باڤێ نازێ.. ئەو کوردەی بە خەیاڵی سویدیییەکان کرایە بکوژی ئۆلف پاڵمە
رووداو دیجیتاڵ
دکتۆرای هەیە لە ئەدەبی جیهانی، بەڵام حەز ناکات بە دکتۆر بانگی بکەن، تەنانەت حەز ناکات ناوی راستەقینەشی بهێنن، بە 'باڤێ نازێ' ناسراوە و هەر ئەو ناوەش لەسەر بەرگی رۆمان و کورتە چیرۆکەکانیەتی.
باڤێ نازێ نووسەرێکی ناسراوی کوردە، ساڵی 1986 کە ئۆلف پاڵمە، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی سوێد تیرۆر کرا، ئەو بە کوشتنەکەی تۆمەتبار کرا، لەسەر ئەو رووداوە رۆمانێکی بە ناوی 'ستۆکهۆڵم تۆ چیت بینیوە بیڵێ' نووسیوە. دواجار نەخۆشییەکەی فریای کەوت و لەو تۆمەتەی درابووە پاڵی، بێتاوان دەرچوو.
باڤێ نازێ دەڵێت: "هەشت مانگ لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کردم. جارێکیان لە کۆمەڵەی کوردان هەبوو، گوتم پۆلیسی سوێدی مێشکیان نییە، گوتیان بۆچی؟ گوتم نەخۆشیی دڵم هەیە، ئەو قادرمەیەی بکوژەکە بەسەریدا سەرکەوتبوو 150 پلیکانە بوو. من چۆن دەتوانم پێیدا سەربکەوم، گوتیان باڤێ نازێ کاخەزەکانت لەلایە لەبارەی ئەو نەخۆشییە؟ گوتم بەڵێ. گوتیان باشە تۆ مێشکت نییە، یان سوێدییەکان نییانە. تۆ چۆن تائێستا پێشانت نەداون. دەستبەجێ تەلەفۆنییان بۆ پۆلیس کرد، گوتیان با بیهێنێت. دوای ئەوەی کاخەزەکانم پیشان دان و ئەوانیش تەماشایان کرد، پاسپۆرتەکەیان دامەوە و لێکۆڵینەوە تەواو بوو".
دلبخوین دارا لە شاری دهۆک، هەڤپەیڤێنێکی لەگەڵ باڤێ نازێ کردووە، کە ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:
رووداو: ئەمڕۆ میوانێکی تایبەتم هەیە. میوانێكی زۆر تایبەتە، ماوەیەکی زۆرە دەمویست هەڤپەیڤینێكی لەگەڵ بکەم، باڤێ نازێ، رۆماننووسێکی ناسراوە، نووسەرێکی ناسراوە، وەرگێڕێكی ناسراوە، هەتا نەڵێی باڤێ نازێ کەس نایناسێت. بە هەندێک بەرهەم زۆر ناودار بووە. یەکێک لەو بەرهەمانەی پێی ناودار بووە، "ستۆکهۆڵم تۆ چیت بینیوە بیڵێ". رۆمانێكی دیکەش کە زۆر ناسراوە "چیاکانی بە خوێن ئاودراون". رۆمانی "ستۆکهۆڵم تۆ چیت بینیوە بیڵێ" باسی چیرۆکی خۆی دەکات. بۆچی؟ لەبەر ئەوەی باڤێ نازێ ـی رۆماننووسی کورد لە ساڵی 1986 ـدا بە کوشتنی ئۆڵف پاڵمە سەرۆکوەزیرانی سوێد تۆمەتبار کرابوو. زۆر مژارمان هەیە ئەمڕۆ لە دهۆک لەگەڵ باڤێ نازێدا گفتوگۆ بکەم. باڤێ نازێ بەخێرهاتی.
باڤێ نازێ: خێری خودا لە تۆ بێت. زۆر بەختەوەرر دەبم بتوانم بەگوێرەی هەستی خۆم هەڵوێستی خۆم دەرببڕم.
رووداو: دەزانی هەردەم مەراقم بوو تۆ ببینم و هەڤپەیڤینێکت لەگەڵ بکەم، بەڵام تۆ ونیت باڤێ نازێ. تۆ ونیت، لە کوێیت؟ بۆچی ونیت؟ بۆچی ئێمە تۆ نابینین؟
باڤێ نازێ: لەوەتەی 78 رۆمانم بڵاوکراوەتەوە هەتا ئەمڕۆ...
رووداو: بەر لە 46 ساڵ؟
باڤێ نازێ: 46 ساڵ.
رووداو: یەکەمین رۆمانت 46 ساڵ بەر لە ئێستا نووسراوە؟
باڤێ نازێ: بەڵێ، بەڵێ راستە. سەرنجراکێشترین شت ئەوەیە، تەنیا یەکجار لە باتمان 20 ساڵ بەر لە ئێستا بانگهێشتکرام وەک میوانی شەرەف. لەوە بترازێ بانگهێشتی کۆبوونەوەیەک لە بواری زمان ئەدەب، رۆمان، کورتەچیرۆک نەکراوم، رۆژێک لە رۆژان کەس بانگهێشتی نەکردووم بۆچوونی خۆم بڵێم، نە لە باکوور، نە لە باشوور، نە لە رۆژئاڤا و نە لە هیچ شوێنێك. لەبەر ئەوە من بە تەنیام. تەنیایی منیش وا دەکات تووشی زۆر گرفت بم، دەتوانم هەندێکیان چارەسەر بکەم و هەندێکیانم پێ چارەسەر نەکرێت. هەندێکجار لە ژیان دوورم دەخاتەوە و هەندێک جاریش پڕم دەکاتەوە، ئەوە پرسێكی تایبەتە و نامەوێت لەسەر پرسی تایبەت بدوێم. من دەمەوێت ئەو شتەی زۆرتر بۆ من بە ئازارە باسی بکەم، پرسی زمانی ئێمەیە.
رووداو: کەوابوو، تۆ تووڕەیت لەبەرئەوەی بانگهێشت ناکرێیت؟ تووڕە بوویت؟
باڤێ نازێ: نا بابەتەکە تووڕەبوون نییە. بۆ نموونە تۆ باسی کوشتنی سەرۆکوەزیرانی سوێدت کرد. سوێدییەکان ویستیان فیلمێک لەسەر من بەرهەم بهێنن و بەرهەمیشیان هێنا. ئەوە 40 ساڵ بوو، لە 86 ـەوە دەکاتە نزیکەی 38 ساڵ. 38 ساڵە رۆژێک لە رۆژان نە رۆژنامەڤانێکی کورد، نە تەلەڤزیۆنێکی کورد نەهاتووە و لێی نەپرسیووم باڤێ نازێ تۆ چۆن تۆماتبار کرای بە کوشتنی سەرۆکوەزیر، رۆژێک ئەو پرسیارە نەکراوە. ئەمە چۆن وا دەبێت؟
رووداو: ئەو پرسیارە دەکەم. ئەوە زۆر گرنگە ئەو پرسیارەت لێدەکەم. رۆمانەکەت بەناوی "ستۆکهۆڵم تۆ چیت بینیوە بیڵێ"...
باڤێ نازێ: چۆن هزی رۆمانەکەم بۆ هات کە بینووسم، تێدەگەیت؟
رووداو: ئەوە زۆر گرنگە.
باڤێ نازێ: ئەو شتانە وا دەکات ئازار بچێژم. رۆمانێکم هەیە لە ساڵی 1983ـدا دەستم بە نووسینی کرد و لە 2016 تەواوم کرد. 33 ساڵە من دەمەوێ بەسەرهاتی خۆم بنووسمەوە، بۆ ئەوەی نووسەرانی ئێستا تێبگەن چییە؟ چ ئازارێک هەیە؟ چ کۆسپێک هەیە؟ رۆژێک لە رۆژان رۆژنامەڤانانی کورد ئەو پرسیارەیان لە من نەکرد تاوەکو بتوانم ئەم گوتانە بڵێم، ئەوە ئازاربەخشە بۆ من.
رووداو: یەکێکی دیکە لە رۆمانە ناسراوەکانی باڤێ نازێ "مردووی حەرام" ـە. مردووی حەرام ئەویش زۆر سەرنجڕاکێشە. با ئەوەتان پێ بڵێم، باڤێ نازێ 9 رۆمانی نووسیوە. دوو پەرتووکی کورتەچیرۆکی نووسیوە، هەروەها لە بیرتان نەچێت باڤێ نازێ دکتۆرای لە ئەدەبیاتی جیهاندا هەیە، بەڵام خۆی وەک دکتۆر ناداتە پێش. تۆ رۆماننووسیت و حەز ناکەیت کەس پێت بڵێ دکتۆر.
باڤێ نازێ: حەز ناکەم بڵێن دکتۆر، باڤێ نازێ ـم.
رووداو: با بێینە سەر بابەتێک کە بەلاتەوە زۆر گرنگە قسەی لەسەر بکەیت، ئەویش زمانە. زمانی کوردی. تۆ دەڵێیت زمانی کوردی لە مەترسیدایە و وەک پێویست خزمەت نەکراوە، کورد لە یەکدی تێناگەن؟
باڤێ نازێ: نا
رووداو: کێشەی زمانی کوردی چییە، باڤێ نازێ؟
باڤێ نازێ: کێشە و ئاریشەی هەرە گەورە بۆ زمانی ئێمە ئەوەیە، کە ئەو رەگەزانەی پێویستە بۆ ئەوەی زمانی ئەدەبی لەسەر بنیات بنرێت لای ئێمە هێشتا دروست نەبووە. بیری لێ بکەوە، بۆ ئەوەی باڵەخانەیەک دروست بکەی، چوار دیواری پێویستە. زمانی ئەدەبیش چوار ستوونی هەیە. ئەو چوار ستوونە بۆ زمانی ئەدەبیی ئێمە تائێستا بنیات نەنراوە. ئەو چوار ستوونە چین؟ ئەلف و بێی یەکگرتوو، پەیوەست بەو ئەلف و بێیە رێنووسەکەیەتی، لەگەڵ شێوازی دەربڕینی گوتەکان بەو جۆرەی دەخوازرێت. یەکێتیی رێزمان، فەرهەنگێک بۆ داهێنان و وەرگێر. هەموو ئەدەبی جیهان، زمانی ئەدەبی ئەووروپی بەرلەوەی زمانیان یەکبخرێت و ببێت بە ستاندارد، لە وەرگێڕانەوە دەستیپێکردووە. لەبەر ئەوە ئێمە ئەلف و بای یەکگرتوومان هەیە؟ نەخێر، رێزمانێکی یەکگرتوومان هەیە؟ نەخێر. فەرهەنگێکی یەکگرتوومان هەیە؟ نەخێر. وەرگێری سیستماتیکمان هەیە؟ نەخێر. کەوا بوو زمانێكی ستانداردمان نییە. ئێمە دەبێت لە زمانی یەکدی بگەین، ئەگەر فەرهەنگێکمان هەبێت لە یەکدی تێدەگەین. ئێستا ئەگەر فەرهەنگێک لە چوار زاراوەی ئێمە دروست بکرێت، لە ئایندەدا لە یەکدی تێدەگەین.
رووداو: کێشە لە نێو شێوەزارە کوردییەکاندا کێشە هەیە؟
باڤێ نازێ: مەبەستم ئەوەیە کاتێک دەڵێم، شێوەزار، کرمانجی، سۆرانی، زازاکی و هەورامییە. لەگەڵ ئەو پێشکەوتنانەی ئێستا کە هەیە، ئینتەرنێت و مۆبایل هەیە، ئەو نووسینانەی دەنووسرێن، هیچیان لە یەک ناچن.
رووداو: بەڵام وەکو جاران نییە باڤێ نازێ. لە جاران زۆر باشترە.
باڤێ نازێ: بڕوانە، هەندێكجار گوتەکانت دەبڕم. پرۆفیسۆرێکمان هەبوو، گوتارێكی لە گۆڤارێکدا بڵاوکردووەتەوە. گوتارەکەی لەسەرەتا تاوەکو کۆتایی یەک خاڵی هەبوو.
رووداو: ئەو مرد.
باڤێ نازێ: من پێمگوت چ دووژمنایەتییەکت لەگەڵ خاڵدا هەیە؟ بیر بکەوە، ئەو کەسە بووە سەرۆکی لیژنەی زانستی لە پەرلەمانی کوردستان.
رووداو: مادام باسەکەت هێنایە سەر شێوزاری کوردی، هەورامی لە مەترسیدایە؟ لەبەر ئەوەی ئێستا بە هەورامی زۆر نانووسرێت و ناخوێندرێتەوە، مەترسی لەسەر نەمانی شێوەزاری هەورامی هەیە یان نییە؟
باڤێ نازێ: دەزانی کاک دڵبخوین داوای لێبووردن دەکەم کە باس لە بوارێک بواری من نییە. بواری من ئەدەبە، زمانناس نیم.
رووداو: راستە.
باڤێ نازێ: کاتێک دەستم بە نووسینی رۆمانی دووەم کرد لە ساڵی 1983 ـدا قارەمانەکەم کەسێكی نەزانی لادێیی بوو کاتێک دەڵێت "پەپووک رەبەنێ" و دەگری، کە بە عەرەبی نووسیم، نووسیم "یالەلهەول" دەزانی "یالەلهەول" بە زمانێکی عەرەبی پەتییە. یەکسەر پێنووسەکەم دانا، کچی کورد گوتی "یالەلهەول"، "پەپووک رەبەنێ"، گوتم نا، لەمڕۆ بەدواوە چیدیکە بە عەرەبی نانووسم، بە کوردی دەنووسم. لێرەوە دەستمپێکرد و خۆم فێری کوردی کرد. سەرنج بدە "چیاکان بە خوێن ئاودراون" لە ساڵی 1978 بە زمانی عەرەبی چاپکرا، بە زمانی رووسی لە 1981 چاپکرا، بە زمانی کوردی لە 1988 . بۆیە داوای لێبووردن دەکەم، "چەتۆ" و "گولێ" سەرەتا بە عەرەبی قسەیان کرد، دواتر بە رووسی و ئینجا بە کوردی قسەیان کرد. بۆیە کاتێک من رۆمانەکەم کردە کوردی و ناردم بۆ سوێد، بە سەعیدی هاوڕێ و ئامۆزام گوت بیخوێنەوە بزانە چۆنە. گوتی خوێندمانەوە، زمانەکەی هەڵەی زۆری تێدایە. گوتم نا، هیچ هەڵەیەکی زمانەوانی تێدا نییە. گوتی چۆن؟ گوتم یەک هەڵەی تێدا نییە خۆم نووسیومە و دەزانم. دوای شەش مانگ کە هاتمە سوێد و دوای ساڵێک کە ئەو شتانەی بۆم ناردبوون خوێندمەوە، رستەیەکی راستی تێدا نەبوو. رستەیەکی دروستی نەبوو نە لەبواری رێنووس و نە لە بواری رێزماندا. ئەو مرۆڤەی نەزانە، نەزانی خۆی نابینێت. پرسی سەرەکی ئێمە ئەمەیە. ئەمڕۆ لە بواری زماندا من زمانناس نیم، پێویست ناکات ئێستا نەزانی خۆم بە بینەران پیشان بدەم، بەڵام ئەو بوارەی چوومەتە نێوی و لێکۆڵینەوەم لەسەر کردووە زمانی ئەدەبی پێویستە چۆن ستاندارد بکرێت.
رووداو: باڤێ نازێ، تۆ لە ساڵی 1986 ـدا بە کوشتنی ئۆڵف پاڵمە سەرۆکوەزیرانی سوێد تۆمەتبار کرابووی، بۆچی؟
باڤێ نازێ: سێ مانگ بەرلە کوشتنی ئەو، رۆژنامەڤانانی سوێدی بڵاویان دەکردەوە، کە کورد ئۆڵف پاڵمە دەکوژن. لەبەر چی؟ لەبەر ئەوەی کاتێک پەکەکە هاوڕێکانی خۆی کوشتن و سوێد بە تیرۆریستی ناساندن، ئەوانیش گوایە هەڕەشەیان کردووە، لەبەر ئەوەش ئەو قسانە کران. لە پاڵمەیان پرسی کورد دەتکوژن، خۆت دەپارێزیت؟ گوتی نا. ئێمە شاندی خۆمان نارد بۆ لای رۆژنامەڤانانی سوێدی و گوتمان بۆچی ئەو پڕوپاگەندانە لەسەر ئێمە دەکەن، شتێکی لەو جۆرە نییە. گوتیان ئێمە وڵاتێکی دیموکراسین و چیمان بوێت دەینووسین. کاتێک پاڵمە کوژرا، بەبێ بەڵێ و نەخێر ئەو باوەڕە لەلای خەڵک دروست بوو، کە کورد پاڵمەی کوشتووە. لەبەر ئەوە دیارە ئەوانەی بکوژەکەیان بینیبوو پرسیاریان لێکردبوون شێوەی چۆن بوو؟ ئەو شێوەیەی کێشایان بەهەموو شێوەیەک هەوڵیان دا نزیک بێت لە کورد. وێنەی دروستکراوی ئەو کەسەی لە تەلەڤریۆنەکاندا بڵاویانکردەوە کۆپییەک بوو لە من. کاتێک دراوسێکەم دەموچاوی بینیم راستەوخۆ تەلەفۆنی بۆ پۆلیس کرد و گوتی بکوژەکە لەلای منە. منیش ئەو رۆژە کە پاڵمە کوژرا بڕیارم دابوو لە ماڵەکەی بچمە دەرەوە، چونکە کەسێکی زۆر خراپ بوو. لەوێ پێمگوت ئەمڕۆ هەینییە دەڕۆم و دووشەممە دێمەوە کەلوپەلەکانم دەبەم. هەر بۆیە رۆژی دووشەممە کە چووم بۆ ئەوێ، کردی بە هاوار و گوتی من مەکوژە، پۆلیس بەدواتدا دەگەڕێت. گەورەترین هەڵە کە لایەن کوردەوە بەرامبەر بە من کرا، چییە؟ دەستنووسی رۆمانەکەم "چیاکانی بە خوێن ئاودراون"بوو، کاتێك تایپ دەکرا من شوێنەکەم نەدەناسی، ئەو ژمارە تەلەفۆنەی کە هەبوو لێمپرسی شوێنەکەت لە کوێیە و چۆن بۆت بهێنم؟ پۆلیس لە منی پرسی ئەو ژمارەیە هی کێیە؟
رووداو: پۆلیس تۆیان گرت؟
باڤێ نازێ: دەفتەرەکەمیان بە تەواوەتی برد و کاتێک لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کردم. کاتێك چووم و راستەوخۆ تەلەفۆن بۆ پۆلیس کرا و پۆلیس هات و لێکۆڵینەوەیان کرد. لێیان پرسیم ئەمە ژمارە تەلەفۆنی کێیە؟ گوتم ببوورە دەتوانم تەلەفۆنی بۆ بکەم. گوتیان فەرموو. تەلەفۆنم بۆ کرد گوتم تۆ کێیت؟ گوتی ئەی من میوانی فڵانە کەس بووم، تۆ پەرتووکەکەی خۆت هێنابوو. گوتم بەڵێ بەبیرم هاتەوە، سوپاس. پێمگوتن من رۆمانەکەی خۆم بردبوو و بۆم تایپ بکەن، حاڵ و مەسەلەکە بەو شێوەیەیە. چەند رۆژێكی پێ نەچوو ئەو کەسە هات و گوتی باڤێ نازێ داوای لێبووردنت لێ دەکەم.
رووداو: کورد بوو؟
باڤێ نازێ: گوتم بۆچی؟ گوتی پۆلیس لێی پرسیوم باڤێ نازێ دەناسیت؟ گوتوومە نایناسم.
رووداو: کورد بوو؟
باڤێ نازێ: کورد بوو. گوتبووی نە بینیومە و نە دەیناسم. بەو هۆیەوە پۆلیس گەیشتە ئەو بڕوایەی بکوژ منم.
رووداو: بکوژ تۆی.
باڤێ نازێ: رۆژنامەڤانانی سوێدی بەمدواییانە پێیانگوتم ئەو ئەگەرەی وایکرد کە دەستگیرنەکرێیت، ئەو کەسە بوو کە ئێوارەکەی لە ماڵەکەیان بوویت. لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کرد، تۆ گوتت ئێوارەکە لە فڵان ماڵ بووم. پشتڕاستیانکردەوە کە شەو لەوێ نووستووی.
رووداو: دەستگیرنەکرایت؟
باڤێ نازێ: هەشت مانگ لێکۆڵینەوەم لەگەڵدا کرا. سوێدییەکان دیموکراسییەتیان لەوەدا بوو.
رووداو: هەشت مانگ؟
باڤێ نازێ: هەشت مانگ لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کردم. ئەو ئەگەرەی وایکرد ئازادم بکەن چی بوو؟ جارێکیان لە کۆمەڵەی کوردان دانیشتبووم، گوتم پۆلیسی سوێدی مێشکیان نییە، گوتیان بۆچی؟ گوتم نەخۆشیی دڵم هەیە، ئەوسا دڵم نەخۆش بوو، ئەو قادرمەیەی بکوژەکە بەسەریدا سەرکەوتبوو 150 بلیکانیە بوو. من چۆن دەتوانم پێیدا سەرکەوم. گوتیان باڤێ نازێ کاخەزەکانت لەلایە لەبارەی ئەو نەخۆشییە؟ گوتم بەڵێ. گوتیان باشە تۆ مێشکت نییە، یان سوێدییەکان!. تۆ چۆن تائێستا پێشانت نەداون. دەستبەجێ تەلەفۆنیان بۆ پۆلیس کرد، گوتیان با بیهێنێت. دوای ئەوەی کاخەزەکانم پیشان دان و ئەوانیش تەماشایان کرد، پاسپۆرتەکەیان دامەوە و لێکۆڵینەوە تەواو بوو.
رووداو: دوای ئەوەی خەڵکی پێیانوابوو کە تۆ بکوژی ئۆلف پالمەیت، دەتتوانی بچیتە دەرەوە و هاتووچۆ بکەی؟
باڤێ نازێ: خۆی مەسەلەکە لێرەدایە، دۆست و هاورێیانم بە منیان گوت، مەترسی هەرە گەورە ئەوەیە، ترسیان ئەوە بوو کە میتی تورکیا بمکوژن. گوایە کورد خۆیان یەکدییان کوشتووە، بۆیە بە منیانگوت ئەگەر لە دەرگەی ماڵەکەتیان دا، دەرگەیان لێمەکەوە، ئاگات لە خۆت بێت، بە تەنیا هاتووچۆ مەکە. بەڵام شتێک کە نەیهێشت من ئازار بکێشم، 3ی ئادار لێکۆڵینەوەم لەگەڵدا کرا، 8ی ئادار دەستم بە رۆمانەکەم کرد، "لە ستۆکهۆڵم چیت بینی".
رووداو: هەر خۆت قاڕەمانی رۆمانەکەی؟
باڤێ نازێ: بە تایبەت ئەم پرسە زۆر لە جێی خۆیەتی..، هەر بەرهەمێکی ئەدەبی کە هەیە، بێگۆمان بەشێکی ژیانی نووسەرەکەی تێدایە، ئەمە هیچ گومانێکی تیدا نییە.
رووداو: باڤێ نازێ ئێستا سەردان و هاتووچۆی سوێد دەکەی؟ ئایا قەدەخەت لەسەر هەیە بچیتە سوید؟
باڤێ نازێ: ڤێزەیان نەدا بە من. نەیاندا نا، پرسێک کە دەمویست لەسەری بدوێم لە رۆمانەکەدا، پرسێک لە ژیانمدا هەیە، بۆچی؟ مژارێکی سەرەکی هەیە، کە زۆر هەوڵم داوە پێشانی بدەم، ئەویش ئەوەیە، ئەورووپییەکان هەرچەندە خۆیان وەک دیموکراتی و شارستانی ناوزەد دەکەن، بەڵام دڕەندەیی هەرە گەورەی سەردەمی نزیک لەلایەن ئەوانەوە کراوە. دوو شەێی گەورەی جیهانی کە لە ساڵی 1914 و 1939 دەستیپێکرد، 70 ملیۆن کەس بە دەستی ئەوان کوژران. گوتم، هەرچەندە ئێمە قژمان رەش بێ و دڕندە بین، بەڵام ئەوەندە مرۆڤمان نەکوشتووە. ئەو دایکەی کە ئەو زوڵمەی بینیبوو، لە شەش ساڵیدا بێکەس مایەوە، هەموو ئەندامانی خێزانی کوژران لە کۆمەڵکۆژی ئەرمەنەکان.
رووداو: دایکت ئەرمەن بوو؟ لە کوێ ستەمی لێکرابوو و بۆچی؟
باڤێ نازێ: ئەرمەن بوو، لە 1915 لە کۆمەڵکۆژی ئەرمەنەکاندا هەموو ئەندامانی خێزانەکەی کوژران. دایکم دەگێرایەوە کە دایکی دەستی ژنێکی گرت و لێی پارایەوە و گوتی، بیکە لە رێی خوادا کچەکەم ببەن (لەگەڵ خۆتان) با نەیبینێ چۆن دەمکوژن. دەیگوت، لە زمانی (ژنەکە) تێنەدەگەیشتم، ژنەکە دەستی منی گرت و منی برد. دەیگوت حەوت رۆژ لە کولانەی مریشکەکاندا ماومەوە، ئاو و نانیان پێدەدام، دوای حەوت رۆژ دەستی منیان گرت و منیان دەرهێنا. دەیگوت، هەر ئاسەوارێک هەبوو ماچم دەکرد لەبەر ئەوەی پێموابوو ئاسەواری دایکمە. دەگێرایەوە کە دوای ئەوە منیان بردە ماڵی شێخی گوندەکە و لەوێ شێخەکە منی بەخێو کرد. لە 16 ساڵیدا شێخەکە زەواجی لەگەڵ دەکات و شێخەکەش مامی من بوو. دوای ساڵێک کە دایکم کوڕێکی دەبێ، شۆڕشی شێخ سەعید دەستپێدەکات، دوای تێکچوونی شۆڕشەکە، ئەو کەسانەی کە سەرکردایەتی شۆڕشیان کردبوو دەچنە گوندی مامم و ئەویش پێشوازیان لێدەکات و ئەوانیان پاراست. سوپای تورکیا دەچنە نێو گوندەکە و گەماڕۆی دەدەن و 87 کەسی لەو گوندە لەسێدارە دەدەن، مامی منیش یەکێک بووە لەو کەسانە. دایکم لە تەمەنی 17 ساڵیدا بووە بێوەژن. باوکم وەک برای بچووک، هاوسەرگیری لەگەڵ دایکم کردووە.
دایکم بەردەوام چیرۆکەکەی بۆ ئێمە دەگێرایەوە و ئێمە منداڵ بووین و دەترساین، بە ئێمەی دەگوت، مەترسن، هەمیشە خەڵکی چاک لە خەڵکی خراپ زیاترن، تەنیا چاکە بکەن. ئینجا دەمەوێ ئەم چیرۆکە کە دایکم بۆ ئێمەی دەگێرایەوە، لە رۆمانەکەدا باسی بکەم، ئەو دایکەی ئەو هەموو زوڵمەی بینیوە، ئەو دایکەی ئەوەندە میهرەبانە، ئایا کوڕەکەی دەتوانێ کەسێک بکوژێت؟
رووداو: دایکت پێیخوشبوو ببێت بە چی، داوای دەکرد ببێت بە چی؟
باڤێ نازێ: جارێک دایکم..، دایکم زۆرجار نەخۆش دەبوو، دایکم جارێک نەخۆش بوو، گوتی کوڕم کەی دەبیتە پزیشک و چارەسەرم دەکەیت؟منیش گوتم، دایکە نابمە پزیشک، دەبمە نووسەر و چیرۆکی ژیانت دەنووسمەوە.
رووداو: بوویت بە نووسەر و لەبارەی ژیانی دایکیشت نووسی..
باڤێ نازێ: بەڵی، یەکەمین کتێبیشم پێشکەشی ئەو کرد.
رووداو: باڤێ نازێ ژیانی تۆش زۆر سەرنجراکێشە بە راستی، عەرەبێ شەمۆت بینیوە...
باڤێ نازێ: کەسێک هەیە کە نەمبینیبێ..(بە پێکەنینەوە)، عەرەبێ شەمۆ لە ساڵی 1970دا هاتبوو بۆ شاری لینینگراد و من ئەو کات قوتابی بووم. قوتابییە کوردەکان، ویستمان عەرەبێ شەمۆ ببینین. ئەو کات ویستێکم هەبوو، من رۆژنامەڤانیش نەبووم، قوتابی بووم. ویستمان هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ بکەین، پرسیارەکانم ئامادە کرد و نووسیم بۆ خۆم و پرسیاری کۆتاییم ئەوە بوو، ئامۆژگاریت بۆ ئێمە چییە؟ گوتی، کوڕەکانم بخوێنن، گوتم ئامۆژگاریی دووەمت چییە؟ گوتی، بخوێنن. گوتم ئەوەی سێیەم چییە؟ گوتی، بخوێنن.
رووداو: ئامۆژگاریت بۆ نووسەرە گەنجە کوردەکان چییە؟
باڤێ نازێ: یەکێک لە رەخنەکانی من لە یەکێتی نووسەران ئەوەیە، ئەرکی یەکێتی نووسەران چییە؟ لێکۆڵینەوە بکات لەوەی کە ئەو گەنجانە چی دەنووسن، لە چ ئاستێکدان و بە چ شێوەیەک دەتوانێت هاوکارییان بکات، واتە ئەو نووسینانەی کە دەنووسنەوە، پێویستە نووسەر بخوێنێ و هەر شتێک کە پێویست بێ بۆی دیاری بکات، کەموکورتییەکانی بۆ دەستنیشان بکات، باشییەکانی چین، ئینجا رۆمانەکەی، چیرۆکەکەی بڵاو بکاتەوە. ئەو کاتەی قوتابی بووین هەموو ساڵێک راگری کۆلێژ دەهات و دەیگوت: ئەمساڵ دەتانەوێت کام نووسەر و شاعیر ببینن؟ دەمانگوت، فلان و فلانە نووسەر.. بەرهەمی ئەو کەسەمان دەخوێندەوە، ئەویش دەهات و پرسیارمان لێدەکرد، ئەویش باسی لەوە دەکرد چۆن بووەتە نووسەر و چۆن ئەو کارە دەکات. رۆژێک لە رۆژان نە زانکۆی دهۆک، نە زاخۆ، هیچ زانکۆیەکی دیکە نەهاتن بڵێن، وەرە لە ساڵێکدا دوو جار، سێجار و چوار جار بۆ قوتابییەکان باسی چیرۆکی ژیانت بکە. چوون بوون بە نووسەر، چۆن دەستتانپێکرد، شتێکی وا نییە.
رووداو: بە گشتی بۆ گەنجان چی دەڵێیت، تەنیا بۆ گەنجان، لە دەرەوەی یەکێتی نووسەران و زانکۆکان؟
باڤێ نازێ: گوتەی عەرەبێ شەمۆ دووبارە دەکەمەوە، خوێندن. سێ فاکتەر بۆ هەر نووسەرێک پێویستە، واتە نووسەرێک بۆ ئەوەی ببێتە نووسەر، دەبێ سێ شتت تێدا بەرجەستە بن، یەکێک لەو شتانە بەهرەیە، ئەو بەهرەیەی کە لە سرووشتەوە بۆی هاتووە، ئەوەی دووەم بەسەرهاتی ژیانیەتی، لە ژیانیدا چی بینیوە ئەوە گرنگە، ئەوەی سێیەمیش خوێندنی بەردەوام و بێ وەستان و خەباتی بێ وەستان لەسەر خۆی و بەرهەمەکانی. پێویستە ئەم هەر سێ تایبەتمەندییە لە نووسەرێکدا هەبن بۆ ئەوەی بتوانێت ببێتە نووسەر.
رووداو: زۆر سوپاس بۆ تۆ کە کاتت دا بە ئێمە و زۆر شتی نوێت باسکرد. دوایین شت کە بتەوێ باسی بکەی چییە؟
باڤێ نازێ: سوپاستان دەکەم کە دەرفەتتان بە من دا. ویستەکەم ئەوە بوو هەروەک لە پرسیارە سەرەکییەکەتدا پرسیت، کە هۆکاری نووسینی ئەو رۆمانەی کە 33 ساڵ کارم لەسەر کرد، چی بوو؟ رۆمانی مردووە حەرامەکانم لە 15 رۆژدا نووسی، یەکێکیان لە 33 ساڵدا و ئەوەی دیکە لە 15 رۆژدا. لە ستۆکهۆلم چیت بینی، لە شەش مانگدا نووسیم.
رووداو: باڤێ نازێ هێشتاش شت دەنووسیت؟
باڤێ نازێ: ساڵێکە نەمتوانیوە بنووسم، چوار کورتە چیرۆکی نوێم نووسیوە، دوو شانۆم نووسیوە، بەنیازم هەندێک شتی دیکەش بنووسم. ئینجا دەتوانی بیر لەو بکەیتەوە ئێمە چۆن دەتوانین لە رێگەی ئەدەبەوە، جیا لە رووداوەکان، رەسەنایەتی نەتەوەیی پێشان بدەین. چۆن؟ دەمویست ئەگەر کات هەبووایە، سێ شت دیار بکەم، ئەو گوتنانەی کە تەنیا لە زمانی ئێمەدا هەن ئەوانە بەکار بێنم. گوتەی 'پەپووک رەبەنێ' وایکرد واز لە زمانی عەرەبی بهێنم و شت بە زمانی کوردی بنووسم. کاتێک پرۆفیسۆر شەرەف عەشیریان کۆچی دواییکرد، کوڕەکەی نەیگوت مرد، گوتی لێمان زیز بوو و رۆیشت.
رووداو: ئێستا کلەکوێ دەژیت؟ لە کوردستان یان لە رووسیا؟
باڤێ نازێ: زۆربەی کات لە رووسیام، ئێستا بە میوانی لە کوردستانم. کاتێک بمەوێ بنووسم پێویستیم بە کەشێکی تایبەت هەیە
رووداو: باڤێ نازێ، زۆر سوپاس، خۆشحاڵ بووم، هیوای تەندروستییەکی باشت بۆ دەخوازم.
باڤێ نازێ: منیش سوپاستان دەکەم کە دەرفەتتان دا قسە بکەم.
داڕشتنەوەی هەڤپەیڤین: هەوار ئیسماعیل و سیان سۆما