وەزارەتی ناوخۆ: لە هەولێر دەست بەسەر 628 دەمانچەی تورکیدا گیرا

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند لە شاری هەولێر دەستیان بەسەر 628 چەکی دەمانچەی تورکیدا گرتووە، کە بە نایاسایی هێنراونەتە هەرێمی کوردستان. ئەو گرووپەشی کە دەمانچانەکانیان هێناون دەستگیر کراون.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 1ی ئەیلوولی 2021 لەراگەیێنراوێکدا وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "ئەمڕۆ چوارشەممە لە پرۆسەیەکی هاوبەشی نێوان ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، پاش بە دواداچوونێکی ورد و بەردەوام توانرا دەست بەسەر 628 پارچە چەکی دەمانچە (دەمانچەی تورکی)دا بگیرێت، کە بەشێوەیەکی نایاسایی هێنراونەتە هەرێمی کوردستان".
 
هەر لەو راگەیێندراوەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا هاتووە: "ئەو گروپەی کە دەمانچەکانیان هێناون، بە بڕیاری بەڕێز دادوەر گیراون و دەدرێنە دادگای تایبەتمەند بۆ وەرگرتنی سزای یاسایی خۆیان".
 
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنیەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە بەدواداچوون و کارکردن بۆ نەهێشتنی دیاردەی چەکی قاچاخ و نایاسایی و بە سزا گەیاندنی ئەو کەس و گرووپانەی ئەو کارانە دەکەن.