عەبدوڵڵا مەلا نوری: كۆبوونەوە بۆ مانەوە یان جێهیشتنی پەرلەمان دەكەین
رووداو – هەولێر
عەبدوڵڵا مەلا نوری، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان رایدەگەیەنێت، كە ئەوان وەك ئۆپۆزیسیۆن كۆبوونەوە بۆ مانەوە یان جێهیشتنی پەرلەمان دەكەن. ئەو پرۆژەیاسایەشی دوێنێ برایە پەرلەمان بە "مەتەڵ" وەسفی دەكات.
دوێنێ پەرلەمانی كوردستان بە زۆرینەی دەنگ ماوەی سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ دوو ساڵی دیكە درێژكردەوە، هەروەها ماوەی پەرلەمانیشی بۆ مانگی 11 درێژكردەوە.
عەبدوڵڵا مەلا نووری، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)ی تەلەفیزیۆنی رووداو بەشداریی كردو رایگەیاند مەرج نییە لەو ماوەیەی بۆ پەرلەمانی كوردستان درێژ كراوەتەوە بمێننەوە "مەرج نییە ئێمەی تێدا بین، كێ دەڵێت لەداهاتوودا ئۆپۆزیسیۆن هەڵوێستێكی دیكەی نابێت".
گوتیشی "دەبێت كۆبوونەوە بكەین، پێویستی بە هەڵوێستێكی دەستە جەمعی ئۆپۆزیسیۆن هەیە".
ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان لە كاتی گفتوگۆكردن لەسەر درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و درێژكردنەوەی خولی سێیەمی پەرلەمان، بە دەبەی ئاو هێرشی كردە سەر سەرۆكایەتی پەرلەمان. ئەو پرۆژە یاسایەی بە "مەتەڵ ناوبرد و گوتی "ئەو دەسەڵاتە هەمیشە خەریكی دروستكردنی مەتەڵە".
سەبارەت بەو بوتڵە ئاوەی گرتییە سەرۆكی پەرلەمان، عەبدوڵڵا مەلا نووری گوتی " ئەوە هەر كەسێكی دیكە بووایە لەجێی من لەوانەیە خراپتریشی بكردایە". گوتیشی "ئەگەر بوتڵە ئاویش نەبووایە هەر شتێكی دیكەم دەستكەوتبایە دەمهاوێشت".
سەبارەت بەوەی كە پەرلەمانتارانی ئۆپۆزیسیۆن دەرگای پەرلەمانیان شكاندبێت، عەبدوڵڵا مەلا نوری گوتی:"ئێمە دەرگامان نەشكاندووە، پێدەچێ خۆیان شكاندبێتیان وەك سیناریۆی فیكەكان و ئەمە درۆیەكی شاخدارە".
لەبارەی دەنگدانی پەلەمانتارانی یەكێتی و پارتی بە پرۆژەیاسای درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و پەرلەمان، گوتی: "پەرلەمانتارانی پارتی راستگۆ بوون لەگەڵ پەیامی خۆیان و دەنگیان بەو پرۆژەیە دا كە پێشتر كاریان بۆ كردبوو، بەڵام پەرلەمانتارانی یەكێتی زۆر بە شەرمەزارییەوە دەستیان بەرزكردەوە و دەنگیان دا، چونكە دەنگدانەكەیان تەنانەت لەگەڵ لێدوانەكانی 24 كاژێری لەمەوبەریشیان جیاواز بوو".
عەبدوڵڵای مەلا نوری دەڵێت "ئەگەر ئەم هەڵویستەی ئەمڕۆی پەرلەمان لە هەر وڵاتێكی دیكە بوایە، دەبوو سەرۆكی پەرلەمان دادگایی بكرێت، چونكە یاسای پێشێل كردووە، بەوپێیەی پەرلەمان مافی ئەوەی نییە تەمەنی سەرۆكی هەرێم و تەمەنی خۆی درێژ بكاتەوە".
ئەم وتانەی عەبدوڵڵای مەلا نوری لەكاتێكدایە كە سەرباری ئەوەی دەبەیەك ئاوی گرتە سەرۆكی پەرلەمان، بەڵام ئەرسەلان بایز گەردنی ئازاد كرد، بەڵام پەرلەمانتارەكەی گۆڕان گوتی: "من گەردنی ئەو ئازاد ناكەم".