دەم پارتی لە سرووجەوە بەرەو سنووری کۆبانێ رێپێوان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بۆ پاڵپشتیکردن لە رۆژئاوای کوردستان، ئەمڕۆ لە شارۆچکەی سرووجی سەر بە پارێزگای روهاوە تاوەکو سنووری کۆبانێ رێپێوانێک ساز دەکات.
رێپێوانەکە کاژێر 15:00ی ئەمڕۆ یەکشەممە، 01-02-2026، بە پێشەنگایەتیی پلاتفۆرمی رێکخراوە دیموکراتییەکان لە ناوەندی شارۆچکەی سرووجەوە دەستپێدەکات و تاوەکو سەر سنووری کۆبانێ بەردەوام دەبێت.
فەرید شەنیاشار، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی روها داوای لە خەڵک کرد بەشداری لە رێپێوانەکەدا بکەن و رایگەیاند: "ئێمە وەکو گەلی کورد لە ساڵی 2014ـەوە لەگەڵ گەلانی رۆژئاوا لە هاوپشتیداین و ئەو هاوپشتییەشمان بەردەوامە."
پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، رۆژی 1ی شوبات رۆژی جیهانیی هاوپشتییە لەگەڵ رۆژئاوا، بۆیە "لەو چوارچێوەیەدا بۆ پاڵپشتیی گەلی کۆبانێ و رۆژئاوا کاژێر 15:00 لە گۆڕەپانی سرووجەوە بەرەو رێگەی کۆبانێ رێپێوانێکی دیموکراتییانە دەکەین و چاوەڕوانی گەلە سەربەرزەکەمانین."
هەر لە چوارچێوەی چالاکییەکاندا، بڕیارە هەر ئەمڕۆ کاژێر 15:00 لە ئامەدی باکووری کوردستانیش رێپێوانێک بۆ پاڵپشتیی رۆژئاوای کوردستان بەڕێوەبچێت.