؟ دەمەوێت بەشێکی دیکەش بۆ ئەو پرسیارە زیاد بکەم، داعش پێشتر ناوچەی زۆری کۆنترۆڵ کردبوو، سەرچاوەی دارایی هەبوو. ئێستا سەرچاوە داراییەکەیان چییە و چۆنە؟
 
ئیدۆ لێڤی: دەکرێت بە هەردوو رێگەکە بێت، بەڵام بەلای منەوە وا دەردەکەوێت کە بە گشتی پارە لە ناوەندەوە بۆ ویلایەتەکانی دیکە دەڕوات. ئێمە بینیمان بەنێوبانگترین کەیسیان لە لیبیا بوو لە ساڵی 2014دا کە داعش نەک تەنیا پارە، بەڵکو سەربازەکانی خۆیشی نارد بۆ ئەوەی لە لیبیا ویلایەت دروست بکەن، بەڵام بەمنزیکانە بینیومانە کە داعش پارە بۆ چەکدارەکانی دەنێرێت بۆ ئەفغانستان. بینیمان ویلایەتی داعش لە سۆماڵ وەکو جۆرێک لە ناوەندی لۆجستی بۆ گەیشتنی هاوکاری هەڵسوکەوتی دەکرد بۆئەوەی بینێرێت بۆ داعش لە مۆزەمبیق و کۆماری کۆنگۆی دیموکرات. ئەوە بەلای منەوە وەکو تۆڕێک دەردەکەوێت کە ناوەندەکە هەوڵ دەدات پارەی ویلایەتەکانی دەرەوە دابین بکات.
 
رووداو: واتە ئەوەندە مەرکەزیەتیان هەیە کە ناوەند بتوانێت پارە بنێرێت لەو شوێنەوە کە ناوەندەکەیانە، ئیدی ئەو ناوەندە لە هەر شوێنێک بێت بۆ شوێنێکی وەکو کۆنگۆ و سۆماڵ و مۆزەمبیق، یان ئەوەیە کە ناوەندی هەرێمیی دیکەیان هەیە، بۆ نموونە سۆماڵ ناوەندێک بێت بۆ ئەوەی هاریکاریی لقەکانیان بکەن لە نزیکی خۆیان؟
 
ئیدۆ لێڤی: وایە. وا دەردەکەوێت ئەوان بتوانن ئەوە بکەن. نازانم ئەوە چەندە ناوەندییە یان ئاخۆ بتوانن بە رێکوپێکی ئەوە بکەن. هیچ لەو بارەیەوە نازانم، بەڵام دەزانیت کە ئەوان دەتوانن بەلایەنی کەمەوە ماوە ماوە ئەوە بکەن. جا بابەتەکەی ویلایەتی سۆماڵ ئەوە نەبوو کە زۆر کوشندە بێت. هەندێک هێرشیان کرد، چەند ڤیدیۆیەکیان هەبوو کە داعش بۆی بڵاوکردنەوە، بەڵام هەرگیز ئەو کوشندەیە نەبوون. هەرگیز وەک شەباب هەڕەشەی تیرۆریستی نەبوون کە ساڵانێکە لە سۆماڵە و سەر بە ئەلقاعیدەیە. لەڕاستیدا لەگەڵ داعشدا لە دووژمنایەتیدان. ئینجا لەگەڵ ئەوەیشدا سەرکردەی داعش لە سۆماڵ یەکێکە لە ئەندامەکانی پێشووی شەباب؛ بەڵام هەڕەشەی گەورەتر کە داعش و سۆماڵ دروستیان دەکرد ئەوە بوو کە وەکو ناوەندێکی لۆجستی خزمەتیان دەکرد، کە ئێستا ئاماژەم بە ئاڵوگۆڕەکە دا.
 
رووداو: باشە، با بگەڕێینەوە بۆ ئەم ناوچەیە. هەزاران منداڵ هەن کە منداڵی داعشن، یانی باوکیان داعش بووە یان دایکیان داعش بووە و خێزانەکانیان لە کەمپی هۆلن ئێستا. هەندێک لەم منداڵانە گەورە دەبن، گەیشتوونەتە تەمەنێک کە هەندێک دەڵێن تەنانەت هاوسەرگیریش دەکەن. پرسی گەڕاندنەوەی ئەمانە بە کوێ گەیشتووە، نزیکەی هەموو وڵاتان هاوڕان لەسەر ئەوەی کە ئەمانە وەکو بۆمبێکی تەوقیتکراو وان؛ بەڵام کە پێیان دەوترێت دەی باشە، شتێک بکەن لەسەر ئەمە، نابینیت هەنگاوی زۆر بنرێت؟!
 
ئیدۆ لێڤی: بەڵێ، بە دڵنیاییەوە. بەڵام ئەوە کێشەیەکی گەورەیە، چونکە کاتێک دەڵێیت گەڕاندنەوە، پێم وایە زیاتر باس لە وڵاتانی بیانیی سێیەمی بیانی دەکەیت، وەکو فەرەنسا و ئەڵمانیا و هەموو ئەم وڵاتانە. دەزانیت، سیاسەتی ئەمریکا هەمیشە ئەوە بووە کە دەبێت هەر کەسێک هاووڵاتییەکانی بگەڕێنێتەوە؛ بەڵام دەبینین ئەوە بۆ ئەوان زۆر قورسە؛ ئەوان ئەم خەڵکانە وەکو هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش دەبینن. ئەوەیش بەبێ پاساوی باش نییە. زۆربەی ئەم کەسانە لە چالاکیی تیرۆریستیدا بەشدار بوون و زانیاریی تایبەتیان لەبارەی چۆنیەتی هێرشی تیرۆریستییەوە هەیە و دەتوانن بیکەن و، زۆر بە بیروباوەڕەکەیانەوە پابەندن. بۆیە تەنانەت ئەگەر نەیانەوێت لەسەر چالاکیی تیرۆریستییش بەردەوام بن، رەنگە هێشتا بیروباوەڕەکەیان هەبێت و بتوانن کەسانی دیکەی دەوروبەریان تووندئاژۆ بکەن. جا ئەوە هەڕەشەکەیە، هەڕەشەی گەڕێندراوەکان کە ئەگەر بگەڕێنەوە دەتوانن بیکەن. ئەوە بۆیە ئەم وڵاتانەی وەکو ئەڵمانیا و فەرەنسا و بەریتانیا نایەنە ژێر بار. ئەوان تەواو نیگەرانن لە گەڕاندنەوەی هاووڵاتییەکانیان، لەبەر ئەم هۆیەیە. بەم دواییانە بینیومانە بە جۆرێک هەڵوێستیان نەرم بووە. بە درێژایی پار بینیومانن کە زیاتر لە پێرار خەڵکیان بردووەتەوە، بەڵام هێشتا بەس نییە. ئەگەر بڕیار بێت گەڕاندنەوە چارەسەرێکی راستەقینە بێت، ئەوا هێشتا پێویستمان بەوەیە خێراتر بێت، چونکە لە راستیدا هاوکات دانیشتووانی [کەمپی] هۆل گەشە دەکەن. ژنان لەوێ منداڵی زیاتریان هەیە. بەم تازەییانە لە هاوڕێیەکمم بیست و هەروەها دەیشخوێنمەوە کە ئەمە هەندێک جار پەیوەندیی هەیە بە هێنان و بردنی منداڵە نێرەکانەوە بۆ سکپڕکردنی ئافرەتە پێگەیشتووەکان. ئەوە کارێکی زۆر رەشە کە دەیکەن بۆ ئەوەی هەوڵ بدەن خەلافەتەکە بە زیندوویی بهێڵنەوە. ئەوە جۆرێک کێشەی وڵاتە بیانییەکانە، بەڵام کاتێک باسی عێراق دەکەین، ئەوە تەواو کێشەیەکی دیکەیە، چونکە ئێستا زۆرینەی خەڵکەکەی [کەمپی] هۆل عێراقین کە دوایین جار بەدواداچوونم بۆ کرد دەیان هەزارن و زیاتر، یان دەوروبەری 30 هەزارن. ئاشکرایە گەڕاندنەوەی هەموویان دەستبەجێ ئەستەم دەبێت. زۆربەی جار ئەوەی روودەدات ئەوەیە کاتێک دەچنەوە عێراق دەبرێنە کەمپێکی دیکەوە و چارەسەر دەکرێن و، تەنانەت دەنێردرێنەوە بۆ گوندەکانیان یان دەتوانن بۆ ماوەیەکی زۆر لە کەمپ بمێننەوە. بۆیە ئەوە لەو لایەنەوە زۆر ئاڵۆزە.
 
رووداو: ئەم بەیانییە یەکێک لە کاربەدەستە عێراقییەکان دەیگوت داعش دەتوانێت لە هەر شوێنێک بیەوێت هێرش بکات. ئایا هەڕەشەکانی داعش تائێستا ئەوەندە جیدین؟ جیدیەتی واشنتن و ئەوانی دیکە لە شەڕی داعش هەر ماوە، یان ئێستا وای لێهاتووە کە هەموو دەڵێن راستە داعش ماوە، چاومان لەسەریان دەبێت و ئەگەر سەرکردەیەکیان دەرکەوت لەناویدەبەین و بەو شێوەیە بەردەوام دەبین؟!
 
ئیدۆ لێڤی: راستە. خۆی کاتێک دێتە سەر ئەوەی ئاخۆ دەتوانن هێرش بکەنە سەر هەر شوێنێک، مانای ئەوەیە رەنگە لە ناوچە ناوەندەکانیان بێت لە عێراق و سووریا. بەڵێ، دەتوانم ببینم کە ئەوان رەنگە بتوانن لە هەر شوێنێک هێرش بکەن، بەڵام ئاخۆ سەرکەوتوو دەبن؟ دڵنیا نیم. هەروەها لە عێراقیش هێزە ئەمنییەکان باشتر بوون لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی داعشدا. هەروەها هاوپەیمانانیش فێر بووە چۆن سەروکاری لەگەڵ ئەو شتانەدا بکات. بۆیە بەڵێ، پرسیارە ناوکرۆکییەکە ئەوەیە کە هاوپەیمانان وازی لە بەردەوامبوون لەم شەڕە هێناوە. پێم وایە هێشتایش لەوێیە. هێشتا ئەمریکا تەواو بەم شەڕەوە پابەندە. دەڵێم، بە راستی کێشەکە ئەو [کارە] لەپێشترینانەیە کە ئەمریکا هەیەتی. شتی دیکە لە سەری سەرەوەی مێشکی ئیدارە[ی ئەمریکا]دان، وەکو شەڕ لە ئۆکرانیا و هەستانەوەی چین. زۆر شت روو دەدەن کە وا لە ئەمریکا دەکەن زیاتر لە کێشەی داعش سەرنج بخاتە سەر کێشەی دیکە. هەروەها دەبینین کە ئەم ئیدارەیە دەیەوێت تێوەگلانی لە ململانێ بیانییەکاندا کەم بکاتەوە. بۆیە کشانەوە لە ئەفغانستان روونترین ئاماژەی ئەمەیە؛ بەڵام هاوکات ئیدارەکەی بایدن رێگەی دا هێزەکانی ئەمریکا بگەڕێنەوە بۆ سۆماڵ. 700 سەربازی ئەمریکا لە سۆماڵ بوون. ئیدارەکەی ترەمپ کشاندنیەوە. بایدن ماوەیەکی کەم دوای هاتنە دەسەڵاتی سەرۆکی نوێی سۆماڵ گەڕاندنیەوە. ئەوە کارێکی ئاسانتر بوو تاوەکو ئەوەی دوایینیان. بەڵام ئەوە هەر نموونەیەکە کە هێشتا چارەسەر هەیە بۆ سەروکاری لەگەڵ ئەمەدا. بۆیە بڵێ، هێشتا لەوێیە.
 
رووداو: نووسینێکی تۆم خوێندەوە، تێیدا دەڵێیت شەڕی دژە داعش دەبێت: لەلایەن، لەگەڵ، و لە رێگەی هاوبەشە لۆکاڵییەکانەوە بێت؛ بەڵام کێشەیەکی گەورە هەیە لەسەر ئەوە، بەتایبەت لە سووریا، ئەوەش فاکتەری تورکیایە و هەڕەشەی تورکیایە لە هێرشکردنە سەر هەندێک ناوچەی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، کە پێشتر بینویمانە. پێتوایە ئەو هەڕەشەیە لەسەر شەڕی دژە داعش هەر ماوە؟ بەتایبەتی دوای رووداوەکانی تورکیا و بوومەلەرزەی تورکیا؟ ئیدارەی بایدن تاڕادەیەک رێگریی کردووە لە هێرشی لەو شێوەیە، پێتوایە شەڕی دژە داعش بۆ ئیدارەی بایدن ئەوەندە گرنگە کە رێگری لە تورکیا بکات هێرشی لەو شێوەیە ئەنجام نەدات، یان ئەو هێرشانەی لە 2019 بینیمان دووبارە دەبنەوە؟
 
ئیدۆ لێڤی: تەواوی کێشەکانی تورکیا لێرەدا دژوارن، چونکە کاتێک ئاماژەت بە بوومەلەرزە کارەساتبارەکە کرد، داعش دەرفەتی قۆستەوە کە لە ماوەی پشێویی بوومەلەرزەکەدا هەوڵ بدات و چەند هێرشێک بکات، بەڵام کاتێک باس لە هەڕەشەی تورکیا بۆ داگیرکاری دەکەیت...
 
رووداو: جێگەی سەرنجە کە لە هەمان کاتدا، یان رۆژێک دوای بوومەلەرزەکە، تورکیاش هێرشی لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا ئەنجامدا ، هێرشی درۆنی…
 
ئیدۆ لێڤی: راستە. بەڵێ، بە درۆن بەردەوام بوو لە هێرشکردنە سەر یەپەگە کە تورکیا بە رێکخراوێکی تیرۆریستیی دادەنێت، بەهۆی پەیوەندییەکانیەوە لەگەڵ پەکەکەدا. بۆیە، بەڵێ، ئارەزووی تورکیا لەمەدا ئەوەیە پێیان وایە شەڕی تیرۆر دەکەن؛ بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە پێم وایە هەسەدە تاکە ئەکتەرە لە سووریا کە بە راستی شەڕی داعش دەکات. هەموو کەسێکی دیکە پشکی گەورەتری هەیە… هەسەدە خۆیشی زیاتر نیگەرانی تورکیایە تاوەکو داعش، بەڵام بەپێی پێویست سەرنجی باشیان بە کێشەی داعش داوە. ئێستا تورکیا وا دەرناکەوێت کە بە راستی بایەخ بەوە بدات. ئەوە وا ناگەیێنێت کە تورکیا هیچ ناکات. ئەوان لەناو تورکیا [کەسانی داعشیان] دەستگیر کردووە؛ بەڵام ئەوە ئاشکرایە کە هەر کاتێک کردەی سەربازییان دژی هەسەدە کردبێت، شەڕی دژی داعش زیانی بەرکەوتووە. لە رابردوودا ئەوەمان بینیوە. لە سێ هێرشی رابردوودا بۆ سەر سنووری هەسەدە دیمان کە هەسەدەی لاواز کرد و تەواوی شەڕەکەی دژی داعش لاواز کرد.
 
رووداو: با دوا پرسیارت لێ بپرسم. کاتێک داعش هەندێک ناوچەی لەژێر کۆنترۆڵدا بوو، ئەمریکا هاوپەیمانی، یان هاوبەشییەکی لەگەڵ هاوبەشە عێراقی و سوورییەکانی دروست کرد، هاوبەشییەک کە ئەمریکا پێی دەگوت: کاتی و تاکتیکی. ئێستا کە داعش ناوچەی لەژێر دەسەڵاتدا نەماوە، شەڕەکەش گۆڕاوە بۆ شەڕی ئایدیۆلۆژیای داعش. پێتوایە ئەو هاوبەشییە کاتییە تاکتیکییە هێشتا دەتوانێت شەڕی داعش بکات، لەڕووی ئایدۆلۆژییەوە؟ چونکە چیدیکە شەڕەکە شەڕی ئەوە نییە کە بچیتە هێڵەکانی پێشەوە و تەقە لە داعش بکەیت، شەڕی ئایدۆلۆژی شەڕێکی فراوانتر و ئاڵۆزترە؟
 
ئیدۆ لێڤی: وایە. بەڵێ، لەبەر ئەوەیە کە بیرۆکەی تاکتیکی مامەڵەیی لەوێ وەکو سێ تیم بوو کە ئەوان بۆ پێناسەکردنی ئەم پەیوەندییە بەکاریان دەهێنا. بەڵێ بیرۆکەکە ئەوە بوو با بچینە سنوورەکانیان و بەو جۆرە جێیان بهێڵن؛ بەڵام ئاشکرایە کە ئەوە بەس نییە، چونکە دەیانتوانی بگەڕێنەوە. ئەوان دەیانەوێت بگەڕێنەوە. بۆیە ئەگەر هەر تەنیا رێگەیان بدەین بڕۆن، ئەوا دەگەڕێنەوە، چونکە بیروباوەڕ هەیە، بەڵام هاوکات ئەو کێشەیەیش هەیە کە ئەگەر هیچ نەکەین، ئەوا ئەوان لە چالاکییەکانیان بەردەوام دەبن، لە هێرشەکانیان بەردەوام دەبن. ئەوان دەیانەوێت ئێمە گەشە بکەین، بەڵام تۆ چۆن شەڕی ئایدۆلۆژی دەکەیت؟ مەبەستم ئەوەیە کە ئەوە پرسیارێکی زۆر قورسە و خودی هاوپەیمانانیش هێشتا بۆیان روون نەبووەتەوە. ئێمە هەموو جۆرەکانی هەوڵمان لە شەڕی زانیاریدا بینیوە، چ ڤیدیۆ بووبێت چ تویتەر چ هەر جۆرە تۆڕێکی کۆمەڵایەتی بۆ هەوڵدان بۆ بەرەنگاربوونەوەی نامەکانی داعش؛ بەڵام ئەمە بەلای منەوە جۆرە رێگەیەکی لاوازە. بە راستی ئەو سەرکەوتووە نەبووە، بۆیە هێشتا هەوڵ دەدەین بزانین چۆن شەڕی بیروباوەڕەکە بکەین. لە راستیدا تەنانەت منیش نازانم.
 
رووداو: ئیدۆ لێڤی، لە پەیمانگەی واشنتن. زۆر سوپاس بۆ کاتەکەت.
 
ئیدۆ لێڤی: سوپاس بۆ میواندارییەکەتان.