گۆڕان: داوامان لە پارتی كردووە بەیاننامەكەی بارزانی بكەنە پرۆژە

رووداو - هەولێر 

ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت : "پرۆژەكەی گۆڕان دیدگایەكی بۆ چارەسەری پرسی سیاسی هەرێمی كوردستان تێدایە و داومان لە پارتی كردووە بەیاننامەكەی بارزانی بكەنە پرۆژە و بیدەنە لایەنەکان ".


كاروان هاشم ، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان، سەبارەت بە پرۆژە ئامادەكراوەكەی گوڕان ، بۆ كۆبوونەوەی داهاتوو لەگەڵ شاندی دانوستاندنكاری پارتی دیموكراتی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە چاوەڕوانی شاندی پارتی دەكەین ، كە بەیاننامەكەی بارزانی بكەنە پرۆژەیەك و بیدەن بە لایەنە سیاسییەكانی كوردستان ، بۆیە لەسەر ئەو بنەمایە ئێمە چاوەڕی شاندەكەی پارتی دەكەین ، چونكە ئێستا تۆپەكە لای پارتییە هەنگاوی کردەیی بنێت و لایەنەكانیش بۆچوونەكانی خۆیان بەپارتی گوتووە" . 
 
ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان گوتیشی: "پرۆژەكەی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ شاندی دانوستاندنكاری پارتی دیموكراتی كوردستان ، دیدگایەكی بۆ پرسی چارەسەری سیاسی لە هەرێمی كوردستان تێدایە و ، لە چوارچێوەی بەیاننامەكەی بارزانیدا گۆڕانكاری لەهەرسێ سەرۆكایەتییەكە دەكرێت و بە هەنگاوێكی ئیجابی سەیر دەكرێت". 

لەبارەی پرسی یەكگرتنەوەی بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان ، كاروان هاشم گوتی: "ئەو بەرپرسانەی یەكێتی كە باس لەیەكگرتنەوە دەكەن، با لەپێشدا رێكکەوتنەكە جێبەجێبكەن".

لەدوای پەیامەكەی بارزانی، پارتی دیموكراتی كوردستان لە رۆژی 28-11-2016 دەستیکرد بە کۆبوونەوەکان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و رۆژی 19-12-2016 لە ماڵی نەوشیروان مستەفا لەگەڵ بزووتنەوەی گۆران کۆبوونەوە.

داڕشتنەوە؛ عومەر شایان