ئیگۆر بۆسک: کەرتی بیناسازی لە عێراق و هەرێمی کوردستان پەکیکەوتووە


رووداو دیجیتاڵ

ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە؛ لە کاتێکدا شەڕ و ئاڵۆزییە هەرێمییەکان کاریگەریی راستەوخۆیان کردووەتە سەر بازاڕی کار، نوێترین راپۆرتی رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی (ILO) ئاماژە بە "شۆکێکی گەورە" دەکات کە بەر داهاتی گشتی و بژێوی هاووڵاتییان کەوتووە. بەپێی ئامارەکان، تەنیا لە یەک مانگدا هەناردەی نەوتی عێراق بە رێژەی 82% دابەزیوە، ئەمەش وایکردووە دەوڵەت تەنیا بتوانێت 20%ی خەرجیی مووچەی فەرمانبەرانی دابین بکات.
 
ئیگۆر بۆسک، نوێنەری رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو،  وردەکاریی ئەو توێژینەوانە دەخاتە روو کە لەسەر بازاڕی کار لە عێراق و هەرێمی کوردستان کردوویانە. بۆسک باس لەوە دەکات کە چۆن کەرتی "بیناسازی" وەک یەکەم زیانمەندی شەڕ پەکیکەوتووە، کە تێیدا هەزاران کرێکار بەهۆی نەبوونی تۆرێکی پاراستنی کۆمەڵایەتی و کارکردنی نافەرمی، کارەکانیان لەدەستداوە.
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، میوانەکەی رووداو تیشک دەخاتە سەر دۆخی تایبەتی هەرێمی کوردستان؛ لە لایەکەوە باس لە "خۆڕاگریی" هەرێم دەکات بەهۆی دەروازە سنوورییەکان و کێڵگەی گازی کۆرمۆر، لە لایەکی دیکەشەوە هۆشداری دەدات لە "ناسک و لەرزۆکیی" دۆخی دارایی 1.25 ملیۆن مووچەخۆر کە بەهۆی قەیرانی بودجە و شەڕەوە، بژێوییان کەوتووەتە مەترسییەوە.
 
ئیگۆر بۆسک تەنیا باس لە زیانەکان ناکات، بەڵکو نەخشەڕێگایەکیش بۆ دوای شەڕ و قۆناخەکانی بووژانەوەی کەرتە جیاوازەکان لە ماوەی 6 مانگ تاوەکو 18 مانگ دەخاتە ڕوو، هاوکات هۆشداریش دەدات ئەگەر شەڕ درێژە بکێشێت، ئەوا دەبێت چاوەڕوانی کۆچی بەکۆمەڵی گەنجان و قووڵبوونەوەی جیاوازییە رەگەزییەکان بین لە بازاڕی کاردا.
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
 
رووداو: ئایا هیچ توێژینەوە و لێکۆڵینەوەیەکتان کردووە سەبارەت بە کاریگەریی شەڕی ئێران لەسەر بازاڕی کار لە عێراق و هەرێمی کوردستان؟
 
ئیگۆر بۆسک: بەڵێ، سوپاس. رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی چاودێریی دۆخی دارایی کردووە لە سەردەمی قەیرانەکەدا و لە سەرەتای مانگی ئادار راپۆرتێکی هونەریی ئامادە کردووە و خەمڵاندنی خۆی کردووە. لە مانگی نیساندا نوێمان کردەوە و ئێستاش خەریکی نوێکردنەوەی سێیەمین، بەتایبەت ئێستا کە لە قۆناخی ئاگربەستداین. کەواتە، بە کورتی قەیرانەکە لە رێگەی سێ کەناڵەوە گەیشتووەتە کرێکاران: یەکەمیان، دڵەڕاوکێی جەستەیی، هەڵاوسان و نادڵنیاییە. قەبارەی هەناردەی نەوتی عێراق نزیکەی 82% دابەزیوە لە مانگی سێی ئەمساڵدا. داهاتی حکومەت لەو مانگەدا تەنیا بەشی 20%ی خەرجییەکانی مووچەی فەرمانبەرانی کردووە. ئەمە شۆکێکی گەورەیە. دووەم، هەرێمی کوردستان بە دوو تایبەتمەندیی جیاوازەوە رووبەڕووی ئەم قەیرانە بووەتەوە؛ لە لایەکەوە پارێزراو بووە و لە لایەکی دیکەوە ناسک و زیانمەند بووە. پارێزراوبوونەکەی بەهۆی ئەوەوە بووە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتی بە دەروازە وشکانییەکان بەستووە، بەهۆی هەبوونی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل لەگەڵ تورکیا. بە شێوەیەکی کاتی رێگە بە هاوردەکردنی خۆراک و دەرمان درا. هەروەها، بۆریی کەرکووک-جەیهان دووبارە دەستی پێکردەوە، هەرچەندە بە توانایەکی سنووردار، ئەمەش دوای رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی بەغدا دێت. ناسکی و لەرزۆکیی دۆخی هەرێمی کوردستان لەوەدایە کە پەیوەستە بە مووچەی مووچەخۆرانەوە. ئێمە دەزانین نزیکەی 1.25 ملیۆن مووچەخۆر لە هەرێمی کوردستان هەن، کە هەموومان دەزانین پێش دەستپێکردنی شەڕەکەش مووچەکانیان دواکەوتووە. ئەم قەیرانەی بودجەش کە سەریهەڵداوە، ئەم کێشەیەی قووڵتر کردووەتەوە. سێیەم، لە کوردستان بە دیاریکراوی نرخی سەوزە و میوە کە لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێت، دوو هێندە بەرزبووەتەوە و نرخی سووتەمەنیش  20% بەرزبووەتەوە. لە چەندین شار و لەسەرتاسەری عێراقیشدا بینیمان بەهای دیناری عێراقی بەرانبەر بە دۆلار دابەزی و زیاتر لە نرخی فەرمیی 1300 دینار دوورکەوتەوە و بەرەو 1500 دینار و زیاتر هەڵکشا. لە هەرێمی کوردستان هەروەها وەرزی گەشتیاریی نەورۆزمان هەیە، کە بەهۆی شەڕەوە ئەو بۆنە گرنگە بۆ بازاڕی گەشتیاریی هەرێمی کوردستان بەڕێوە نەچوو.
 
رووداو: ئەو دەرەنجامانەی پێیگەیشتوون چین؟ کام کەرت گەورەترین کاریگەریی لەسەر بووە و کام کەرت تاوەکو ئێستا پارێزراوە و هیچ زیانێکی بەرنەکەوتووە؟ ئەگەر شەڕەکە دەستپێبکاتەوە و درێژە بکێشێت، کام کەرت ئەگەری هەیە زیانی زیاتری بەربکەوێت؟
 
ئیگۆر بۆسک: ئەمە پرسیارێکی زۆر گرنگە، بە دڵنیاییەوە. ئێمە کاریگەرییەکانمان دابەش کردووە بەسەر کاریگەریی زۆر، کاریگەریی تێکەڵ و کاریگەریی کەم. کەرتی بیناسازی گەورەترین کاریگەریی لەسەر بوو. لە سەرتاسەری عێراقدا مووچەی رۆژانەی ئەو کرێکارانەی کە داهاتیان بەستراوەتەوە بە وەبەرهێنانی بەردەوامی حکومی، راگیرا چونکە ئەو وەبەرهێنانانە سڕ کران. لە هەرێمی کوردستان، کەرتی بیناسازی 11%ی دامەزراندنەکانی کەرتی تایبەت پێکدەهێنێت. 100%ی کرێکارانیش لە کەرتی بیناسازیدا نافەرمین، یان لانیکەم زۆربەیان. ئەوە بەو واتایەیە کە کاتێک کارگە و وەرشەکان دادەخرێن، تۆڕێکی پاراستنی کۆمەڵایەتی نییە. پاشان کەرتی کۆفرۆشی و تاکفرۆشی دێت، کە دووەم کەرتە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، ئەمەش بەهۆی پچڕانی زنجیرەی دابینکردن و هەروەها شکستی وەرزی گەشتیاریی نەورۆز و کەمبوونەوەی توانای کڕینی هاووڵاتییانەوە بوو. کەرتی گەشتیاری و میوانداری لە هەولێر و سلێمانی و بەتایبەتی لە ناوچە شاخاوییەکانی دهۆک و هەڵەبجە، زۆر گرنگە. کارگە بچووکەکانیش بە سێیەم کەرت دادەنرێن کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، چونکە پشت بەو ماددە خاوانە دەبەستن کە هاوردە دەکرێن. بە دڵنیاییەوە، کەرتی دیکەش هەن وەک نەوت و گاز، بازرگانی و کۆگاکردن، کە ئەگەر بتانەوێت دەتوانم بە وردەکارییەوە باسیان بکەم.
 
رووداو: بەڵێ، پێمخۆشە ئاماژەیان پێ بدەن و هەندێک وردەکاریی زیاترمان پێ بدەن.
 
ئیگۆر بۆسک: لەسەر ئاستی کاریگەریی تێکەڵ، بە دڵنیاییەوە کەرتی نەوت و گاز پێویستی بە وەبەرهێنان و سەرمایەی زۆرە. ژمارەی لەدەستدانی هەلی کار لەو کەرتەدا کەم بووە، بەڵام گرێبەستی ئەو بەڵێندەرانەی لەو کەرتەدا کاردەکەن، دواکەوت. کەرتی کشتوکاڵیش جێگەی سەرنجە. ئەم کەرتە 30%ی هێزی کاری کەرتی تایبەتی هەرێمی کوردستانی لەخۆگرتووە، بەتایبەتی لە سلێمانی و هەولێر و دهۆک. ئەم کەرتە لەبەر ئەوە گرنگە کە دەتوانێت ببێتە سەرچاوەیەک بۆ هەناردەکردنی بەرووبوومی کشتوکاڵی، بەوپێیەی دوای شەڕ هاوردەکردن تێچووی زۆر بەرزبووەتەوە. بەڵام، بەرزیی نرخی سووتەمەنی و پەین زۆربەی ئەو قازانجە لەنێودەبات. پاشان کەرتی بازرگانی دێت کە خۆڕاگری و بەرگرییەکی باشی نیشانداوە، کە بریتییە لە کاری بازرگانی، چاککردنەوە و ئەو خزمەتگوزارییانەی پەیوەستن بە گۆڕینی ئاراستەی گواستنەوەی بازرگانی، بەتایبەتی لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل و رێڕۆی گەورەتری دهۆک. بە دیاریکراوی، جووڵەی بازرگانی و خزمەتگوزاریی گواستنەوەی بازرگانی زۆر پەرەی سەندووە و خواست بۆ ئەو جۆرە خزمەتگوزارییانە زۆر بەرزبووەتەوە. ئێمە بەردەوام جەختمان لەوە کردووەتەوە کە ئەم کەرتە دەبێت لەلایەن حکومەتەوە رێکبخرێتەوە بۆ ئەوەی باشترین قازانج و سوودی هەبێت. ئەگەر شەڕ دەستپێبکاتەوە و بۆ ماوەی 12 بۆ 18 مانگ درێژە بکێشێت، ئەوا گۆڕانکاریی گەورە و بنەڕەتی دروست دەکات. لە بارودۆخێکی وەهادا، ئێمە چاوەڕوان دەکەین کە داخران و مایەپووچبوونی کارە بچووک و مامناوەندەکان خێراتر بێت. کارە بچووک و مامناوەندەکان نزیکەی 90%ی هەلی کاری کەرتی تایبەت لە عێراق پێکدەهێنن. بە درێژەکێشانی شەڕەکەش، پێشبینی دەکەین کۆچی گەنجان دەستپێبکات. ئێمە هەروەها پێشبینی دەکەین کە جیاوازیی رەگەزی لەنێوان ژن و پیاودا لە بازاڕی کاردا قووڵتر ببێتەوە، بەتایبەتی لە کەرتی تاکفرۆشی و کارە بچووکەکاندا. ئەمەش ئەو کەرتانەن کە لە یەکەم زیانمەندەکانی شەڕی ئێران دەبن لە عێراق. هەر لەبەر ئەمەش، دەبێت سیاسەتی گونجاو بۆ رێگریکردن لە تەشەنەکردنی زیانەکان بگیرێتەبەر.
 
رووداو: باشە. بەڕێز ئیگۆر، ئەگەر بەراوردێک بکەین لەنێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراقدا، کامیان زۆرترین زیانی لە بازاڕی کاردا بەرکەوتووە؟ 15 پارێزگاکەی دیکەی عێراق یان چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان؟
 
ئیگۆر بۆسک: هەرێمی کوردستان خۆڕاگرییەکی راستەقینەی نیشانداوە، ئەمەش بەهۆی دەستپێکردنەوەی خێرای کێڵگەی گازی کۆرمۆر و بەردەوامیی پڕۆسەی تۆمارکردنی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کەرتی تایبەت. ئەمە نیشانەی توانایەکی دامەزراوەیی باشە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو گوشارەی لەسەر کرێکاران و خێزانەکانیانە زۆر جدی و راستەقینەیە.
 
رووداو: پێشبینیی چی دەکەن و چاوەڕێی چی دەکەن دوای شەڕ؟ پێشبینی دەکەن بازاڕی کاری هەرێمی کوردستان و عێراق چیی بەسەر بێت؟
 
ئیگۆر بۆسک: بووژانەوەی ئابووری بەستراوەتەوە بەوەی کە هەناردەکردنی نەوت کەی دەستپێدەکاتەوە و متمانە چەند بە خێرایی بۆ کەرتی تایبەت دەگەڕێتەوە. بۆ ئەم بووژانەوەیە چەند قۆناغێکی کاتیی جیاواز هەن؛ لە ماوەی 0 تا 6 مانگ لە دوای ئاگربەستێکی سەقامگیر، کەرتی گەشتیاری و بازرگانیی تاکەکەسی دەتوانن بە خێرایی ببووژێنەوە. ئێمە ئەم شێوازەمان لە دوای شۆکە ناوچەییەکانی پێشوو بینیوە: دەروازە سنوورییەکان ئاسایی دەبنەوە و هۆتێلەکان دەکرێنەوە. هەرچەندە ئابووریی گەشتیاریی هەرێم لە مێژوودا خۆڕاگریی نیشانداوە، بەڵام بۆ چاکبوونەوەی تەواوەتی پێویستی بە پاڵپشتییەکی چالاک هەیە. دواتر کەرتی بیناسازی و وەبەرهێنانی گشتی دەستپێدەکەنەوە. پاشان لە نێوان 6 بۆ 18 مانگدا، کەرتی پیشەسازی و پڕۆژە بچووک و مامناوەندەکان دەتوانن ببووژێنەوە، بەو مەرجەی ژینگەی دارایی هاوکار بێت. لێرەدا رۆڵی داڕشتنی سیاسەتەکان دەردەکەوێت؛ چونکە ئەو پڕۆژە بچووک و مامناوەندانەی لە کاتی قەیراندا توانا و کارمەندەکانیان لەدەستداوە، ناتوانن بە تەنیا و بەبێ هاوکاری دەستپێبکەنەوە. لە کۆتاییدا، لە 18 مانگەوە تاوەکو چەند ساڵێک، دەتوانین بووژانەوەی تەواوەتی ببینین، بە شێوەیەک کە کێشەی مووچەی فەرمانبەران چارەسەر بکرێت و متمانەی وەبەرهێنەرانی نێودەوڵەتی بگەڕێتەوە.

 

رووداو: سوپاس، بەڕێز ئیگۆر بۆسک، لە رێکخراوی نێودەوڵەتیی کار. زۆر سوپاس دەکەم کە لە بەغداوە لەگەڵماندا بوون.