سەرۆکوەزیرانی هەرێمی تورینگنی ئەڵمانیا بۆ رووداو: ئەڵمانیا وەکو پێویست پشتیوانی لە کورد نەکردووە

رووداو دیجیتاڵ 

بۆدۆ رامێلۆڤ، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی تورینگنی ئەڵمانیا، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو ئاماژە بە گۆڕانکارییەکی گەورە دەکات لە تێڕوانینی وڵاتەکەی بۆ جەژنی نەورۆز و دۆزی کورد.
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی تورینگنی ئەڵمانیا باس لەوە دەکات کە نەورۆز لە فێستیڤاڵێکی سەر شەقام کە پێشتر لەژێر پاراستنی پۆلیس دا دەکرا، ئێستا گەیشتووەتە نێو دامودەزگا فەرمییەکانی ئەڵمانیا. رامێلۆڤ جەخت دەکاتەوە کە ئەم جەژنە تەنیا بۆنەیەکی بەهارە نییە، بەڵکو هێمایەکی بەهێزی خۆڕاگری و تێکشکاندنی دیکتاتۆرییەتە کە لە ناسنامەی کورد دا رەنگی داوەتەوە.
 
سەبارەت بە دۆخی ئەمنی و هێرشە مووشەکییەکانی سەر هەرێمی کوردستان، رامێلۆڤ رەخنە لە سستی هەڵوێستی نێودەوڵەتی دەگرێت و داوای پاراستنی زیاتری هێزی پێشمەرگە دەکات. ئەو پێی وایە پێشمەرگە تاکە هێز بوو کە توانی داعشی سەر زەوی تێکبشکێنێت، بۆیە نابێت لە کاتی "مەترسییەکان" دا بە تەنیا جێبمێنن.
 
سەرۆکوەزیرانی تورینگنی ئەڵمانیا داوا لە حکومەتی ئەڵمانیا دەکات کە وەک "هاوپەیمانێکی راستەقینە"، پابەندبوونێکی روونتری بەرامبەر بە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و ناوچە خۆبەڕێوەبەرییەکان هەبێت.
 
لە کۆتاییدا، رامیلۆڤ بە راشکاوی رایدەگەیێنێت کە ئەڵمانیا "وەک پێویست پشتیوانی لە کورد نەکردووە." ئەو ئاماژە بەوە دەدات کە هاودەنگیی راستەقینە تەنیا بە گوتار نابێت، بەڵکو دەبێت لە کرداردا رەنگ بداتەوە، بەتایبەت لە هاوکاریکردنی کورد بۆ چارەسەرکردنی پرسی چەکدارانی دەستگیرکراوی داعش. رامێلۆڤ داوا دەکات ئەڵمانیا و وڵاتانی رۆژئاوا بەرپرسیارێتییەکانی خۆیان هەڵبگرن و رێگە نەدەن کورد لە ناوەڕاستی تەنگژەکاندا بە تەنیا بمێنێتەوە.
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
 
رووداو: ئێستا دەبینن لە ئەڵمانیا تەنیا لەسەر شەقامەکان ئاهەنگی نەورۆز ناگێڕدرێت، بەڵکو ئێستا لە نێو دامودەزگاکانی ئەڵمانیادا نەورۆز پیرۆز دەکرێت، ئەمە بە رای ئێوە چی دەگەیێنێت؟
 
بۆدۆ رامێلۆڤ: بەڵێ، بۆ من ئەمە تەنیا پرۆسەیەکە کە تێیدا تێگەیشتم کوردبوون بە راستی بە واتای چی دێت. چونکە لە سەرەتادا - کە 30 ساڵ لەمەوبەر بوو - بۆ یەکەمجار پشتگیریم لە فێستیڤاڵی نەورۆز کرد، لەو کاتەشدا هێشتا بە تەواوی نەمدەزانی بابەتەکە لەسەر چییە. خوێندبوومەوە کە ئەوە فێستیڤاڵی بەهارە، منیش بە تووندی باوەڕم وابوو کە ئەو کەسانەی دەیانەوێت ئاهەنگی نەورۆز بگێڕن مافی خۆیانە و، دەبێت بتوانن بە ئاشکرا ئەو ئاهەنگە بگێڕن. ئەوکاتە ئەمە وەک شتێکی سەیر سەیر دەکرا. یەکەمین ئەزموونەکانم ئەوە بوون کە ئاهەنگەکان لەژێر پاراستنی پۆلیسدا دەکران و، لە تەنیشتیشەوە کەسانی دژبەر هەبوون کە بە شێوەیەکی زۆر ناخۆش لەسەر ئەمە قسەیان دەکرد. بۆیە ئەمڕۆ بۆ من زۆر گرنگە کە تاوەکو هاتووە زیاتر تێگەیشتووم کە ئەم جەژنە لەنێو ئەم هەزاران ساڵەدا ئەو هێزە دەبەخشێت کە مرۆڤ هەر جارە و لە نوێوە خۆی بسەلمێنێت، خۆی بپارێزێت و بەرگری لە خۆی بکات. لە کۆتاییدا باوەڕی بە ئاسنگەر هەبێت، کە مرۆڤ دەتوانێت بە چەکوشی ئاسنگەر دژی دیکتاتۆرەکان بوەستێتەوە.
 
رووداو: لە هێرشی مووشەکیی ئێراندا شەش پێشمەرگە شەهید بوون، ئەڵمانیا دەتوانێت چی بکات بۆ ئەوەی پێشمەرگە بپارێزێت، ئەو هێزەی کە داعشی بەزاند؟
 
بۆدۆ رامێلۆڤ: بابەتەکە ئەوەیە کە مرۆڤ بە ئاشکرا، لە ئاستی راگەیێندراوە سیاسییەکانی ئەڵمانیادا، ئەوە بڵێت کە دەبێت دەرفەتی پێشکەوتن بۆ رۆژئاوا و کۆبانێ هەبێت. ئێمە پشتگیریی ئەمە دەکەین و بە روونی بە بڕیاردەران دەڵێین کە خواستی ئێمە ئەوەیە هێز بدەینە ناوچە خۆبەڕێوەبەرییەکان تاوەکو بتوانن فرەڕەنگیی (پلۆرالیزم) خۆیان بژین. ئەو پێکهاتانەی کە بۆ ژیانی دیموکراتییانەی پێکەوەیی دروستکراون، بۆ من نموونەی ئەرێنین. ئەگەر مرۆڤ بیەوێت عێراق، سووریا و هیوادارم لە ئایندەیەکی نزیکیشدا ئێران لەنێو فرەڕەنگیدا بژین، ئەوکات دەبێت مرۆڤ سەرنج بداتە سەر ئەوەی کە بەهاییەکان لە ئێران، هەروەها کورد و هەروەها ئەو فارسانەی کە دەیانەوێت ژیانێکی ئاشتییانە بەڕێبکەن، لە کۆتاییدا لە ژێردەستەیی و لە مەترسیی کوژران رزگاریان ببێت. هەر کەسێک، بەتایبەتی هەر ژنێک، مافی بڕیاردانی هەیە کە دەیەوێت چۆن بژی.
 
رووداو: هەرێمی کوردستان لە عێراق بە فەرمی رایانگەیاند نامانەوێت ببینە بەشێک لەم شەڕە و دەمانەوێت هەمیشە رۆڵی ناوبژیوانی بگێڕین، بەڵام سەرباری ئەمە ئێران بە بەردەوامی هێرش دەکاتە سەر هەرێمی کوردستان، ئەڵمانیا دەتوانێت چۆن کورد بپارێزێت؟
بۆدۆ رامێلۆڤ: بەڵێ، دەبێت ئێمە دان بەوەدا بنێین کە ئەگەر پێشمەرگە نەبووایە، داعش سەرکەوتوو دەبوو. تاکە هێزی زەمینی کە توانییان رایانگرن، کورد بوون. بۆیە بۆ من زەحمەتە کاتێک دەبینم ئەمریکا هاوسۆزیی جاران بەرامبەر بە کورد نیشان نادات و لێیان دەکشێتەوە، پاشان رایدەگەیێنێت کە کورد بچنە ئێران و ئەو کارە بکەن کە ئەمریکا وەکو هاوسۆزیش نایانکات. نەخێر، نابێت بەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ پێشمەرگە و کورددا بکرێت. ئەمە قبووڵکراو نییە.
 
رووداو: ئەڵمانیا دەتوانێت چۆن هەرێمی کوردستان بپارێزێت، چونکە بیرمان نەچێت سوپای ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان هەن؟
بۆدۆ رامێلۆڤ: بەڵێ، لەم بابەتەدا دەبێت مرۆڤ بڵێت کە ئێمە هاوپەیمانین، نەک تەنیا ئەوەی قسەی لەسەر بکەین. پێویستە بڵێین کە ئەم هاوپەیمانییە بەو واتایە دێت کە ئێمە پێکەوە ستراتیژیی لەناوبردن و رووخاندن رەتدەکەینەوە و دەیکەینە بابەتی رۆژەڤی خۆمان. بۆیە پێویست بە پابەندبوونێکی روونی حکومەتی ئەڵمانیا بەرامبەر بە کورد هەیە.
 
رووداو: ئەم هێرشانەی بە بەردەوامی دەکرێنە سەر پێشمەرگە، چ کاریگەرییەکی لەسەر ناوچەکە دەبێت، هەندێک لە بەرپرسانی ئەڵمانی ترسی سەرهەڵدانەوەی داعشیان هەیە؟
 
بۆدۆ رامێلۆڤ: ئێمە ئەوەمان بینی کاتێک کورد چەکدارانی داعشیان لە گرتووخانە و کەمپەکاندا هێشتەوە. بە ساڵان کورد هەر جارەی دەیانگوت: 'ئەوان لێرەن، بیانبەنەوە بۆ وڵاتەکانی خۆتان، دادگاییان بکەن و لە دادگاکانی خۆتان سزایان بدەن.' بەڵام ئەوکاتە هەندێک کەس چاویان داخست و کوردیان بە تەنیا جێهێشت. بۆیە پرسیارەکە ئەمەیە: مرۆڤ چۆن دەتوانێت ئەو هێزانە رێکبخات و بەهێز بکات کە بە راستی شەڕی دژی داعش و تیرۆریستانی لەو شێوەیە دەکەن؟ ئەمە بەو واتایە دێت کە تەنیا یەک رێگە هەیە، ئەویش هاودەنگییە لەگەڵ شەڕڤانانی ئازادی و بەڕێوەبەرییە خۆسەرەکانی ناوچەکانی کوردستان.
 
رووداو: بە رای بەڕێزتان، ئەڵمانیا بەپێی پێویست پشتیوانی لە کورد کردووە؟
 
بۆدۆ رامێلۆڤ: نەخێر. بۆ ئەوەی روون بم: من داوای پشتگیرییەکی هێشتا زیاتر و روونتر دەکەم. مرۆڤ ناتوانێت لە قەراخەوە بوەستێت و بڵێت: 'دەی بڕۆن، بزانن چۆن لە دەستی تیرۆریستان رزگارتان دەبێت، بەڵام ئێمە نامانەوێت دەست بۆ ئەم بابەتە ببەین.' ئەمە هاودەنگی و پشتگیری نییە.