نێچیرڤان بارزانی: پێویستە شکۆ و مافی هەموو کرێکارێک پارێزراو بێت
رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "پێویستە ژینگەیەکی سەلامەت و دادپەروەرانە دابین بکرێت کە تيایدا شکۆ و مافی هەموو کرێکارێک پارێزراو بێت".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی ساڵیادی رۆژی کرێکاران، 1ی ئایارەوە، ئەمڕۆ 1-5-2026 پەیامێکی بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەیدا هاتووە، "1ی ئایار، ڕۆژی جیهانیی کرێکاران، بە گەرمی لە هەموو کرێکارانی کوردستان، عێراق و جیهان و سەندیکا و رێکخراوەکانیان پیرۆز دەکەم. بە رێز و پێزانینێکی زۆرەوە لە رەنج و ماندووبوونیان دەڕوانم کە رۆڵى كارايان له پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی وڵاتدا ههيه".
دەشڵێت، "لەم یادەدا، جارێکی دیکە جەخت لە پشتگیریی تەواوی خۆمان بۆ ماف و داوا رەواکانی کرێکاران دەکەینەوە. پێداگری دەکەین لەسەر پێویستیی پابهنديى تهواو به یاسای کارهوه، ههروهها دابینکردنی ژینگەیەکی سەلامەت و دادپەروەرانە کە تيایدا شکۆ و مافی هەموو کرێکارێک پارێزراو بێت و دڵنیایی ژیان و گوزەرانێکی شایستەیان بۆ فەراهەم بکات".
"سڵاو دەنێرین بۆ گیانی ئەو کرێکارانەی لە کاتی کاردا گیانیان لەدەست داوە. لایەنە پەیوەندیدارەکان دهبێ ئهركى تهواوى خۆيان جێبهجێ بكهن لە چاودێریکردن و هاوکاریکردنی خێزان و کەسوکاریان و پێشكهشكردنى ههموو پشتیوانییەکی پێویست"، نێچیرڤان بارزانی وا دەڵێت.
جگە لەوانەش، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا هیوای پشوویەکی ئارام و سەرکەوتن بۆ هەموو کرێکاران دەخوازێت.
زیاتر لە 100 ساڵە یادی رۆژی کرێکاران دەکرێتەوە. لە زۆرینەی وڵاتان 1ی ئایار دەبێتە پشووی کرێکاران و زۆر جار رۆژەکە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی دەقۆزنەوە.
ئەم رۆژە پەیوەست و تایبەتە بە خەباتی چینی کرێکاران و پیشەگەران و ئیشکەران، هەروەها لەم رۆژەدا چەندان چالاکی بەڕێوەدەچێت بۆ بەرز نرخاندنی هەوڵ و ماندووبوونی ئەو چینە لەگەڵ جەختکردنەوە و هەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان، وەک دیاریکردن و کەمکردنەوەی کاتی کارکردن، پێدانی بڕی کرێی کارکردنی گونجاو و شایستە، گرنگیدان بە سەلامەتی کرێکاران لەکاتی کارکردن لەڕێگەی دابینکردنی کەرەستەی سەلامەتی پێویست.