خاچی سوور: 30 هەزار دۆسیەی ونبووانمان لە سووریا هەیە و بەدوای چارەنووسیانەوەین
رووداو دیجیتاڵ
یاسەمین بەدیر، گوتەبێژی کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور (ICRC)، رایگەیاند کە رێکخراوەکەیان 30 هەزار دۆسیەی کراوەی ونبووانی لە سووریا هەیە، لە کۆی زیاتر لە 35 هەزار حاڵەتی تۆمارکراو لە ماوەی 14 ساڵی رابردوودا، کە زیاتر لە 3000 یان منداڵ بوون کاتی تۆمارکردن.
بەدیر کە لە بوڵتەنی نوورۆژی تۆڕی میدیایی رووداو ئەو قسانەی کرد، جەختی کردەوە کە دۆسیەی ونبووان لە پێشینەی کارەکانی ICRC دایە و ئەزموونێکی 150 ساڵەیان هەیە. هاوکات ئاماژەی بەوەدا کە لە رێگەی ئاژانسی ناوەندی بۆ ونبووان و تۆڕی پەیوەندییە خێزانییەکان، هەروەها بە هاوبەشی لەگەڵ مانگی سووری عەرەبی سووری و دامەزراوە ناوخۆییەکان وەک پزیشکی دادی و ناوەندی ناسینەوەی سووری، کاردەکەن بۆ پشتگیریکردنی خێزانەکان و دۆزینەوەی چارەنووسی ئازیزانیان.
خاچی سوور پێشوازی لە پێکهێنانی لیژنەی نیشتمانیی ونبووانی سووریا دەکات و ئامادەیی خۆی بۆ پێشکێشکردنی شارەزایی و پشتیوانی دەربڕیوە. سەرەڕای ئاڵۆزیی پرۆسەکە و ئاستەنگەکانی وەک کەمیی سەرچاوە و سەختیی گەیشتن بە زانیاری.
سەبارەت بە ئاستەنگەکان، جەختی لەوە کردەوە کە "پرۆسەی گەڕان بەدوای ونبوواندا زۆر ئاڵۆزە و پێویستی بە سەرچاوەی دارایی و شارەزایی تایبەتمەند هەیە، سەرەڕای بوونی سەختی لە گەیشتن بە تۆمارە فەرمییەکان و گۆڕە بە کۆمەڵە ئەگەرییەکان"، دووپاتیشی کردەوە کە کۆمیتەکە پابەندە بە بەردەوامبوون لە کارکردن لەگەڵ خێزانی ونبووان.
دەقی چاوپێکەوتنی رووداو لەگەڵ یاسەمین بەدیر، گوتەبێژی کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور (ICRC):
رووداو: کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور چ رۆڵێک دەگێڕێت لە چارەسەرکردنی پرسی ونبوواندا؟
یاسەمین بەدیر: یەکێک لە سەختترین و خراپترین برینەکانی جەنگ، ونبوونی پەیوەندییە لەگەڵ یەکێک لە ئەندامانی خێزان. ئەم ئازارە گەورە و مەینەتییە سەختەی کە خێزانی ونبووان پێیدا تێدەپەڕن، تەنانەت وشەکانیش ناتوانن وەسفی بکەن. کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور رێکخراوێکی مرۆییە و گرنگی بە کەمکردنەوەی ئازاری زیانلێکەوتووانی ململانێ و قەیرانە مرۆییەکان دەدات، هەر بۆیە دۆسیەی ونبووان لە پێشینەی کارەکانماندایەو لە سەرووی ئەولەوییەتەکانی کۆمیتەی نێودەوڵەتییەوەیە. ئێمە ئەزموونێکی دوورودرێژمان هەیە لەم بوارەدا بۆ ماوەی زیاتر لە 150 ساڵ، کۆمیتەی نێودەوڵەتی لەم دۆسیەیەدا بە هاوبەشی لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکەی بزووتنەوەی نێودەوڵەتی کاریکردووە. لە ماوەی چواردە ساڵی رابردوودا لە سووریا، ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ خێزانی ونبووان هەبووەو هەروەها گفتوگۆی بەردەواممان لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان لە سووریا هەبووە بۆ بەدواداچوونی دەرەنجامە مرۆییەکان و چارەسەرکردنی ئەم دەرەنجامە مرۆییانەی ئەم دۆسیە گرنگە. ئێمە لە سووریا ئەم خزمەتگوزارییانە پێشکەش دەکەین و دەیانخەینە روو بۆ لایەنەکان، هەماهەنگی و گفتوگۆ لەگەڵ هەموو دامەزراوە ناوخۆییەکان دەکەین و پشتگیری و بنیاتنانی تواناکانی دامەزراوە ناوخۆییەکان دەکەین کە لەم بوارەدا کار دەکەن، بۆ نموونە کەرتی پزیشکی دادی (دەستەی گشتیی پزیشکی دادی) لە سووریا و هەروەها ناوەندی ناسینەوەی سووری، کە رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە هەوڵدان بۆ ناسینەوەی روفات و دیاریکردنی ناسنامەی ونبووان.
رووداو: کۆمیتەکە چۆن بەشداری دەکات لە تۆمارکردنی حاڵەتەکانی ونبوون لە سووریا؟
یاسەمین بەدیر: بۆ کۆمیتەی نێودەوڵەتی، حاڵەتەکانی ونبوون هەمیشە وەک یەک مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، هەر جۆرە ونبوونێک بێت. هەنگاوی یەکەم ئەوەیە کە خێزانی ونبووان – هەرچییەک هۆکاری ئەم ونبوونە یان نەتوانینی پەیوەندیکردن بێت لەگەڵ یەکێک لە ئەندامانی خێزان - سەردانی کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور بکەن لە یەکێک لە نووسینگەکانمان لەناو سووریا یان نزیکترین ناوەندی مانگی سووری عەرەبی سووری. ئێمە ژمارە تەلەفۆنی تایبەتمان داناوە، کە لەسەر پەیجەکانمان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە بۆ ئاسانکاریی پەیوەندیکردنی خێزانەکان لەگەڵمان. دوای کردنەوەی دۆسیەکە، ئێمە لە پەیوەندی بەردەوامدا دەبین لەگەڵ خێزانەکان، نەک تەنها بۆ زانینی نوێترین زانیاری و پێشهاتەکان، بەڵکو بۆ زانینی پێداویستییەکانیان و هەوڵدان بۆ پشتیوانیکردنیان لەم گەشتە سەختەدا و لەپاڵ وەستانیان بەپێی پێداویستییەکانیان.
رووداو: چ میکانیزمێک پەیڕەو دەکرێت بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و پەیوەندیکردن لەگەڵ خێزانی ونبووان؟
یاسەمین بەدیر: کۆمیتەی نێودەوڵەتی لە رێگەی ئاژانسی ناوەندی بۆ ونبووان کار لەسەر دۆسیەی ونبووان دەکات، کە پێکهاتەیەکی هەمیشەیی و سەر بە کۆمیتەیە، هەروەها لە رێگەی تۆڕێکی جیهانیی ناوازە کە تۆڕی پەیوەندییە خێزانییەکانە. ئەم تۆڕە پێکدێت لە 191 کۆمەڵەی نیشتمانی، نوێنەرایەتییەکانی کۆمیتەی نێودەوڵەتی و هەروەها یەکێتیی نێودەوڵەتیی خاچی سوور و مانگی سوور، کە لە سەرانسەری جیهاندا بوونی هەیە و بڵاوبووەتەوە. ئێمەش لە رێگەی ئەم تۆڕەوە لە سووریا کار دەکەین، بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشمان، مانگی سووری عەرەبی سووری، هەوڵ دەدەین وەڵامی پرسیارەکان بدۆزینەوە سەبارەت بە چارەنووسی ونبووان و بەتایبەتی هەوڵ دەدەین پشتگیریی خێزانی ونبووان بکەین و لەم گەشتەدا لەپاڵیان بین.
رووداو: ئایا کەناڵی پەیوەندیتان لەگەڵ هەموو پارێزگا و ناوچەکانی سووریا هەیە؟
یاسەمین بەدیر: وەک باسم کرد، بەڵێ، ژمارەی تایبەتکراو هەن، کە ئەو خێزانانەی پەیوەندییان لەگەڵ یەکێک لە ئەندامانیان پچڕاوە، دەتوانن روو لە کۆمیتەی نێودەوڵەتی بکەن لە هەر شوێنێک بن لەناو سووریا. دەتوانن لە رێگەی ئەو ژمارانەی کە تەرخانمان کردوون پەیوەندی بکەن یان سەردانی نزیکترین ناوەندی مانگی سووری عەرەبی سووری بکەن. کەواتە بەڵێ، ئێمە نووسینگەمان لە چەندین پارێزگادا هەیە و هەر خێزانێک دەتوانێت پەیوەندیمان پێوە بکات و ئێمە هانی خێزانەکان دەدەین کە پەیوەندیمان پێوە بکەن.
رووداو: ژمارەی نووسینگەکانتان چەندە و لە کام پارێزگاکانن؟
یاسەمین بەدیر: تۆمارکردنی حاڵەتەکانی ونبووان لە رێگەی ئەو ژمارە تایبەتکراوانەوە دەبێت کە باسم کرد. ئێمە نووسینگەمان لە دیمەشق، حەسەکە و هەروەها حەلەب هەیە. وەک باسم کرد، لقی زۆری مانگی سووری عەرەبی سووریش هەن، کە دەتوانرێت حاڵەتەکان لە رێگەی ئەوانیشەوە تۆمار بکرێن.
رووداو: بەپێی داتاکانی ئێوە، ژمارەی ونبووان لە گشت سووریادا چەندە؟ رێژەی منداڵان و ژنان چەندە لەنێویاندا؟
یاسەمین بەدیر: لە ماوەی چواردە ساڵی رابردوودا، کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور زیاتر لە 35 هەزار حاڵەتی کەسانی ونبووی تۆمار کردووە و ئەمڕۆ 30 هەزار دۆسیەی کراوەمان هەیە بۆ حاڵەتەکانی ونبووان. کاتی تۆمارکردنی ئەم حاڵەتانە، زیاتر لە 3000 کەسیان منداڵ بوون. ئێمە دەزانین کە ژمارەی راستەقینەی ونبووان لە سووریا زۆر لەوە زیاترە. ئەمانە تەنیا ئەو خێزانانەن کە هاتوونەتە پێشەوە و پەیوەندییان بە کۆمیتەی نێودەوڵەتییەوە کردووە. لێرەدا دەمەوێت بڵێم کە ونبووان لە سووریا تەنیا ژمارە نین، لە پشت هەر کەسێکی ونبووەوە خێزانێکی تەواو و بنەماڵە و خۆشەویستان هەن، کە بە پەرۆشەوە چاوەڕێی وەڵامن. ئەم خێزانانە مافی ئەوەیان هەیە چارەنووسی ئازیزانیان بزانن و دەبێت پشتگیریی مەعنەوی و دەروونی و مادییان بۆ دابین بکرێت، چونکە بە بارودۆخێکی زۆر سەخت و ئازارێکی گەورەدا تێدەپەڕن، وەک لە سەرەتای چاوپێکەوتنەکەدا باسم کرد.
رووداو: رێگاکانی هاریکاری لەگەڵ دەستەی ونبووانی سووری کە باس لە پێکهێنانی دەکرێت لەم دواییانەدا، چین؟
یاسەمین بەدیر: هەر لە یەکەم ساتەکانی راگەیاندنی بڕیاری سەرۆکایەتیی سووریا بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی نیشتمانی بۆ ونبووان، کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور بە گەرمی پێشوازیی لەم بڕیارە کرد. ئێمە بە بڕیارێکی زۆر ئەرێنی و هەنگاوێکی یەکەمی دەزانین بەرەو رێگای دۆزینەوەی چارەسەر و وەڵام بۆ خێزانی ونبووان. ئەمڕۆ ئێمە خزمەتگوزارییەکانمان پێشکەش دەکەین و شارەزاییەکانمان دەخەینە روو بۆ دەسەڵاتداران و پابەندی خۆمان دەمێنینەوە بە پشتیوانیکردنی خێزانی ونبووان. هیوادارین ئەم لیژنە نیشتمانییە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان لە سووریا کۆبکاتەوە، لە سەرووی هەموویانەوە خێزانی ونبووان و دامەزراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی ناو سووریا، بۆ یەکخستنی هەوڵەکان، چونکە ئەرکەکە زۆر گەورەیە و پێویستی بەم کۆکردنەوە و هەماهەنگی و ئاڵوگۆڕی متمانەیە لەنێوان هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان و هەموو ئەو لایەنانەی کە ئەمڕۆ لە سووریا کار لەسەر ئەم دۆسیەیە دەکەن.
رووداو: سنوورەکانی هاوبەشکردنی داتا و زانیاری لەنێوان هەردوولادا چین، بە شێوەیەک کە نهێنی و مافەکان بپارێزرێت؟
یاسەمین بەدیر: بە شێوەیەکی گشتی و وەک یاسایەکی گشتی، کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور داتا و زانیاریی کەسیی ونبووان یان خێزانەکانیان هاوبەش ناکات یان ئاشکرای ناکات، مەگەر دوای وەرگرتنی رەزامەندییان و بە مەرجێک ئەمە بۆ مەبەست و ئامانجێکی مرۆیی روون و دیاریکراو بێت.
رووداو: دیارترین ئاستەنگەکان کە رووبەڕووی کاری کۆمیتە دەبنەوە لەم بوارەدا چین؟
یاسەمین بەدیر: پرۆسەی گەڕان بەدوای ونبوواندا پرۆسەیەکی زۆر ئاڵۆزە، پێویستی بە ئارامگرتن و کاتێکی زۆر و هەوڵێکی یەکجار زۆر هەیە. هەر بۆیە وەک لە سەرەتادا گوتم، ئەمە رۆڵێکی گەورەیە کە یەک رێکخراو ناتوانێت پێی هەستێت، بەڵکو یەکخستن و کۆکردنەوەی هەوڵەکان شتێکی زۆر گرنگە. هەروەها وەک باسم کرد، لەم گەشتە دوورودرێژەی گەڕاندا، خێزانی ونبووان پێویستیان بە پشتگیرییە و ئەمەش دەمانباتە سەر کێشە یان ئاستەنگی سەرچاوەکان. پێداویستییەکی زۆر بە سەرچاوەی دارایی، ماددی، شارەزایی، کارمەند و سیستەمی نوێ هەیە بۆ کارکردن لەسەر ئەم دۆسیە گرنگە. هەروەها ئەو سەختییانەش هەن، کە رووبەڕووی کەرتی پزیشکی دادی دەبنەوە لە سووریا، کە پێویستییەکی زۆری بە سەرچاوەی ماددی و کارمەندی مرۆیی راهێنراو و شارەزایی هەیە. ئێمە لە کۆمیتەی نێودەوڵەتی پابەندین بە یارمەتیدان و پشتیوانیکردنی ئەم کەرتە سوورییە، وەک باسم کرد، ئێمە پشتگیریی راستەوخۆ پێشکەش بە ناوەندی ناسینەوەی سووری دەکەین بۆ نموونە. هەروەها ئاستەنگەکانی پەیوەست بە تۆمارە فەرمییەکان و تۆمارە ژیانییەکان هەن، کە لەوانەیە زانیاریی زۆر گرنگیان تێدا بێت و ئەم زانیارییانە یارمەتیدەر بن لە گەیشتن بە ونبووان، وەک تۆماری نەخۆشخانەکان و تۆماری دەستگیرکراوان. هەندێک جار سەختی هەیە لە گەیشتن بەم بەڵگەنامانە و دەبێت لە تێکچوون یان زیان پارێزراو بن و لە شوێنێکی ئارامدا دابنرێن. هەروەها بابەتی گۆڕە ئەگەرییەکان و گۆڕە بەکۆمەڵەکان هەیە، کە روفاتی ونبووانی تێدایە، دەبێت تەرمەکان بە شێوەیەک دەربهێنرێن کە لەگەڵ پێوەرەکانی پزیشکی دادیدا بگونجێت و دەبێت ئەم گۆڕانە بپارێزرێن و رێگری لە دەستکاریکردنیان بکرێت. هەموو ئەم ئاستەنگانە ئەمڕۆ لەبەردەم دۆسیەیەکی گرنگدان، کە دۆسیەی ونبووانە، بەڵام ئێمە لە کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور جەخت دەکەینەوە، کە هێشتا کار لەسەر ئەم دۆسیەیە دەکەین، هێشتا لەپاڵ خێزانی ونبووانین، واز لە گەڕان ناهێنین هەتا ئێوە وازتان نەهێنابێت، ئێمە لەپاڵتانین. هەروەها ئەمڕۆ بیرتان دەهێنینەوە کە ئێمە ئەزموونی زیاتر لە ١٥٠ ساڵمان هەیەو سەرکەوتن و چیرۆکی سەرکەوتنی زۆر گەورەمان لە چوارچێوەی جیاوازدا بەدەستهێناوە، تەنانەت دوای تێپەڕبوونی دەیان ساڵیش، توانیمان چارەسەر بۆ خێزانەکان بدۆزینەوە.
رووداو: دەمەوێت پرسیارێکی کەسیت لێ بکەم، تۆ وەک خانمێک لە کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور بۆ ماوەی چەندین ساڵە لەسەر چیرۆک و حاڵەتەکانی ونبوون کار دەکەیت، کامانەن ئەو حاڵەتانەی زۆرترین کاریگەرییان لەسەرت هەبووە و لە بیرت ماونەتەوە؟
یاسەمین بەدیر: زۆر چیرۆکی کاریگەر هەن، کە لە هاوکارەکانمەوە بیستوومن کە لە دۆسیەی پەیوەندییە خێزانییەکان کار دەکەن، چیرۆکەکانی سەرکەوتن و هەڵبەت وەک باسم کرد، ئێمە ئاگاداری داتا کەسییەکان نابین، بەڵام باسی ئەو چیرۆکە سەرکەوتووانە دەکەم کە رادەگەیێندرێن، کاتێک سەرکەوتن لە کۆکردنەوەی خێزانێکدا بەدەست دێت دوای چەندین ساڵ لەم پەرتەوازەییە. یەکێک لەو شتانەی کە زۆرترین کاریگەریی لەسەرم هەبووەو هەمیشە لە بیرمە، ئەو بیرۆکەیەیە کە لە کاتی جەنگدا خێزانەکان دەتوانن لە چەند خولەکێکی کەمدا پەرتەوازە ببن، بەو مانایەی کە دایکێک دەکرێت لەگەڵ خێزانەکەی بێت و لە ماوەی چەند خولەکێکی کەمدا لەناو ئاژاوەی جەنگدا پەیوەندی لەگەڵ یەکێک لە منداڵەکانی لەدەست بدات، ئەمە شتێکی ترسناکە و هەمیشە لە بیرمە.