زانیاریی سەرەتایی؛ زیاتر لە 300 دووکانی بازاڕی چەلێ لە دهۆک سووتاون
رووداو دیجیتاڵ
بازاڕی چەلێ لە سەنتەری پارێزگای دهۆک ئاگری گرتووە و تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەدان. بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکانی پەیامنێری رووداو، زیاتر لە 300 دووکان سووتاون.
بەگوێرەی ئەو ڤیدیۆیانەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراون، ئاگرێکی گەورە لە بازاڕەکە کەوتووەتەوە. حەیدەر دۆسکی، پەیامنێری رووداو لەنێو بازاڕی دهۆک رایگەیاند، 24 تیمی بەرگریی شارستانی گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە، بەڵام ئاگرەکە گەورەیە و نەتوانراوە کۆنترۆڵ بکرێت.
عەمید حەسەن، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی دهۆک دەڵێت، زیاتر لە 360 کارمەندیان لە کاردان، لەگەڵ هاونیشتمانییان لە قۆناخەکانی کۆتایی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەدان.
لەبارەی زیانی ئاگرەکە، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی دهۆک دەڵێت، قەبارەی زیانەکان دیار نین، بەڵام جێی دڵخۆشییە کە تاوەکو ئێستا هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.