پیتی "م" لە موسڵ بووەتە مۆتەکەی داعش
رووداو- ھەولێر
لە موسڵ گرووپێك دژی داعش دروست دەبێت بەنێوی "موقاوەمە" و "لەماوەی چەند رۆژێکدا 15 چەکداری داعش لەنێو موسڵ کوژراون"
پیتی "م" چەکدارانی داعشی لەنێو موسڵ تووشی شۆککردووە، رۆژ لە دوایی رۆژیش چالاکی چەکداری دژی داعش لە زیادبووندایە.
عیسمەت رەجەب، بەرپرسی لقی 15ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە موسڵ بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "بەپێی زانیارییەکانی ئێمە لە چەند رۆژی رابردوو 15 چەکداری داعش لە لایەن گرووپێکی بەرگریی لەنێو موسڵ کوژراون، کە ئەو گرووپە بەوە ناسراون کە پیتی "م" لەسەر دیوارەکانی شار دەنووسن و چالاکی دژی داعش دەکەن. رۆژ لە دوای رۆژیش چالاکی گرووپە جیاجیاکان لە دژی داعش زیاتر دەبێت".
عیسمەت رەجەب گوتیشی "پیتی "م" بۆ گرووپێکی چەکداری بەنێوی موقاوەمە دەگڕێتەوە کە رۆژانە چالاکی دژی داعش دەکەن و لە سەر دیواری فەرمانگە، شوێنە گشتییەکان، دیواری ماڵی چەکدارانی داعش ئەو پیتە دەنووسن. بۆیە داعش توشی شۆکبووە و دەستی بە ھەڵمەتێکی بەفراوانی گەڕان و پشکنینکردووە بۆ دۆزینەوەی ئەندامانی ئەو گرووپە".
رۆژی 10-6-2014داعش ھێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر شاری موسڵ، کە ناوەندی پارێزگای نەینەوایە، لەماوەی چەند کاژێرێک شارەکەیان کۆنتڕرۆڵکرد. ژمارەیەکی زۆر لە سوپا و پۆلیسی عێراقی ھەڵاتن و بەرگرییان نەکردو بەھۆیەوە چەک و جبەخانەیەکی زۆر کەوتە ژێر دەستی داعش.