زیانلێکەوتوویەک: لە روومادییەوە هاتم لە هەولێر بە ئارامی بژیم، بەڵام ئێستا ئێرەش دەکەنە ئامانج

 
رووداو دیجیتاڵ

میدیاکانی ئێران ڤیدیۆی هێرشەکانی سەر هەولێر بڵاودەکەنەوە و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە "بنکەی تیرۆریستان" کراوەتە ئامانج، بەڵام لە راستی دا ماڵی مامۆستایەکی خەڵکی روومادیی دانیشتووی هەولێرە.
 
فارس عەتار 13 ساڵ لەمەوبەر لە ترسی داعش و گرووپە چەکدارەکان هەڵاتووە و رووی لە هەولێر کردووە بۆ ئەوەی "بە ئارامی بژی" بەڵام ئەمشەو درۆنی گرووپە چەکدارەکان ماڵەکەیان کردە وێرانە.
 
مامۆستا فارس عەتار بە رووداوی گوت: "من لەبەر ئەم جۆرە دۆخانە هاتوومەتە ئێرە، هاتووم تاوەکو لێرە [لە هەولێر] بە ئارامی بژیم. ئێوە ئێستا هاتوون بە درۆنەکانتان ئێرە دەکەنە ئامانج؟ ئێوە باش دەزانن ئەوەی دەیکەن ئازاری ئەوانە نادەن کە ئامانجتانە، بەڵکو هاووڵاتییانی عێراقین. ئەوەیشی تێیدا زەرەرمەندە هەر هاووڵاتیی عێراقی و موسڵمانانە. ئەگەر ئێوە دەڵێن موسڵمان و بەرەی موقاوەمەن، دێن خەڵکی خۆتان دەکوژن؟ من بە هەموو شێوەیەک سەرکۆنەی ئەم کارانە دەکەم."
 
ئەو گرووپە لە یاسا دەرچووانەی عێراق، کە لە ژێر دروشمی ئایینی و دژایەتیی ئەمریکا هێرشەکانیان ئەنجام دەدەن، ئەوەی دەیکەنە قوربانی، ئارامی و ژیانی خەڵکی هەرێمی کوردستانە. هەر هێرشێک لای ئەوان بە بانگی "اللە اکبر" دەستپێدەکات، بەڵام لای خەڵکی ئێرە بە دووکەڵی ماڵە سووتاوەکانیان کۆتایی دێت.
 
موزەفەر ئیسماعیل، خاوەنی یەکێک لەو ماڵانەیە بەهۆی درۆنەکانەوە زیانی پێگەیشتووە، دەڵێت: "باشە ئێمە چ تاوانێکمان کردووە؟ ئێمەی کورد چیمان کردووە تاوەکو ئەوان ئاوامان لێ دەکەن؟ نازانم بۆچی وازمان لێناهێنن و بەردەوام بە درۆن هێرشمان دەکەنە سەر."
 
بەپێی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، لە سەرەتای ئەم ئاڵۆزییانەوە تاوەکو ئێستا، 531 درۆن و مووشەک ئاراستەی خاکی هەرێمی کوردستان کراون، کە زۆرینەیان ناوچە مەدەنییەکانیان کردووەتە ئامانج.