بەفر رێگەی 278 گوندی لە چوار پارێزگای باکووری کوردستان داخست

رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگاکانی وان، بەدلیس، مووش و جۆلەمێرگ لە باکووری کوردستان، بەهۆی بەفربارین و کڕێوەوە رێگەی 278 گوند بەڕووی هاتووچۆدا داخران؛ تیمەکانی شارەوانی و رێگەوبان بۆ کردنەوەی رێگەکان لە کاردان.
 
رۆژی یەکشەممە، 01-02-2026، لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئەو چوار پارێزگایە نوێترین ئاماری داخرانی رێگەکانیان بڵاوکردەوە.
 
گەورەشارەوانیی وان رایگەیاند، بەهۆی بەفر و کڕێوەوە رێگەی 78 گوند لە سنووری پارێزگاکە داخراون. تیمەکانی گەورەشارەوانی بۆ پاککردنەوەی بەفر و ئاساییکردنەوەی هاتووچۆ لە کارەکانیان بەردەوامن.
 
ئیدارەی تایبەتی جۆلەمێرگ ئاشکرای کرد کە رێگەی 59 گوند لە شارەکە و شارۆچکەکانی دەوروبەری داخراون. هاوکات، تیمەکانی رێگەوبان توانییان هەرەسی ئەو بەفرە پاکبکەنەوە لە نێوان رێگەی جۆلەمێرگ - چەلێ لە نزیک گوندی "کەرتێلا" کەوتبووە سەر رێگەکە.
 
شێخموس یەنتور، سکرتێری گشتیی ئیدارەی تایبەتی مووش رایگەیاند، لە پارێزگاکە بەهۆی بەفرەوە رێگەی 41 گوند داخراون و تیمەکانیان لە هەوڵدان بۆ ئەوەی هاونیشتمانییان زیانمەند نەبن و زوو رێگەکان بکرێنەوە.
 
ئومیت کورتکان، بەڕێوەبەری خزمەتگوزارییەکانی رێگەوبان و گواستنەوە لە ئیدارەی تایبەتی بەدلیس رایگەیاند، لە سەرانسەری پارێزگاکەدا رێگەی 100 گوند بەهۆی بەفرەوە داخراون. لە نێو سەنتەری شاری بەدلیسیشدا، تیمەکانی شارەوانی سەرقاڵی پاککردنەوەی شەقامە سەرەکییەکانن.
 
تیمەکانی فریاگوزاری و رێگەوبان لە هەر چوار پارێزگاکە هۆشداری دەدەنە شۆفێران، لە کاتی هاتووچۆدا رێکارەکانی سەلامەتی بگرنەبەر، بەهۆی ئەوەی لە زۆر ناوچە کڕێوە و تەم رێگری لە بینین دەکات.