رەوتی حیکمە: شاندی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە ژمارەیەک دەستپێشخەرییەوە دەچنە هەولێر


رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی دەستەی گشتیی رەوتی حیکمە دەڵێت، شاندی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە سەرۆکایەتیی هادی عامری سەردانی هەولێر دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی گرنگ ئەنجام دەدات.
 
رەحیم عەبوودی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، گوتی، "بەپێی بنەمای لێکتێگەیشتنە سیاسییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانەکە دەکرێت. شاندەکە کۆمەڵێک لێکتێگەیشین و دەستپێشخەری لەسەر مێزی گفتوگۆ دادەنێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا".
 
ئەمە لەکاتێدایە، بەڕێوەبەری نووسینگەی هادی عامری بە رووداوی گوت، ئەستەمە سەردانەکە لە رۆژی یەکشەممە بێت و هادی عامری سەردانی هەولێر بکات.
 
رۆژی 28-05-2025، تەیف سامى، وەزیری دارایی عێراق، هەرێمى کوردستانى ئاگادار کردەوە لەوەى چیدیکە ناتوانێت لە ناردنى پارەی مووچە بەردەوام بێت، بە پاساوى ئەوەى بڕى پشکى دیاریکراوى خۆى لە یاسای بودجە تێپەڕاندووە، بڕیارەکەی وەزیری دارایی عێراق کاردانەوەی تووندی لە نێوخۆی کوردستان لێکەوتەوە. 
 
رەحیم عەبووی رەتیدەکاتەوە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا ئاڵۆز بن و گوتی، "کەشوهەواکەی لێڵ نەبووە و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بە بەردەوامی بە باشی دەمێننەوە، هەر چەندە هەندێ کەس دەخوازن ئەو پەیوەندییە تێکبدەن."
 
رۆژی 31/5/2025، بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە پیرمام کۆبوونەوە و دوای کۆبوونەوەکە لە راگەیێندراوێکدا ئەوەیان دووپاتکردووە کە ئێستا گفتوگۆ و دانوستاندن بە باشترین چارەسەر دەزانن.
 
ئەو ئەندامی دەستەی گشتیی رەوتی حیکمە ئاماژەی بە خاڵە ناکۆکەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد و گوتی، "هەرێمی کوردستان هەندێک گرێبەستی وزەی واژۆکرد کە سۆمۆ و وەزارەتی نەوتی عێراق لە دەرەوەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان دەیبینن، بۆیە بە رێگەی گفتوگۆ هەموو شتێک رووندەبێتەوە و نابێت پرسی مووچە بە پرسی نەوت یان بابەتە سیاسییەکانەوە ببەسترێت."
 
بەپێی قسەی رەحیم عەبووی، بڕیارەکان لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دەدرێت و رازامەندیی چوارچێوەی هاوئاهەنگییان پێویستە: "بێگومان هەموو بڕیارەکان کە تایبەتن بە داهات و سامانی وڵاتەوە سەرۆکوەزیران بە راوێژ لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەیدات."