پیاوێک 30 ساڵە سەگی کانگاڵ بەخێو دەکات
رووداو دیجیتاڵ
حوسێن یڵدزی تەمەن 50 ساڵ، ماوەی 30 ساڵە لە پارێزگای سێوازی باکووری کوردستان جۆرە سەگێکی بەهێز بەخێو دەکات. کە سەگێکی تایبەتی کوردستانە و ناوەکەی لەو شوێنە وەرگرتووە کە لێی لەدایکبووە. لە تورکیا و باکووری کوردستان پارێزگاری لەو جۆرە سەگە دەکرێت و بەبێ وەرگرتنی مۆڵەتی فەرمی لە حکومەت، ناتوانرێت بنێردرێتە دەرەوە.
ئەو جۆرە سەگە لە باشووری کوردستان بە هاوشار، یان سەگی پشدەر ناوی دەهێندرێت، ئەویش بەهۆی ئەوەی لەوێ گرنگی بە بەخێوکردنی دەدرێت.
حوسێن دەڵێت، "سەگی کانگاڵ میراتێکی دێرینی ناوچەی ئەنادۆڵە. وەک شێر وایە. خێرایە، پتەوە، بەهێزە، ژیرە. لە هەمانکاتدا لە رووی رووخسارەوە ئەوەی لە جۆرەکانی دیکەی سەگ جیای دەکاتەوە، ئەوەیە کە لە گورگ دەچێت. سەگێکی رەسەنە، شێری ئەنادۆڵە. بێجگە لەوە، کانگاڵ ئیدی لەسەر ئاستی جیهان ناوبانگی دەرکردووە و جۆرێکی ناسراوە. ئێمەش بۆ زیادکردنی ئەو جۆرە سەگە لێرە درێژە بە کارەکانمان دەدەین".
ئەم بەخێوکەرە ئێستا لە کێڵگەکەی خۆی لە پارێزگای سێواز، 67 سەگی کانگاڵ بەخێو دەکات. وەک خۆی دەڵێ، لە ماوەی 30 ساڵی رابردوودا زیاتر لە 500 سەگی کانگاڵی گەورە کردووە و زۆربەشیانی فرۆشتوون.
حوسێن لەبارەی پێویستیی سەگەکانەوە دەڵێت، "بۆچی پێویستی بەو جۆرە سەگە هەیە، ئەمڕۆ لە کاری کشتوکاڵی و ئاژەڵداری، هەروەها لە بەرامبەر گورگ و ئاژەڵە دڕندە کێوییەکانی دیکە لە رووی کوالێتییەوە زیرەکترین و بەهێزترین و دڵسۆزترین سەگی پروفیشناڵە."
دەگوترێ لە کاتی شەڕکردندا رەگەزی نێری کانگاڵ هەتا مردن شەڕ دەکات، بۆیە بەردەوام بە جیا رادەگیرێن و کێشیان دەگاتە 65 کیلۆگرام و باڵاشیان دەگاتە 81 سانتیمەتر. هەرچەندە رەگەزی مێی کانگاڵ لە رووی قەبارە کەمێک بچووکتر دیارە، بەڵام لە رووی توانا و هێزەوە، لە یەک ئاستدان.
سەگی کانگاڵ 6000 هەزار ساڵ بەر لە ئێستا لە کێوەکانی ناوچەی کانگاڵی باشووری پارێزگای سێواز ژیاوە و دواتر ماڵی کراوە. کانگاڵ تاکە سەگە کە دەتوانێ زۆر بەهێز رووبەڕووی گورگ و رێوی و ئاژەڵی کێوی ببێتەوە و لە هەمانکاتدا هیچ مەترسییەک لەسەر ئەندامانی ئەو خێزانە دروست ناکات لەگەڵیدا دەژی، بە تایبەتی منداڵان.