سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی بە تەلەفۆن قسەیان کرد
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک مەسعود بارزانی و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا باسیان لە هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان دیمەشق و هەسەدە کرد.
رۆژی یەکشەممە (1-2-2026)، سەرۆک مەسعود بارزانی و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە تەلەفۆن قسەیان کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا باس لە دوایین پێشهاتەکانی سووریا و "هەنگاوەکانی جێبەجێبوونی رێککەوتنی نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات کرا."
لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، هەردوولا جەختیان لە "چارەسەربوونی کێشە و گرفتەکان لە رێگەی دیالۆگ و بەرقەراربوونی ئاشتی و سەقامگیری لە سووریا" کردەوە.
دەقی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی:
رۆژی یەکشەممە 1ی شوباتی 2026، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەنێوان سەرۆک مەسعود بارزانی و بەڕێز مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات ئەنجام درا.
لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا باس لە دوایین پێشهاتەکای سووریا و هەنگاوەکانی جێبەجێبوونی رێككەوتنی نێوان حكوومەتی سووریا و هێزەكانی سووریای دیموكرات كرا. هەروەها جەخت لە چارەسەربوونی کێشە و گرفتەکان لە رێگەی دیالۆگ و بەرقەراربوونی ئاشتی و سەقامگیری لە سووریا كرایەوە.