پێشمەرگەیەکی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان کۆچی دواییکرد


رووداو دیجیتاڵ

بەیانی ئەمڕۆ رەسوول فەقێ، پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول، گوڵان، راپەڕین و خاوەن "مەدالیای بارزانی"، کۆچی دواییکرد، لە رێوڕەسمێکدا لە زێدی خۆی لە گوندی گەرۆتە بە خاکدەسپێردرێت.
 
واحید حەمید گەرۆتەیی، ئامۆزای رەسوول فەقێ گەرۆتەیی رۆژی شەممە 1/1/2022 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەیانی ئەمڕۆ شەممە رەسوول فەقێ گەرۆتەیی بە نەخۆشی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر کۆچی دواییکرد، ئەمڕۆ بە رێوڕەسمێکی شایستە لە زێدی خۆی بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حکومی و حزبی، بەخاکدەسپێردرێت و پرسەکەشی هەر لە گوندی گەرۆتە دەبێت".
 
لەو بارەوە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پرسەنامەیەکی ئاراستەی بنەماڵەی رەسوول فەقێ کرد و رایگەیاند، "خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم. خوای مەزن گیانی بە بەهەشت شاد بکات و ئارامییش بە کەسوکار و هەڤاڵانی ببەخشێت".
 
واحید حەمید لەبارەی ژیانی ئەو پێشمەرگەیەی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵانەوە گوتی، ساڵی 1932 لە گوندی گەرۆتە لەدایکبووە، لە تەمەنی گەنجێتییەوە پەیوەندی بە ریزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و شۆڕش کردووە. دوای گەڕانەوەی مەلا مستەفا بارزانی لە یەکێتیی سۆڤیەت لە ساڵی 1958 پەیوەندیی بە ریزەکانی شۆڕش کرد و بۆ ماوەیەک لە بەغدا مایەوە. 
 
ساڵانی 1961 بۆ 1964 بە نهێنی کاروبارەکانی شۆڕشی بەڕێوە بردووە لەنێوان هەولێر و بەغدا. دوای ساڵی 1974 چەندین پلەی سەربازی و حیزبی لە ئەستۆ گرتووە، لە دەستپێکردنی شۆڕشی گوڵان جارێکی دیکە بووەتەوە پێشمەرگە، لەسەر شۆڕش و کوردایەتی ئاوارەی ئێران بووە. 
 
دوای نسکۆ و دووبارە دەستپێکردنەوەی شۆڕش ساڵانی نێوان 1976 بۆ 1977 بەرپرسیارێتیی سەربازیی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستانی وەرگرتووە. دواتر ئاوارەی ئێران دەبێت و لە تەنیشت ماڵی مەلا مستەفا بارزانی نیشتەجێ دەبێت. لە راپەڕینی بەهاری ساڵی 1991 دەگەڕێتەوە کوردستان و دەست بە کار و چالاکییەکانی دەکاتەوە. 
 

کەسێکی نیشتیمانپەروەر و کوردێکی باوەڕپتەو بووە، لە ساڵانی شۆڕشدا دەیان کادیر و فەرماندەی دیاری کوردستانی پێگەیاندووە. دوایین پلەی جێگری بەرپرسی دەزگای باڵای ئەیلوول بوو. ساڵی 2019 تووشی نەخۆشیی زەهایمەر دەبێت، رۆژی 11/11/2021 نەخۆشییەکەی قورس دەبێت و دەگەیێنرێتە نەخۆشخانە، تاوەکو ئەمڕۆ شەممە 1/1/2022 لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر کۆچی دواییکرد. هەر لە زێدی خۆیشی بەخاک دەسپێردرێت.