فەرهاد ئەمین پوور: لە حکومەتی رەئیسیدا دۆخی نەتەوەکان خراپتر بووە
رووداو دیجیتاڵ
شرۆڤەکارێکی سیاسیی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، حکومەتی ئیبراهیم رەئیسی هیچ دەسکەوتێکی بۆ نەتەوە و کەمینە ئایینییەکان لەو وڵاتەدا نەبووە و بگرە بارودۆخیان خراپتریش بووە.
بەپێچەوانەی هەڵبژاردنەکانی پێشووتر، کە کورد و بەلوچەکان دەنگیان بە ریفۆرمخوازان دەدا، لە دوایین خولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران، کەوا ساڵێک لەمەوبەر بەڕێوەچوو، بەشێک لەوان بە رێبەریی مەولەوی عوبدولحەمید، وتارخوێنی زاهیدان، بڕیاریاندا دەنگ بە ئیبراهیم رەئیسی، بەربژێری نەریتخوازان بدەن.
فەرهاد ئەمین پوور، شرۆڤەکاری سیاسی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە فواد حەقیقی لەگەڵی ئەنجامیدا و رۆژی هەینی 24-06-2022 پەخشکرا، لە بەشێکی قسەکانیدا گوتی: "ئەوان پێیان وابوو دەسەڵات لە ئێران یەکپارچە دەبێت و بەم هۆیەوە حکومەت ئاوڕێکی جیدییان لێ دەداتەوە، لە لایەکی دیکەشەوە بەهۆی بەڵێنەکانی رەئیسییەوە، هەندێ دەسکەوتیان دەبێت، بەڵام دەسەڵات یەکپارچە نەبوو و رەئیسیش دەسەڵاتی ئەوەی نەبوو ئاوڕ لە نەتەوە و کەمینە ئایینییەکان بداتەوە."
دەقی هەڤپەیڤینی تۆڕی میدیایی رووداو لەگەڵ فەرهاد ئەمین پوور، شرۆڤەکاری سیاسیی رۆژهەڵاتی کوردستان:
رووداو: بەشێک لە سوننەکان بە رێبەریی مەولەوی عەبدولحەمید لە دوایین هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێراندا سەنگەریان گۆڕی، لەم سەنگەر گۆڕینەدا چ قازانجێکیان کرد؟
فەرهاد ئەمین پوور: لە راستیدا دەتوانین بڵێین هیچ. کەسانی وەک مەولەوی عەبدولحەمید پێیان وابوو ئەگەر ئەمجارە بچنە بەرەی کەسێکی وەک (ئیبراهیم) رەئیسییەوە و دەسەڵات لە ئێران یەکپارچە دەبێت، ئەگەری ئەوە هەیە ئاوڕێکیان لێبدرێتەوە و بەشتێک بگەن، بەڵام دوو شتیان لەبەرچاو نەگرتبوو، یەکەم ئەوەی کە باڵی بناژۆخواز( نەریتخواز) لە ئێراندا بەهیچ شێوەیەک باوەڕی بە مافی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان نییە، بەتایبەت کەمینە ئایینییەکان. چونکە رەوتی بناژۆخواز لەلایەن ئەو رەوتە ئایینییە تا رادەیەک رادیکاڵەوە بەڕێوەدەبرێت، کە لە بنەڕەتدا کێشەی لەگەڵ کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان.
رووداو: بەڵام ئەوان بەجۆرێک بەڵێنیان پێدرابوو کەوا ئاوڕیان لێ بدەنەوە.
فەرهاد ئەمین پوور: ئەم شتانە لەکاتی هەڵبژاردندا دەکرێت. مەولەوی عەبدولحەمید دوو بڕوای هەبوو. یەکەم؛ دەسەڵات لە ئێران یەکپارچە دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئاوڕێکی جیدیتریان لێبدرێتەوە. دووەم؛ حکومەتی رەئیسی بەپێی ئەو بەڵێنانەی پێی داون، دەتوانێت هەندێک ئیمتیازی (سەرەتای) تایبەتیان پێبدات، بەڵام نە دەسەڵات یەکپارچە بوو و نە حکومەتی رەئیسی ئەو دەسەڵات و توانایەی لە بواری ئابوورییەوە هەبوو، تاوەکو ئاوڕ لە سوننە مەزهەبەکان بداتەوە. بەتایبەت کە باڵی بناژۆخواز باوەڕی بە مافی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان نییە. هەموو ئەم هۆکارانە بوونە هۆی ئەوەی، جیا لەوە ئاوڕیان لێ نەدرایەوە، مەولەوی عەبدولحەمید پرسیاریشی بکەوێتەسەر، کە رەنگە بڕیارێکی زۆر خراپیدا.
رووداو: ئەگەر بەراورد بکەین لەنێوان حکومەتی ریفۆرمخوازی محەممەد خاتەمی، حکومەتی میانەڕەوی حەسەن رووحانی و حکومەتی ئێستای ئیبراهیم رەئیسی، نەتەوەکان لە ئێران لە کام قۆناخدا دۆخیان باشتر بوو؟ ئێستا باشتر بووە یان خراپتر بووە؟
فەرهاد ئەمین پوور: ئێستا خراپتر بووە
رووداو: لەچ روویەکەوە؟ لە پێدانی بەرپرساریێتی یان لە ئازادییە کولتووری و سیاسییەکان؟
فەرهاد ئەمین پوور: لە حکومەتی بەڕێز خاتەمیدا. هەم لە بەرپرسایێتی و هەمیش لەو رووەوە کەوا بەستێنێکی تاڕادەیەک ئازاددتر لەباری سیاسی و کولتوورییەوە دروستبوو، دەرفەتێکی بە کەمینەکاندا چالاکتر بن، رۆڵی بەرچاوتر بگێڕن و حکومەتی خاتەمی و دوای ئەویش رووحانی لەبواری ئابوورییەوە هەندێ دەستیان کراوەتر بوو بۆ ئەوە بتوانن ئاوڕێک بدەنەوە، جگە لەوە خۆیشیان تاڕادەیەک بڕوایان بەو کارە هەیە، بەڵام راستییەکەی ئەوەیە حکومەتی ئیبراهیم رەئیسی نە هێندە دەستی کراوەیە تاوەکو بتوانێت ئاوڕێکی لەوجۆرە بداتەوەو نە بڕوایشی بەوە هەیە ئاوڕێکی لەوجۆرە لە کەمینەکان بدرێتەوە. کەمینەکان ئێستا لەژێر گوشارێکی ئابووریدان، کەمینەکان لە توێژە هەژار و کەمداهاتەکانی کۆمەڵگای ئێرانن و ئەم دۆخە ئابوورییەش گوشارێکی زیاتری خستووەتەسەر کەمینەکان.
رووداو: بەڵام ئێستا سێ وەزیری کورد لە کابینەی بەڕێز رەئیسیدا هەن، ئایا ئەمانە وەک پشکی کورد ئەژمار ناکرێن؟
فەرهاد ئەمین پوور: لە کابینەکانی رابردووشدا کوردەکان (هەڵبەت کوردە شیعەکان نەک کوردە سوننەکان) لە حکومەتدا بەشدار بوون، وەک وەزیر یان تەنانەت وەک جێگری سەرۆککۆمار، بەڵام ئەمە لە لایەن کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان وەکو رێکخراو، وەکو حیزب و وەکو رەوتێک بە حکومەت ناناسێندرێن و بە نوێنەرایەتی لەوان دابنرێت، من پێموانییە وەک پشکی کورد حیساب بکرێن. جیا لەوەش، ئەوانەی لە حکومەتی بەڕێز رەئیسیشدا دانراون، هیچ ئەزموونێکیان نییە. هەر ئێستاش ئەو وەزیرانەی لە حکومەتی بەڕێز رەئیسیدا زیاترین کێشەیان هەیە، وەزیرە کوردەکانن. کەمترین ئەزموونیان هەیە و زیاترین کێشەیان دروست کردووە.
رووداو: هیوایەک هەیە بارودۆخ باشتر بێت؟ ئەگەر وادانێین بارودۆخی ئابووریش بگۆڕدرێت
فەرهاد ئەمین پوور: تەنیا بۆ لایەنە سیاسییەکان و بۆ خەڵکی ئێرانیش ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی لەگەڵ رۆژئاوا لەسەر رێککەوتنی ئەتۆمی و FATF پێکبگەن، رەنگە ئەم رێککەوتنە ببێتە هۆی ئەوەی باری ئابووری خەڵکی ببوژێتەوە، بەو بۆنەیەوە کەمینەکانیش تادایەک دۆخیان باشتر ببێت. بەبێ پێکگەیشتن لەگەڵ رۆژئاوا بارودۆخ رۆژ لە دوای رۆژ خراپتر دەبێت.