سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی لەگەڵ سەرۆکی میت کۆبوونەوە

رووداو دیجیتاڵ

میدیای دەوڵەتی تورکیا دەڵێت، ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت) لە هەولێرە و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆبووەتەوە.
 
وەک میدیای دەوڵەتی تورکیا دەڵێت، ئیبراهیم کاڵن بە جیا لەگەڵ سەرۆک بارزانی؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان؛ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان کۆبووەتەوە.
 
بە گوێرەی میدیای دەوڵەتی تورکیا، گرنگترین مژاری کۆبوونەوەکان پرۆسەی چارەسەری بووە و ئیبراهیم کاڵن جەختی لەسەر کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان سوپای وڵاتەکەی و گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کردووەتەوە و بە گرنگی زانیوە تووندوتیژی و شەڕ لە ناوچەکەدا کۆتایی بێت. 
 
وەک میدیای دەوڵەتی تورکیا دەڵێت، هەر لە کۆبوونەوەکاندا ئاسایشی تورکمانەکان و رۆڵیان لە پرۆسەی سیاسیدا گفتوگۆی لەسەر کراوە و ئیبراهیم کاڵن پشتیوانیی تورکیای بۆ تورکمانەکانی عێراق دووپات کردووەتەوە.
 
لە دیدارەکاندا سەرۆکی میت رایگەیاندووە، لە قۆناخی داهاتوودا ئەنقەرە دیدار و پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق زیاتر دەکات.
 
هەروەها پرسی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێرانیش لە دیدارەکاندا گفتوگۆی لەسەر کراوە.
 
پرۆسەی چارەسەری
 
رۆژی 01-10-2024 دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) چووە لای فراکسیۆنی دەم پارتی و تەوقەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو پارتە کرد. ئەو رووداوە بووە دەستپێکی پرۆسەیەکی چارەسەریی پرسی کوردی لە تورکیا.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەو هەنگاوەی باخچەلی بە 'پەنجەرەی هیوا' ناوبرد و ئومێدی خواست، ئەو دەرفەتە نەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی کەسی.
 
باخچەلی دواتر داوای لە دەم پارتی کرد لەگەڵ ئۆجەلان دیدار سازبکەن. شاندێک کە لەلایەن دەم پارتییەوە پێکهێندرا دیداری لەگەڵ ئۆجەلان سازکرد و لەگەڵ پارتە سیاسییەکان کۆبووەوە. ئەو شاندە سەردانی هەرێمی کوردستانیش کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵا کۆبووەوە. 
   
پەکەکە رۆژی 12-5-2025 ئەنجامی کۆنگرەی 12ی خۆی راگەیاند و ئاماژەی بە کۆتاییهاتنی خەبات بەناوی پەکەکە کرد و گوتی:"گەلەکەمان هۆشیارانە خاوەندارێتی لە پرۆسەی ئاشتی دەکات" و "لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری باشتر تێدەگەن."
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەیدا پەکەکە گوتی، "پرسی کورد بە رێگەی سیاسەتی دیموکراتیکمان ھێناوەتە خاڵی چارەسەری و رۆڵی مێژووییمان هەبووە. بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەکە لەلایەن رێبەر ئاپۆوە بڕیاری ھەڵوەشاندنەوە و کۆتایی ھێنان بە تێکۆشانی چەکداری دراوە".
 
ئێستا چاوەکان لەسەر هەنگاوی کردەیی هەردوولان. بەرپرسانی ئاکپارتی داوا لە پەکەکە دەکەن بە شێوەیەکی کردەیی قۆناخی چەکدانان دەستپێبکەن، هاوکات بەرپرسانی پەکەکە بە ناوی خۆیانەوە و بێ ئاماژەدان بە ناوی پەکەکە راگەیێندراو بڵاودەکەنەوە و بە پێویستی دەزانن، حکومەت هەنگاوی متمانەبەخش بنێت.
 
رۆژی دووشەممە دوو سەرچاوە لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند، لە نێوان رۆژانی 3-10ی تەمموزی 2025 لە رێوڕەسمێک کە راگەیاندنیش تێیدا ئامادە دەبێت، یەکەمین گرووپی گەریلای پەکەکە چەک دادەنێت.