ئەنەکەسە: لە کۆبانێ جوانێن شۆڕشگێڕ هێرشیان کردە سەر بارەگایەکی پەدەکەسە
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا - ئەنەکەسە دەڵێت، لەکاتێکدا سەرقاڵی رێوڕەسمێک بوون لە بارەگایەکی پەدەکەسە، گەنجانی شۆڕشگێڕ هێرشیان کردووەتە سەر، نووسینگەکەیان سووتاندووە و برینداری لێکەوتووەتەوە.
رووداوەکە ئەمڕۆ هەینی، 01-03-2024، کاژێر 10:00ـی بەیانی لە شاری کۆبانێ پێش دەستپێکردنی رێوڕەسمەکە، لە بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان، سووریا- پەدەکەسە روویداوە.
سلێمان ئۆسۆ، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا – ئەنەکەسە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هێرشەکە لەلایەن جوانێن شۆڕشگێڕەوە کراوە، ئاگر لە بارەگاکەمان بەردراوە".
بەگوتەی سلێمان ئۆسۆ، بەهۆی هێرشەکەوە برینداریان هەیە و زیان بە ژمارەیەک ئۆتۆمبێلیشیان گەیێندراوە.
تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، جوانێن شۆڕگێڕ لە رۆژئاوای کوردستان و میدیاکانی نزیک لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هیچ روونکردنەوە و زانیارییەکان بڵاونەکردووەتەوە.