سەرۆکی هوداپار: حکومەت نابێت پێدانی مافی ئەوانەی پەیوەندییان بە پەکەکەوە نییە، بکاتە مەرجی چەکدانانی پەکەکە

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هوداپار رایگەیاند، "زایۆنیزم گەورەترین مەترسییە بۆ سەر ئاشتیی ناوچەکە و جیهان و ئامانجی راستەقینەی "خاکی بەڵێندراو"ـە کە خاکی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە."
 
زەکەریا یاپیجیئۆغڵو، سەرۆکی هوداپار کە بەشێکە لە (هاوپەیمانیی جمهوور)، لە میانی هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی شەڕی ئێران و ئیسرائیل دەڵێت، تورکیا دەبێت "لە بەرەی مرۆڤایەتیدا" بێت و جەختی لەوە کردەوە کە "ئەو زمانەی ئیسرائیل لێی تێدەگات تەنیا هێزە" و هیچ بنەمایەکی ئەخلاقی و یاسایی نێودەوڵەتی ناتوانێت رایبگرێت. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە ئامانجی ئیسرائیل تەنیا ئێران نییە، بەڵکو تورکیا، عێراق و ئوردنیش دەگرێتەوە، چونکە بە باوەڕی ئەوان ئەو خاکانە بەشێکن لە نەخشەکەیان.
 
سەبارەت بە پرسی کورد و پرۆسەی نوێی چارەسەری لە تورکیا، سەرۆکی هوداپار گوتی: "دەبێت پرسی تووندوتیژی و بوونی پەکەکە لە پرسی کورد جیا بکرێتەوە." یاپیجیئۆغڵو روونیکردەوە کە حکومەت نابێت پێدانی مافی ئەو کوردانەی پەیوەندییان بە پەکەکەوە نییە، بکاتە مەرجی چەکدانانی پەکەکە و جەختی کردەوە کە پێشنیازەکانیان بۆ دەستووری نوێ، لابردنی جەختکردنەوەی ئیتنیکی و مسۆگەرکردنی مافی خوێندن بە زمانی دایک دەگرێتەوە. هەروەها لەبارەی ئەگەری بەشداریکردنی دەم پارتی لە هاوپەیمانیی جمهووردا، یاپیجیئۆغڵو گوتی، دیالۆگی نێوان پارتە سیاسییەکان شتێکی ئاساییە و ئەوان رێگر نابن لە هاتنی هیچ لایەنێک.
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە دۆخی کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستان، زەکەریا یاپیجیئۆغڵو رایگەیاند کە "کوردانی ئێران لە ئێمە باشتر دەزانن چۆن دەتوانن بە شێوەیەکی برایانە بژین" و جەختی کردەوە کە خەڵکی هەر ناوچەیەک خۆیان دەبێت بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن، جا ئەو بڕیارە فیدراڵی بێت یان سەربەخۆیی. سەبارەت بە رۆژئاواش، یاپیجیئۆغڵو ئاشکرای کرد کە پێشتر هۆشدارییان داوەتە پەیەدە و گوتوویانە: "ئەمریکا ئێوە دژی تورکیا وەک گۆچانێک بەکاردەهێنێت، ئەگەر رۆژێک لەگەڵ تورکیا رێکبکەوێت، ئێوە وەک پارەی وردە خەرج دەکات." هەروەها رەخنەی لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر گرت بەوەی "منداڵی موسڵمانیان دەبرد و دەیانکردنە بێباوەڕ،" بەڵام دووپاتیکردەوە کە رێز لە هەر بڕیارێکی ئازادانەی خەڵکی ناوچەکە دەگرن دوور لە سێبەری چەک.
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ زەکەریا یاپیجیئۆغڵو، سەرۆکی هوداپار
 
رووداو: دەمەوێت بە گەرمترین بابەت دەستپێبکەم، پێشبینی و هەڵوێستی ئێوە لەبارەی شەڕی ئێران-ئیسرائیل چییە؟
 
زەکەریا یاپیجیئۆغڵو: بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان، سەرەتا هیوادارم ئەم بەرنامەیە ببێتە مایەی خێر، بەڵێ، بەداخەوە، مەترسیی بڵاوبوونەوەی ئەو شەڕەی کە ماوەیەکی درێژ بوو نیشانەکانی دەرکەوتبوون، کەمێک زیاتر بوو و نزیکەی چەند مانگێک لەمەوبەر هێرشی دوولایەنە هەبوون، هەم لە تاران و هەم لە تەلئەڤیڤ بە فڕۆکە و مووشەک هێرشی کورتی دوولایەنە ئەنجامدران، ئەمە دووبارە بووەوە، بەڵام ئەمجارەیان بەرفراوانترە و بەداخەوە مەترسیی بڵاوبوونەوەی ئەم شەڕە لە ناوچەکەشدا هەیە، ئێمە هەر لە سەرەتاوە ئەمە دەڵێین؛ بەڕاستی هەرکەسێک زایۆنیزم بناسێت، قبووڵی دەکات کە زایۆنیزم مەترسیدارترین بیری رەگەزپەرستی و لە هەمان کاتدا کرداری رەگەزپەرستییە لە جیهاندا، ئەو عەقڵیەتەی کە بەم کردار و بیرەوە خۆی بەخێو دەکات، بەو فەلسەفە زایۆنیستییە، بەو بیرۆکە زایۆنیستییانە، رێکخراوی تیرۆریستیی ئیسرائیل، کە بۆ ئەوەی پێی بگوترێت دەوڵەت هەزار شایەتی دەوێت، بەردەوام هێرش دەکات، لە دەوروبەری خۆی نائارامی دروست دەکات و دەیەوێت بەو شێوەیە بوون و ژیانی خۆی بەردەوام بکات، بیرتان بێت، کاتێک دوای زریانی ئەقسای 7ی تشرینی یەکەمی 2023، کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا و هەندێک وڵاتی ئەورووپا روویان لە ناوچەکە کرد، تورکیا لێدوانێکی وای دابوو و گوتی ئامانجی سەرەکی تورکیایە، ئێرانیش گوتی ئامانج ئێرانە و دەیانەوێت ئێمە رابکێشنە ناو ئەم شەڕەوە، بەڵام ئێمە ئەو رۆژەش گوتــــمان، بەڵێ، ئامانجێکی وایان هەیە، کاتێک باوەڕیان بەوە هێنا کە کاتی هاتووە...
 
رووداو: ئێوەش دەڵێن ئامانج تورکیایە؟
 
زەکەریا یاپیجیئۆغڵو: نەک تەنیا تورکیا، ئامانج هەم ئێرانە، هەم تورکیا، هەم عێراق و هەم ئوردنیشە، ئەمڕۆ لەوانەیە ئوردن یارمەتیی رژێمی تیرۆریستیی زایۆنیستی بدات بۆ خستنەخوارەوەی ئەو مووشەکانەی لە ئێرانەوە هەڵدەدرێن، بەڵام لە بنەڕەتدا ئوردنیش لە ئامانجدایە، چونکە باوەڕێکیان هەیە، ناوچەیەکی دیاریکراو هەیە کە پێی دەڵێن "خاکی بەڵێندراو" کە تەواوی خاکی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، بەشێک لە ئێران، بەشێکی گرنگ لە تورکیا، تەواوی سووریا، ئوردن و نزیکەی هەموو عێراق دەکەونە نێو ئەو خاکانەی کە پێی دەڵێن خاکی بەڵێندراو، ئەوان باوەڕیان وایە کە خودا ئەو خاکەی بۆ ئەوان دیاری کردووە، دەڵێن ئێمە لەسەر ئەو خاکانە سەروەری دادەمەزرێنین و ئەمەش ناشارنەوە، بە ئاشکرا دەیڵێن، بۆیە ئەمە پرسی کاتە، نەک ئەوەی روودەدات یان نا، ئێمە ئەو کاتەش گوتــــمان، هێرشکردنە سەر ئێران پرسی کاتە، کاتێک باوەڕیان بەوە هێنا کە کاتی هاتووە، هێرش دەکەن، بۆ ئەمەش پێویستیان بە هیچ بیانوویەک نییە، اتێک پێیانوابوو کاتی هاتووە، هێرش دەکەن، کاتێک کاتی ئەوە هات تورکیاش تێوەبگلێنن، بە شێوەیەک تورکیاش تێوەدەگلێنن، بۆیە ئەمە بۆ ئێمە جێی سەرسوڕمان نەبوو، ئێمە دەڵێین زایۆنیزم مەترسیدارترین رەگەزپەرستیی جیهانە، چونکە جگە لە خۆیان، واتە ئەو کەسانەی سەر بە نەژادی جوو نین و خوێنی جوولەکەیان تێدا نییە، وەک مرۆڤ قبووڵ ناکەن.
 
رووداو: بەڕای ئێوە دەبێت هەڵوێست و رۆڵی تورکیا چی بێت؟
 
زەکەریا یاپیجیئۆغڵو: دەبێت مرۆڤ بزانێت کە ئەو زمانەی جولەکە لێی تێدەگات تەنیا هێزە، ئەگەر تێبگات کاتێک هێرشت دەکاتە سەر، زیانی گەورەی بەردەکەوێت، واز لە هێرشکردنە سەرت دێنێت، هیچ بنەمایەکی ئەخلاقی، بنەمای یاسایی، یان تەحەمولی نێودەوڵەتی نییە کە بتوانێت رایانبگرێت، با کەس خۆی نەخەڵەتێنێت، بەڵام ئەگەر هێزێکی زۆر باشت لەبەردەستدا بێت، ئەگەر بزانێت کاتێک هێرشت دەکاتە سەر زیانی گەورەی بەردەکەوێت، ئەوا هێرش ناکاتە سەرت، بگرە هەوڵدەدات ببێتە دۆستت.
 
رووداو: واتە تورکیاش دەبێت هێز بەکاربهێنێت؟ مەبەستت ئەوەیە بچێتە بەرەی ئێرانەوە؟
 
زەکەریا یاپیجیئۆغڵو: دەبێت لە بەرەی مرۆڤایەتیدا بێت، ئێستا ئەمە شەڕی ئیسرائیل-ئێران نییە، هەروەک چۆن ئەو شەڕەی ساڵێک لەمەوبەر دەستیپێکرد، شەڕی ئیسرائیل-حەماس نەبوو، ئەو کاتە بیرتان بێت، هێشتا هیچ هێرشێک بۆ سەر غەززە نەبوو، هەندێک کەس سووربوون لەسەر ئەوەی ئەمە وەک شەڕی حەماس-ئیسرائیل ببینن و ناوی بنێن، ئێمە گوتمان ئەمە شەڕی ئیسرائیل نییە لەگەڵ حەماس، نە شەڕی ئیسرائیلە لەگەڵ غەززە، نە شەڕی ئیسرائیلە لەگەڵ فەلەستین، نە شەڕی ئیسرائیلە لەگەڵ عەرەب، نە شەڕی ئیسرائیلە لەگەڵ ئومەتی ئیسلام، ئەمە شەڕی ئیسرائیلە لەگەڵ مرۆڤایەتی، چونکە ئەوان دژی تەواوی بەها مرۆییەکان شەڕیان راگەیاندبوو، کێشەکە ئەوەیە کە پێشتر باسم کرد، عەقڵیەتێک کە کوشتنی منداڵ و ساوای بە مافی خۆی بزانێت، مەترسییەکی زۆر گەورەیە بۆ مرۆڤایەتی، ئەم پێکهاتە زایۆنیستییە، ئەم عەقڵیەتە گەورەترین رێگرە لەبەردەم ئاشتیی ناوچەکە، تا ئەوان لە ناوچەکەدا بن و خاوەنی ئەم عەقڵیەتە بن، هەرگیز ئارامی و ئاشتی بۆ ناوچەکە نایەت، هەمیشە شەڕ، هەمیشە خوێن، هەمیشە فرمێسک، نەک تەنیا ئەمە، ئێمە هەمیشە ئەمەشمان گوتووە، لەسەر هەمان بۆچوونی خۆمانین و دووبارەی دەکەینەوە؛ گەورەترین مەترسی بۆ ئاشتیی جیهانیش هەر زایۆنیزمە، تەنانەت شەڕێکیش کە هی خۆیان نییە، هەوڵدەدەن هەموو نەتەوەکانی دیکەش ڕابکێشنە ناویەوە، ئەگەر بۆیان بکرێت، شەڕ بە خەڵکی دیکە دەکەن و خۆیان تەماشا دەکەن، بەڵام ئەوان خۆیان دەڵێن ئەم جیهانە بۆ ئێمەیە و بۆ ئەوەی لەم جیهانەدا خزمەتمان بکەن، تەنیا 300-500 ملیۆن کەس بەسە، پێویست بەو هەموو مرۆڤە ناکات، واتە بە ملیاران مرۆڤ زیادەن، نیوەی دانیشتووان کەم ببێتەوە، بۆ ئەمەش چەندین پڕۆژەیان هەیە، بۆیە دەبێت تورکیا لە بەرەی مرۆڤایەتیدا بێت، بەڕاستی هەموو کەسێک کە مرۆڤە، نەک تەنیا موسڵمان، هەر کەسێک کە بتوانێت بە مرۆڤی بمێنێتەوە، هەر کەسێکی خاوەن ویژدان، دەبێت ئاگاداری مەترسییەکە بێت و ببینێت کە ئەم مەترسییە جیهان دەخاتە ناو ئاگرەوە و بۆ کوژاندنەوەی ئەم ئاگرە، دەبێت هەمووان دەستبخەنە ناو دەستی یەک و سەتڵێک ئاو بەسەر ئەم ئاگرەدا بکەن.
 
رووداو: رژێمی ئێستای ئێران بە گوشارەکانی ناسراوە، بەتایبەتی گوشارەکانی سەر کوردان کە زۆر ئاگادارین، رۆژانە خەڵک لەسێدارە دەدرێن، بەتایبەتی سەبارەت بە دۆخی کوردانی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئێوە چی بیردەکەنەوە؟ سەرەڕای ئەمەش، ئێوە لەگەڵ ئەوەدان ستاتۆکۆی ئێستا بەردەوام بێت؟
 
زەکەریا یاپیجیئۆغڵو: بێگومان، زەختکردن لەسەر ناوچەیەک تەنیا پەیوەست نییە بە ناوی رژێمەکەیەوە، سیستمێکی تەواو و بێکەمـوکوڕیش، ئەگەر بە شێوەیەکی خراپ بەڕێوەببرێت، گەل لێی سکاڵا دەکات، ئەمە بۆ رژێمێک کە لەسەر کاغەز بێکەموکوڕی دیارە ڕاستە، بەڵام لە لایەکی دیکەوە، لە سیستمێکی زۆر خراپیشدا، سیستمێک کە دامەزراوەکانی بە باشی دانەمەزراون یان مافەکان بە باشی مسۆگەر نەکراون، بەڕێوەبردنێکی باش دەتوانێت بابەتەکان لە سنووری تەحەمولدا بهێڵێتەوە، بۆیە، ڕاستی ئەو کێشانەی لەوێ روودەدەن، ئەو زانیارییانەی لە کەناڵی جیاوازەوە دێن، بە ناوی جیاوازەوە ناویان دەنێن، بۆ نموونە، هەندێکجار لەوانەیە کەسێک بەهۆی ناسنامەی نەتەوەیی، باوەڕ، یان مەزهەبییەوە، نەک تەنیا لە ئێران، بەڵکو لە زۆر شوێنی دیکەش، رووبەڕووی ستەم دەبێتەوە، بەڵام هەندێکجار کەسێک کە سەر بە گرووپێکی نەتەوەیی، مەزهەبێک، یان باوەڕێکی دیکەیە، کاتێک لە ڕووداوێکی ئاساییدا ستەمێکی لێدەکرێت، لەوانەیە بڵێت بەهۆی ناسنامەی نەتەوەیی، مەزهەبی، یان ئایینییەوە رووبەڕووی گوشار و ستەم بووەتەوە، بۆیە، لەبری ئەوەی باوەڕ بە هەر هەواڵێک بکەین، دەبێت بزانین ڕاستییەکە چییە و رووبەڕووی نادادپەروەری ببینەوە، کێ دەیکات با بیکات، ستەم لە هەرکەسێکەوە بێت، قوربانییەکە کێ بێت، بۆ ئەوەی من مافی قوربانییەک بپارێزم، پێویست ناکات ئەویش وەک من کورد بێت، یان وەک من موسڵمان بێت، لە هەر کوێیەک ستەم هەبێت، باوەڕەکەم فەرمانم پێدەکات کە ئەو ستەمە رابگرم، خوای گەورە بە شێوەیەکی رەها فەرمانمان پێدەکات کە دادپەروەر بین، کێ دەیکات با بیکات، نادادپەروەری هەر نادادپەروەرییە، بۆیە، دەگوترێت ئەمە بەهۆی شێوازی ر، ئێوە دەزانن، لە ساڵانی سەرەتای کۆماردا لە سەردەمی یەک پارتیدا، بەڵام ئەمڕۆ ئەو کەسانەی لەناو هاوپەیمانیدان لەگەڵ ئەو یەک پارتییە، بە شێوەیەکی جیاواز دەڵێن کورد گەورەترین گوشار و ستەمی لە سەردەمی حکومەتی ئاکپارتیدا بینیوە، قسەی هەندێک کەس مانای ئەوە نییە کە وایە.
 
رووداو: وەک سیاسەتمەدارێکی کورد، ئایا ئەرکی ئێوە نییە دژی لەسێدارەدانی کوردان بوەستنەوە؟
 
زەکەریا یاپیجیئۆغڵو: لە تورکیا سزای لەسێدارەدان نییە، بەڵام تەنیا لەبەرئەوەی لەسێدارەدانە، دژایەتیکردنی زۆر مۆدەیە، بەڵام من پێموایە دەبێت سزای هەندێک تاوان لەسێدارەدان بێت، بەهۆی ئەو کارەی کە کراوە، بەڵام پێش هەموو شتێک دەبێت ئەمە هەبێت؛ دەبێت یاسا بۆ هەمووان وەک یەک جێبەجێ بکرێت، ئەگەر بۆ هەمووان وەک یەک جێبەجێ نەکرێت، ئەگەر یاسا بەپێی ناسنامەی کەسێک یان پێگەی کۆمەڵایەتی یان سامانی بە شێوەیەکی جیاواز جێبەجێ بکرێت، یان ئەگەر هەندێک کەس ئەم سزایە بە شێوەیەکی سیاسی دژی ئەو کەسانە بەکاربهێنن کە وەک رابەر یان مەترسی دەیانبینن، ئەگەر خەڵکی بێتاوان بەم شێوەیە سزا بدرێن، ئەگەر ئەمە وەک چەک بەکاربهێنرێت، ئەوا لەسێدارەدان دەبێتە چەکێکی زۆر مەترسیدار، بۆیە نابێت سزایەکی لەم شێوەیە هەبێت، بەڵام من لەو باوەڕەدام هەندێک کەس شایستەی لەسێدارەدانن، بۆ نموونە، ئەگەر کەسێک مرۆڤێکی بێتاوان، منداڵێکی بێتاوان بەبێ هۆ، بۆ بەرژەوەندیی خۆی بکوژێت، بەڕای من دەبێت سزاکەی لەسێدارەدان بێت.
 
رووداو: ئەو فۆرمولەیەی ئێوە بۆ کوردانی رۆژهەڵات پێشنیازی دەکەن چییە، بەڕای ئێوە باشە کورد لە ئێران ستاتۆیەکی هەبێت؟
 
زەکەریا یاپیجیئۆغڵو: بەڕاستی ئێمە هەر لە سەرەتاوە لەسەر پرسی کورد ئەمە دەڵێین، ئێستا لە هەموو ناوچەکە، واتە ئەو ناوچانەی کورد لێی دەژین، وەک هەرێمی کوردستانی عێراق یان پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە ژمارەیەکی زۆری کوردیان تێدایە، هەلومەرجی هەموو شوێنێک جیاوازە، بۆ نموونە، لەوانەیە لە شوێنێک فیدراڵیش بەس نەبێت و خەڵکەکەی باسی سەربەخۆیی بکەن، ئێوەش بیرتان بێت، لە هەرێمی کوردستانی عێراق ریفراندۆمێک کرا، لە خەڵک پرسیرا، ئایا سەربەخۆیی ڕابگەیەنین یان نا، زۆرینەیەکی گەورە لایەنگری سەربەخۆیی بوون، ئێستا ئەو شوێنەی کە لە رووی ستاتۆی کوردەوە لە هەموو شوێنێک پێشکەوتووترە، کوێیە؟ هەرێمی کوردستانی عێراق، پێکهاتەیەکی فیدراڵییان هەیە، پەرلەمانیان هەیە، سەرۆکیان هەیە، سەرۆک وەزیرانیان هەیە، حکومەتیان هەیە، پێشمەرگە لەوێ ئاسایش دەپارێزێت، بەڵام سەرەڕای ئەوەش، بەهۆی ئەوەی لەلایەن حکومەتی ناوەندیی بەغداوە هەندێک ماف کە لە دەستووری عێراقدا دیاریکراون پێشێلکران یان جێبەجێ نەکراون، لەسەر هەندێک ماددەی دەستووری عێراق ناڕەزایەتی دروست بوو، لەوێ رفراندۆمێک کرا، ئەو کاتە ئێمە گوتــــمان، لەوانەیە ئێمە هەندێک پێشنیازمان هەبێت بەڵام مافی ئەوەمان نییە دەستوەربدەینە کاروباری ناوخۆییان، کوردانی هەرێمی کوردستانی عێراق دۆخی خۆیان باشتر دەزانن، دەبێت هەمووان رێز لە هەر بڕیارێک بگرن کە دەیدەن، ئەوەی دەکەوێتە سەر شانی ئێمە ئەمەیە، ئەگەر لە بواری دابینکردنی ئارامی و ئاشتیدا بەرپرسیارێتییەک بکەوێتە سەر شانی ئێمە، دەتوانین بەرپرسیارێتیی خۆمان جێبەجێ بکەین، بەڵام مافمان بە خۆمان نەدا کە خۆمان بخەینە شوێنی ئەوان و لەبری ئەوان بڕیار بدەین، بۆ کوردانی ئێرانیش هەر وایە، کوردانی ئێران لە ئێمە باشتر دەزانن چۆن دەتوانن بە شێوەیەکی برایانە و لە ئارامیدا بژین، یان بە گشتی گەلی ئێران، دەبێت ئەو کەسانەی لەوێن بڕیار بدەن باشترین دۆخ بۆ ئەوان چییە، دەبێت مرۆڤ بەڕاستی ئارامیی ئەوێ لەبەرچاو بگرێت و ئاگاداری هەندێک حیساباتی ئیمپریالیستیش بێت.
 
رووداو: چاوەڕێم وەڵامێکی روونتر وەربگرم، ئێستا زۆرێک لە پارتە سیاسییەکانی کورد رایدەگەیەنن کە پێویستە رژێمێکی ئازادیخواز لە ئێران هەبێت، ئەگەر هەموو پارتە کوردییەکان لەسەر ئەم داواکارییە یەکبگرن، بۆچوونی ئێوە چی دەبێت؟ ئایا پەیوەندییەکانتان لەگەڵ ئێران رێگە دەدات ئێوە پشتگیریی ئەم داواکارییە بکەن؟
 
زەکەریا یاپیجیئۆغڵو: ئایا بەڕاستی بەرەو ئەو خاڵە دەچێت؟ بەڵێ، ئێمە بەڕاستی هەندێک شتمان لە راگەیاندنەکانەوە بەدواداچوون بۆ کردووە، هەندێک بانگەواز لەلایەن حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانەوە کراوە کە دەبێت رژێم بڕووخێت، من خۆم زانیارییەکی وردم نییە دەربارەی پەیوەندیی رژێم لەگەڵ کوردانی ئەوێ، بەتایبەتی لەگەڵ ئەو پارتانە، واتە بە ئەندازەیەک کە بتوانم شیکاری بکەم، لەسەر بابەتەکە نەوەستاوم، بەڵام ئەگەر کوردانی ئەوێ بە لایەنی کەمەوە بە یەکگرتوویی شتێکی وا بڵێن، ئەوا دەبێت مرۆڤ بچێت و ببینێت لەوێ چی روودەدات.
 
رووداو: دەمەوێت بێمە سەر پرۆسەی چارەسەری، بە داوای باخچەلی پرۆسەیەک دەستیپێکردووە و بەردەوامە، ئێوە وەک هودا-پار لە کوێی ئەم پرۆسەیەدان؟
 
زەکەریا یاپیجیئۆغڵو: ئێستا، لەو کاتەوەی ئەم پرۆسەیە دەستی پێکردووە، ئێمە بەردەوام شتێکمان دووبارە دەکردەوە، تەنانەت پێش دەستپێکردنیشی، ده‌مانگوت چەک و تووندوتیژی ناتوانن ببنە رێگەیەک بۆ بەدەستهێنانی ماف، نابێت ببن و دەبێت بە دڵنیاییەوە وازی لێبهێنرێت، وا تێدەگەین کە ئەم پرۆسەیە ماوەیەکی درێژە لە نێوان دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی (میت) و پەکەکەدا بەڕێوەچووە و دوای گەیشتن بە ئاستێکی دیاریکراو، لەلایەن بەڕێز باخچەلییەوە راگەیەندراوە، لە رۆژی کردنەوەی پەرلەماندا شتێکی گوت، دواتر لە 22ی تشرینی یەکەم گوتی "ئەگەر ڕایدەگەیەنن کە رێکخراوەکە هەڵوەشاوەتەوە و سەردەمی چەک کۆتایی هاتووە، با بێتە پەرلەمان و لە گرووپی دەم پارتیدا قسە بکات، " ئەو ئاستەکەی زۆر بەرزکردەوە، ئێمەش سەبارەت بەمە گوتمان بەڵێ، دەبێت بە دڵنیاییەوە ئەمە رووبدات، بەڵام شتێکی دیکەشمان گوت؛ وەک چۆن پێشتر کرابوو، نابێت ئەو دوو پرسە تێکەڵ بکرێن، ئەو دوو پرسە چین؟ یەکێکیان پرسی تووندوتیژی و بوونی پەکەکەیە، ئەوی دیکەشیان پرسی کوردە.
 
رووداو: ئایا دەسەڵات و هاوبەشەکانی لەم بارەیەوە رای ئێوە وەردەگرن؟ ئەگەر وەریدەگرن، چ پێشنیازێکیان دەکەن؟
 
زەکەریا یاپیجیئۆغڵو: بەڵێ، بوونی پەکەکە لە بنەڕەتدا کێشەیەکە، ئەو ڕێبازانەی بەکاریدەهێنێت، ئەو زمانەی بەکاریدەهێنێت کێشەیەکە، دەبێت واز لەمە بهێنرێت، لەوانەیە لایەنێکی کێشەکە لایەنی تووندوتیژی بێت، بەڵام پرسی کورد تەنیا تووندوتیژی نییە، ئێمە بەردەوام دەپرسین، تەنانەت لە بەرنامەی پارتەکەشماندا نووسیومانە، واتە ئەگەر پرسی کورد تەنیا وەک کێشەیەکی تووندوتیژی، کێشەیەکی ئەمنی، یان وەک دواکەوتوویی ئابووریی ناوچەکە سەیر بکرێت، ئەم کێشەیە چارەسەر نابێت، کێشەکە لایەنی سیاسی، کۆمەڵایەتی، دەروونی و تەنانەت نێودەوڵەتیشی هەبوو، بۆیە ئێمە دەڵێین دەبێت ئەم کێشەیە بە هەموو لایەنەکانییەوە سەیر بکرێت و بەپێی ئەوە هەنگاوی چارەسەری بنرێت، ئەمڕۆش ئەگەر هەردوو پرسەکە تێکەڵ بکرێن، یان یەکێکیان وەک مەرجی ئەوی دیکە دابنرێت، مەترسیی گیریخواردنی ئەم پرۆسەیە هەیە، دواجار، دە ساڵ لەمەوبەر پرۆسەیەکی لەم شێوەیە بەڕێوەچوو،  "ئێوە ئەو هەنگاوە بنێن، ئێمە دواتر ئەم هەنگاوە دەنێین، ئێوە بینێن، ئێمە دەینێین، " پرۆسەیەک کە پێکەوە گرێدرابوون و وەک مەرج و رێگر بۆ یەکتر دانرابوون، مەحکووم بوو بە گیریخواردن و گیریشی خوارد، ئێستا ئێمە دەڵێین مەکەونە هەمان هەڵەوە، ئێمە بانگەوازمان لێکردن و گوتمان، بەڵێ دەبێت حکومەت هەنگاو بنێت، بەڵێ دەبێت دەوڵەت هەندێک هەنگاو بنێت، بەڵام هەنگاو بنێت یان نەیبنێت، تۆ دەبێت دەست لەو چەکە هەڵبگریت، برام، چەک رێگەی بەدەستهێنانی ماف نییە و تۆ لە هەمان کاتدا دەبیتەر لەبەردەم چارەسەرکردنی ئەم پرسەدا، بەڵام لە لایەکی دیکەوە، بە حکومەتیشمان گوت، ئەمە پرسی یاسا و مافە، من پەکەکەیی نیم و چەکیشم بەدەستەوە نییە، بەڵام ئەگەر تۆ بۆ پێدانی مافێک کە من دەمەوێت، شتێک لە دەرەوەی ئیرادەی من داوا بکەیت، بۆ نموونە ئەگەر ئەمە بەستیتەوە بە وازهێنانی پەکەکە لە چەک، مافێکی وات نییە، من ناتوانم چەکی دەستی پەکەکە دابنێم، نە دەتوانم قسەی خۆمی پێ بسەلمێنم، نە دەتوانم بە زۆر لێی بسەنم، ئێستا زۆر کەس هەن کە لە پەکەکەوە زیانیان بەرکەوتووە، بە شێوەیەکی جددی قوربانیی پەکەکەن، داواکارییرڕەوا و لۆژیکییان هەیە، ئێوە بۆچی ئەم داواکارییانە بە مەرجی چەکدانانی پەکەکەوە گرێ دەدەن؟
 
رووداو: ئایا دەسەڵات و هاوبەشەکانی لەم بارەیەوە رای ئێوە وەردەگرن؟ ئەگەر وەریدەگرن، چ پێشنیازێکیان دەکەن؟
 
زەکەریا یاپیجیئۆغڵو: ئێمە دیدار ئەنجام دەدەین، ئەو شتانەی باسم کردن، دەیڵێین، دەڵێین کە 10 ساڵ لەمەوبەر پرۆسەیەک بەڕێوەچووە، ئەو کاتە ئاگادارکردنەوەکانمان گوێیان لێ نەگیرا، ئێستا هەمان هەڵەکان مەکەنەوە، ئێمە ئەمە دەڵێین و بێگومان سەبارەت بەو هەنگاوانەش کە دەبێت بنرێن، هەر لە بەرنامەی پارتەکەماندا زۆر شت نووسراون، ئێوە دەزانن کە ئێمە رووبەڕووی زۆر هێرش بووینەوە، لەسەرووی هەموویانەوە لەلایەن جەهەپەوە. 
 
رووداو: ئێوە دەڵێن لە چوارچێوەی "مافی برایەتی"دا دەبێت چارەیەک هەبێت، بەڵام ئەمە گوتنێکی کەمێک ناڕوونە، ئێوە بە شێوەیەکی کۆنکرێتی چی پێشنیاز دەکەن، لە چوارچێوەی گۆڕینی دەستووردا فیدراسیۆن، خۆبەڕێوەبەری، یان ئۆتۆنۆمی، ئەو مۆدێلەی ئێوە پێشنیازی دەکەن چییە؟ یان سیستمی ئێستا؟
 
زەکەریا یاپیجیئۆغڵو: ئێستا ئێمە هەمیشە ئەم شتەمان گوتووە، بەڵێ هەمووان دەڵێن ئێمە براین، ئێمەش دەڵێین، بەڵێ ئێمە براین، بەڵام نابێت تەنیا بە ئەدەبیاتی برایەتی تێر بین، تا ئێستا ئەدەبیاتی برایەتی زۆر کراوە، بەڵام دەبێت مافی برایەتی جێبەجێ بکرێت، دەبێت ئەم مافە پێکبێت، ئەو مافە چییە؟ چی هی تۆ بێت، با هی براکەشت بێت، کاتێک پرسیاریان کرد، کورد چی دەوێت؟ من گوتم، کورد دەیەوێت یەکسان بێت، کەس ناڵێت کورد کرێچییە، پەنابەرە، یان کۆچبەرە، کاتێک تورکەکان هاتنە ئێرە، کورد هەر لێرە بوون.
 
 
رووداو: بە شێوەیەکی کۆنکرێتی، ئەو 'مافی برایەتی'یە دەبێت لە دەستووردا چۆن روونبکرێتەوە؟
 
زەکەریا یاپیجیئۆغڵو: لە پرسی دەستووردا ئێمە دەڵێین کە دەبێت بەشی پێشەکیی دەستوور کورت و روون بێت، دەبێت لە جەختکردنەوەی ئیتنیکی پاکبکرێتەوە، دەبێت لە تەواوی دەستووردا بە تووندی خۆ لە جەختکردنەوەی ئیتنیکی بپارێزرێت، پێناسەی هاووڵاتیبوونیش یەکێکە لەوانە، ئێمە دەڵێین، دەبێت دەستوورێک هەبێت کە بە تەواوی لە پاراستنی وەسی و لەو ئایدۆلۆژیایە پاککرابێتەوە، دەبێت دەستوورێکی مەدەنی بێت، ئێستا ئەگەر ئێوە بتوانن هاوسۆزی بکەن، ئەگەر خۆتان لەگەڵ ئەو کەسەی پێی دەڵێن برام، بە یەکسان ببینن، دەبێت لەڕووی مافیشەوە یەکسانی هەبێت، نابێت کەس بەهۆی ناسنامەی نەتەوەیی، مەزهەبی و تەنانەت باوەڕیشیەوە پەراوێز بخرێت و ستەمی لێبکرێت، واتە نە دووربخرێتەوە و نە بپارێزرێت.
 
رووداو: وەک سیاسەتمەدارێکی کورد، ئەگەر چی لە دەستووردا هەبێت، ئێوە هەست بە 'یەکسانی' دەکەن؟
 
زەکەریا یاپیجیئۆغڵو: من هەر هەمان شت دەڵێم، ئێمە دەڵێین کە دەبێت لە جەختکردنەوەی ئیتنیکی پاکبکرێتەوە، ئێمە گوتومانە کە کورد توخمی سەرەکی و دامەزرێنەری ئەم وڵاتەیە، ئێمە ئەمەمان لە بەرنامەی پارتەکەشماندا نووسیوە، واتە لەو رۆژەوەی هاتووینەتە گۆڕەپانی سیاسییەوە، ئەمە دووبارە دەکەینەوە، ئەمڕۆ ئەگەر سەرۆکی گشتیی پارتێکی وەک پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە)، واتە ئەو کەسەی لە لوتکەی پارتێکدایە کە ناونیشانی نەتەوەپەرستیی تورکییە لە تورکیا، بڵێت کە کوردیش توخمی سەرەکی و دامەزرێنەری ئەم وڵاتەیە، ئەمە شتێکی بەنرخ و گرنگە، ئەگەر گەیشتووینەتە ئەو قۆناغە، ئینشائەڵا لەمەودوا کەس بەهۆی جیاوازییەکانمانەوە کەس پەراوێز ناخات و نایپارێزێت.
 
رووداو: وەک پارتێک کە لەناو هاوپەیمانیی جمهووردان، چاوەڕێی چین؟ ئایا پەروەردە بە زمانی دایک دێتە رۆژەڤەوە؟
 
زەکەریا یاپیجیئۆغڵو: بەڕای ئێمە دەبێت بە دڵنیاییەوە هەبێت، بە دڵنیاییەوە دەبێت هەبێت، پەروەردە بە زمانی دایک نەک تەنیا بۆ کورد، بەڵکو بۆ هەمووان مافێکی بنەڕەتییە، جا دەڵێن، باشە ئایا بۆ پەروەردە بە زمانی دایک کادر هەیە؟ ئێوە دەتوانن کادر ئامادە بکەن، ئەو کاتە ئێمە گوتــــمان، باشە هەر سبەی دەست بە پەروەردە بە زمانی دایک بکەن، لە قوتابخانەکاندا پەروەردەی کوردی هەبێت، بەڵێ لەوانەیە ئەمە ئێستا مومکین نەبێت، بۆ پەروەردەکردنی ئەو کادرانە، ئەو مامۆستایانە، سەرەتا ئێوە لە زانکۆکاندا ئەو بەشانە دەکەنەوە، واتە بۆ پەروەردەکردنی ئەو مامۆستایانەی کە وانەی بیرکاری یان زیندەزانی یان زانستە کۆمەڵایەتییەکان دەڵێنەوە، دەبێت کوردی زۆر باش بزانن یان سەبارەت بە چۆنیەتیی پێدانی ئەو پەروەردەیە بە کوردی، راهێنانیان پێبکرێت، من لەمە تێدەگەم، بەڵام ئێوە وەک ئیرادە دیاری بکەن و بڵێن من ئەمە وەک مافێک دەناسم، دەست بە ئامادەکارییەکانیش دەکەم، ئێمە پلانمان داناوە و ئامانجمان ئەوەیە کە دوای 5 ساڵ، ئەو کەسانەی بییانەوێت بتوانن بە زمانی دایک پەروەردە وەربگرن، ئەمە ئەم وڵاتە ئاسوودە دەکات، ئەگەر زمانی فەرمی تورکی بێت، با هەمووان فێری بن، هەر هەمووان فێر دەبن، بەڵام پەروەردە بە زمانی دایک ئەم وڵاتە پارچە ناکات، بەڕای من ئەمە ئەو کارتە لە دەستی ئەو کەسانە دەردەهێنێت کە هەوڵدەدەن توخمە جیاوازەکانی ئەم وڵاتە دژی یەکتر هان بدەن و بە نیازی خراپ دەیانکەنە دوژمنی یەکتر.
 
رووداو: ئەگەر هاتوو ئەو پرۆسەیەی نێوان پەکەکە و دەوڵەت گەیشتە شوێنێک و وەک ئەگەرێک دèm پارتیش لە هاوپەیمانیی جمهووردا جێی گرت، ئێوە وەک دوو پارتی کە کیمیاتان یەکتر ناگرێت، چی دەکەن؟
 
زەکەریا یاپیجیئۆغڵو: گوتی چەک دادەنێت، ئینشائەڵا پێکدێت.
 
رووداو: ئێوە یەکێکن لە هاوبەشەکانی هاوپەیمانیی جمهوور، پەکەکە باسی چەکدانانی کرد بەڵام پرۆسەکە وەک ئەوەی وەستابێت وایە، ئایا لەناوەوە چی دەگوزەرێت و چی باس دەکرێت؟
 
زەکەریا یاپیجیئۆغڵو: بەقەدەرەی من دەیبینم، دۆخەکە ئەمەیە: دەوڵەت چاودێریی پرۆسەکە دەکات، ئایا ئەو شتەی دەگوترێت بەڕاستی روودەدات یان نا؟ واتە بڕیارێک دراوە بەڵام ئایا ئەم بڕیارە دەکەوێتە بواری کردارەوە یان نا؟ دەوڵەت سەیری ئەوە دەکات، دەوڵەت سەیری ئەوە دەکات کە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە بە شێوەیەک بێت کە نایانەوێت وا دەربکەوێت ئەو هەنگاوانەی دەنرێن بەو مەرجەوە بەستراونەتەوە و بوونەتە بابەتی مامەڵە، بۆ ئەوەی وا دەرنەکەوێت، ئەوان چاوەڕێن، دەڵێن هیوادارین لە ماوەی دوو-سێ مانگی داهاتوودا ئەمە لە کرداردا ببینین، ئینشائەڵا پێکدێت و بەڕاستی چەک دادەنرێت، لەناو لێدوانەکانی ئەو کەسانەشدا کە بە ناوی حکومەت یان دەوڵەتەوە لێدوان دەدەن، ئەمە دیارە، ئەوان هیوادارن لەم مانگانەی هاویندا، دواکەوێت بۆ تەممووز یان ئاب، بە هەنگاوی بەرچاو ئەو چەکانە دابنرێن، بەڵام ئێمە ئەمە دەڵێین، هەر لە سەرەتاوە دەڵێین، باشە ئەمە بابەتی مامەڵە نییە، نابێت هەردووکیان پێکەوە تێکەڵ بکرێن، نابێت لە بابەتی مامەڵەدا بەکاربهێنرێت، چونکە شتێک ئەگەر مافێکی بنەڕەتی بێت، نابێتە بابەتی مامەڵە و بە مەرجیشەوە نابەسترێتەوە، ئێمە دەڵێین دەبێت بە دڵنیاییەوە ئەو هەنگاوانە بنرێن، هیوادارین و دەمانەوێت چەکدانان رووبدات، بەڵام تاوەکو روونادات، دەبێت ئەو هەنگاوانەی پێویستن بەبێ گرێدانی بەو مەرجەوە، بە دڵنیاییەوە بنرێن.
 
رووداو: ئەگەر هاتوو ئەو پرۆسەیەی نێوان پەکەکە و دەوڵەت گەیشتە شوێنێک و وەک ئەگەرێک دەم پارتیش لە هاوپەیمانیی جمهووردا جێی گرت، ئێوە وەک دوو پارتی کە کیمیاتان یەکتر ناگرێت، چی دەکەن؟
 
زەکەریا یاپیجیئۆغڵو: بێگومان کاتێک دەم پارتی دێت، نایەت لە هودا-پار بپرسێت، یان کاتێک ئاکپارتی بانگهێشتیان دەکاتە ناو چەتری هاوپەیمانیی جمهوور، دیسانەوە بەند نییە بە مەرجی قبووڵکردنی ئێمەوە، لە ئەنجامدا، ئێمە دەڵێین دەبێت لە نێوان هەموو پارتە سیاسییەکاندا دیالۆگ هەبێت، بێگومان لەوانەیە جیاوازیمان هەبێت، زۆر خاڵ هەن کە ئێمە و ئاکپارتیش جیاواز بیردەکەینەوە، زۆر خاڵ هەن کە ئێمە و مەهەپەش جیاوازین، بەڵام لە کۆتاییدا ئێمە پێکەوە لە هەمان یەکێتیدا لەژێر چەتری هاوپەیمانیی جمهووردا چووینە هەڵبژاردنەکان، ئێستا ئەوانەی رەخنەی زۆر تووندیان لە یەکتر دەگرت، یان ئەوانەی بە تووندی رەخنەیان لەوە دەگرت کە ئێمە لە مەلەزگرت لە تەنیشت بەڕێز باخچەلییەوەین، بینیتان لە 1ی تشرینی یەکەم چی روویدا؟ ئێستا بۆ نموونە لە سەردانەکانی پیرۆزبایی جەژندا، مەهەپە و دەم پارتی چوونە لای یەکتر بۆ پیرۆزبایی، چی روویدا؟ واتە ئێستا مەهەپە لەڕووی ئایدۆلۆژییەوە لە دەم پارتی نزیک بووەوە، یان دەم پارتی بوو بە مەهەپەیی؟ کامیان؟ بەڕای من هیچ کامیان.
 
رووداو: ئۆجەلان کاتێک گوتبووی "هودا-پار مەهەپەی کوردانە... "
 
زەکەریا یاپیجیئۆغڵو: من قسەکانی ئۆجەلان زۆر بە جددی وەرناگرم، کاتێک ئێمە هودا-پارمان دامەزراند، وەک ئەوەی ئۆجەلان باش ئێمە بناسێت و وەک ئەوەی هاوڕێی سەربازیی یەک بین، گوتبووی "پارەی ئەوانە نییە بچنە چێشتخانە نان بخۆن، چۆن پارتیان دامەزراند؟" لەبەرئەوە هەندێکجار وا قسە دەکات، هەندێکجاریش زۆر تێناگەیت چی دەڵێت، تەنانەت بۆ ئەوەی تێی نەگەیت زۆر هەوڵ دەدات.
 
رووداو: لە ساڵانی 90دا زۆر شت روویاندا لە سەردەمی حزبوڵڵادا، بۆچوونێکی بەرفراوان هەیە کە ئێوە وەک هودا-پار تا ئێستا هیچ پێداچوونەوەیەک یان لێپرسینەوەیەکی ناوخۆیتان لەو بارەیەوە نەکردووە، بۆچی؟
 
زەکەریا یاپیجیئۆغڵو: هودا-پار لە ساڵی 2012 دامەزراوە، هیچ شتێک نییە کە رەخنەی خۆی لەسەر ساڵانی 90 بدات، بێگومان من وەک موسڵمانێک هەموو رۆژێک حیساباتی خۆم دەکەم، من هەموو رۆژێک، هەموو ئێوارەیەک کاتێک دەچمەوە ماڵەوە، دەڵێم ئەمڕۆ چی روویدا، چیم کرد، چیم راست کرد، چیم هەڵە کرد، دەبێت هەموو مرۆڤێک لەناو ئەم حیساباتەدا بێت، ئەمە شتێکی جیاوازە، بەڵام ئەوەی ئەوان هەوڵی بۆ دەدەن شتێکی نیەتپاکانە نییە، بەردەوام هەمان پرسیار دێننە بەردەممان، ئەمەش شتێکی نیەتپاکانە نییە، ئەوان دەیانەوێت ئێمە تەنیا بەم بابەتانەوە هەمیشە لە دۆخی بەرگریدا بین، باسی ئەوە نەکەین کە ئێمە لەسەر کێشەکانی وڵات چی دەڵێین، بیروبۆچوونەکانمان چین، چارەسەرییەکانمان چین، قەت باسیان نەکرێت، نەزانرێن و گفتوگۆیان لەسەر نەکرێت. 
 
رووداو: زۆر مەلای کوردیش کوژران، یەکێکیان مەلا عیزەدین بوو کە زۆر ناسراو بوو، ئەگەر ئێوە بۆ ئەو سەردەمە پێداچوونەوەیەکتان بکردایە، ئایا رێگەی گەیشتن بە زۆر لایەنتان بۆ نەدەکراوە؟
 
زەکەریا یاپیجیئۆغڵو: لە لایەکی دیکەوە باس لەوە دەکرێت کە خوێنی 90 هەزار کەس راوە، بۆ نموونە لە بەرگرییەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا دەگوترێت 15 هەزار گەنجی کورد لە دۆڵی بیقاع بە ئیدیعای خیانەتی ناوخۆیی وەک سزا کوژراون، بەڵام ئێستا سەیری دەکەیت کاتێک لێدوانێک دەدات و دەڵێت سەردەمی چەک کۆتایی هاتووە، لە هەمان کاتدا دەڵێت "بەرپرسیارێتی من نییە، " دەڵێ ئەوە شتەکانێک بوون کە سۆسیالیزمی ریال پێی گوتین یان ئاڵۆزییەکانی ئەو کاتە، کەشی تووندوتیژی پێویستی پێیان بوو، ئەم شتانە روویانداوە و ئێوەش چاوی لێبپۆشن، یان ئەوانەی چەپڵە بۆ ئەم قسانە لێدەدەن، ئێستا بە ئێمە دەڵێن، با هودا-پار رەخنەی خۆی لەسەر رووداوەکانی پێش دامەزراندنی خۆی بدات، رەخنە لە کاتەکە گیراوە، لە کام کات؟ لەسەر چی رەخنەیان گرتووە؟ بۆ نموونە بابەتی مەلا عیزەدین چییە و چی روویدا؟ ئەو رووداوە چی بوو؟ کێ مەلا عیزەدینی دا؟ ئەگەر دەیانەوێت ئێمە هەڵوێستێک وەربگرین وەک ئەوەی بەرپرسیاری شتێک بین کە بە تەواوی روون نییە و ئێمە تاوانبار بکەن، نەخێر برا، ئێمە نایەینە ناو ئەم یارییەوە، با کەس بە بەتاڵی هەوڵ نەدات تۆپ بەرەو ئەو ئاوانە بهاوێت، ئەمە مەلەکردنە دژی رەوتی ئاو، ئێمە ناکەوینە ئەو تەڵانەوە.
 
رووداو: ئەی سەبارەت بە رۆژئاوا و هەڵوێستان چییە؟
 
زەکەریا یاپیجیئۆغڵو: سەبارەت بە رۆژئاوا، عەفرین، یان ناوچەکانی دیکەی سووریا، سەدان لێدوانی ئێمە هەن، بەڵام بەداخەوە ئێمە زۆر بەم شتانەوە سەرقاڵ دەبین، ئێمە شتێک دەڵێین، دوای سێ رۆژ، دوای هەفتەیەک، دوای مانگێک هەندێک کەس دەڵێن بۆچی لەو بارەیەوە لێدوانتان نەداوە؟ ئێمە لێدوانمان داوە، بەڵام ئەگەر تۆ نەیبینیبێت من چی بکەم؟ ئێستا هەندێک کەس ئەمەش بەراورد دەکەن، سەیری بکەن، ئەو شتانەی لە غەززە روودەدەن لەگەڵ هیچ شتێکی دیکە لە هیچ شوێنێکی جیهان بەراورد ناکرێن، بۆ نموونە دەڵێن فڵانە شوێن لەژێر داگیرکاریدایە، فەلەستین لەژێر داگیرکاریدایە، ئەی ئێرە، ئەو شوێنەی تۆ تێیدا دەژیت، کوردستان لەژێر داگیرکاریدا نییە؟ کوردستان لەژێر داگیرکاریی کێدایە؟ لە رۆژئاوا شەڕ روویدا، بەراوردکردنی شەڕەکانی رۆژئاوا بە جینۆسایدی غەززە، سووکایەتییە بە دادپەروەری، شتی وا نابێت، دەڵێن ئێوە بۆ غەززە خۆپیشاندانتان کرد، بەڵام بۆ رۆژئاوا نەتانکرد، ئەوانەی دەڵێن ئێوە بۆ رۆژئاوا شتێکتان نەکردووە، یاسین بۆرو و هاوڕێکانیان بە دڕندانەترین شێوە شەهید کرد، کە یاسین و هاوڕێکانی گۆشتی قوربانییان دەبرد بۆ رۆژئاوا تا ئەو کەسانەی لە ستەمی ئەوێ هەڵاتوون، برسی نەمێنن، ئێستا ئەوانە هاتوون بە ئێمە دەڵێن ئێوە بۆ رۆژئاوا چیتان کرد؟ جگە لە قسەکردن چیتان کرد؟ ئێوە تەنیا قسەتان کرد، ئێمە دەستی ئەوانمان گرت، ئێمەش قسەمان کرد، ئێمەش گوتــــمان ئەو کارانەی کراون، جینۆسایدن، ستەمن، بەڵام ئێمە تەنیا بە قسەکردن نەوەستاین، بە شێوەی کرداریش هەوڵماندا دەستی براکانمانی ئەوێ بگرین، بەڵام لەوانەیە ئێمە بەقەدەر ئەوان ڕیکلاممان بۆ نەکردبێت، ئەوان هیچ شتێکیان نەکرد، تەنیا قسەیان کرد و هەمیشە بە ئێمە دەڵێن ئێوە هیچتان نەکرد، بەڵام ئێستا بەراوردکردنی هەردووکیان شتێک نییە کە ویژدانی من، مرۆڤایەتی من قبووڵی بکات، ئێوە چۆن شتەکانی رۆژئاوا یان شتەکانی ئامەد بە شتەکانی غەززە بەراورد دەکەن؟
 
رووداو: پێشنیازی ئێوە بۆ رۆژئاوا چییە؟ ئەگەر بۆ کۆنفرانسی قامیشلۆ بانگهێشت بکرانایە، بەشداریتان دەکرد؟ هەروەها لەوێوە داوای ئۆتۆنۆمی دەرچوو، بۆچوونی ئێوە چییە؟
 
زەکەریا یاپیجیئۆغڵو: پێشتریش گوتم، خەڵکی هەر شوێنێک هەلومەرجی ئەوێ، دۆخی خۆیان باشتر دەزانن، ئێمە رێز لەو بڕیارانەیان دەگرین کە سەبارەت بە دۆخی خۆیان داویانە، بێگومان لەوانەیە پێشنیازمان هەبێت، بەڵام مافی بڕیاردان لەبری ئەوان بە مافی خۆمان نازانین، ئێمە وا دەڵێین، سەیری بکەن، ئەو کاتە هەندێک کەس ئێمەیان وەک "برای دوژمن" پێناسە کرد، بەڵام ئێمە هەمان ئاگادارکردنەوەمان دایە پەیەدش، گوتمان سەیری بکەن، ئێستا ئەمریکا چەکتان پێدەدات، ئاراستەتان دەکات، ئەمریکا وەک دۆستی خۆتان سەیر مەکەن، سەیری بکەن، ئەمریکا بۆ ئەوەی تورکیا بهێنێتە سەر خەتی خۆی، ئێوە دژی تورکیا وەک گۆچانێک بەکاردەهێنێت، ئەگەر رۆژێک تورکیا و ئەمریکا رێکبکەون، ئێوە وەک پارەی وردە خەرج دەکات، ئاگاداری ئەمە بن، بۆ نموونە لە رۆژئاوا کاتێک پێکهاتەی خۆبەڕێوەبەری لەوێ دروست بوو، منداڵی خەڵکیان دەبرد و بەپێی چی پەروەردەیان دەکردن؟ ئایدۆلۆژیای خۆیان تێدا دەچاندن، منداڵی موسڵمانیان دەبرد، دەیکردنە بێباوەڕ (ئاتێیست)، ئەمە ستەمە، ئێستا لەوێ چی دەبێت؟ دەبێت خەڵکی ئەوێ، خەڵکی سووریا بزانن کە دۆخی ئەوێ بەپێی رێککەوتنی ئەمریکا و تورکیا شێوە دەگرێت.
 
رووداو: لە کۆتاییدا لەوێ بەڕێوەبەرایەتییەکی کوردی هەیە، لەگەڵ کۆنفرانسی قامیشلۆدا ئەنەکەسەش چووە ناویەوە... 
 
زەکەریا یاپیجیئۆغڵو: ئایا بەڕێوەبەرایەتیی کوردی یان بەڕێوەبەرایەتیی پەیەدە؟ نازانم، کات دیاری دەکات، پێشتریش کاتێک رووداوەکانی ئەوێ دەستیان پێکرد، دیسان ئەنەکەسە هەبوو، دامەزرا، دیدار کرا، لە دهۆک هاتنە لای یەک، وانییە؟ دواتر چی روویدا؟ دواتر کاتێک هێز کەوتە دەستی یەکێک، چی بوو؟ کردارێک هەیە، پێشتر شتێکم گوت، کاتێک باسی پرسی کورد دەکەیت، بەڵێ، داهاتوو لەسەر رابردوو بنیاد مەنێن، بەڵام رابردوو ش لەبیر مەکەن، ئەگەر رابردوو لەبیر بکەن، ئەو شتانەی لە رابردوو دا ژیراون، دەتوانن لە داهاتوودا دووبارە ببنەوە، شتانێک هەن کە لە رابردوو دا ژیراون، پێشمەرگەکانیر چوون بۆ کوێ، لە کوێ مانەوە، بۆچی نەیانتوانی بگەڕێنەوە؟ بۆ نموونە؟ سەرۆکی هەندێک پارتی ئەوێ بە تیرۆر کوژران، هەندێک بۆ دەرەوەی وڵات دوورخرانەوە، کاتێک دوورخراوەکان دەیانەوێت بگەڕێنەوە، رێگرییان لێدەکرێت، ئەمانە راستییە ژیراوەکانن، ئینشائەڵا لەمەودوا دووبارە نابنەوە، ئێستا بە گشتی خەڵکی ئەوێ سەبارەت بە داهاتووی خۆیان بڕیار دەدەن، ئەوان چییان ویست؟ کام مۆدێلی بەڕێوەبردنیان ویست؟ دەبێت ئەوان خۆیان بڕیار بدەن، بەڵام دەبێت بە ئازادی بڕیار بدەن، نەک بە سەپاندنی کەسێک لەژێر سێبەری چەکدا.
 
رووداو: بەتایبەتی بۆ ئەوەی تورکیا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا پەیوەندی دابنێت و ئەو شوێنە ببێتە ژینگەیەک بۆ هەمووان، هیچ دانوستاندنێکتان لەگەڵ دەسەڵاتدا کردووە؟
 
زەکەریا یاپیجیئۆغڵو: ئێمە نەک تەنیا ئێستا، لە رابردوو شدا گوتوومانە، کوردانی ئەوێ مەزڵوومن، لە سەردەمی بەشار ئەسەددا ناسنامەی بەشێکی گرنگیان نەبوو، مافی موڵکدارییان نەبوو، مافی پەروەردەیان کەم بوو، هەموو شتێکیان کەم بوو، مامەڵەی مرۆیی ڕاستیان لەگەڵ نەدەکرا و بەشێکی گرنگیشیان وەک بێگانە ناودەبران و بەپێی ئەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا، ئێمە بە تورکیامان گوت، گوتمان هەم پەیوەندیی مێژووییتان هەیە و هەم بە ملیۆنان هاووڵاتیی کوردی ئێوە لە تورکیا هەن و نزیکەی هەموو کوردانی ئەوێ خزمان و کەسوکاری ئێرەن، سنوورێک کێشراوە کە ئەم سنوورە، سنوورێکە بە ئیرادەی خەڵکی ئێرە نەکێشراوە، وا بووە کە باوک لە لایەک ماوەتەوە، کوڕ لە لایەکی تر، دایک لە لایەک، کچ لە لایەکی تر، کەپر لە لایەک، مریشک لە لایەکی تر، مانگا لە لایەک، گوێرەکە لە لایەکی تر، ستەمی وا کراوە، بۆیە نیوەی خێزانەکە لە لایەکە و نیوەکەی تری لە لایەکی تر، ئەم راستییە ببینن و بەپێی ئەوە دەستی برایەتی بۆ خەڵکی ئەوێ درێژ بکەن، بزانن کە ئەوان براکانتانن، تەنانەت ئێوە وەک وڵاتێکی بەهێزی ناوچەکە، دەتوانن داڵدەیان بدەن، نەک تەنیا کوردانی سووریا، بۆ هەرێمی کوردستان-عێراقیش، تەنانەت براکانمانی ئەوێ لە دیداراندا ئەمەیان هێنایە زمان، دەڵێن: "دوو بۆریمان هەیە، یەکێکیان بۆریی هەناسەدانە و ئەوی دیکەیان بۆریی خۆراکە و هەردووکیان بە تورکیادا تێدەپەڕن، "ئێمەش لە کاتی خۆیدا بە حکومەتی تورکیامان گوت: "لەبری ئەوەی متمانە بە حکومەتی بەغدا و تاران بکەین، دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەنقەرە پەرەپێبدەین و متمانەیان پێبکەین، " نیشانی بدەن کە ئێوەی برای ئەوانن، پێداویستیی ئەو براکانتان جێبەجێ بکەن، ئێوە زیانی لێناکەن، ئێمە هەر هەمان شت دەڵێین، بەهۆی ئەم بەرنامەی ئێوەوە، جارێکی دیکە ئەمەمان دووبارە کردەوە، ئینشائەڵا ئەمە دەبێت، واتە دەبێت بازنەی مرۆڤایەتی فراوان بێت، دەبێت برایەتی بەهێز بێت، نابێت کەس هەوڵ بدات ستەم لە کەس بکات چونکە هێزی پێی دەگات، چونکە ئەو ستەمە لە کۆتاییدا بە شێوەیەک دەئاڵێتە پێی ستەمکار.
 
رووداو: ئۆجەلانیش فۆرمولەیەکی برایەتیی عەرەب-فارس-تورک و کوردی پێشنیاز کردووە تاوەکو هەمووان پێکەوە بژین؟
 
زەکەریا یاپیجیئۆغڵو: ئایا وایە؟ نازانم.
 
رووداو: گوتارەکەی وایە؟
 
زەکەریا یاپیجیئۆغڵو: لە گوتاریشدا وایە، بەڵێ، گوتاریش وایە، ئیکۆلۆژی، ئازادیخوازیی ژن، سۆسیالیزمی دیموکراتیک، واتە عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەڵێت، "بەڕاستی من مارکسم تێپەڕاند، چیتر من ئایدۆلۆژی نوێی ئێوەم، لە ئایدۆلۆژیای مندا هەموو دنیا ئارامی دەبینێت، ئێوە تازە من دەناسن، من ئارامی بۆ هەموو دنیا دێنم، لەبەرئەوە رۆحی ئاپۆیی باش بناسن، لێی تێبگەن و جێبەجێی بکەن،رزگاریتان لەوەدایە، " ئەمە لە ئێمەوە زۆر دوورە، بەقەدەر رەش و سپی لێکدوورین.
 
رووداو: ئێوە بۆ عێراق، ئێران، سووریا و تورکیا چی پێشنیاز دەکەن، سیستمە هەنووکەییەکان؟
 
زەکەریا یاپیجیئۆغڵو: نەخێر، تەنیا پاراستنی دۆخی ئێستا نییە، ئێمە دەڵێین هیچ سیستم و مۆدێلێک تابۆ نییە، بۆ نموونە، تا 150 ساڵ لەمەوبەر پاشایەتی وەک باشترین سیستم سەیر دەکرا، وانییە؟ ئێستا چی بووە، کەس لایەنگری پاشایەتی نییە، تەنانەت هەمووان لە پاشایەتییەکان گلەییان هەیە، مۆدێلێک کە بۆ ماوەیەک زۆر باش دیارە، لەوانەیە لە هەلومەرجی ئەو کاتەدا پاشایەتی باشترین بووبێت، من بەقەدەر ئەو خەڵکەی لەو سەردەمەدا ژیاون نازانم، چونکە من لەو کاتەدا نەژیاوم، لەوانەیە دوای ماوەیەک پێداویستییەکانی سەردەم بگۆڕێن، مرۆڤ بیر لە شتی نوێ دەکاتەوە، شتی نوێ پێشنیاز دەکات، هەر کاتێک باسی دەستوور دەکەین، دەڵێین با دەستوور بەستوو نەبێت، لەوانەیە ئەمڕۆ ئەم سیستمە بەلای ئێوەوە زۆر باش بێت، لەوانەیە بێکەموکوڕیش دیار بێت، بەڵام لە کۆتاییدا شتێکە کە قسەی مرۆڤە، هەرچەندە بێکەموکوڕیش دیار بێت، بە تێپەڕبوونی کات کۆن دەبێت، بۆیە لەوانەیە سیستمەکانیش کۆن ببن و ماندوو بن، ناوی رژێم کۆماری بێت یان لە ناوەکەیدا دیموکراتیک بێت، مانای ئەوە نییە کە دیموکراتیکە، یان بوونی پاشایەتی لە شوێنێک مانای ئەوە نییە کە سیستمێکی خراپی رەهایە، توانیم روونی بکەمەوە؟ بۆیە لەوانەیە بۆ شوێنێک ناوچەیەکی خۆبەڕێوەبەر گونجاو بێت، لە هەندێک شوێن پێکهاتەیەکی فیدراڵی هەبێت، لەوانەیە لە هەندێک شوێن فیدراڵیزمی کۆمپانیاهەبێت وەک ئەوەی لە بەلجیکا هەیە.
 
رووداو: لەناو هودا-پاردا بێگومان سیاسەتمەداری ژن هەن، بەڵام ئایا ژنان لەناو ئێوەدا لە شوێنێکی نادیاردا نین؟
 
زەکەریا یاپیجیئۆغڵو: نەخێر، ئەندامی ژنی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی گشتیمان هەیە، جێگری سەرۆکی گشتیمان هەیە، کاندیدی پەرلەمانمان هەبوون، کاندیدی شارەوانیمان هەبوون، کاندیدی ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانیمان هەبوون، بەڵام لای ئێمە کەس مافی نییە بڵێت ئەوەندە کۆتا دەبێت، ئێمە کارێک نادەین بە کەس تەنیا لەبەرئەوەی ژنە، یان پاشەکشە ناکەین لە پێدانی کارێک بە کەس تەنیا لەبەرئەوەی ژنە، "تۆ ژنیت، ناتوانیت لە بەڕێوەبەرایەتی پارتدا قسە بکەیت، ناتوانیت ئەرک وەربگریت،" هەڵوێستێکی وامان نییە، بەڵام "تۆ ژنیت، ئەوەتا ئەوەندە کەموکوڕیمان هەیە، وەرە هەرچەندە ناتوانیت ئەم کارە بکەیت، تەنیا لەبەرئەوەی ژنیت، وەرە لێرە لە ڤیترینییەکەدا بوەستە، " ئێمە واش ناڵێین و واش ناکەین.
 
رووداو: بەتایبەتی دوای ئەوەی چوونە ناو هاوپەیمانیی جمهوور، لە باکوور هەندێک دەرفەتی بیرۆکراسیتان بۆ رەخساوە، بۆ چینی کرێکاران و هەژاران، سیاسەتی ئابووریی ئێوە چییە؟
 
زەکەریا یاپیجیئۆغڵو: کرێکار کرێکارە، هەژاریش هەژارە، ئێمە کورد، تورک، عەرەب و لاز، چەرکەس لە یەکتر جیا ناکەینەوە، لە کۆتاییدا ئێمە دەڵێین دەبێت حەقدەستی ماندووبوون بدرێت، دەڵێین دەبێت پێش ئەوەی ئارەقی کرێکار وشک بێتەوە، حەقدەستەکەی بە تەواوی بدرێت، بەداخەوە لە سیستمی ئێستادا، سیستم هەمیشە دژی کەم دەرامەت و هەژاران کار دەکات، بۆ نموونە، ئێمە وا دەڵێین، ساڵانێکە دەڵێین، وەرگرتنی باج لە کەسێک کە مووچەکەی کەمە، شتێکی راست نییە، جگە لەوەش، ئێوە دوو جار باج لە کەسانی کەم دەرامەت وەردەگرن، خەڵک ئەو شتانەی قازانجی دەکەن، خەرجی دەکەن، جارێکی تر باج دەدەن، ئەو کەسەی کەمترین مووچە وەردەگرێت، کاتێک قازانج دەکات باج نادات، بەڵام کاتێک خەرجی دەکات، باج دەدات، ئێمە دەڵێین با ئەوەی زۆر قازانج دەکات زۆر بدات، ئەوەی کەم قازانج دەکات کەم بدات، تەنانەت ئەوانەی هەر ناتوانن باج بدەن، با هەر نەیدەن، ئێمە سوورین لەسەر ئەمە، لەناو سیستمی ئێستادا، لەناو ئەم سیستمی سەرمایەدارییەدا، ساڵانە نزیکەی 60 ملیار دۆلار سوود (فائیز) دەدرێت، بۆ قەرزی دەرەکی، بۆ قەرزی ناوخۆیش دیسان تەنیا لە چارەکی یەکەمدا، ئەگەر هەڵە نەبم، زیاتر لە 300 ملیارمان لە ماوەی 3 مانگدا وەک سوودی قەرزی ناوخۆیی داوە، ئەم پارەیە لە کوێوە دێت؟ ئەمە ئارەقی ئەو کرێکارانە یان کاسبکاران، جووتیارانە، ئێستا ئەمانە وەردەگرن و دەیدەن بە کێ؟ دەیدەن بە گەورەکانی پارە، ئەوانەی هیچ شتێک ناکەن، پارەکانیان دەخەنە ناو سوودەوە، بەبێ ئەوەی هیچ بەشدارییەک لە ئابووریی وڵات، وەبەرهێنان، یان بەرهەمهێناندا بکەن، قەیماخەکە وەردەگرن و دەیبەن، لە نهۆمی خوارەوە کرێکار دەمێنێتەوە، ئەویش لە تێرکردنی سکی خۆیدا زەحمەتی دەکێشێت.
 
رووداو: ئێوە لە دێرسیم کاندیدێکتان دیاریکرد و زۆر بووە رۆژەڤ، لە شارە کوردییەکاندا زۆر پێکهاتەی دیکەش دەژین، سیاسەتی ئێوە بۆ پێکهاتەکانی دیکە چییە؟
 
زەکەریا یاپیجیئۆغڵو: ئامانجی ئێمە مرۆڤە، هەر مرۆڤێک، باوەڕ و ناسنامەی نەتەوەیی چی بێت، شتگەلێکمان هەیە کە بۆ هەمووان دەیڵێین و بەڵێنی دادپەروەری و ئارامی بە هەمووان دەدەین، ئەوەتا ئێمە دەڵێین دۆزی ئێمە ئازادییە و ئازادی بەم شێوەیە پێناسە دەکەین؛ ئازادی، نەبوونی کۆیلایەتییە بۆ هیچ کەسێک جگە لە خودا، ئازادی، نەکردنی کەسە بە کۆیلەی کەسێکی تر، بە پێچەوانەشەوە، دەبێت کەس سەروەری بەسەر کەسدا نەسەپێنێت، ئێمە هەموومان براین، هەموومان یەکسانین، وەک ددانەکانی شانە، خودا هەموومانی وەک مرۆڤ دروست کردووە، باوکمان یەکە، ئەویش لە خاکە، با کەس لە سەرەوە سەیری کەس نەکات، کەس سەروەری بەسەر کەسدا نەسەپێنێت، باوەڕی هەموو کەسێک بۆ خۆیەتی، هەموو کەسێک حیسابی کردە و نەکردەکانی باوەڕەکەی، جێبەجێکردنی پێویستییەکانی باوەڕەکەی، دەداتە خودا کاتێک دەچێتە ئەو دنیا، ئێمە لێرە ئەوان دادگایی نەکەین، دووریان نەخەینەوە، ئەگەر من دەڵێم ئەوەی من باوەڕم پێیەتی راستە، تەنیا بە جێبەجێکردنی کردارێکی راست بانگهێشتیان دەکەم، من تەنیا دەڵێم، هەر ئەوەندە، ئێمە دەڵێین با کەس زۆر لە کەس نەکات، باوەڕی چی دەبێت با ببێت، ئەویش ئامانجی منە و من کاندیدی بەڕێوەبردنیم و کاتێک دێمە سەر دەسەڵات، من بەرپرسیارم لە خزمەتکردنی ئەویش، بەبێ هیچ جیاوازییەک، تۆ وەک من باوەڕ ناکەیت، تۆ بە هەمان زمانی من قسە ناکەیت، رەنگی پێستت لە هی من جیاوازترە یان تۆخترە، لەبەرئەوە من هیچ مرۆڤێک پەراوێز ناخەم...
 
رووداو: کاریگەری لەسەر خزمەتکردن ناکات؟
 
زەکەریا یاپیجیئۆغڵو: قەت کاریگەری ناکات، تەنیا پەیوەندی بە خزمەتەوە هەیە، لە یاسادا هەمووان یەکسانن، مامەڵەی یەکسان لەگەڵ هەموواندا بکە، 
 
رووداو: وەک پرسیاری کۆتایی... دەزانین پەیوەندییەکانتان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان باشە، بۆ رۆژانی داهاتوو، بۆچوون و پەیامی ئێوە بۆ هەرێمی کوردستان چییە؟
 
زەکەریا یاپیجیئۆغڵو: لەم ماوەیەدا ئێمە چووین و بەشداریمان لە فۆڕەمی هەولێردا کرد، لەوێ هەندێک دیدارمان هەبوون، هەم لەگەڵ پارتی، هەم لەگەڵ یەکێتی، هەم لەگەڵ هەندێک لایەنی سیاسیی دیکە، تەنانەت هەندێک گرووپی کوردی سووریاش، هەم بە شێوەی تاکەکەسی و هەم بە شاند دیدارمان هەبوون، ئینشائەڵا بۆ هەر شوێنێک دەچین، تەنیا بۆ ئەوەیە خێر و ئارامی هەبێت، وەک گوتم، بەبێ ئەوەی بچینە ناو کاری کەسەوە و لەبری ئەو بڕیار بدەین، کاتێک رای ئێمە دەپرسرێت، چی خێر، چی ئارامی، چی برایەتی، چی یەکێتی و چی هاوئاهەنگی هەبێت، ئێمە ئەوە دەڵێین، ئەوەی ئێمە دەیزانین ئەوەیە، زانینی ئێمە لەمە پێکدێت، ئێمە دوژمنایەتی نازانین، یارمەتیدان لەسەر چاکە و تەقوا، پێشبڕکێ لە خێردا ئامانجی ئێمەیە و ئەمەش بەو لایەنانە دەڵێین کە سەردانیان دەکەین، بە براکانمانی ئەوێمان گوت، ئەگەر بەشداریی ئەرێنیتان بۆ ئەو پرۆسەیەی لە تورکیا بەڕێوەدەچێت هەبێت، خواستی ئێوە لەسەر سەر و سەر چاومان، ئەگەر شتێک هەبێت ئێمە بۆتانی بکەین، ئێمەش وەک براکانتان، ئەوەی لە ئێمەتان ویست، ئەگەر لە توانای ئێمەدا بێت و لە چوارچێوەی رەوایەتیدا بێت، ئینشائەڵڵا هەوڵ و بەشداریی خۆمان دەخەینەڕوو.
 
رووداو: زۆر سوپاس.
 
زەکەریا یاپیجیئۆغڵو: من سوپاس دەکەم، دیسان هیوادارم ئەم بەرنامەیە ببێتە مایەی خێر.