سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمێکی ئەڵمانیا: جیهان قەرزاری کوردن

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی بادن ڤیتنبێرگی ئەڵمانیا دەڵێت، کورد لە شەڕی دژی داعش وەکو قارەمان سەیر دەکرا، جیهان قەرزاری کوردن. بەڵام کاتێک پێویستیان بە پشتگیری بوو، جیهان بە وردی سەیری دۆخی نەکردن. "ئەمە نیگەرانم دەکات."
 
موحتەرەم ئاراس، سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی بادن ڤیتنبێرگی ئەڵمانیا، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو جەخت لەسەر گرنگیی جەژنی نەورۆز دەکاتەوە "وەک هێمایەک بۆ ئیرادە و هیوایەکی نوێ لە بەرامبەر دۆخە سەختەکاندا."
 
ئەو بەرپرسە ئەڵمانییە ئاماژە بەوە دەدات کە پیرۆزکردنی نەورۆز لە دامودەزگا فەرمییەکانی ئەڵمانیا، گوزارشت لەوە دەکات کە کورد بەشێکی سەرەکی و هەمیشەیی کۆمەڵگەی ئەڵمانین و رۆڵێکی بەرچاو لە فرەڕەنگیی ئەو وڵاتەدا دەگێڕن.
 
سەبارەت بە مەترسییەکانی سەر هەرێمی کوردستان و هێرشە مووشەکییەکان، ئاراس نیگەرانیی خۆی دەردەبڕێت کە جیهان تەنیا لە کاتی تەنگژەکان و شەڕی دژی داعش دا کوردی وەک قارەمان بینیوە، بەڵام لە کاتی پێویستیدا وەک پێویست پشتگیریی نەکردوون.
 
سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی بادن ڤیتنبێرگی ئەڵمانیا هۆشداری دەدات کە "هەر جۆرە لاوازبوونێکی هێزی پێشمەرگە دەبێتە هۆی بەهێزبوونەوەی داعش، چونکە توندڕەوان دووژمنی سەرسەختی هەموو ئەو بەها مرۆیی و دیموکراسییانەن کە کورد نوێنەرایەتیی دەکات."
 
سەرۆکی پەرلەمانی بادن ڤیتنبێرگ داوا لە هەموو هێزە دیموکراتەکان دەکات کە هەڵوێستێکی روونیان بۆ پشتگیریکردنی کورد هەبێت و رێگە نەدەن کورد وەک ئامرازێکی سیاسی بەکاربهێنرێت.
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
 
رووداو: لە دۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بۆ کورد چەند گرنگە کە نەورۆز پیرۆز بکەن و بۆ بە رێزتان واتای نەورۆز چەند گرنگە؟
 
موحتەرەم ئاراس، سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی بادن ڤیتنبێرگ: جەژنی نەورۆز گرنگییەکی زۆر گەورەی هەەیە. ئێوە راست دەکەن، هەرچەندە ئێمە بە دۆخێکی زۆر سەختدا تێدەپەڕین، بەڵام نەورۆز بە واتای دەستپێکی نوێ، هیوای، هێز و گیانی بەرخۆدان دێت. لەبەر ئەوە زۆر گرنگە کە ئێمە لەم کاتە سەختانەدا کۆببینەوە و بڵێین: ئێوە ناتوانن ئیرادەی ئێمە بشکێنن. ئێمە رێگە نادەین کەس مافمان پێشێل بکات. ئێمە لە پشتی یەکدین. ئێمە نەورۆز کە دەستپێکی نوێ و هیوایە لەم کاتە سەختانەدا پیرۆز دەکەین.
لەبەر ئەوە ئەم ئاهەنگگێڕانە زۆر گرنگە و، من بە راستی زۆر دڵخۆشم کە ئەم پیرۆزباییە لە نوێنەرایەتیی هەرێمی بادن-ڤیورتمبێرگ بەڕێوە دەچێت. ئەمە نیشانەیەکی بەهێزە بۆ کۆمەڵگە کە کۆمەڵگەی ئەڵمانی کۆمەڵگەیەکی فرەڕەنگە و کورد بەشێکی بنەڕەتی و هەمیشەیی ئەم کۆمەڵگەیەن. ئەوان هەمیشە لە چوارچێوەی یاسا بنەڕەتییەکاندا دەجووڵێنەوە و لەبەر ئەوەش ئەم پیرۆزباییە لێرە زۆر واتادارە.
 
رووداو: وەک ئاگادارن لە هێرشێکی مووشەکیی ئێران دا 6 پێشمەرگە شەهید و 30یش بریندار بوون، بە بۆچوونی بەڕێزتان ئەڵمانیا چی دەکات بۆ پارێزگاری لەو هێزە کە رووبەڕووی داعش وەستایەوە؟
 
موحتەرەم ئاراس: جێگەی داخە لە رابردووشدا زۆر جار وا بووە؛ کورد هەمیشە لە پێناو ئازادی، مرۆڤایەتی و هاودەنگی دا شەڕی کردووە. کاتێک کە جیهان پێویستی پێیان بوو، بۆ نموونە لە شەڕی دژی داعشدا، ئەوان وەک قارەمان سەیر دەکران. بەڵام کاتێک کورد پێویستی بە پشتگیری هەبوو، جێگەی داخە جیهان هەمیشە بە وردی سەیری دۆخی ئەوانی نەکردووە. من بەمە زۆر خەمگینم.
لەبەر ئەوە، ئەگەر مرۆڤ بە راستی لایەنگری مرۆڤایەتی، هاودەنگی و مافی چارەی خۆنووسین بێت، نابێت ئازایەتی و هێزی ژنان و پیاوانی کورد لە بیر بکات. بۆیە ئەمڕۆ کورد پێویستی بە هەڵوێستێکی روونی هەموو دیموکراتەکان و هەموو ئەو مرۆڤانە هەیە کە لە پاڵ مرۆڤایەتی دا دەوەستن.
 
رووداو: بەردەوامیی هێرشەکان بۆ سەر هێزی پێشمەرگە چ کاریگەرییەکی دەبێت لەسەر ناوچەکە و بەهێزبوونەوەی داعش؟
 
موحتەرەم ئاراس: من باوەڕم وایە کە دەبێت ئێمە هەمیشە لە بیرمان نەچێت و، ئێمە قەرزداری کوردین بۆ ئەو قارەمانێتییەی کە نیشانیان داوە. لەبەر ئەوە پشتگیریکردنی کورد زۆر گرنگە. چونکە کاتێک کورد لاواز ببن، ئەمە بە واتای بەهێزبوونی داعش دێت. هیچ نزیکبوونەوەیەکی داعش لەگەڵ بەهاکانی ئێمەدا نییە؛ داعش رقی لە هەموو ئەو شتانە دەبێتەوە کە نوێنەرایەتیی کۆمەڵگەی ئازاد و کراوە دەکەن. لەبەر ئەوە، دەبێت لە بەرژەوەندیی هەمووماندا بێت کە ئێمە پشتگیریی کورد بکەین، تاوەکو داعش، توندڕەو و دووژمنانی دیموکراسی لاواز ببن.
 
رووداو: دەبێت ئەڵمانیا چ رۆڵێک بگێڕێت کە ئێستا هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەردەوامن، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان هەمیشە دەیەوێت رۆڵی نێوەندگیر ببینێت؟
 
موحتەرەم ئاراس: وەک ئێوە دەزانن، سیاسەتی دەرەوە لە چوارچێوەی ئەرکەکانی سیاسەتی هەرێمەکان دا نییە. بەڵام من وەک مرۆڤێک، وەک کوردێک و وەک دیموکراتێک دەتوانم بڵێم: دەبێت ئێمە هەموو هەوڵەکانی خۆمان بدەین تاوەکو هێزە دیموکراتییەکان بەهێز ببن و کورد بەکارنەهێنرێت (instrumentalized). کورد هەمیشە پشتگیریی ئازادی و مرۆڤایەتیی کردووە، لەبەر ئەوە دەبێت ئێمە پشتگیرییان بکەین و هێزەکانی وەک داعش بێهێز بکەین تاوەکو جارێکی دیکە بەهێز نەبنەوە.