نێوەڕۆکی پەیوەندیی تەلەفۆنیی سەرۆک بارزانی و ئەحمەد شەرع
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک مەسعود بارزانی و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا دوایین گۆڕانکارییەکان و رێککەوتنی نێوان حکومەتی سووریا و هەسەدەیان تاوتوێ کرد.
ئێوارەی رۆژی شەممە (31-1-2026)، سەرۆک بارزانی و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بە تەلەفۆن قسەیان کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی، باسیان لە دۆخی سووریا و دوایین گۆڕانکارییەکان کرد، هەروەها تیشک خراوەتە سەر رێککەوتنی نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و هەنگاوەکانی داهاتوو.
هەردوولا جەختیان لە پێویستیی بەرقەراربوونی ئاشتی و سەقامگیری لە سووریا کردەوە و دووپاتیان کردەوە "دیالۆگ و لێکتێگەیشتن تاکە رێگەی چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکانە."
دەقی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی:
ئێوارەی ڕۆژی شەممە 31ـی كانوونی دووەمی 2026 پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە نێوان سەرۆک مەسعود بارزانی و بەڕێز ئەحمەد شەرع سەرۆكی سووریا ئەنجام درا.
لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا باس لە بارودۆخی سووریا و دوایین گۆڕانكارییەكان و رێككەوتنی نێوان حكومەتی سووریا و هێزەكانی سووریای دیموكرات و هەنگاوەكانی داهاتوو كرا. هەروەها جەخت لە پێویستیی بەرقەراربوونی ئاشتی و سەقامگیری لە سووریا كرایەوە و ئەوەش دووپات كرایەوە كە دیالۆگ و لێكتێگەییشتن تەنیا رێگەی چارەسەركردنی كێشە و ناكۆكییەكان بێت.