سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی وان: هانی هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان دەدەین سەردانی ئێرە بکەن
رووداو دیجیتاڵ
وان، پارێزگا دەوڵەمەند و جیاوازەکەی کوردستانە! ئەو پارێزگایە خاوەن گەورەترین دەریاچەیە لەسەر ئاستی هەر چوار پارچەکەی کوردستان و لە نانی بەیانیدا ماوەی 12 ساڵە پێشەنگی جیهانە و یونسکۆ ئەمەی بە فەرمی تۆمارکردووە. وان خاوەنی زیاتر لە 20 جۆر براندی نانی بەیانییە کە لەڕێیانەوە خوانی بەیانیانی رازاندووەتەوە.
نەجدەت تەکڤا، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی وان لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا وەڵامی پرسیارەکانی تۆڕی میدیایی رووداوی لەبارەی پارێزگاکە دایەوە و لەبارەی کاریگەرییەکانی جەنگی ئێران لەسەر وان گوتی، "بەهۆی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئێران، ساڵانە تەنیا لە کەرتی گەشتیاریدا 500-600 ملیۆن دۆلار داهات بەدەستدەهێنین. لە وڵاتەکەماندا زۆرترین کاریگەریی جەنگی ئێران بەر وان کەوتووە. لە وەرزی نەورۆز و جەژنی رەمەزانەوە بەشێکی زۆر لەو گەشتیارانەی ئێران کە پلانیان وابوو سەردانی وان بکەن، بلیتەکانیان هەڵدەوەشێننەوە".
نەجدەت تەکڤا گوتی، "ئێمە دەستەواژەی (دەریای وان) بەکاردەهێنین نەوەک (دەریاچەی وان) . لە نووسراوە فەرمییەکانی ژوورەکەمان و ناساندنە نێودەوڵەتییەکانیشدا هەوڵ دەدەین ئەم دەستەواژەیە بەکاربهێنین. دەوڵەتی ئێمەش سەردەمێک ئەم دەستەواژەیەی بە فەرمی ناساندووە و لە ئەرشیڤەکانی عوسمانیش بە (دەریای وان) هاتووە.
نەجدەت تەکڤا، وەڵامی پرسیارێک لەبارەی ئەو هاونیشتمانیانەی هەرێمی کوردستان دەداتەوە کە دەیانەوێ پشیلەی وان لەخۆ بگرن و دەڵێ، پرۆسەکانی گرتنەخۆ لە دەرەوەی وڵات (بۆ نموونە هەرێمی کوردستان)،زۆر هەستیارە و رێکاری هەیە.
دەقی پرسیار و وەڵامەکان:
رووداو: پارێزگایەکی وەک وان کە خاوەن 101 جۆر بەرهەم و شوێنەواری تایبەتە ، ئایا ئەم ساڵ دەتوانێت ئەو ژمارە گەشتیارە رابکێشێت کە چاوەڕوان دەکرێت؟ دۆخی ئێستا چۆنە؟
نەجدەت تەکڤا: گەشتیاریی وان، بەهۆی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئێران، ساڵانە تەنیا لە رێگەی کەرتی گەشتیارییەوە 500-600 ملیۆن دۆلار داهات بەدەستدەهێنین. لە وڵاتەکەماندا وان زۆرترین کاریگەریی ئەم شەڕەی بەرکەوتووە؛ بازرگانی وان، لەکاتێکدا هەموو ئامادەکارییەکانی بۆ وەرزی گەشتیاری تەواو کردبوو، زیانی گەورەی بەرکەوت.
هەروەک ئێوەش ئاماژەتان پێدا، وان بە 101 بەهای جیاوازی گەشتیاری (سرووشت، مێژوو و خواردن) ئەستێرەی درەوشاوەی ناوچەکەیە، بەڵام بەداخەوە ئەم ساڵ تەنیا کێشەی ئابووریمان نییە، بەڵکو رووبەڕووی ئاڵنگاریی جیۆپۆلیتیکیش بووینەتەوە.
دەروازەی گومرگیی کاپیکۆی / ئامارەکانی هاتن و چوون
1ی کانوونی دووەم - 8ی نیسانی 2026
176.060 گەشتیاری بیانی
23.189 گەشتیاری نێوخۆ
199.249 کۆی گشتی
1ی ئادار - 8ی نیسانی 2026 / سەردەمی شەڕ
58.295 هاتنی بیانی
4.712 هاتنی تورک
63.007 کۆی گشتی
ئامانجمان بۆ 2026 تێپەڕاندنی بەربەستی 1 ملیۆن گەشتیار بوو، بەڵام ئێستا دۆخەکە زۆر لە چاوەڕوانییەکانمان کەمترە. کاریگەریی گرژییەکان لە کۆتایی شوباتەوە، پێکدادان و نیگەرانیی ئەمنی سەبارەت بە ئێرانی دراوسێمان، راستەوخۆ کاریگەری لەسەر جووڵەی گەشتیاریی ئێمە هەبووە. لە وەرزی نەورۆز و جەژنی رەمەزانەوە بەشێکی زۆر لەو گەشتیارانەی ئێران کە پلانیان وابوو سەردانی وان بکەن، بلیتەکانیان هەڵدەوەشێننەوە. لەکاتێکدا ساڵانە لەم وەرزەدا میوانداریی دەیان هەزار میوان دەکەین.
لە دۆخی ئاساییدا تاوەکو کۆتایی مانگی نیسان راهاتووین رێژەی پڕبوونی هۆتێلەکانمان 90-100% بێت، بەڵام ئەم ساڵ رێژەی پڕبوون بەداخەوە لەو ئاستەدا نەبوو کە دەمانویست. سەرەڕای کەمبوونەوەی گەشتیاری بیانی، جووڵەیەکی رێژەیی لە گەشتە ناوخۆییەکانماندا هەیە، بەڵام ئەمە بۆ وەڵامدانەوەی چاوەڕوانیی گەشتیاریی ناوچەکە بەس نییە.
رووداو: دەزانین وان خاوەنی دەروازەی سنووریی کاپیکۆیە لەگەڵ ئێران، بەڵام ئێستا دۆخێکی شەڕ/گرژی لە ناوچەکەدا هەیە. ئەم دۆخە چۆن کاریگەرییەکی لەسەر وان هەبووە؟ ئایا گۆڕانکارییەک لە توانای دەروازەی سنووریی کاپیکۆدا هەیە؟
نەجدەت تەکڤا: ژمارەی گەشتیارانی ئێرانی کە پێش ساڵی 2017 لە دەوروبەری 400 هەزار بوو، تا ساڵی رابردوو گەیشتبووە نزیکەی 800 هەزار، لەکاتێکدا بۆ ساڵی 2026 ئامانجمان 1 ملیۆن گەشتیار بوو، بەداخەوە دۆخی ئێستا بێهیوایی دروستکردووە. وەک پارێزگای وان، پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئێران کە 63%ی لە چوارچێوەی کەرتی خزمەتگوزاریدایە، گونجاوە بۆ ئەوەی شارەکە ببێتە ناوەندێکی ئابووری و گەشتیاریی زۆر گرنگ.
پێش 10 ساڵ ژمارەی هۆتێلەکانمان 47 بوو، ئێستا 100ی تێپەڕاندووە و ژمارەی پێخەف لە 5 هەزارەوە بۆ 15 هەزار بەرزبووەتەوە. لەڕاستیدا؛ ئەم کاریگەرییە هەموو ئەو بوارانەی گەشەپێداوە کە پەیوەستن بە کەرتەکانی تەندروستی، جوانکاری، پۆشاک خواردنگە-کافێ، ناوەندی کات بەسەربردن و کەرتی خزمەتگوزاری.
بەگوێرەی توێژینەوەیەک کە لەلایەن ژوورەکەمانەوە بۆ ساڵی 2025 کراوە؛ 777 هەزار و 414 گەشتیاری ئێرانی لە کاتی سەردانەکەیان بۆ وان، بە گریمانەی خەرجکردنی 500 دۆلار بۆ هەر کەسێک، دەکاتە نزیکەی 400 ملیۆن دۆلار. کاتێک بەگوێرەی گریمانەی خەرجکردنی هەزار دۆلار بۆ هەر کەسێک لەلایەن دامەزراوەی توێژینەوەی سیاسەتە ئابوورییەکانی تورکیا (TEPAV) هەژماری نرخێکی دراوی دەکەین، دەبینین داهاتێکی 800 ملیۆن دۆلاری دێتە کایەوە. کەچی کاتێک سەیری توانای بازرگانیی دەرەکیی شارەکەمان لەگەڵ ئێران دەکەین، دەبینین لە ئاستی 50 ملیۆن دۆلاردایە. ئێمە پەیوەندییە گەشتیارییەکانمان لەگەڵ ئێران وەک ستراتیجییەکی گەشەپێدانی ناوخۆیی وەردەگرین. کەواتە دەتوانین بڵێین ئێران بۆ ئێمە دەرفەتێکی گەورەی گەشتیاری و ئابوورییە. دیسان لە توێژینەوەیەکدا کە لەلایەن TEPAV ئامادەکراوە؛ ئەوە خراوەتە روو کە 93.5٪ی ئەو گەشتیارانەی دێنە وان ئێرانیین.
رووداو: بازرگانیی ئەم ساڵ لە چ ئاستێکدایە؟ بەتایبەتی دوایین دۆخی بازرگانی لەگەڵ ئێران چۆنە؟
نەجدەت تەکڤا: هەموو ئەو کارگانەی وەک هۆتێل، فرۆشگە، خواردنگە، ئاژانس و هاوشێوەکانیان کە کۆگاکانیان زیاد کردبوو، پێداویستیی داراییان دابین کردبوو، قەرزار ببوون، ئامێر و کەلوپەلەکانیان نوێ کردبووەوە و بینای خزمەتگوزارییان نوێ کردبووەوە؛ رووبەڕووی هەژەند بوونەتەوە. ئەوەی لە وڵاتی دراوسێمان روودەدات، جارێکی دیکە ئەوەی نیشاندا کە ئابووریی وان لە چ هاوسەنگییەکی هەستیاردایە.
لە 15 ساڵی رابردوودا وێڕای ئەو وێرانکارییەی بوومەلەرزە و پەتای کۆرۆنا لەدوای خۆیاندا جێیانهێشت، لە کاتێکدا وڵاتەکەمان وەک هەموو جیهان بەرەنگاری کێشە ئابوورییەکان دەبووەوە، بەهۆی ئەو پشێوییەی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا دروستیان کرد و دواجار هێرشەکانی سەر ئێران؛ بە دەربڕینێکی دیکە ئابووریی شارەکەمان گورزێکی دیکەی بەرکەوت. هێشتا روون نییە رەوتی شەڕەکە چی دەبێت. لەم بابەتەدا پارێزگای وان لە چاوەڕوانیی زۆردایە.
رووداو: دەبینین هەموو ساڵێک بە مەبەستی راکێشانی گەشتیار، ڤێستڤاڵ و بەرنامە و ناساندنی جۆراوجۆر دەکرێ. ئایا ئەمساڵ بەهۆی شەڕی ناوچەکەوە کەمبوونەوەیەک هەیە؟ ئایا بەرنامە یان هەنگاوی تایبەت بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەم دۆخە دەنرێت؟
نەجدەت تەکڤا: لە 12 ساڵی رابردوودا شاری وان هەمیشە پلاندانانی وەبەرهێنانی خۆی لەسەر بنەمای ئێران داڕشتووە. دەتوانین لەوە تێبگەین کە 63٪ی شارەکە لەسەر بنەمای کەرتی خزمەتگوزارییە.
لەگەڵ ئەمەشدا، بازرگانیی دەرەکی، بەرهەمهێنان، پەروەردە، گواستنەوە و زۆر بواری دیکە بەستراونەتەوە بە چالاکیی بازرگانی لەگەڵ ئێران دەکرێن.
بەهۆی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئێران، ساڵانە تەنیا لەڕێگەی کەرتی گەشتیارییەوە 500-600 ملیۆن دۆلار داهات بەدەستدەهێنین. ئەگەر شەڕ بەردەوام بێت، رووبەڕووی زیانی گەورە دەبینەوە. لە وڵاتەکەماندا وان زۆرترین کاریگەریی ئەم شەڕەی بەرکەوتووە؛ بازرگانیی وان،
لەکاتێکدا هەموو ئامادەکارییەکانی بۆ وەرزی گەشتیاری تەواو کردبوو، بە سەختی بریندار بوو.
رووداو: ئایا کاسبکارانی وان سکاڵایەکی دیاریکراویان هەیە؟ ئەگەر هەیە، چین؟
نەجدەت تەکڤا: سکاڵای کاسبکارانی شارەکەمان ئەمڕۆ بەداخەوە بەرەو خاڵێک رۆیشتووە کە تەنیا سەرنجیان لەسەر مانەوە لە ژیانە. بەتایبەتی ئەو پێشهاتانەی لە چەند مانگی رابردوودا بینیمان، بووە هۆی ئەوەی کاسبکارانمان بە دەنگێکی بەرزترەوە سکاڵاکانیان بگەیەنن.
ناسەقامگیری و ناڕوونیی "دەروازەی کاپیکۆی" گەورەترین سکاڵای کاسبکارانمانە و ئەمە کاریگەرییەکانی پەیوەست بە ئێرانی دراوسێمانە لەسەر بازرگانی. هەروەها خاوبوونەوە یان ناڕوونیی دەربازبوون لە دەروازەی سنووریی کاپیکۆی، بەتایبەتی لە کەرتی خزمەتگوزاری هەیە.
پچڕانی ئەو لێشاوە بەناوبانگەی گەشتیارانی ئێرانی کە لە نەورۆز و کاتی جەژندا چاوەڕوان دەکرا، بووە هۆی ئەوەی کاسبکاران نەتوانن کاڵاکانیان بفرۆشن. سەرەڕای ئەوەی کاڵای زۆریان کۆگا کردبوو. کاسبکارانمان داوا دەکەن ئەم دۆخە وەک (بارودۆخی ناچاری) قبووڵ بکرێت و قەرزەکانیان دوابخرێت. جا ئێمە وەک ژووری بازرگانی و پیشەسازیی وان گوێمان لەم هاوارەی کاسبکارانمانە. لەسەر ئاستی حکومەت؛ بەردەوامین لە چالاکییەکانمان بۆ لێخۆشبوونی باج، دواخستنی قەرزەکان و بەتایبەتی بەهێزکردنی ستاتۆی وان وەک (ناوەندی کێشکردنی گەشتیاران) .
رووداو: دەریاچەی وان" یان "دەریای وان"؟ تۆ کامەیان بەکار دەهێنیت؟ زانیاریم هەیە کە دەوڵەتیش سەردەمێک دەستەواژەی (دەریای وان)ی بەکارهێناوە. جیاوازیی دەریاچەی وان لە دەریا چییە؟ ئایا تایبەتمەندیی دەریای تێدا نییە؟
نەجدەت تەکڤا: دەریاچە پێناسەی جوگرافیایە، دەریا پێناسەی مرۆڤە. هەڵبژاردنی ئێمە هەمیشە وەک ئەوەی لە دڵی گەلەکەماندایە لایەنگری دەستەواژەی "دەریای وان"ە. تەنانەت لە نووسراوە فەرمییەکانی ژوورەکەمان و ناساندنە نێودەوڵەتییەکانیشدا هەوڵ دەدەین ئەم دەستەواژەیە بەکاربهێنین. بۆچی؟ تۆمارەکانی دەوڵەت و پرۆسەی مێژوویی: بەڵێ، وەک ئاماژەتان پێدا، دەوڵەتی ئێمەش سەردەمێک ئەم دەستەواژەیەی بە فەرمی ناساندووە. بەتایبەتی لە ئەرشیفەکانی عوسمانی و هەندێک بەڵگەنامەی سەربازی و کارگێڕیی ساڵانی یەکەمی کۆماردا دەستەواژەی (دەریای وان) زۆر بەکاردێت. تەنانەت لە ساڵی 2014دا لە هەندێک کەرەستەی ناساندن کە لەلایەن سەرۆکایەتی وەزیرانی ئەو سەردەمە ئامادەکرابوون و لە بڕیارەکانی بەڕێوەبەرایەتییە خۆجێییەکاندا، هێڵ لە ژێر ئەم پێناسەیە کێشراوە. ئەمە بۆ ئێمە تەنیا ناوێک نییە، بەڵکو پرسی ستاتۆیە.
لەبارەی تایبەتمەندیی دەریای وان، بۆ ئەوانەی دەڵێن "دەریاچەیە"، دەتوانین بەم شێوەیەی خوارەوە وەڵامیان بدەینەوە کە بۆچی دەریای وان لەڕووی تەکنیکی و فیزیاییەوە لە دەریا دەچێت: گەورەیی بێوێنە: دەریای وان بە رووبەری 3 هەزار و 713 کیلۆمەتر چوارگۆشە، لە زۆر دەریاکان گەورەترە. (بۆ نموونە نزیکەی یەک لەسەر سێی دەریای مەڕمەڕەیە). کاتێک لە کەنارەکەیدا دەوەستیت ناتوانیت کەناری بەرامبەر ببینیت؛ ئەمە دەریاچە نییە، هێڵی ئاسۆیە. ئاوەکەی وەک دەریاکان سوێرە. ئەم پێکهاتە کیمیاییە، وەک دەریاکان ئیکۆسیستم و فرەچەشنی بایۆلۆجیی تایبەت بە خۆی دروست دەکات. لە کەنارەکانماندا هەوایەکی دەریا و بۆنێکی دەریا هەیە. باس لە ئاوێک دەکەین کە هێڵی گواستنەوەی لەسەرە.
رووداو: با هەر لەسەر "دەریای وان" بەردەوام بین. ماسیی (ئینجی کەفالی) کە بە کوردی زیاتر بە "دارەخ(Darex) ناودەبرێت، تا چەند هاوکاری ئابووریی وان دەکات؟ ئایا ئامارێکتان لەم بارەیەوە لەبەردەستە؟ قەدەغەی راوکردن تازە دەستی پێکردووە و تا 15ی تەممووز بەردەوام دەبێت. ئایا خەڵک پابەندی ئەم قەدەخەیە دەبن؟
نەجدەت تەکڤا: ماسیی (ئینجی کەفالی) یانیش بە ناوە دێرینەکەی (دارەخ) تەنیا لە وان هەیە و یەکێکە لە بەهاکانی ئەم شارە.
هاوکاریی ئابووری و ئامارەکان: بە پشتبەستن بە داتا هەنووکەییەکان و تێبینییە مەیدانییەکانمان دەتوانم ئەمانە بڵێم: توانای هەلی کار: زۆر لە خەڵکمان بژێوی ژیانیان بە شێوەیەکی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەم ماسییەوە دابین دەکەن. لە ماسیگرەکانمانەوە تا کاسبکارانی گواستنەوە. پێمان وایە هاوکاریی ساڵانەی ئینجی کەفالی بۆ ئابووریی ناوچەکە نزیکەی 50 ملیۆن لیرە (نزیکەی 1.1 ملیۆن دۆلار) بێت. پاراستنی ماسییەکە (15ی نیسان - 15ی تەممووز) دەزانن کە لە 15ی نیسانەوە کۆچی پێچەوانەی ماسییەکە دەستی پێکردووە. لەم قۆناخەدا پابەندبوون بە قەدەخەی راوکردن هەڵبژاردن نییە، بەڵکو پێویستییەکی ویژدانی و ئابوورییە. ئەگەر بمانەوێت لەم بارەیەوە رەخنە لە خۆگرتن و دەستنیشانکردنێکی راستگۆیانە بکەین، هۆشیاری زیادی کردووە. بەراورد بە ساڵانی رابردوو هۆشیارییەکی جددی لە ناو خەڵک و ماسیگرەکانماندا دروست بووە. ئێستا تێگەیشتنی زیاتر هەیە. پارێزگاکەمان، بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵ و دارستانی پارێزگا و تیمەکانی جەندرمە چاودێرییەکی زۆر تووندی مەیدانی دەکەن. وەک ژووری بازرگانی و پیشەسازیی وان ئێمەش ئامۆژگاری و رێنمایی دەدەینە خەڵکەکەمان کە لەم ماوەیەدا ماسی نەفرۆشن و نەیکڕن. بەداخەوە هێشتا بەشێکی بچووک هەن کە دەرفەتخوای دەکەن. ئەو راوە نایاساییەی لە دەمی رووبارەکاندا دەکرێت، لەو ساتانەی ماسییەکە لە بێ بەرگریترین کاتییەتی، ناپاکییە لە رەنجی هەزاران کەس، بەڵام ئەم رێژەیە هەموو ساڵێک کەم دەبێتەوە. پەیاممان روونە! وەک ژووری بازرگانی و پیشەسازیی وان دەڵێین: ماسی وان (ئینجی کەفالی) مارکەی ئێمەیە. ئەگەر لەم 90 رۆژەی قەدەخەکردندا ئارام بگرین، لە 9 مانگەکەی دیکەدا خوانەکانمان بە بەرەکەتی ئەو ماسییە شاد دەبن. داوا لە هەموو هاوشاریان و ئەندامانمان دەکەین لەم ماوەیەدا نەبنە بینەر بەڵکو ببنە چاودێر.
رووداو: کاتێک باسی وان دەکرێت، ناکرێت باسی پشیلەی وان نەکەین. دەزانین لە وان (ماڵی پشیلە) هەیە. لەوێ چ جۆرە کارانێک ئەنجام دەدرێن و ژمارەی پشیلەکان چەندە؟ بۆ نموونە، ئەگەر کەسانێک لە هەرێمی کوردستانەوە بیانەوێت پشیلەی وان بگرنە خۆ، ئایا رێگەیەک هەیە؟
پشیلەی وان، تەنیا هی وان نییە، بەڵکو پارچەیەکی دەگمەنی کەلەپووری جیهانە. ناوەندی توێژینەوە و جێبەجێکردنی پشیلەی وان (ماڵی پشیلە) کە لە ژێر چەتری زانکۆی یوزونجویڵ دامەزراوە، وەک قەڵایەکی زانستی کار دەکات بۆ پاراستنی وەچەی ئەم جۆرە تایبەتە و تێکنەچوونی رەسەنایەتییەکەی.
لە ناو ماڵی پشیلە تەنیا پشیلەکان داڵدە نەدراون، بەڵکو بەرنامەیەکی پاراستنی گشتگیر بەڕێوە دەچێت: ئامانجی سەرەکیی پاراستنی پێکهاتەی توخمی پشیلەی وانە کە بە رەنگی جیاوازی چاوەکانی (قاوەیی-شین) و مووە سپییە ئاوریشمییەکەی دەناسرێتەوە. لەبری زاوزێی بێسەروبەری پشیلە بێلانەکانی سەر شەقام، زانستیانە پسیلەی وان بەرهەم دەهێندرێت. لە ماڵی پشیلەدا هەر پشیلەیەک ناسنامە و کارتی تەندروستیی هەیە. پێکوتە و بەرنامەکانی خۆراک لە ژێر چاودێریی پزیشکە ڤێتێرنەرییە پسپۆڕەکاندا دەکرێن.
هەرچەندە ژمارەی پسیلەکان لە ناوەندەکەدا بەردەوام دەگۆڕێت، بەڵام نزیکەی 250 تا 300 پشیلەی دایک و باوک و بەچکە هەن. هەرچەندە ئەم ژمارەیە بە لەدایکبوونی نوێ زیاد دەکات، بەڵام توانایەکی دیاریکراو دەپارێزرێت و خۆشگوزەرانی پشیلەکان لە پێشینەی کارەکاندایە.
پرۆسەکانی گرتنەخۆ لە دەرەوەی وڵات (بۆ نموونە هەرێمی کوردستان) بۆ ئەو هاوڕێیانەی دەیانەوێت پشیلەی وان بگرنەخۆ، بارودۆخەکە زۆر هەستیارە. لەبەر ئەوەی پشیلەی وان وەک گەنجینەیەکی نیشتمانیی تورکیا هەژمار دەکرێت، بردنی بۆ دەرەوەی وڵات پێویستی بە مۆڵەتی تایبەت هەیە. بردنی بۆ دەرەوەی سنوور بەبێ کۆنترۆڵ قەدەخەیە. ئەوانەی دەیانەوێت بیگرنەخۆ دەبێت سەرەتا پەیوەندی بە ناوەندەکەی ناو زانکۆوە بکەن. بەڵام لەبەر ئەوەی نەوەکەی لە ژێر پاراستندایە، پرۆسەی گرتنەخۆ زۆر بە وردی بەڕێوە دەچێت و زۆربەی جار بۆ ناوخۆی وڵاتە. لەو داواکارییانەی لە هەرێمی کوردستان یان وڵاتێکی دیکەوە دێن؛ بڕوانامەی تەندروستیی تایبەت کە لە وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستان وەردەگیرێت، تۆمارەکانی مایکرۆچیپ و گونجان لەگەڵ یاساکانی گومرگ مەرجن. هەرگیز رێگە بە چوونە دەرەوە بۆ مەبەستی بازرگانی نادرێت، بەڵام بە مۆڵەتی زۆر دەگمەن و فەرمی بە شێوەی (ئاژەڵی ماڵی) و بە چاودێرییەکی تووند، دەکرێ ئەمەش بەدی بێت. دوایین پەیاممان! ئێمە بڕوامان وایە پشیلەی وان کاڵایەکی بازرگانی نییە، بەڵکو بەهایەکی کولتوورییە. سەردانکردنیان لە ماڵەکەی خۆیان، لە وان، گەورەترین دەوڵەمەندییە.
رووداو: لە وان جگە لە دەریاچەکە، چوار دوورگە، قەڵای وان، تاڤگەی مورادییە و چەندین شوێنەواری مێژوویی گرنگی دیکە هەن. ئایا ناساندنی ئەمانە هەموو ساڵێک بە رێکوپێکی ئەنجام دەدرێت؟
نەجدەت تەکڤا: وان، پایتەختی شارستانییەتی دێرینی ئۆرارتو (ئارارات) بووە و ناوەندێکی ستراتیژی بازرگانی و کولتوورییە لەسەر رێگەی ئاوریشم. بۆ ئێمە دەریای وان، دوورگەکانی ئەختەمار، چارپاناک، ئادیر و کوش، قەڵای وان و تاڤگەی مورادییە تەنیا جوانییەکی سروشتی نین؛ بەڵکو ئەمانە 'پیشەسازی بێ دووکەڵ'ی شارەکەمان و بەنرخترین بەها ئابوورییەکانمانن.
ئێمە ناساندنی ئەم بەهایانە تەنیا وەک چالاکییەکی کولتووری نابینین، بەڵکو وەک دیدگایەکی گەشەپێدانی ناوچەیی دەیبینین.
وان شۆپینگ فێست; بەم فێستیڤاڵەی کە هەموو ساڵێک بە مەبەستی بوژانەوەی ژیانی بازرگانی شارەکەمان سازی دەکەین، میوانداریی هەزاران گەشتیار دەکەین چ لە ناوخۆی وڵات و چ لە دەرەوە و لە سەرووی هەموویانەوە لە ئێرانی دراوسێمان؛ و ئەوانیان لەگەڵ ئەم بەرهەمە بێوێنەیانە ئاشنا دەکەین.
• گەشتیاریی ئایینی و ئەختەمار: رێوڕەسمە ئایینییە ساڵانەکانی کەنیسەی ئەختەمار وەک دەرفەتێک دەبینین بۆ ئەوەی شارەکەمان پشکی شایستەی خۆی لە کێکی گەشتیاریی ئایینی وەربگرێت و وەک ژوور بە وردی پشتگیری ئەم پرۆسانە دەکەین.
• چالاکییەکانی لۆبی: بۆ ئەوەی قەڵای وان بە هەمیشەیی بچێتە ناو لیستی کەلەپووری جیهانی یونسکۆ و باشترکردنی ژێرخانی گەشتیاری (رێگاکانی پیاسەکردن، گواستنەوە و زۆری دیکە) لەگەڵ دامەزراوە گشتییەکاندا لە هاوکاری بەردەوامداین. بە کورتی؛ هەر بەردێکی وان بۆ ئێمە دەرفەتێکی وەبەرهێنانە، و هەر دوورگەیەکی کاندیدێکی نێودەوڵەتییە بۆ گەشتیاری. ئێمە بە پاراستنی ئەم کەلەپوورە، بۆ گۆڕینی بۆ بەهایەکی بازرگانی و ناساندنی بە هەموو جیهان، بەبێ وەستان بەردەوامین لە کارەکانمان.
رووداو: وان، بە کولتووری نانی بەیانییەکەیەوە لە ساڵی 2014وە پلەی یەکەمی جیهانیی بەدەستەوەیە. لەم بارەیەوە دەتەوێت چی بڵێیت؟ شاری وان، بە سەدەکانە بە کولتووری دەوڵەمەندی نانی بەیانی دەناسرێتەوە. ئەم تایبەتمەندییە بەهۆی ئەوەیە کە شارەکە ناوەندێکی گرنگی ئاژەڵداری بووە و بووەتە هۆی زیادبوونی جۆراوجۆریی نانی بەیانی. لەم چوارچێوەیەدا؛ نزیکەی 20 جۆر بەرهەم وەک پەنێری وان، کاڤوت، هەنگوین، مرەبا، مورتوغا، قەیماغ، کەرە، چەندین تامی ناوخۆیی، نان و بەرهەمەکانی تری تایبەت بە ناوچەکە، لە خوانی نانی بەیانی واندا جێگەیان دەبێتەوە.
لە حوزەیرانی 2014دا، بە دەسپێشخەری ژوورەکەمان و بە بەشداری 51.793 کەس، (ریکۆردی قەرەباڵغترین خوانی نانی بەیانی جیهان) شکا. ئەمە هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ ناساندنی شارەکەمان و گەشەپێدانی گاسترۆنۆمییەکەی. دوای ئەم پەرەسەندنە، لە نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵ درا و داوا کرا کە یەکەم یەکشەممەی مانگی حوزەیرانی هەموو ساڵێک وەک "رۆژی جیهانی نانی بەیانی" پیرۆز بکرێت. لەم چوارچێوەیەدا، بە پاڵپشتی وەزارەتی دەرەوەمان شەش ساڵە ئەم رۆژە بە فەرمی پیرۆز دەکرێت. ژووری بازرگانی و پیشەسازی وان لەم بارەیەوە ماندووبوونێکی زۆری کێشاوە. بۆ ساڵی 2026 پلانی چەندین چالاکیی جۆراوجۆرمان هەیە بۆ رۆژی یەکشەممە 7ی حوزەیرانی.
رووداو: وەک کۆتا پرسیار، لە بابەتی بانگهێشتکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستان بۆ وان دەتەوێ چی بڵێیت؟
وەک ژووری بازرگانی و پیشەسازی وان، پەیوەندی زۆر گرنگمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە! چەندین بەرنامەی کارمان بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق رێکخستووە. یەکێک لە گرنگترین توخمەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیمان ئەوەیە کە زمانەکانمان وەک یەکن و کولتوور و ژیانی رۆژانەمان لە یەک دەچێت کە ئەمە خاڵێکی زۆر گرنگە. لەبەر ئەم هۆکارە ئێمە چەندین جار سەردانی دهۆک، زاخۆ و هەولێرمان کردووە. لەوێ بازرگانان و خەڵکمان بۆ وان بانگهێشت کردووە.
شاری وان، بە سرووشت، مێژوو، توانای کشتوکاڵ و ئاژەڵداری، خواردنەکان، گەشتیاری، ئایین و کولتوورەکەیەوە لە ریزبەندی شارە دێرینەکاندایە. وان، 2 هەزار و 700 ساڵ پێش ئێستا پایتەختی شارستانییەتی ئۆرارتو بووە. هەروەها، بۆ موسڵمانان، مەسیحییەکان و جووەکانیش خاوەن مێژوویەکی گرنگە.
بە سرووشتە سەرنجڕاکێشەکەی، دەریا، رووبار، چیا، مێژوو و ناوچە سرووشتییەکانی، بە کورتی بە هەموو دەوڵەمەندییەکانیەوە شارێکی دەوڵەمەندە. پێمان وایە دەبێت هەموو کەسێک دەریای وان ببینێت. شاری وان ئامادەیە بۆ میوانداریکردنی هەموو گەلی کوردستان. شاری وان شارێکە کە دەرفەتی گەشتیاری لە هەر چوار وەرزەکەدا تێدایە. لە مانگەکانی هاویندا وان وەک کوێستانێکە. بە ئاوە ساردەکانی، هەوا فێنکەکەی و کولتووری دەوڵەمەندی خواردنەکەیەوە چاوەڕێی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات. ئێمە پێمان وایە تەنیا بە هاتووچۆ پەیوەندییەکانمان زیاد دەکات.
کاتێک روو لە خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکەین، دەڵێین: ئایا ناتانەوێت لە کەنارەکانی دەریای وان لە بەرامبەر چیای سیپان گوێ لە چیرۆکی سیابەند و خەجێ بگرن و لە وەرزەکانی بەهار و هاویندا کاتێک گوڵەکان لە چیا و دەشتەکاندا دەپشکون، گوێ لە شیعری دڵبەری فەقێی تەیران بگرن؟ هەرێمی کوردستان، لە قەبارەی بازرگانی دەرەکی نێوان عێراق و تورکیاشدا رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت. لەم چوارچێوەیەدا دەمەوێت هەندێک داتای سەرنجڕاکێش لەگەڵتان بەش بکەم: ژمارەی کۆی کۆمپانیا تورکییەکان کە لە هەرێمی کوردستاندا چالاکن 1613 کۆمپانیایە. نزیکەی 30% تا 35%ی کۆی قەبارەی بازرگانی نێوان عێراق و تورکیا، لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوەدەچێت. ئەمە بۆ ئێمە زۆر گرنگە. ئێمە زۆر گرنگی بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەدەین. بۆ ئەمەش هەوڵێکی زۆر دەدەین.