لە 10 پارێزگای باکووری کوردستان بەفر رێگەی هەزاران گوندی داخستووە
رووداو دیجیتاڵ
چوار رۆژە شەپۆلێکی بەفربارین بەشێکی زۆری پارێزگاکانی باکووری کوردستانی گرتووەتەوە. بەفر لە 10 پارێزگا رێگەی 3450 گوندی داخستووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە یەکی کانوونی دووەمی 2026 لە پارێزگاکانی وان، جۆلەمێرگ، بەدلیس، مووش، چەولیگ، خارپێت، سێرت، شرنەخ، ئێلیهـ، مێردین بەفرێکی زۆری باری و هاتووچۆی پەکخست.
وان
بەپێی راگەیێندراوی گەورەشارەوانیی وان، بەهۆی کاریگەریی بەفربارین و کڕێوەوە لە سنووری پارێزگاکەدا رێگەی 671 گوند بەڕووی هاتووچۆدا داخراوە.
لە شارۆچکەی وەستان بڕی بەفر گەیشتووەتە 60 سانتیمەتر و لە ناوچە بەرزەکانی سنووری شارۆچکەی ئەردیش بڕی بەفر گەیشتووەتە یەک مەتر.
جۆلەمێرگ
لە پارێزگای جۆلەمێرگ، بڕی بەفر لە ناوەندی شار گەیشتووەتە 50 سانتیمەتر و لە سەرتاسەری پارێزگاکەش رێگەی 357 گوند بەڕووی هاتووچۆدا داخراوە.
رێگەی سەرەکی جۆلەمێرگ-چەلێ بەهۆی ئەو رنووەی لەنێوان گوندەکانی ئوزومجو و چیمەنلی روویدا، بە رووی هاتووچۆدا داخرا.
مووش
لە پارێزگای مووش، دوای بەفربارین و کڕێوە کێشە لە هاتووچۆدا دروستبوو.
شێخموس یەنتورک، سکرتێری گشتیی ئیدارەی تایبەتی پارێزگا رایگەیاند، لە سنووری پارێزگاکەیدا بەهۆی بەفرەوە رێگەی 344 گوند داخراوە.
یەنتورک ئاماژەی بەوەدا، کارەکانی رووبەڕووبوونەوەی بەفر بەبێ وەستان بەردەوامە و گوتی: "لە پارێزگاکەماندا بەفربارین کاریگەرییەکەی بەردەوامە. کارەکانی رووبەڕووبوونەوەی بەفرمان بە 68 ئامێری کار و 110 کارمەند بەڕێوەدەچێ. بۆ ئەوەی هاووڵاتییانمان تووشی زیان نەبن، تیمەکانمان لە مەیداندان."
بەدلیس
لە پارێزگای بەدلیس بەهۆی بەفربارینی چڕ و کڕێوەوە، لە سەرتاسەری پارێزگاکە رێگەی 335 گوند داخرا.
تیمەکانی تایبەتی پارێزگا بۆ کردنەوەی ئەو رێگەیانە لە کارەکانیان بەردەوامن.
چەولیگ
لە سنووری پارێزگای چەولیگ بەهۆی کاریگەریی بەفربارینەوە، هاتووچۆ بۆ 272 گوند پەکیکەوتووە.
کارگێڕیی پارێزگاکە دەڵێ، کارکردن بۆ کردنەوەی رێگە گیراوەکان لەلایەن 110 کارمەند و 53 ئۆتۆمبێلی کارەوە بەردەوامە.
خارپێت
لە خارپێت، بەفربارین و کڕێوەی بەفر کاریگەریی نەرێنی لەسەر ژیان دروستکردووە.
بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبان و خزمەتگوزارییەکانی هاتووچۆی کارگێری تایبەتی پارێزگا رایگەیاند، لە سنووری پارێزگەکە رێگەی 536 گوند بەڕووی هاتووچۆدا داخراون.
سێرت
کارگێڕی پارێزگای سێرت ـیش رایگەیاند، لە تەواوی پارێزگەکە بەفرێکی چڕ باریوە و بەو هۆیەوە رێگەی 234 گوند داخراون و تیمەکان بەردەوامن لە کارەکانیان بۆ کردنەوەی رێگەکان.
ئێلیهـ
بەپێی راگەیێندراوی کارگێریی تایبەتی پارێزگەی ئێلیهـ، لە ناوچەکانی سەربە ناوەندی شار و پێنج شارۆچکەی ئەو پارێزگەیە رێگەی 507 گوند داخراوە.
مێردین
لە مێردینیش، بەفربارین کاریگەری هەیە و لە سەرتاسەری پارێزگاکەدا رێگەی 120 گوند داخراوە. کارەکانی تیمەکانی شارەوانیی گەورەی مێردین بۆ کردنەوەی رێگەکان بەردەوامە.
شرنەخ
لە شرنەخ، ئەو بەفرەی 4 رۆژە دەبارێ، لە کاژێرەکانی بەیانییەوە کاریگەرییەکەی زیادیکردووە.
بڕی بەفر لە هەندێک شار گەیشتووەتە نزیکەی 30 سانتیمەتر، لە ناوچە بەرزاییەکان 40 سانتیمەتری تێپەڕاندووە و بەهۆی بەفر و کڕێوەوە، رێگەی 74 گوند گیراوە.
تیمەکانی شارەوانی کاردەکەن بۆ ئەوەی رێگە سەرەکی و لاوەکییەکان بە کراوەیی بهێڵنەوە و ئەوانەش گیراون، بیانکەنەوە.