زیاتر لە 500 ئۆتۆمبێل لە رێگەکانی ئامەد گیریان خواردووە

رووداو دیجیتاڵ
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە رێگەکانی ئامەد بۆ مێردین، رووها، ئێلیهـ و خارپێت، ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێل بەهۆی بەفرەوە گیریان خوارد.
 
لە ئامەد و بەشێک لە پارێزگاکانی دیکەی باکووری کوردستان بەفربارینێکی چڕ هەیە.
 
بەهۆی چڕیی بەفربارینەکەوە، لە رێگەکانی ئامەد بەرەو شارەکانی ئێلیهـ، رووها، مێردین و خارپێت، ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێل لە رێگەدا پەکیان کەوتووە.
 
شەپۆلیکی بەفربارین کە دوو رۆژە زۆربەی شارەکانی باکووری کوردستانی گرتووەتەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە کاریگەرییەکەی زیاتر بوو.
 
لەنێو ئامەد هاتووچۆی ئۆتۆمبیل کێشەی بۆ دروستبوو و لە چەند شوێنێکدا قەرەباڵخی تەنگی بە خەڵک چنی.
 
بەهۆی پشووەکانی سەریساڵەوە جموجووڵی زۆر لە گەورەشارەکان دروستبوو، ئامەدیش یەکێک لەو شارانە بوو.