حەیدەر عەبادی بۆ رووداو: نەدانی مووچەی فەرمانبەران زوڵمە
رووداو دیجیتاڵ
حەیدەر عەبادی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو باسی کۆمەڵێک پرس دەکات، کە یەکێکیان مووچەیە و دەڵێت، نەدانی مووچەی فەرمانبەران بەهۆی کێشە سیاسییەکانەوە "زوڵمە".
حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانی نەسرە، لە ماوەی نێوان ئەیلوولی 2014 تاوەکو تشرینی یەکەمی 2018 سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو.
ئەو دەڵێت، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراق "زۆر پێداگرە" لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
هەروەها عەبادی هەندێک نهێنی لەبارەی رووداوەکانی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 ئاشکرا دەکات و هەڵوێستی ئێران و تورکیا لەبارەی گشتپرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان روون دەکاتەوە.
ئەم هەڤپەیڤینە لە رۆژی 17-03-2024 تۆمارکراوە و دڵدار هەرکی پێشکێشی دەکات.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ حەیدەر عەبادی
رووداو: سەرەتا نەورۆز جەژنێکی نەتەوەیی کورد و سەری ساڵی کوردییە، هیچ پەیامێکت بۆ گەلی کورد هەیە بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە؟
حەیدەر عەبادی: بەڵێ راستییەکەی نەورۆز جەژنێکە پەیوەندی بە گۆڕانێکی سرووشتییەوە هەیە. بە بۆنەی هاتنی بەهارە، گواستنەوەیە لە دۆخێکەوە بۆ دۆخێک. لەو رۆژەدا ماوەی شەو و رۆژ یەکسان دەبنەوە و ئەوەش دۆخێکی سرووشتییە. تۆ دەزانی زۆربەی پەرستشەکانی ئیسلامیش هەر پەیوەندییان بە دیاردە سرووشتییەکانەوە هەیە وەکو جووڵەی خۆر و جووڵەی مانگ.
کەواتە ئەمە بنەمایەکی لای مرۆڤ هەیە وەکو مرۆڤ. دەزانین کە نەتەوەی دیکەش هەن، نەتەوەی گەورەش نەک بچووک، ئەو رۆژە دەکەنە جەژن و ئاهەنگ دەگێڕن، بەڵام من ئەو جەژنە بەرز رادەگرم بەو ئیعتیبارەی پەیوەندی بە سرووشت و مرۆڤەوە هەیە. ئەمە بەڕاستی تایبەت نییە بە نەتەوەیەکی دیاریکراو چونکە دیاردەیەکی سرووشتی هەیە لەم بابەتەدا. لە کتێبە ئایینییە ئیسلامییەکانیش دا بگەڕێ، ئاسەوارێکی دەدۆزیتەوە. ئاسەوارێک دەبینی کە پەیوەندی بە نەورۆزەوە هەیە. ناوێکی هەیە نیرووزە یان شتێکی وایە، بەڵام هەمان شتە و پەیوەندی بە گواستنەوەوە هەیە لە وەرزێکەوە، یان جێگۆڕینی خۆرە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێک، لە زەمەنێکەوە بۆ زەمەنێک.
بێگومان جەژن بەشێوەیەکی گشتی، واتە ئاهەنگ و خۆشی، دڵخۆشیی مرۆڤ بە شتێک. باشترین دڵخۆشیش کە نیعمەتێکی خودایە بۆ مرۆڤ، ئەو خۆرەیە کە بە ئێمەی بەخشیوە و ئەو گۆڕانەی کەشوهەوایە کە مرۆڤ بۆ کشتوکاڵ و شتی دیکەش پشتی پێدەبەستێت. لە بنەڕەتیشدا دەگەڕێتەوە سەر مەسەلەی پەیوەندیی مرۆڤ لەگەڵ مرۆڤ. ئێمە یەک گەل و یەک وڵاتین، جیاوازیی رەچەڵەکیش وەکو ئەو جیاوازییەی کەشوهەوا وایە. ئەو جیاوازییەی کەشوهەوا وات لێناکات دژی جیاوازیی کەشوهەوا بیت. ئەمە جیاوازییە و جیاوازیش لە سوودی تۆیە. جارێک ساردە و جارێک گەرمە و جارێک بەهارە و جارێک پاییزە. هەمەڕەنگیی مرۆڤیش بەهەمان شێوەیە.. (انا جعلناكم شعوبا وقبائلا) بۆچی؟ بۆئەوەی یەکتر بناسن.
من ئەگەر دژایەتی نەتەوەیەک بکەم هەر لەبەر جیاوازیی نێوان نەتەوەکان و جیاوازیی رەچەڵەکیان، ئەوە مانای وایە شەڕ لەگەڵ سوننەتێکی خودا دەکەم. ئەوە خودایە کە ئێمەی بەم جیاوازییانەوە دروستکردووە. خوا ئێمەی کردووەتە نەتەوەی جیاواز، بۆچی؟ بۆئەوەی یەکتر بناسین، بۆئەوەی یەکدی تەواو بکەین. ئێمە ئەگەر هەموومان یەک کۆپی بووین، مانای وایە هیچ شتێکی نوێ ناناسین.
رووداو: با باسی پەیوەندی ئێوە لەگەڵ کورد بکەین، پێش رووخانی رژێمی سەددام، خۆت یان خێزانی ئێوە هیچ پەیوەندییەکی دۆستانەت لەگەڵ خەڵکی کورد هەبووە؟
حەیدەر عەبادی: بەڵێ زۆریش. ئێمە لە بەریتانیا دەژیاین و بەریتانیاش خۆتان دەزانن رەوەندی عێراقی لەوێ زۆرە. تۆ دەتوانی خەڵکی هەموو ناوچەکانی عێراق لەوێ ببینی. ئێستا تۆ ئەگەر لە عێراق بژیت لەوانەیە زۆر کەم هەلی ئەوەت بۆ بڕەخسێ کەسێکی بۆ نموونە خەڵکی شنگال بناسی، یان خەڵکی هەندێ ناوچەی دوورەدەستی بەسرە بناسی، لەم بەغدایە تەنیا کۆمەڵێک خەڵکی دیاریکراو دەبینی. لەوێ عێراقی دەبینی خەڵکی ناوچەی وەهایە کە تۆ هەرگیز ئەو شوێنەت نەبینیوە، تەنانەت شارەزای هەندێ کولتووری جیاوازیش دەبی، بۆ نموونە شێوازی جلوبەرگیان، شێوازی تەنانەت دروستکردنی خواردنیان، زۆر شت فێردەبی، ئەمەش بەڕاستی ئاسۆی بیرکردنەوەت فراوان دەکات، وات لێدەکات لایەنگری نەکەیت. کەواتە ئەوە سرووشتی عێراقە کە خەڵکی جیاوازی لەخۆگرتووە. بەڵێ هاوڕێی زۆرمان هەبوون، تەنانەت پەیوەندی خێزانیمان هەبووە سەرباری پەیوەندی سیاسیش. لەگەڵ زۆرینەی سەرکردە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان پەیوەندی دۆستانەمان هەبووە ئەوکاتەی لە دەرەوەی وڵات بووین.
رووداو: کورد هەموو مەرجەکانی نەتەوەیەکی سەربەخۆیان تێدایە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی خۆیان، ئەوە سیاسەتی هەرێمی و نێودەوڵەتییە کە رێ بەوە نادات، بەڕای تۆ کورد مافی ئەوەیان هەیە سەربەخۆ بن؟
حەیدەر عەبادی: ئێمە دەبێ بگەڕێینەوە بۆ سەردەمێکی مێژوویی کە ئێمە دەستمان لە روودانیدا نەبووە، ئەویش سایکس پیکۆیە. دوای جەنگەکانی پێشوو، جەنگی جیهانیی یەکەم و تەنانەت جەنگی دووەمیش، بەڵام بەشێوەیەکی سەرەکی پاش جەنگی یەکەم کە جیهانی ئیسلامی دابەشکرا. خۆتان دەزانن لەوکاتەدا دەوڵەتی عوسمانی هەبوو، لەولاوە دەوڵەتی سەفەوی هەبوو. دوو دەوڵەت کە ناوی ئیسلامیان هەڵگرتبوو، بەناوی ئیسلامەوە حوکمیان دەکرد و جیهانی ئیسلامییان لەنێوان خۆیاندا بەش کردبوو. ئەم دوو دەوڵەتە رووخان و بوونە شتێکی دیکە. کۆڵۆنیالیزم هاتنە ناوچەکە و هەموویان پارچە پارچە کرد.
لە چوارچێوەی ئەم دابەشکارییەدا نەتەوەی کورد پشتگوێخرا. عەرەب هەروەها، نەخرانە چوارچێوەی دەوڵەتێکەوە. بوونە کۆمەڵێک دەوڵەت. فارس بوونە خاوەنی دەوڵەتێک. ئەرمەنەکانیش بوونە دەوڵەتێک، ئازەرییەکان هەروەها.. تورکەکان بوونە دەوڵەتێک، بەڵام کورد لەو دابەشکارییەدا خرانە پشتگوێ. ئەمە لە قۆناخێکی مێژووییدا بوو بە شتێکی جیهانی و ئەم دەوڵەتانەی ئێستا بەوجۆرە پێکهاتن. ئەمڕۆ تۆ کە دێی دەتەوێ ئەم سنوورە هەڵگری. ئێمە پێموایە لە قوتابخانەوە ئەوە فێربووین کە سایکس پیکۆ پیلانێک بوو لە دژی ئەم ناوچەیە، ئەوەی کە بەم جۆرە پارچە پارچەیان کرد، بەڵام ئەمڕۆ لە چوارچێوەی ئەم سنوورانەدا بەرژەوەندی بۆ خەڵک دروست بوون. تۆ کە سنوور هەڵدەگری دەتەوێ سەرلەنوێ دابەشی بکەیتەوە. پارچەیەک لە شوێنێک دادەبڕی و بە شوێنێکی دیکەوەی دەلکێنی، بەڵام تۆ بەمە لە بەرژەوەندیی لایەنی دیکە دەدەی. تۆ بەم شێوەیە کە پارچەیەک جیادەکەیتەوە مانای وایە بەرژەوەندی خەڵکی دیکە دەخەیتە مەترسییەوە. بینیمان کە داعش هەوڵیدا ئەو سنوورانە هەڵگرێ. داعش دەیویست ئەو سنوورە بە رێگەی دیکە هەڵوەشێنێتەوە، بە رێگەی تووندوتیژی و راگواستن و کوشتن و لەنێوبردن، ئەمەش کارەساتێکی دروستکرد.
رووداو: تۆ وەکو خۆت، لەگەڵ سەربەخۆییت یان دژیت؟
حەیدەر عەبادی: من دەڵێم هەموو کۆمەڵگەیەک مافی ئەوەی هەیە بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، ئەمە مافە، بەڵام...
رووداو: بە کوردیشەوە؟
حەیدەر عەبادی: بەدڵنیاییەوە، من کە سەرۆکوەزیرانیش بووم بە ئاشکرا قسەم کرد. گوتم من رێز لە خواستی رۆڵەکانی خۆمان و هاونیشتمانیانی کورد دەگرم کە دەیانەوێ نیشتیمانی خۆیان هەبێ، رێز لەمە دەگرم. ئەمە مافێکی مرۆڤە، بەڵام تۆ لە وڵاتێکدای کە هاوبەشی دیکەت هەیە. ئایا مافی ئەوەت هەیە لەناکاو پارچەیەک جیابکەیتەوە و بیبەی بۆ خۆت؟ تۆ لە چوارچێوەی وڵاتێک و سنوورێکدایت، لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی دیاریکراودای کە دەستوورە و هەموو عێراقییەکانی دەنگیان بۆ داوە. تەنانەت دەستووریش، ئایا بەشێکی دیاریکراو مافی ئەوەیان هەیە بەشێکی جیابکەنەوە و بەتەنیا هەر خۆیان بڕیاری لەسەر بدەن؟
رووداو: ئەمە زۆر گرنگە و دوایی دەگەڕێینەوە سەری، بەڵام ئێستا دەمەوێ بچینە سەر باسی هەندێ شتی دیکە کە یەکەمیان مەسەلەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی کوردستانە، پێتوانییە ئەوەی ئێستا روودەدات زوڵمێکە لە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان؟
حەیدەر عەبادی: پێموایە هاووڵاتی هیچ گوناهێکی نییە، ئەگەر سەرکردە سیاسییەکانیش گوناهێکیان هەبێ لەوەدا کە رێکناکەون، نابێ هاووڵاتی باجی ئەوە
بدات. نابێ هاونیشتیمانی سزا بدرێت. بەڵێ پێموایە ئەوە زوڵمە لە هاونیشتیمانی و بەهۆی رەفتار و بڕیاری سەرکردە سیاسییەکانەوە سزا دەدرێت. هاووڵاتی دواجار هاووڵاتییە.
ئێمە لە دەوڵەتی عێراق دا نابێ جیاوازی لەنێوان هاونیشتیمانیان بکەین جا کوردن عەرەبن، موسڵمانن یان نا، هەر نەتەوە و ئایین و مەزهەبێک بن، ئەوانە هاونیشتیمانین لە چوارچێوەی سنووری عێراق دا و دەبێ یەکسان و دادپەروەرانە مامەڵەیان لەگەڵ بکەین. ئێوە دەزانن تەنانەت ئەوکاتەی سەرۆکوەزیران بووم، تەنانەت پاش رووداوەکانی کەرکووک و گەڕاندنەوەی کەرکووک بۆ ژێر دەسەڵاتی فیدراڵی، کوردستان تووشی کێشەیەکی گەورە هات، چەندین شاند لە کوردستانەوە هاتنە لام، چونکە هەناردەکردنی نەوت بەهۆی گەڕاندنەوەی هەندێ لە کێڵگەکانی نەوت بۆ ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی راوەستابوو. خەریک بوو لە هەرێمی کوردستان کارەساتێک دەقەوما. خەڵک بە منیان گوت کە لەوانەیە کەرتی پەروەردە دابڕووخێ، رەنگە ئابوورییان دابڕووخێ، بۆیە من بەبێ ئەوەی چاوەڕێی هیچ تەنازولێک بم و بەبێ ئەوەی بمەوێ شتێک بەسەریاندا بسەپێنم، چونکە دواجار ئەوانەش هاووڵاتی ئێمەن، دەستبەجێ و بێ هیچ بەرامبەرێک مووچەم رەوانە کرد.
تەنانەت داوای هیچ تەنازولێکم لە حکومەتی هەرێم نەکرد. چونکە ئەوە مافی خەڵکە، مافی هاونیشتیمانیانە. لەبیرتانە ساڵی 2018 مووچەی هەردوو مانگی (دوو و سێ)م پێکەوە نارد، هەڵبژاردنەکانیش لە مانگی پێنج دەکران. یەکێک ئەگەر بیەوێ هەڵبژاردن بباتەوە دەبێ ئەو بێ کە رێگری بکات، چونکە تێڕوانینێکی دیاریکراو لای دەنگدەر هەیە بەگشتی، بەڵام من بەرژەوەندیی هاووڵاتیانم خستە پێش ئەو بەرژەوەندیە سیاسییە. بۆیە دەڵێم ئەمە مافە. نابێ لەگەڵ ئەم جۆرە شتانە بەشێوەیەکی پۆپۆلیستی رەفتار بکرێ و نابێ بیخزێنینە ناو ناکۆکییە سیاسییەکانەوە. چونکە دواجار ئەوانە هاووڵاتین و تۆ وەکو سیاسییەک دەبێ عادیلانە و دادپەروەرانە مامەڵەیان لەگەڵ بکەی.
رووداو: ئێوە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی، هیچ بڕیار یان ستراتیژییەکتان هەیە بۆ خنکاندنی هەرێمی کوردستان و رێگرتن لە پیشکەوتنی؟
حەیدەر عەبادی: من لە گفتوگۆکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا هیچ جارێک گوێم لە قسەی وانەبووە، تەنانەت لە قسە و باسەکانی نێو ئیدارەی دەوڵەتیش دا. چەندین شاند لە هەرێمی کوردستانەوە هاتوون بۆ لای ئێمە بۆ بابەتی مووچە و لە ئێمەوە تەنیا گوێیان لە دەربڕینی پشتیوانی بووە، بەڵام خۆتان وەکو قسەکانی بەڕێز سەرۆکوەزیران دەبیستن، ئەویش زۆر رژد(جدی)ە لەوەی چارەسەرێکی ئەوە بکات، بەڵام دەزانن کاتێک بودجەی گشتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران بڕیاری لەسەر درا، هەندێ بڕگەی بۆ زیاد کران کە حکومەت زەحمەتە بتوانێ بازیان بەسەردا بدات، چونکە بەرپرسیار دەبێت. بەرپرسیار دەبێت لە پێشێلکردنی ماددەیەکی یاسایی، ئەمە بێگومان ئێمەی خستووەتە نێو کێشەیەکەوە، ئەمە سەرباری راوەستانی هەناردەکردنی نەوت بۆ تورکیا بەهۆی هەڵوێستی تورکیا لەپاش ئەو حوکمەی کە لە پاریس دەرچوو.
رووداو: ئەمە خاڵێکی گرنگە دەمەوێ قسەی لەسەر بکەین، بەڵام ئێستا دەمەوێ نموونەیەکت بۆ بهێنمەوە. لە کەرکووک، لە یەک قوتابخانەدا مامۆستا هەن سەر بە وەزارەتی پەروەردەی بەغدا و مانگانە مووچەی خۆیان وەردەگرن و تەنانەت مافی وەرگرتنی پارەی قەرزیان هەیە، بەڵام هاوشانەکانی ئەوان لە هەمان قوتابخانە کە سەر بە میلاکی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستانن، مووچە وەرناگرن و لە هەموو ئیمتیازێکی هاوکارە مامۆستاکانی دیکەشیان بێبەشن. چۆن دەڕوانییە ئەو مامەڵە نادادپەروەرانەیە لە چوارچێوەی یەک دەوڵەت دا؟
حەیدەر عەبادی: من بەڕاستی داوا دەکەم مەسەلەی پەروەردە بە سیاسی نەکرێت. ئێستا تۆ باسی سەردەمێکی پێشوو دەکەی کە درێژ بووەتەوە بۆ ئەمڕۆ. ئێستا لایەنەکەی دیکە وا باسی ئەمە دەکەن کە گوایە خەڵکێک هەن نیشتەجێی هەرێمی کوردستانن، بەڵام مووچەیان لەسەر کەرکووکە، ئەمە ناکۆکییەکی دروست کردووە. سەددامیش پێشتر شتێکی وەهای لە کەرکووک کرد. چوو عەرەبی لە ناوچەکانی دیکەی عێراقەوە هێنا و لە کەرکووک نیشتەجێی کردن بۆئەوەی دیمۆگرافیای پارێزگاکە بگۆڕێت. ئەم کارەی لایەنی بەرامبەریش هەر دروست نییە.
رووداو: بەڵام ئەوانە مامۆستای خوێندنی کوردین؟
حەیدەر عەبادی: بەڵێ، بەڵام رەنگە نیشتەجێی هەرێمی کوردستان بن...
رووداو: نەخێر نیشتەجێی هەرێمی کوردستان نین
حەیدەر عەبادی: لە کەرکووکن؟
رووداو: لە کەرکووکن..
حەیدەر عەبادی: کەواتە دەبێ...
رووداو: خەڵکی کەرکووکن
حەیدەر عەبادی: ئەگەر...
رووداو: مەبەستم لە خوێندنی کوردین لە کەرکووک و سەر بە وەزارەتی پەروەردەن.
حەیدەر عەبادی: من بەڕاستی نەچوومەتە نێو ئەو وردەکارییەی وەزارەتی پەروەردە، بەڵام پێموایە دەبێ ئەو میکانیزمە یاساییانە و رێنماییەکان یەکبخرێن، چونکە ئەوە ناکرێ ئەگەر هەردووکیان هەمان کار بکەن. هەمان فەرمان جێبەجێ بکەن و لە هەمان جوگرافیادابن و هەریەکە رێنمایی جیاواز بیانگرێتەوە، پێموایە ئەوە بەشێکە لە ناعەدالەتی و بێ ئینسافی.
رووداو: بەڕای تۆ کێشەی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان دەبێ چۆن چارەسەر بکرێ، چونکە یاسای بودجەی فیدراڵی تائێستا نەیتوانیوە ئەو کێشەیە چارەسەر بکات؟ پێتوایە چارەسەرەکەی ئاسان بێت؟
حەیدەر عەبادی: ئێمە لە ساڵانی 2017 و 2018 دا هەندێ کارمان لەسەر ئەوە کرد و لیژنەیەکیشمان بۆ یەکخستنی مووچە پێکهێنا. دەزانن کە میکانیزمی دابەشکردنی مووچە لە هەرێمی کوردستان جیاوازە لەوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق. تۆ ئەگەر بتەوێ مووچە خەرج بکەی، بە هەر شێوەیەک بیکەی کارێکی ناعادیلانە دەبێت کە مووچەکەی ئەوێ وەکو ناوچەکانی دیکەی عێراق نەبێت. لەیادمە هەموویمان یەکخست و تەماشای لیستەکانی مووچەمان کردەوە لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق. ئیدی دەستمانکرد بەوەی بەگوێرەی ئەوە مووچەی هەرێمی کوردستانیش رەوانە بکەین. ئەوانەی هەرێمی کوردستانیش هاوکارییان کردین و لیستەکانی خۆیان لەسەر سی دی دایە ئێمە، ئەوەبوو هەموو مووچەکانمان یەکخستن و دەستمانکرد بە خەرجکردن. هیواکە ئەوەبوو کە ئەوە بەردەوام بێت، بەڵام دوای ئەوە چی روویدا؟ بۆچی پاشان ناکۆکی پەیدا بوو؟ من پێموایە کێشەکە ئەمەیە: یان ئەوەتا ئەوانە بە فەرمانبەری حکومەتی فیدراڵی دەزانن و حکومەتی فیدراڵی مووچەکانیان دەدات، یان بە فەرمانبەری ناوخۆیی هەرێمی کوردستانیان دەزانی و دەتەوێ حکومەتی فیدراڵی مووچەکانیان بدات، پێموایە نەگونجانێک لەمەدا هەیە، بەڵام ئەگەر فەرمانبەری حکومەتی فیدراڵین؟ چونکە لە دەوڵەتە فیدراڵییەکاندا بەوجۆرەیە. بۆ نموونە لە ئەمریکاش فەرمانبەری فیدراڵی هەن لە ولایەتەکاندا، بەڵام حکومەتی فیدراڵی مووچەیان دەدات.
رووداو: ئەگەر فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان سەر بە حکومەتی فیدراڵی بن، کەواتە رۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان چی دەبێت؟
حەیدەر عەبادی: ئێ قسەکە ئەوەیە.. ئایا ئەوانە فەرمانبەری فیدراڵین یان ناوخۆیی؟ ئەگەر ناوخۆیین کەواتە ئێوە لێیان بەرپرسن. دواجار تۆش داهاتی خۆت هەیە و خۆت بڕیار دەدەی.. تۆ ئەگەر
رووداو: بەڵام ئەوانە هاونیشتیمانیی عێراقین؟
حەیدەر عەبادی: راستە، بەڵام تۆ ئەگەر لە هەرێم بڵێی من بڕیاریان بۆ دەدەم و من قەبارەی مووچەکانیان دیاری دەکەم و من بڕیاری پلە بەرزکردنەوە دەدەم و من بڕیار دەدەم کێ دابمەزرێ و کێ دانەمەزرێ، ناکرێ ئەنجام و لێکەوتەی بڕیارەکانی خۆت بخەیتە سەرشانی حکومەتی فیدراڵی. واتە لەمەدا جۆرێک لە هاودژی هەیە. دەبێ لەسەر شتێک رێکبکەوی، یان ئەوەتا ئەمانە فەرمانبەری فیدراڵین و حکومەتی فیدراڵی دایاندەمەزرێنێ و پلەکانیان و مووچەکانیان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە دیاری دەکرێن، چونکە ئەگەر وا نەبێ نادادپەروەرانە دەبێ. بۆ نموونە تۆ لە هەرێم بڕیار دەدەی مووچە زیاد بکەی. باشە دەبێ حکومەتی فیدراڵی پارەکە بدات؟ ئەی ناوچەکانی دیکەی عێراق چی؟ کەواتە دەبێ جۆرێک لە عەدالەت هەبێت. کێ خەڵک دادەمەزرێنێ و کێ پلە بەرزدەکاتەوە و کێ سیستەمی دامەزراندن دادەنێ و کێ پارەکەی دەدات؟ رەنگە هەرێم بە ئاراستەیەکدا رۆیشتبێ، کەواتە ئێوە بەرپرس مەبن لەوە کە ئیشی حکومەتی فیدراڵییە، ئێمە لە هەموو شتێک بەرپرس دەبین، بەڵام ئێوە پشکێکمان بدەنێ. بەو ئاراستەیە رۆیشتن.
رووداو: وەکو پێشتر کە لەسەری رێککەوتن.. دکتۆر سەبارەت...
حەیدەر عەبادی: لەسەر ئەو پشکە رێککەوتن، ئێستا کە ناتوانن مووچە بدەن گەڕاونەتەوە بۆ حکومەتی فیدراڵی و دەڵێن ئێوە مووچە بدەن.
رووداو: بەڵام هەناردەی نەوت راوەستا و بودجە کورتی هێنا...
حەیدەر عەبادی: بەڵێ راستە.
رووداو: با باسی راوەستانی هەناردەی نەوت بکەین. مانگی شوباتی رابردوو هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە بەهۆی داوایەکی یاسایی کە لە سەردەمی کابینەکەی ئێوەدا بەرزکرایەوە راوەستا. ئامانج لەو سکاڵایە چی بوو؟ ئەوەبوو هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بکەوێتە ئەم دۆخە هەڵواسراوەی ئێستاوە؟
حەیدەر عەبادی: نەخێر بەدڵنیاییەوە نا. ئامانجی ئێمە راشکاوانە بڵێم دروستکردنی گوشار بوو لەسەر برایانمان لە هەرێم و هەروەها تورکەکانیش، بۆ ئەوەبوو کە بێنە پێشەوە بۆ رێککەوتن. چونکە ئەو رێگەیە نادروست بوو، ئێمە باسی نەوتی عێراق دەکەین کە موڵکی هەموو عێراقییەکانە، بەڵام بەگوێرەی رێککەوتنێک مامەڵەی لەگەڵ دەکرا کە لای ئێمە روون نەبوو. نەماندەزانی ئەو رێککەوتنەی نێوان هەرێم و تورکیا چۆنە. دەمانویست بیزانین چونکە مافی ئێمەیە. ئەوە موڵکی خەڵکە و دواجار موڵکی ئەم گەلەیە. نەماندەزانی، شتێکی نهێنی و ناڕوون بوو بەڕاستی. من تائێستاش لەسەر ئەوە موکوڕم. هەوڵماندا گوشار بخەینە سەریان بۆئەوەی رێککەوین، لەپێناوی بەرژەوەندیی خەڵکی خۆمان، چونکە ئەمە موڵکی خەڵکە و نەوتی ئەو خەڵکەیە. بەدەممانەوە نەهاتن. ناچار لەڕێی دادگاوە گوشارمان خستە سەریان و سەرئەنجام گەیشتە کۆتایی بەبێ ئەوەی بگەینە لێکتێگەیشتن و ئەوە روویدا کە نەماندەویست رووبدات. خۆ ئەگەر پێش دەرچوونی حوکمی دادگاکەی پاریس لێکتێگەیشتنێک لەنێوان خۆمان هەبووایە، ئەوە لە بەرژەوەندی هەموومان دەبوو، بەڵام بەهۆی جۆرێک لە عینادی و ئەو تێگەیشتنەی کە ئەمە تەنازولە بۆ بەرامبەر، ئاخر خۆ ئەوە بەرژەوەندیی هاووڵاتیان بوو، ئایا ئەوەی ئێستا باشە کە رێ لە هاونیشتیمانیانی هەرێم بگری مووچەکانیان بدرێ، رێ لە شایستەکانیان بگری، ئەم پێداگری و عینادە سیاسییە سەرئەنجام لە بەرژەوەندیی هاووڵاتی نەبوو.
رووداو: بەڵام ئەوە چەندین مانگە هەناردەی نەوت راوەستاوە، ئەمە کاریگەری لەسەر بودجە نەبووە؟ عێراق ملیاران دۆلار زیانی بەرکەوتووە..
حەیدەر عەبادی: بەڵێ کاریگەری لەسەر هەموو لایەک هەبووە. ئێستا عێراق بێبەش بووە لەو نەوتەی هەرێم. ئەو نەوتەی هەرێم بەشی خەرجییەکانی ئەوانی دەکرد، خۆیان هەناردەیان دەکرد و پارەکەیان وەردەگرت بۆ ئەوەی لە پێداویستییەکانی هەرێم خەرجی بکەنەوە، ئەمە راوەستاوە، کەواتە دەبێ لە بەشە پارەی عێراق هەرێمی کوردستانیش پارەی پێبدرێت. کەواتە ئەمە لێکەوتەیەکی نوێیە، ئەمەش دەبێ چارەسەر بکرێ چونکە ئێستا کاریگەری لەسەر هەموو لایەک هەیە، دەبێ ئەمە چارەسەر بکرێ، بەڵام من دیسان دەگەڕێمەوە سەر قسەی پێشوو، دەڵێم نابێ هاووڵاتی ئاسایی باجی ئەم کێشەیە بدات لەکاتێکدا ئەو نەیخولقاندووە، بەڵکو بەهۆی ناکۆکییەکی سیاسی خولقاوە.
رووداو: دکتۆر بەگوێرەی زانیارییەکانی نێو هەندێ لایەنی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، حیزبە شیعییەکان لەگەڵ ئەوەن ئەم راوەستانی هەناردەکردنەی نەوتی هەرێمی کوردستان هەر بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی بتوانن هەرێمی کوردستان لەڕووی سیاسییەوە بخنکێنن. ئێوە هیچ باسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانتان کردووە و سەرۆکوەزیرانتان سەرپشک کردووە لەڕووی سیاسییەوە؟
حەیدەر عەبادی: بەڵێ ئەوە کراوە و حکومەتیش لەو رووەوە کەوتە گفتوگۆ لەگەڵ هەرێم و گەیشتنە جۆرێک لە رێککەوتن، بەڵام وەکو گوتم لە بڕگەکانی یاسای بودجەدا لەکاتی بڕیاردان لەسەر بودجەی گشتیی عێراق، هەندێ بڕگە زیادکران کە ئەوانە دەسەڵاتەکانی حکومەتیان سنووردار کرد. حکومەتیش ناتوانێ باز بەسەر یاسای بودجەدا بدات. هەروەها حوکمێکیش لە دادگای فیدراڵی عێراقەوە دەرچوو کە تایبەت بوو بە بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان. دادگای فیدراڵیش وەکو خۆم بینیم روونکردنەوەیەکیان نارد کە دەڵێ بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندی فەرمانبەرانی هەرێمە. دادگا ئاوا دەڵێت، دیارە ئەوان دیدگای خۆیان هەیە و دواجار هەرکاتێک کەوتینە ناکۆکییەوە، ئەوە دادگای فیدراڵی لەو ناکۆکییە سیاسییەی نێوان لایەنەکان دەکۆڵێتەوە و ئێمەش هیچ شوێنێکی دیکەمان نییە بۆ دادوەری پەنای بۆ ببەین. تەنانەت ئەگەر ناکۆکیش بین لەسەر پێکهاتەی ئەو دادگایە و حوکمەکانی ئەو دادگایە، دواجار جگە لەو دادگایە هیچ دامەزراوەیەکی دیکەمان نییە. بەگوێرەی دەستوور، دادگای فیدراڵی لەو ناکۆکیانە دەکۆڵێتەوە کە لەنێوان هەرێمەکان و حکومەتی ناوەندی سەرهەڵدەدەن.
رووداو: ئێوە لەگەڵ ئەوەن کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەست بە هەناردەکردنی نەوت بکاتەوە؟ چونکە دادگای پاریس مافی دەرهێنان و بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی داوەتە هەرێمی کوردستان، تەنیا مافی بارکردنی نەوتی لە بەندەرەکان دا پێنەداوە و، ئەوەش هەر لە بنەڕەتەوە بە ئاگاداریی سۆمۆ بووە..
حەیدەر عەبادی: نەخێر بە ئاگاداری سۆمۆ نەبوو. هیچ دەسەڵاتێکی لەسەر ئەو پرۆسەیە نەبوو. کێشە راستەقینەکە ئەوە بوو، چونکە هەناردەکردنی نەوت دەبێ لە دەسەڵاتی فیدراڵی بێت. پێموایە ئەمە کێشەکە بوو. کێشە راستەقینەکە ئەوەبوو کە تۆ بێیت کۆمەڵێک شتی دژبەیەک بکەی. تۆ دەتەوێ حکومەتی فیدراڵی پشتگیریت بکات، پارەت بداتێ، بەڵام بەجۆرێک مامەڵە لەگەڵ موڵکی گشتی بکەی کە هەناردەکردنی نەوتە...
رووداو: ئەوە وەڵامی پرسیارەکەی من نەبوو. پرسیارەکە ئەوەبوو ئایا بەڕێزت لەگەڵ ئەوەی حکومەتی هەرێم سەرلەنوێ دەست بە هەناردەکردنی نەوت بکاتەوە؟
حەیدەر عەبادی: نا پێموایە لەمەدا هاودژییەک هەیە. ئەوەی کە دەمگوت هاودژییەک هەیە. هەناردەکردنی نەوت دەبێ لە دەسەڵاتی فیدراڵی بێت. ئەمە رێککەوتنی لەسەرە، بەڵام ئەگەر هەناردەکردنەکە بەشێوەیەکی ناڕوون بوو، بڕەکەی دیار نەبوو، من تەحەدا دەکەم، ئێستا خۆ رەنگە لەسەر کۆی ئەوەی عێراقیش قسەوباس هەبێ...
رووداو: لەگەڵ ئەوەن هەناردەکردنەکە بە سەرپەرشتیی سۆمۆ بێت؟
حەیدەر عەبادی: خۆی هەر دەبێ لەلایەن سۆمۆ خۆیەوە بێت نەک تەنیا هەر سەرپەرشتی.. دەبێ لەڕێی سۆمۆوە بێت. ئەوە سامانێکی عێراقییە. دەبێ دیاربێ داهاتەکەی بۆ کوێ دەڕوات، بۆ کوێ هەناردە دەکرێت. ئێوە تێبینیتان کردووە وەزارەتی نەوت و وەزارەتی دارایی و بانکی ناوەندی هەموو مانگێک، تەنانەت هەموو رۆژێک زانیاری بڵاودەکەنەوە لەبارەی ئەوەی چەندە نەوتی عێراقی لە بەندەرەکانی باشوورەوە بارکراوە، بە کێ فرۆشراوە، نرخەکەی چەند بووە، بڕەکەی چەند بووە. تۆ رۆژانە دەتوانی بزانی چۆن و چەند فرۆشراوە. ئەمە لە هەرێم نەبوو. پێموایە ئەمە جۆرێکە لە ناڕەزایی، ئەمە هەڵەیە، ئەمە سامانی گەلی عێراقە و دەبێ روون و ئاشکرابێت. من پێموایە کە دەبێ بەوجۆرەبێت. دەبێ بەوجۆرەبێت بۆئەوەی ئەم کێشەیە بە یەکجاری چارەسەر بکەین. مافی فەرمانبەرانی هەرێمە مووچەی خۆیان وەرگرن. مافی هەرێمیشە گرنگی بە کاروباری خۆی بدات. بەڕاستیش حکومەتی هەرێم دەسەڵاتی بەرفراوانی هەیە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، بەڵام فرۆشتنی نەوت دەبێ لە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانی حکومەتی فیدراڵی بێت.
رووداو: لە دوایین هەڤپەیڤینی تەلەڤزیۆنیت دا رەخنەت لەوە گرت کە هێزەکانی پێشمەرگە سەر بە دوو حیزبە سەرەکییەکەی کوردستانن کەچی هەمان قسەت لەسەر حەشدی شەعبی نەبوو. ئەی گرووپەکانی حەشدیش سەر بە حیزب و کوتلە سیاسییەکان نین کە جاروبار دەبینین لەنێو خۆیاندا بەشەڕ دێن؟ پێتوانییە کە دەبێ سیاسەت و هێزی چەکدار لە یەکدی جودابکرێنەوە؟
حەیدەر عەبادی: بەتەواوی هاوڕاتم. راستییەکەی قسەکەی من بەو مانایە نەبوو. بەپێچەوانەوە من گوتم سیستەمی حەشد سەر بە دەوڵەتی عێراقە، بەڵام بەداخەوە تەنانەت لەنێو حەشدیش پاشکۆیەتی بۆ لایەنە سیاسییەکان هەیە و ئەوەش هەڵەیە. لە هەرێمی کوردستانیش هەمان شتە. هێزی پێشمەرگە سەر بەم لایەن و ئەو لایەنی سیاسین و ئەمەش هەر هەڵەیە. واتە دەبێ ئەمە هەمووی چارەسەر بکەین. لە بەرژەوەندی ئێمە نییە هیچ هێزێکی سەربازی پاشکۆی هیچ لایەنێکی سیاسی بێت. ئەوە نابێت. حیزبی سیاسی باڵی چەکداری هەبێ؟ ئەی چۆن دەچیتە هەڵبژاردنەوە؟ تۆ کە باڵی چەکدارت هەبوو مانای وایە لە زەوینەیەکی یەکسان دا کێبڕکێ ناکەی. تۆ چەکت هەیە و دەتوانی هەڕەشەی پێبکەی و ئەوانی دیکە بترسێنی. بەمە دەتوانی چەکداری نوێ بۆ خۆت رابکێشی و وایان لێبکەی دەنگت بۆ بدەن، بەڵام لە راستی دا هێزی چەکدار و هێزی ئەمنی دەبێ لە مەسەلەی سیاسی دا بێلایەن بن. هێزی ئەمنی دەبێ هاووڵاتی بپارێزن نەک حیزبەکان. هێزی چەکدار کە پاشکۆی حیزب بوو حیزب دەپارێزێ نەک هاووڵاتی. وردە وردە هاووڵاتیش وا سەیری ئەو هێزە ئەمنییە دەکەن کە بۆ پارێزگاری لە حیزب لەوێن نەک بۆ پاراستنی ئەوان، ئەمە هەڵەیەکی گەورەیە. هەر هاووڵاتییەک دەبێ وا هەست بکات کە ئاسایشی پارێزراوە. بۆیە من داوا دەکەم سیستەمی ئەمنی و سەربازیمان بەتەواوی دووربن لە حیزبەکان و هیچ پەیوەندییەکیان بە حیزبە سیاسییەکانەوە نەبێ.
تۆ ئەگەر دەوڵەتێکی دیموکراسیی دادپەروەرت دەوێ، ئەوە رێبازی دەوڵەتی دیموکراسییە، بەڵام ئەگەر دەوڵەتی.. جارێک گوتم دەوڵەتی عەسابات، داوای لێبووردن لە هەموو لایەنە سیاسییەکان دەکەم بۆ ئەو دەستەواژەیە، ئەوکات ئیدی هەرلایەک میلیشیای خۆی دەبێ و کانتۆنی ئابووری سەر بە حیزبەکان پەیدا دەبن و ئەمەش لە کۆتاییدا سەر دەکێشێ بۆ نەمانی متمانە لەنێوان خەڵک و چینی سیاسی دا. ئەم سیستەمەی ئێمە سیستەمی سەددام حوسێن نییە، رەنگە بڵێن سیستەمەکەی سەددام 40 ساڵ 35 ساڵ حوکمی کرد. ئەوە رژێمێکی سەرکوتکەر بوو. کەس نەیدەتوانی ناڕازی بێت. کەس نەیدەتوانی قسە بکات، ئەوەی قسەی دەکرد زمانیان دەبڕی. ئەوەی قسەی دەکرد بە زیندوویی دەیانخستە ژێر گڵ وەکو چۆن لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان و لەو ژمارە زۆرەی ئەنفالکراوان دا بینیمان. هاووڵاتیانی کورد بە زیندوویی دەخرانە ژێر خاک. ئێستا ئەم سیستەمەی ئێمە سەرکوتکەر نییە، بۆیە ئەگەر متمانە لەنێوان دەنگدەر و چینی سیاسی دا نەما، ئەوە سیستەمەکە هەرەس دێنێ و ناتوانێ درێژە بەخۆی بدات.
رووداو: کاتێک سەرۆکوەزیران بووی گوتت 50 هەزار بندیوار لەنێو هێزەکانی حەشد هەن، ئێستا بارودۆخەکە چۆنە؟
حەیدەر عەبادی: نا ئەو بندیوارانە لەنێو سوپا بوون، چونکە چەند فیرقەیەک بەتەواوی داڕووخان، ژمارەکەش زۆر زۆر بوو، لەبیرمە نزیکەی ... پارەیەکی زۆری مووچە بوو، بەڵام کاتێک لەنێو گۆڕەپان بۆ ئەو جەنگاوەرانە دەگەڕای دەتبینی ئێمە ئەو ژمارەیەمان نییە. ئیدی کەوتمە لێکۆڵینەوە لەو بابەتە و سەرەتا لێکۆڵینەوەیەکی بەراییمان کرد. یەکەمین راپۆرت کە بەدەستمان گەیشت دەڵێت 50 هەزار سەربازمان هەن کە بوونیان نییە. واتە لەسەر سوپا نووسراون و لە راستی دا نین. بێگومان ئەمە تۆمەتبارکردن نییە، ئەمە هەوڵێکە بۆ چاکسازی. هێزەکانی ئێمە داڕمان. ئەو داڕمانە هۆکاری هەیە، هۆکارەکەی گەندەڵییە. تۆ هاتووی کەسانێکت داناون مووچە وەردەگرن و ئەم کەسانە هەر بوونیان نییە. سەرئەنجام بەهۆی ئەمە بوو کە سوپا داڕما. بۆیە داڕما چونکە هێزی پێویستت لەسەر گۆڕەپانەکە نەبوو. تۆ وا حیسابت کردووە کە لە فەوجێکدا بۆ نموونە 800 کەست هەیە، بەڵام لە کەتوار (واقع) دا 200 کەست هەیە، یان 250 کەس. ئەمە ناتوانێ بەرگەی شەڕێک بگرێ کە تۆ وا داتناوە 800 کەست لەبەردەستە و لەراستیش دا 200 کەست هەیە.
بۆیە ئەم گەندەڵییە، ئەوەی کە ویستم لە دژی ئەو گەندەڵییە شەڕ بکەم، سوپاس بۆ خوا لە کۆتاییدا توانیمان ئەو سیستەمە ئەمنییە بگۆڕین. سوپای عێراق لە سوپایەکەوە کە رەنگە بەشێوەیەکی نەگونجاو قسەی لەسەر کرابێت، کردمانە سوپایەکی نیشتیمانی. لەبیرمە لەگەڵ برایانی هەرێم رێککەوتین لەسەر ئەوەی هێزەکانمان بچنە ناو هەرێمەوە و لەوێوە لای باکوور و لای رۆژهەڵاتەوە بەشداری رزگارکردنی مووسڵ بکەن. بەکردەوەش هێزەکانی سوپای عێراق چوونە نێو هەرێمەوە. زۆر بەگەرمیش پێشوازییان لێکرا، سەرمان سووڕما، بەجۆرێکی نائاسایی بوو. پێشوازییان لێکردن و پەیوەندییەکی باش پەیدابوو. سەربازی سوپا و پێشمەرگە بوونە دۆست و وەکو برا بوون. پێکەوە شەڕیان دەکرد و زۆر جار خواردنەکانیشیان لەگەڵ یەکدی بەش دەکرد. ئاوا هەستمانکرد خەریکە هێزە ئەمنییەکانمان و سوپای عێراق قەبووڵ دەکرێن، تەنانەت لە هەرێمی کوردستانیش. بەهۆی ئەوەش بوو کە توانیمان ئەو ناوچانە رزگار بکەین. خۆ ئەگەر خەڵک لەدژی ئێمە بوونایە، نەماندەتوانی بگەینە ئەوە. جا بەشێکی ئەمە گەندەڵییە. ئەو گەندەڵییە دووژمنی ژمارە یەک و ژمارە دوو و ژمارە سێ بوو کە سیستەمی ئەمنیی ئێمەی تووشی داڕمان کرد.
رووداو: ئێوە ئەزموونی ژیانی رۆژئاواتان هەبووە و ساڵانێکی درێژ لەوێ ژیاوی، بەڕای تۆ سەقامگیریی سیاسی و حوکمی دامەزراوەی مەدەنی لەسایەی ئەم هەموو گرووپە چەکدارە هەمەجۆرەی عێراق دا بەدیدێت؟
حەیدەر عەبادی: هیچ وڵاتێک بەبێ دامەزراوەی پایەدار و پتەو ناگاتە سەقامگیری. رۆژئاواش خۆ لەناکاو نەهاتوون دامەزراوەکان دروست بکەن، ئەوە پرۆسەیەک بووە رەنگە سەت ساڵی خایاندبێت. ئەو دیموکراسییەی لە بەریتانیا هەیە تەمەنی کەمتر نییە لە سەت ساڵێک، بەڵام ئەمە هەنگاو بە هەنگاو کراوە و لەناکاو نەبووە. بۆ بنیاتنانی دامەزراوە ناڵێم ئێمەش پێویستیمان بە سەت ساڵە، رەنگە بە چەند ساڵێک بتوانین ئەوە بکەین، بەڵام بۆ بەدیهێنانی ئەوە دەبێ هاوکاری بکەین. کێشەکە لە کوێیە؟ بەداخەوە جۆرێک لە کورتبینی هەیە کە پێیوایە لە بەرژەوەندی ئەوە هیچ دامەزراوەیەک بنیات نەنرێت بۆ ئەوەی بە ئارەزووی خۆی و چۆنی ویست ئاوا رەفتار بکات، ئەوەش هەڵەیە. ئەوە لە کۆتاییدا تەنانەت ئەوەش کە لەو دۆخە سوودمەندە، زیانی بەردەکەوێت. دامەزراوە جۆرێک لە دادپەروەری دابین دەکات، بەردەوامی دابین دەکات. ناکرێت لەسایەی دامەزراوەکاندا لایەنێک بێت و تۆ بە تەواوی بسڕێتەوە، ناتوانێت. چونکە تۆ دامەزراوەی پایەدارت هەیە و ئەو دامەزراوانەش سەیری یاساکان دەکەن.
ئێستا لە وڵاتانی ئەورووپا، خۆم لێکۆڵینەوەم لەسەر کردووە، لە ئەورووپا حکومەتەکان ئیئتیلافین. باشە ئەم حکومەتە ئیئتیلافیانە کاروباری وڵات چۆن بەڕێوەدەبەن؟ دەچن پۆستەکان لەنێوان خۆیان بەش دەکەن؟ دامەزراندنی خەڵک بەش دەکەن؟ کاتێک لێی ورد دەبیتەوە دەبینی دامەزراوەی پایەدار لەنێو دەوڵەتەکەدا هەن کە رێ لەوە دەگرن. حیزبێک کە لە هەڵبژاردن سەرکەوتووە ناتوانێ بە ئارەزووی خۆی کێی ویست دایمەزرێنێ و کێی نەویست دەریبکات. ناتوانێ، چونکە دامەزراوەی قووڵ لە وڵاتەکەدا هەن کە دامەزراوەی بەردەوامن و سەر بەم حیزب و ئەو حیزب نین. ئەمە سەربەخۆیی دەوڵەت دابین دەکات و بەردەوامبوونی پێدەدات. ئێمە پێویستیمان بەمە هەیە. ئەمە بێگومان لە بەرژەوەندی هەموو حیزبەکانیشە، رەنگە هەندێکیان کورتبین بن و تەنیا ئەوە ببینن کە ئەمڕۆ کۆنترۆڵەکە لەدەست ئەوانە و بە ئارەزووی خۆیان دەتوانن جەماعەتی خۆیان دامەزرێنن، بەڵام ئەمە ئاراستەیەکی خەتەرناکە. هەندێک بەناوی پێکهاتەیەکەوە ئەمە دەکەن.
من نوێنەرایەتی گەلەکەم دەکەم، بۆ نموونە کورد، یان سوننە و یان شیعە و تورکمان، بەڵام لە راستی دا بینیمان ئەمە لە بەرژەوەندی پێکهاتەکە نەبوو، بەڵکو لە بەرژەوەندی کەسێک یان حیزبێک بووە، بە بەڵگەی ئەوەی تۆ ئەگەر لە پێکهاتەکەی خۆیشی بتەوێ کەسێک بهێنیتە پێشەوە، ئەو ناهێڵێ و دژایەتی دەکات چونکە شوێنکەوتووی خۆی نییە. ئەو تەنیا یەکێکی دەوێ شوێنکەوتووی خۆی بێت، جا یان خزمی بێت، لە بنەماڵەکەی خۆی بێت یان لە حیزبەکەی خۆی. ئەمەش دادپەروەری تێدا نییە، ئێمە دەبێ بوار بۆ هەموو کەس بڕەخسێنین و کێبرکێیەکە لەسەر توانای کەسەکان و شارەزاییان بێت. تۆ کە کەسێکی پرۆفیشناڵ دەخەیتە پێگەیەکەوە، ئەو کەسە دەتوانێ پارێزگاری لەو پێگەیە بکات. تۆش لە دەسەڵات بیت یان لە دەرەوەی دەسەڵات، دادپەروەرانە و بەگوێرەی سیستەم رەفتارت لەگەڵ دەکات نەک بە نەفەسی لایەنگرانە.
رووداو: جارێک گوتت کە تۆ لە 16ی ئۆکتۆبەری 2017 دا فەرمانت نەداوەتە سوپا بۆ لێدانی پێشمەرگە. هێشتا لەسەر ئەو باوەڕەی کە جووڵەی هێزەکانی سوپای عێراق بە بڕیارێکی تەواو عێراقیانە بووە؟ چونکە سەرکردایەتییەکەی ئێرانی بوو، ئێرانییەکان خۆیشیان ئەوەیان نەشاردووەتەوە. تەنانەت سەرۆک مەسعود بارزانی لە دوو کتێبی خۆی دا ناوی زۆر ئەفسەری ئێرانی دەبات کە لە دانوستاندنە مەیدانییەکاندا لەگەڵ سەرکردەکانی پێشمەرگە، شانبەشانی لایەنی عێراقی بەشدارییان لەو دانوستاندنانەدا کردووە.
حەیدەر عەبادی: من دەڵێم بڕیارەکە بڕیارێکی تەواو عێراقی بوو لەو رووەوە، بەڵام رەتیناکەمەوە، رەتیناکەمەوە هێندێ بەرژەوەندی هەن کە تێکەڵ بوون. دەزانن کە تەنانەت پەیوەندیی هەرێمی کوردستانیش لەگەڵ ئێرانییەکان لەوکاتەدا پەیوەندییەکی بەتین و راستەوخۆ بوو. ئەم دەوڵەتانەش کەمینەی کوردیان هەیە، ئێران و تورکیا. ترسی ئەوان لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی بەڕاستی بڵێم زۆر لە ترسی عێراق گەورەتر بوو، بەو ئیعتیبارەی ئێمە لە عێراق فێری پێکەوەژیانین. ئەوەتا هەرێمی کوردستانمان هەیە، هەرێمێکی فیدراڵییە و دەسەڵاتی بەرفراوانی هەیە و برایانی کوردیش توانییان لەماوەی ئەو ساڵانەدا لە عێراق شتێک بۆ خۆیان بنیات بنێن کە شتێکی راستەقینەیە. ئەم شتە نە لە ئێران هەیە و نە لە تورکیا. ئێمە هیچ ترسێکمان لەم پەیوەندییە فیدراڵییە لە چوارچێوەی عێراق دا نییە، بەڵام ئەو دەوڵەتانە دەترسێن، بۆیە بەهۆی پەیوەندیی قووڵیان بە هەرێمەوە کەوتنە جموجووڵ بۆ ئەوەی رێ لەوە بگرن.
من ئەوە ناشارمەوە، بەڵێ ئێران و تورکیا بەرژەوەندییان لەوەدایە کە هەرێم نەتوانێ بگاتە ئەوەی دەیەوێ. بەڵام ئەمە پەیوەندی بە ئێمەوە نییە. ئێمەش جموجۆڵمان هەبوو، بەڵام ئەوە لە دژی کورد نەبوو. لە دژی ئامانجەکانی کوردیش نەبوو. من ئەوکاتیش بە برایانی خۆم گوت، گوتم برایان ئێمە تازە وا لە شەڕی داعش رزگارمان بووە کە دەیویست عێراق دابەش بکات، عێراقیان وێران کرد. نامانەوێ بچینە شەڕێکی دیکەوە کە رەنگە عێراق بەرەو هەڵوەشانەوە ببات و داعشیش هەر ئەوەی دەویست. تۆ دەزانی جیابوونەوەی یەکلایەنە وڵات بەرەو لێکترازان دەبات و ئیدی ناتوانی پارێزگاری لە یەکێتیی وڵات بکەی. وڵاتیش خوانەخواستە کە پارچە پارچە بوو، کۆنترۆڵت لەسەری نامێنێ و بەرژەوەندیی خەڵک لەنێودەچێ.
وەکو ئەوە وایە سەقفەکە بەسەر خەڵکەکەدا بڕووخێ، ئەوەش زوڵمە. ئەوە بوو کە من دەمویست روونەدات. من تائێستاش مکوڕم لەسەر ئەوەی کە فەرمانم نەداوە، بگرە رێگریش بووم لەوەی رووی چەک بکرێتە پێشمەرگە و غەیری پێشمەرگەش. لەیادمە کە ئەوکاتەی لە نزیکەوە چاودێریم دەکرد، دەیانگوت پێشمەرگە بەرامبەرمان راوەستاون و تەقە دەکەن، گوتم خۆتانیان لێ لادەن. خۆتان لادەن و مەهێڵن پێکدادان رووبدات. رێگەیەکی دیکە بگرنەبەر و رووبەڕوویان مەبنەوە. من لەسەر ئەوە پێداگر بووم چونکە نەمدەویست لەوە زیاتر کە لە شەڕی دژی تیرۆردا ئەو هەموو خوێنە رژا، خوێنی هیچ عێراقییەکی دیکە بڕژێت. ئاخر ئێمە پێکەوە جەنگاوین. لە شەڕی دژی تیرۆردا هەردوولا لە یەک ریزدا بووین، بۆیە پێداگر بووم لەسەر ئەوەی خوێنی هیچ عێراقییەک نەڕژێ جا کوردن یان عەرەبن یان خەڵکی دیکە.
رووداو: جارێک باسی ئەوەت کرد کە ئامانج لە جووڵەی هێزەکانی عێراق لە 16ی ئۆکتۆبەردا بارەگای سەرکردایەتیی فەیلەق بوو لە دەوروبەری کەرکووک، کەواتە ئامانجەکە هێڵی 36 نەبوو، یان ئەوەی پێیدەڵێن هێڵی شین؟
حەیدەر عەبادی: نەخێر ئەوە فیرقەی 12 بوو کە بارەگایەکی گەورەی لە رۆژئاوای کەرکووک هەبوو. ئەو فیرقەیە کە داعش هات بەتەواوی تێکشکا و دواتر پێشمەرگە دەستیان بەسەر تەواوی سەربازگەکەدا گرت. هێزەکانی ئێمە پاش رزگارکردنی حەویجە، واتە تەواوی قەزاکە، هێزێکی گەورە بوون و هەموویان لەو دەشتەی رۆژئاوای کەرکووک دا کۆببوونەوە، هیچ شوێنیان نەبوو. سەربازگەیان نەبوو. داوامان کرد ئەو سەربازگەیەمان بدەنەوە. گوتمان با ئەو هێزە بگەڕێنەوە سەربازگەکەی خۆیان و لەوێ جێگیر ببنەوە. هەموو مشتومڕەکەی ئێمە لەسەر ئەوەبوو، بەڵام عینادی کرا و رەتکرایەوە و تائێستاش نازانم بۆچی نەیاندەهێشت.
تەنانەت چەند کەسایەتییەکم وەکو نێوانگیر راسپارد، چوون بۆ هەرێم، کاکە بەس رێ بدەن ئەو هێزە بگەڕێنەوە سەربازگەکەی خۆیان چونکە شوێنیان نییە، هەر لەو دەشتە مابوونەوە. نە دەمانتوانی هێزەکە بکشێنینەوە چونکە تازە حەویجەمان رزگار کردبوو. خۆ خۆتان دەزانن هێشتا تیرۆریستەکانمان بەتەواوی لەنێو نەبردبوو. بەشێکیان لەوێ هەڵاتبوون، بەڵام هێشتا هەر لە ناوچەکەدا مابوون. خۆ ناتوانم سەرکێشی بکەم و ئەم هێزە بکشێنمەوە لەکاتێکدا تەواوی تیرۆریستانمان لەناو نەبردووە. ئەو پاکسازییە کاتی دەویست. دەبوو کاتی پێویستمان هەبێ بۆ ئەوەی تیرۆر ریشەکێش بکەین، هەرچەندە خۆتان دەزانن تیرۆر تەنیا بە لایەنی ئەمنی و سەربازی ریشەکێش ناکرێ و لایەنی دیکەشی هەیە وەکو لایەنی ئایینی، کولتووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی تاوەکو بتوانی بەتەواوی لەناوی ببەی.
ئیدی وای لێهات، عینادییەکی بێ پاساو هەبوو، تەنانەت هێندێ لەوانەی نێوانگیرییان کرد و چوون و هاتن و قسەیان تێدا کرد، گوتیان سوودی نییە و وەڵام نادەنەوە، هەوڵمان لەگەڵ داون و بەدەم داخوازیی ئێمەوە نەهاتوون. خۆم راستەوخۆ لەگەڵ هەندێ لە سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان قسەم کرد، گوتم تکاتان لێدەکەم با ئەمە تێپەڕێنین، ئێمە تەنیا شوێنێکمان دەوێ بۆ هێزەکانمان لە رۆژئاوای کەرکووک کە سەربازگەی فیرقەی 12 بووە، بەڵام ئەوەی دواتر روویدا، هێزەکانی ئێمە لەوێ مانەوە و گوشاریان دەکرد. سیستەمی بەرگریی کورد داڕووخا. لەناکاو داڕما و ناوچەکە لەپێش هێزەکانماندا کرایەوە..
رووداو: کێ کردییەوە؟
حەیدەر عەبادی: پێشمەرگە خۆی داڕما.
رووداو: داڕمان بوو یان رێککەوتن؟
حەیدەر عەبادی: نەخێر داڕمان بوو.. داڕمانێکی مەترسیدار. من خۆم ترسام، چونکە ئەگەر لەبیرتان بێت لە دووزخورماتوو کە داڕمان ئێمە هیچ هێزێکمان لەوێ نەبوو. کە ئەوان داڕمان ناچار بووم هێزێک بۆ ئەوێ بنێرم بۆئەوەی ئاسایش بپارێزن، چونکە شەڕ کەوتە نێوان کورد و عەرەب و تورکمان، یان نەخێر تورکمان و کورد، چونکە کۆنترۆڵەکە پێشتر لەدەست پێشمەرگە بوو. پێشمەرگە لەناکاو داڕمان و پاشەکشەیان کرد. لە ئەنجامی ئەوە کەموکورتی پەیدابوو، ماڵی خەڵکیان سووتاند. ناچار بووم خێرا هێزێک رەوانەی ئەوێ بکەم بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی شارەکە بگرنە دەست. لەنێو کەرکووکیش بەهەمان شێوە ناچاربووین دەستی بەسەردا بگرین بۆئەوەی نەبێتە ئاڵۆزی.
رووداو: کێ ماڵی دەسووتاند؟
حەیدەر عەبادی: لە دووز؟ ناکۆکیی نێوان تورکمان و پێشمەرگە بوو.
رووداو: واتە تورکمان بوون ماڵی کوردیان دەسووتاند؟
حەیدەر عەبادی: پێموایە، بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکە هەردوولا دەستدرێژییان کردبوو. هەردوولا کردبوویان و ئەوەش کارەسات بوو. بەهەرحاڵ ئاسایشی شارەکەمان کۆنترۆڵ کرد و دەستمان بە لێکۆڵینەوە لە شتەکە کرد و هەندێ کەسمان سزادان و بەوجۆرە رێمان لە خوێنڕشتن و سووتاندنی ماڵی خەڵک گرت. جا دەڵێم ئێمە لە بنەڕەت دا بەنیازی شەڕ نەبووین، شتەکە ئاوابوو کە هێزی پێشمەرگە داڕووخا و ناچاربووین بچین کۆنترۆڵی شوێنەکانیان بگرینە دەست. ئەرکی ئێمە بوو پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی خەڵک بکەین و پارێزگاری لە ئاسایشی خەڵک بکەین نەهێڵین ببێتە ئاڵۆزی.
رووداو: بەڵام ئەوە هەبوو لەگەڵ لایەنێکی سیاسی رێککەوتبن و لەگەڵ لایەنێک نا؟
حەیدەر عەبادی: نەخێر لەگەڵ هەموو لایەک لە پەیوەندیدا بووم، بەڵام لایەن هەبوو دەیزانی دواتر چی روودەدات. دەیزانی ئەو عینادییە سەردەکێشێ بۆ خوێنڕشتن و ئەوانیش نەیاندەویست خوێن بڕژێت. گوتیان نامانەوێ خوێن بڕژێ، چونکە ئەو عینادییە بەرەو پێکدادان دەچوو، بەتایبەتیش، دەمەوێ بەبیرتان بهێنمەوە. لەناو هەرێمەوە، لەوکاتەدا بەداخەوە دەنگ بەرزبووبوونەوە کە دەیانگوت بەخوێن بەرگری دەکەین و بەخوێن بەرەنگاریان دەبینەوە، واتە بە زمانێک قسە دەکرا کە دۆخەکەی بەرەو گرژی دەبرد.
رووداو: دکتۆر باس هاتە سەر کەرکووک، بەڕێزت و هەموو سیاسییەکانی دیکە باس لەوە دەکەن کە دەبێ دەستوور جێبەجێ بکرێت. ماددەی 140ی دەستوور نێوەڕۆکی دۆزی کوردە لە عێراق. نە تۆ و نە سەرۆکوەزیرانەکانی پێشتر و تەنانەت ئەوانەی دوای ئێوەش ماددەی 140یان جێبەجێ نەکرد، بۆچی؟
حەیدەر عەبادی: حەق وایە من بەڕاستی بەدەربم لەوانی دیکە، چونکە من کە پۆستەکەم وەرگرت سنووری عێراق تاوەکو سامەڕا بوو. ناوچەکانی سەرووتر هەر لەژێر دەستی حکومەتی عێراق دا نەبوون. لە کۆتایی ماوەکەی خۆم دا ئینجا ناوچەکانمان ئازاد کردن، خەریک بووین بارودۆخەکەمان هێور دەکردەوە و ئەوەی گشتپرسی بەسەردا هات، بەڕاستی جێی داخ بوو کە کەوتە ئەوکاتەوە. بۆیە ئەوە لەدەستی من دا نەبوو ئەو مادەیە کارا بکەم یان نەیکەم، چونکە ئەو ناوچانە زۆرینەیان لەژێر دەستی داعش بوون تاوەکو ئەوکاتەی کەوتنەوە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی. بەڵێ بۆچی پێشتر نەکراوە؟ خۆ بەشێکی بەرپرسیارێتییەکە دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی هەرێمیش. ئەوان لەکوێ بوون؟ بۆچی ویستیان دۆخێکی دیفاکتۆ بسەپێنن؟ بۆچی بە لێکتێگەیشتن نەکرا؟
رووداو: تۆ خۆت لەگەڵ جێبەجێکردنی ماددەی 140 دای؟
حەیدەر عەبادی: ماددەی 140، بەپێی دەستوور هەلومەرجی خۆی هەیە. بەڕاستی و بۆ ئەوەی راشکاو بم، جارێکیان پاش وەرگرتنەوەی کەرکووک پێتریۆس هاتە لام، چاوپێکەوتنەکە لە ئەڵمانیا بوو لە کۆنگرەیەکی زانستی بوو، زۆر جەختی کرد ئەو دیدارە بکەین. بە منی گوت: من وا تێدەگەم ئەو کەسەی ماددەی 140ی داڕشتووە بۆ ئەوەی داڕشتووە کە هیچ ئەنجامێکی نەبێت، ماددەی 140ی بەشێوەیەک داناوە جێبەجێنەکرێت. لایەنەکان لە سەر شتێک رێککەوتن و هەمووشیان دەزانن ئەو شتە جێبەجێ ناکرێت، بەڵام بەشێوەیەک دانراوە جۆرە هاوسەنگییەکی تێدایە. گوتی: ئەوەی تۆ کردووتە شتێکە سەیرە، بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەو ماددەیە کە لە جێبەجێکردن نایێت، چوویت کەرکووکت گێڕایەوە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵ. ئەو پێیوابوو کە بەپێی دەستوور دەبێت لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵ بێت تاوەکو ئەوکاتەی رێککەوتن دەکرێت. من دەڵێم، ئەگەر بگەڕێیتەوە بۆ ماددەی 140 دەبینیت جۆرێک هاوسەنگیی تێدایە. بە چ پێوەرێک کار دەکەیت؟ دەتەوێت قەزا بە قەزا دەنگ بدەیت یان دەنگ لە سەر هەموو پارێزگایەکە بدەیت؟ ئەگەر هەموو پارێزگاکە بێت ئەوە بابەتی زۆرینە دێتە پێشەوە و، ئەگەر قەزا بە قەزا بێت ئایا هەمان شت لە مووسڵ پیادە دەکەیت و هەمان شت لە کەرکووک؟ هیچ رێککەوتنێک نییە.
راپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان هەیە، لە ساڵی 2009، راپۆرتێکی هاوسەنگ و باش بوو. لایەنێک هەیە لە نەتەوە یەکگرتووەکان دا سەربەخۆیە، لێکۆڵینەوەی لە بابەتەکە کرد و چارەسەری خستەڕوو. بەڵام هەرێم رەتیکردەوە. لەبەرئەوەی هەمان کێشەی خستەڕوو، کێشەکە ئەوەیە کە پێویستە رێگەیەکی دادوەرانە هەبێت و لە هەموو ناوچە کێشەلەسەرەکان دا جێبەجێ بکرێت. من پێموایە لە هەرێم ئامادەییەک نەبوو بۆ لێکتێکەیشتن، بەڵکو دەیانویست ئەمری واقع بسەپێنن و، ئەوەش بووە مایەی ئەو کارەساتە. لە بەغدا، من لەوەیاندا لەگەڵ تۆم، کێشەیەکمان هەیە لە پەیوەندییە نەتەوەییەکەدا. ئەوەی رژێمی بەعس کردی کەم نییە، لە کوشتنی کورد و راگواستنیان و لەنێوبردن و بەکارهێنانی کیمیایی، ئەمانە رەگەزپەرستییان دروست کرد. رەگەزپەرستییەک دروست بوو لای کورد و عەرەب. ئەمە کاردانەوەیەکی لای کورد دروست کرد. ئەرکی ئێمە ئەوەیە ئەم بارگاویبوونە سست بکەین، ئێمە هەموومان لە یەک وڵاتین. وەک گوتمان ئێمە ئێوەمان کردە چەندین گەل و هۆز بۆ ئەوەی یەکتر بناسن نەک شەڕی یەکتر بکەن. نابێ کەس ئەوەی دیکە بسڕێتەوە، دەبێت لەمە دوور بکەوین.
رووداو: عێراق بە کردار و بە شێوەیەکی دامەزراوەیی، فیدراڵییە یان ناوەندی؟
حەیدەر عەبادی: دەبێت فیدراڵ بێت، بەڵام مێژووی عێراق ناوەندییە. بەدرێژایی مێژووی خۆی عێراق هەر ناوەندی بووە. هەر لەکاتی دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە لە دەوروبەری 1920دا ناوەندی بووە. بەڵێ لە سەردەمی عوسمانییەکان دا لە ئەستانەدا ناوەندی بوو، بەڵام ویلایەتەکان هەبوون، ویلایەتی موسڵ و ویلایەتی بەغدا و ویلایەتی بەسرا. ویلایەتەکان دەسەڵاتیان هەبوو وەک ئەوەی خۆیان حۆکمڕانی بکەن و لە تورکیا، لە ئەستانە، ناوەندی بوو و، لەکاتی دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق دا بووە ناوەندی لە بەغدا. عێراق هەر ناوەندی بوو، بەڵام لەم سەردەمە نوێیەدا، پاش 2003، لە دەستوور ئەوە چەسپێندرا کە ببێتە فیدراڵ. هەر لەبەر ئەمەیە دەبینیت زۆربەی دەسەڵاتەکان لە بەغدا چڕ بوونەتەوە، ئەمە وەک مێژوو بووە. بۆ ئەوەی ئەو دسەڵاتانە دابەش بکەیت تەنانەت لە پارێزگاکانیش کێشەمان هەیە، دەزگای چاودێری بەهێزنین نە لە هەرێم و نە لە پارێزگاکان دا و، پێویستە ئەمە دابمەزرێنیت لەبەرئەوەی بەدرێژایی تەمەنیان ناوەندی بوونە و لە بەغدا بوونە، بەڵام ئێستا فیدراڵە. پێویستە هەوڵبدەین دامەزراوەکانمان بەهێز بکەین لە هەرێم و لە پارێزگاکانیش.
رووداو: بۆچی تائێستا ئەو دامەزراوە فیدراڵییانە دانەمەزران کە لە دەستووری عێراق دا باسی دامەزراندنیان کراوە؟
حەیدەر عەبادی: ئەمە کەموکورتییە. من پێموایە هەندێ دامەزراوە تەنانەت لە دەستووریش بە تەواوی باس نەکراون و بۆچوونەکە وابوو کە دوای ئەوە گفتوگۆیان لە سەر بکرێت، بەڵام ئەوە نەکرا. بۆ نموونە ئەنجوومەنی فیدراڵی، لە دەستووردا بەتەواوی روون نەکراوەتەوە و من پێم وایە ئەمە کەموکورتییە. ئێستا چۆن دەبێت، ئایا بە هەڵبژاردن دەبێت یان بە دامەزراندن؟ دەسەڵاتەکانی چین؟ ژمارەی ئەندامانی چەندن؟ نەبوونی ئەنجوومەنێکی دووەم لەنگییە، چونکە پێویستە ئەنجوومەنێکی دیکەی چاودێر هەبێت بە سەر ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە کە ئەمەیش ئەنجوومەنی فیدراڵە. لە هەموو وڵاتە دیموکراتەکان دوو ئەنجوومەن هەن، ئەنجوومەنێک پێیدەڵێن ئەنجوومەنی باڵا و ئەنجوومەنەکەی دیکە ئەنجوومەنی خوارووە. بۆ نموونە پیران لە ئەمەریکا، لۆردەکان لە بەریتانیا. لە ئەڵمانیا و فەرەنساش ئەمانە هەن. هەموو وڵاتێکی دیموکرات ئەم جۆرە ئەنجوومەنەیان هەیە. ئەمە لای ئێمە، لە عێراق ئەمەمان نییە، ئێستا چاودێری یاساکان ونە، چاودێری نییە، ئەنجوومەنی نوێنەران یاسا دادەنێت...
رووداو: مەگەر نابێت دادگەی فیدراڵ ئەو چاودێرەبێت؟ یان ئەو ماددەکانی دەستوور روون بکاتەوە؟
حەیدەر عەبادی: دادگەی فیدراڵ تەنیا لەکاتی ناکۆکی لە لێکدانەوەی دەقەکانی دەسووردا بڕیار دەدات، بەڵام تۆ پێویستە لایەنێکت هەبێت لە یاسادان دا بەشداربێت، ئەگەر یاسایەک هەڵەی تێدا هەبوو ئاگەداری لەو هەڵەیە بدات و راستی بکاتەوە، هەڵەکە راست بکاتەوە. پێویستیت بەمە هەیە، بە دەسەڵاتێکی دیکە. خەڵکێک کە مێژوویەکی درێژیان هەیە، جۆرە شارەزاییەکیان هەیە لەڕووی سیاسی و دادوەری و یاساییەوە. پێموایە پێویستیمان بەمە هەیە. وەک دەزانن هەندێک بڕگەی دەستوور بە پەلەپەل لە عێراق دا تێپەڕێندران لەکاتێکی ناسکدا، تیرۆر هەبوو و هێشتا داگیرکاریی ئەمەریکا ئەوکات لە عێراق هەبوو، گوشار لە هەموو لایەکەوە هەبوو بۆ ئەوەی بە زووترین کات دەستوورێک بۆ عێراق لەوکاتەدا داڕێژرێت. بۆیە من پێموایە هەندێک لە بڕگەکانی لێکوڵینەوەی و تاوتوێی پێویستیان بۆ نەکرا و بەخێرایی تێپەڕێندران و، ئەمەش ئەنجامەکەیەتی.
رووداو: دکتۆر جەنابت لەگەڵ ئەوەیت مافی دامەزراندنی هەرێمی فیدراڵی دیکە لە عێراق بدرێت وەک ئەوەی لە دەستووردا هاتووە؟
حەیدەر عەبادی: ئەمە مافێکە من بۆم نییە بڕیاری لێبدەم و، دەستوور ئەم بڕیارەی داوە و ئەمە مافێکی دەستوورییە و هەموو ناوچەکانی عێراق بۆیان هەیە ئەم بڕیارە بدەن. هەموو ناوچەکان و پارێزگاکان مافی ئەوەیان هەیە بەتەنیا یان بە رێککەوتن لەگەڵ پارێزگای دیکە هەرێمێک بۆ خۆیان دروست بکەن. ئەمە مافی خۆیانە، بەڵام ئەم مافە چۆن بەکاردەهێنرێت؟ ئەمەیان بابەتێکی دیکەیە. رەنگە من پێم وابێت ئەم مافە گونجاو نییە ئێستا بەکاری بهێنن، ئەمەیان بۆچوونێکە و رەنگە تۆیش بۆچوونی خۆت هەنێت، بەڵام بە گفتوگۆ و رێککەوتن و بە میکانیزمە دەستوورییەکان دەگەینە ئەنجامێک سەبارەت بەم بابەتە.
رووداو: سەبارەت بابەتی کۆتاییهێنان بە بوونی سەربازیی ئەمەریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش، ئێوە پێتان وایە ئەم بابەتە دەبێت چۆن چارەسەر بکرێت؟
حەیدەر عەبادی: بابەتەکە دەبێت بەپێی بەرژەوەندی عێراق بێت. ئێوە دەزانن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ساڵی 2014 هات، کاتێک داعش بەشێکی زۆری خاکی عێراقی داگیرکردبوو. داعش هەڕەشەیەکی راستەقینە بوو بۆ بوونی عێراق، هەروەها بۆ ئاسایشی جیهانیش بەگشتی. ئێستا 10 ساڵ تێپەڕیوەو ئێمە لە 2024داین. هیچ راست نییە لە سەر ئەو شێوازە بەردەوام بین. دۆخەکە گۆڕاوە و ئێستا داعش خاکی عێراقی بەدەستەوە نییە. بەڵێ راستە هێشتا تیرۆر ئالنگارییە، بەڵام دۆخەکە گۆڕاوە. پێویستە میکانیزمەکانمان بگۆڕین. ناشێت بە هەمان میکانیزمەکانی پێشووەوە بەردەوام بین، بەڵام هەڵەیە پێیان بڵێین ئێوە وا و وان و دەی بڕۆن و دەرکراون. ئەمە نابێت، چونکە تۆ پشتیوانی ئەوان پشتیوانیان کردی و ئەوان لەسەر داوای حکومەتی عێراق هاتن.
دەبێت حکومەتی عێراق دابنیشێت و گفتوگۆ بکات و بڕیاربدات چی باشە و چەند لەم هێزە بمێنێتەوە و چەندیان بڕۆن و شێوەی مامەڵەی نێوانمان چۆنە. ئایا پێویستیمان بە پشتیوانی لۆجستی هەیە یان هەواڵگری یاخود مەشقمان پێویستە. حکومەتی فیدراڵ خۆی بانگی کردن و خۆی دەبێت بڕیار بدات و نابێت لایەنی دیکە کە لە دەرەوەی حکومەتی فیدراڵ چالاکن شتێک بە سەر هەموواندا بسەپێنن. ئەمە بەرژەوەندییەکی عێراقە و ئەگەر ئەوانت ویست ئەوە تەواو، ئەگەریش ئەوانت ناوێت میکانزم هەن بۆ دەرکردنیان لەچوارچێوەی دانوستاندنی حکومەتی عێراق دا. بەڵام ئەگەر هەر یەکێک بێت و، بەهێزی خۆی یاسای خۆی بسەپێنێت ئەمە دەبێتە مایەی لاوازی بۆ یەکێتی عێراق و بۆ حکومەتی فیدراڵ و، پێموایە ئەمە زەوتکردنی ویستی هاووڵاتیانیشە بەگشتی.
رووداو: بەڕای تۆ، پێویست دەکات رێککەوتنێکی سەربازی ستراتیژیی نوێ بکرێت، لەنێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکان دا؟
حەیدەر عەبادی: ئەمە دەکەوێتە سەر حکومەت و پەرلەمان.
رووداو: رای تۆ؟
حەیدەر عەبادی: پێم وانییە ئێستا پێویستیمان بەمە هەبێت. بەڵێ رێککەوتننامەیەکی ستراتیژیمان هەیە، کە چوارچێوەی ستراتیژیی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانە. دەکرێت رێککەوتن لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا بکرێت کە لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دا بەشداربوون و بەشێکن لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش، ئەو وڵاتانەی پێمان وایە لە بەرژەوەندی عێراقن رێککەوتنی دووقۆڵییان لەگەڵ بکەین.
رووداو: وەکو چ دەوڵەتێک؟
حەیدەر عەبادی: وڵاتە بەشدارەکان بریتین لە فەرەنسا، بەریتانیا، ئیتالیا، ئوسترالیا و تەنانەت ژاپۆنیش، ژمارەیەک دەوڵەتی زۆرن، وڵاتە سەرەکییەکان نزیکەی.. هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی زیاتر لە 60 وڵات پێکیانهێنا و بەلای کەمەوە 21یان پشتیوانی سەربازییان پێشکێش کرد و دەوڵەتە سەرەکییەکان 10 یان 11 دەوڵەتن لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دا. ئەمە روانگەیەکی عێراقیانەیە. پێویستە بڕیار بدەین بەرژەوەندی عێراق کامەیە. بەڵێ، هەروەها ئەو دەوڵەتانەیش پێویستە بەرژەوەندییەکیان لەمەدا هەبێت. چونکە وڵاتان نایێن بەرژەوەندییەکانی تۆ بەدیبێنن بەبێ ئەوەی خۆیان بەرژەوەندیان هەبێت. پێویستە لەنێوان ئێمە و ئەوان دا بەرژەوەندی هاوبەش هەبێت. ئەمە عەیب نییە، بگرە ئەمە راستییەکەیە.
دەبێت بجوڵێیت و چەندان بازنە هەن تێیاندا لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا بە یەک دەگەین. لە سەر ئەو بازنەیە رێکدەکەوین کە بەرژەوەندی ئێمە و بەرژەوەندی ئەوانی تێدایە و بە ئیرادەیەکی عێراقیانە کار دەکەین نەک بە ئیرادەی ئەوانی دیکە. ئیرادەیەکی عێراقیانە، چونکە ئەگەر لەپێناو ئیرادەی ئەوی دیکە هەوڵبدەی لەسەر حیسابی بەرژەوەندییەکانی خۆت، من پێموایە ئەمە ناپاکییە لەگەڵ ئەمانەتە عێراقییەکە، چونکە تۆ بە بەدیهێنانی بەرژەوەندییەکانی گەل راسپێردراویت نەک بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندییەکانی ئەوانی دیکە لەسەر حیسابی بەرژەوەندییەکانی گەل.
رووداو: سوپاس دکتۆر حەیدەر عەبادی سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسڕی عێراقی.. سوپاس
حەیدەر عەبادی: سوپاس بۆ ئێوە و بەخێرهاتن.