گوتەبێژی كۆنگرەی یەكێتی: سوود لە كۆنگرەی گۆڕان وەرناگرین
رووداو- هەولێر
گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای ئامادەکاری کۆنگرەی یەکێتی نایشارێتەوە كە هەندێك لە بەرپرسانی حیزبەكە داوادەکەن کۆنگرە دوا بخرێت، بەڵام ئەوان وەک کۆمسیۆنی ئامادەکاری دەتوانن لە وادەی خۆیدا کۆنگرە ببەستن. لەبارەی كۆنگرەی گۆڕانیشەوە دەڵێت "کۆنگرەکەی گۆڕان خاڵێکی وەهای تێدا نەبوو ئێمە سوودی لێوەربگرین".
یوسف گۆران، گوتەبێژی فەرمی کۆمسیۆنی ئامادەکاری کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان دەربارەی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارەکانی کۆنگرە بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "تاوەکو ئیستا هیچ کێشە و گرفتێک لەبەردەم بەڕێوەچوونی كۆنگرە نییە، هەموو لیژنەکان کارەکانی خۆیان بە باشی ئەنجام دەدەن و سەرقاڵی ئامادەکردنی ئەو پرۆژانەن کە پێویستە ئامادەی بکەن بۆ کۆنگرە".
یوسف گۆران ئاماژەی بەوەکرد کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کاریگەری هەبووە لە سەر ئەو پێشنیازانەی تاوەکو ئێستا ئاراستەی کۆنگرە کراون و گوتی: "هەڵبژاردنەکان کاریگەریان هەبووە لە سەرجەم بارودۆخی یەکێتی و لە پێشنیازەکانیش رەنگیداوەتەوە، بۆ نموونە پێشنیازكراوە كە وا بکەین پەیکەری یەکێتی جارێکی دیکە بە شێوەیەک رێکبخەینەوە کە زیاتر لەگەڵ هەڵبژاردنەکاندا بگونجێ، بەو مانایەی کە پەیکەری حیزبی هەڵبژاردن بێت".
لەبارەی دەنگۆی دواخستنی کۆنگرەش، یوسف گۆران گوتی: "لای ئێمە باسنەكراوە و كاری ئێمەش نییە، ئێمە سەرقاڵی ئامادەكارین بۆئەوەی لە 31-1-2014 کۆنگرە بکەین و هەموو هێز و توانای خۆمان و هەڤاڵانمان بەو ئاراستەیەدا کار دەکەن کە کۆنگرە لە وادەکەی خۆیدا بکرێت". ئاماژەی بۆئەوەشكرد بە بیانوی كەمی كات هەندێك پێشنیازكراون بۆ دواخستنی كۆنگرە و پێیانوایە کاتەکە کەمە بۆ بەستنی کۆنگرە.
لەبارەی سوود وەرگرتن لە کۆنگرەکەی بزووتنەوەی گۆڕانیش كە 26 و27 ی مانگی رابردوو لەهەولێر بەڕێوەچوو، گوتەبێژی کۆمسیۆنی ئامادەکاری کۆنگرەی یەکێتی هێمای بۆ ئەوەكرد "ئەزموونی هەر حیزبێک دەکرێت حیزبێکی دیکە کەڵکی لێ وەربگرێت، بەڵام ئەو ئەزموونەی ئەوان تایبەتە بە خۆیان و پێموانییە ئێمە بتوانیین زۆر کەڵک وەر بگرین لە ئەزموونی ئەوان، هەر حیزبێک بە پێی پێداویستی و تێبینی خۆی کۆنگرە دەبەستێت و بەو هۆیەشەوە بە بڕوای من کۆنگرەکەی ئەوان خاڵێکی وەهای تێدا نییە کە ئێمە سوودی لێ وەربگرین بۆ بەستنی کۆنگرەی خۆمان."
بڕیارە 31-1-2014 كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی ئەنجامبدرێت و بە گوتەی گوتەبێژی کۆنگرەكەش، كۆنگرەی یەكێتی جیاواز دەبێت لە حیزب و پارتەكانی دیكەی كوردستان.