وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا: کورد هاوپەیمانێکی گرنگمانە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا دەڵێت، جەژنی نەورۆز لە ئەڵمانیا هێمایەکی گەورەی هیوایە. لەبارەی کوردەوە خەخت دەکاتەوە کە هاوپەیمانێکی گرنگی ئەڵمانیان.
کریستۆف دی ڤریس، وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا رایگەیاند: ئیرادەی کورد بۆ ئازادی و خۆڕاگرییان لەژێر مەرجە سەختەکان دا، هەمیشە جێگەی سەرنج بووە.
دی ڤریس دەڵێت، نەورۆز ئەو پەیامە دەبەخشێت کە دوای هەموو تاریکییەک رووناکی دێت، ئەمەش بۆ ئێستای ناوچەکە کە پڕە لە قەیران، زۆر گرنگە.
سەبارەت بە هەڕەشەکانی رژێمی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان، دی ڤریس بە راشکاوی رایدەگەیێنێت کە بە بوونی ئەم رژێمە، ئاشتی و ئارامی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەدی نایەت. ئەو داوا دەکات کۆتایی بەم رژێمە بهێنرێت تاوەکو هیوایەکی راستەقینە بۆ ئاشتی دروست ببێت. هەروەها ستایشی رۆڵی هێزی پێشمەرگە دەکات وەک هاوپەیمانێکی سەرەکیی رۆژئاوا کە توانییان داعش پاشەکشێ پێ بکەن و ببنە پارێزەری ئاسایش و بەها هاوبەشەکان.
لە کۆتایی دا، ئەو بەرپرسە ئەڵمانییە ئاماژە بە بوونی سوپای وڵاتەکەی لە هەولێر دەکات و جەخت دەکاتەوە کە ئەڵمانیا و کورد لە "هەمان بەلەم"دان و هاوبەشی بەهاکانی یەکترین. ئەو هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بە "کوێرانە" وەسف دەکات و رایدەگەیێنێت کە کورد هۆکاری سەرەکیی جووڵە دیموکراسییەکانی نێو ئێرانن. دی ڤریس هیوا دەخوازێت قوربانییەکانی کورد لەپێناو ئازادی و دیموکراسی دا بەفیڕۆ نەچن و ببنە سەرەتایەک بۆ گۆڕانکاریی ریشەیی لە ناوچەکەدا.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: سەرباری ئەو دۆخەی کە ئێستا لە جیهان و رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەیە، بە رێزتان ئاماژەتان بەوەدا کە چەند گرنگە کورد جەژنی نەورۆز لە دەزگا گرنگەکانی حکومەتی ئەڵمانیا بگێڕێت؟
کریستۆف دی ڤریس: وەک دەزانن من دۆستی کوردم، بۆیە بە ساڵانە نەورۆز لەگەڵ کۆمەڵگەی کوردی لە ئەڵمانیا و لەگەڵ کوردانی ناو ئەڵمانیا پیرۆز دەکەم. من ئەندامی "گرووپی پەرلەمانیی ژیانی کوردیم"، هەر لەبەر ئەوەش خۆم بە نزیک لە خواستەکانی کورد دەزانم. من باوەڕم وایە کە لەم کاتە سەختانەدا، کە ئێمە رووبەڕووی چەندین قەیران، شەڕ و هەڕەشە بووینەتەوە، زۆر گرنگە کە ئێمە هیوا و گەشبینیی خۆمان لە دەست نەدەین. نەورۆز ئەو بیرۆکەیە دەبەخشێت؛ کە دوای تاریکی رووناکی دێت و نابێت ئێمە دەستبەرداری هیوا ببین. ئیرادەی کورد بۆ ئازادی و هێزی بەرخۆدانیان لەژێر هەموو مەرج و بارودۆخێکی سەختدا، هەمیشە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر من هەبووە. لەم کاتانەدا ئەمە زۆر گرنگە.
رووداو: وەک بەڕێزتان ئاگادارن لە هێرشێکی مووشەکیی ئێران دا 36 پێشمەرگە شەهید و بریندار بوون، بە رای بەڕێزتان ئەڵمانیا چی دەکات بۆ پارێزگاری لەو هێزە کە داعشی بەزاند، ئێوە دەڵێن وەک دەوڵەتی ئەڵمانیا چیدی نابێت حکومەت تەماشاکەر بێت، ئەڵمانیا چۆن دەتوانێت پێشمەرگە بپارێزێت؟
کریستۆف دی ڤریس: ئێستا ئێمە دەبینین کە هەڕەشەکە لەسەر تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لەسەر کوردانی ئێران و عێراق و لەسەر تەواوی ناوچەکە چەندە گەورەیە. سەرەڕای هەموو گفتوگۆکان لەسەر یاسای نێودەوڵەتی، دەبێت شتێک روون بێت: بە بوونی ئەم رژێمەی ئێرانەوە، ئاشتی و ئارامی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەدی نایەت. لەبەر ئەوە، خواستی من ئەوەیە کە ئەم رژێمە لە کۆتایی دا بڕووخێنرێت تاوەکو هیوایەکی راستەقینە بۆ ئاشتی دروست ببێت. ئێمە دەزانین کە پێشمەرگەکانی عێراق لە شەڕی دژی داعشدا هاوپەیمانێکی گرنگی رۆژئاوا بوون، ئەوان توانییان داعش پاشەکشێ پێ بکەن. ئەوان وایان کرد کە داعش پاشەکشێ بکات و دڵنیاییان دا کە لە عێراق دا ئێمە هاوبەشێکی ئەمنی و بەهاکانمان هەیە کە دەتوانین پشتی پێ ببەستین. لەبەر ئەوە، گرنگە کە ئەم شەڕە کۆتایی بێت و لەگەڵیدا رژێمی ئێرانیش کۆتایی بێت.
رووداو: بە بۆچوونی بەڕێزتان بەردەوامیی هێرشەکان بۆ سەر پێشمەرگە، کە هێزێکی فەرمیی عێراقە و هاوبەشی سەرەکیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعشە، چ کاریگەرییەکی لەسەر ئاسایشی ناوچەکە دەبێت؟
کریستۆف دی ڤریس: من پێشتر گوتبووم کە بۆ ئێمە کورد لە عێراق هاوپەیمانێکی گرنگن. ئەوان بە ساڵان دڵنیاییان دا کە داعش نزیکی ئێمە نەبێتەوە. لە سووریا کەمپەکان چۆڵ کراون، ئێمە هیوادارین کە ئەوان نەگەنە ئەڵمانیا و نەبنە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ئێمە. بۆیە ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە هەمیشە پشتگیریی سیاسی بۆ کورد هەبێت، بەتایبەتی کاتێک کە رەوشەکە بۆ ئەوان قورس دەبێت. من خۆشم بە شێوەیەکی کەسی و سیاسی لە پێناو ئەمەدا تێدەکۆشم.
رووداو: هەرێمی کوردستان بە بەردەوامی رایگەیاندووە کە نایەوێت ببێتە بەشێک لەم شەڕە و دەیەوێت هەمیشە رۆڵی ناوبژیوانی بگێڕێت، ئەڵمانیا دەبێت چی بکات بۆ پاراستنی پێشمەرگە و ئێوە دەزانن هێزی ئەڵمانی لە هەرێمی کوردستان هەن، چۆن دەتوانن هاوبەشەکانتان بپارێزن؟
کریستۆف دی ڤریس: شتێک هەیە کە ئێمە و کورد و نوێنەرانی سوپای ئەڵمانیا (بوندسڤێر) لە هەولێر بە یەکەوە دەبەستێتەوە؛ ئێمە بەشێک نین لەم شەڕە. ئێمە ئەم شەڕەمان دەست پێ نەکردووە و بەشداریشی تێدا ناکەین. بەڵام ئێمە لە هەمان بەلەمدایین، ئێمە هاوبەشی بەهاکانین و ئێمە پێکەوە دەمانەوێت کە رژێمی ئێران کۆتایی بێت. ئەمە نیشانی دەدات کە رژێمی مەلاکانی ئێران چەندە بە شێوەیەکی کوێرانە هێرش دەکاتە سەر وڵاتانی دراوسێ و قوربانیبوونی خەڵکی بێتاوان قبووڵ دەکات. ئەمە مەترسییەکی گەورەیە. لە هەمان کاتدا، ئەمە دەرفەتێکی گەورەیە بۆ کوردانی ئێران کە ئۆتۆنۆمییەکی زیاتر بە دەست بهێنن و ئازادی لەو وڵاتەدا بڵاو بکەنەوە. کورد هۆکاری سەرەکیی خۆپیشاندانە گەورەکانی ئێران بوون. لە مانگی کانوونی دووەم دا لە ئێران دیسان چەندین قوربانی و شەهید هەبوون، کە کوردیشیان تێدابوو. هیوای من ئەوەیە کە ئەم قوربانییانە بەفیڕۆ نەچن و لە پاشەرۆژدا بگوترێت کە ئەوان لە پێناو ئامانجێکی راست، لە پێناو ئازادی و دیموکراسی لە ئێراندا شەڕیان کردووە.