هەفتەی داهاتوو ئەندامانی کۆنگرەی یەکێتی هەڵدەبژێردرێن
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە 27ـی ئەم مانگە یەکێتیی نیشتمانی کوردستان کۆنگرەی پێنجەمی خۆی ببەستێت. هەفتەی داهاتووش دەست بە کۆنفڕانسی مەڵبەند و مەکتەبەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرە دەکرێت. کۆنگرەکەش هەر لە شوێنی کۆنگرەی چوارەم دەبەسترێت و بەشێکی ئەندامانی یەکلایی بوونەتەوە.
یەکێتی نیشتمانی کوردستان ماڵپەڕێکی تایبەتی بە کۆنگرەی پێنجەم دروستکردووە و چەند زانیارییەکی لەبارەیەوە ئاشکراکردووە، لەوانە کۆنگرەی ئەمجارە سێ رۆژ دەخایەنێت کە لە رۆژانی 27 تاوەکو 29ـی ئەیلوول دەبێت و ئەندامانی کۆنگرە 600 ئەندام دەبن و شوێنی کۆنگرەش هەمان شوێنی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی دەبێت، کە هۆڵی پێشانگەی نێودەوڵەتیی سلێمانییە.
رۆژی 20ـی ئابی 2023 لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەشاری کەرکووک بڕیاری بەستنی کۆنگرەی پێنج درا. ئەمەش لە کاتێکدایە کۆنگرەی چوارەم لە 21-12-2019 بەسترا. بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی، کۆنگرە 4 ساڵ جارێک دەبەسترێت، بەمەش کۆنگرەی پێنج نزیکەی سێ مانگ بەر لە وادەی خۆی دەبەسترێت.
لە کۆنگرەی چواردا ژمارەی ئەندامانی کۆنگرە 1000 ئەندام بوو، بەڵام یەکێتی بڕیاری داوە ژمارەی ئەندامانی کۆنگرە 40٪ کەمبکاتەوە و 600 کەس ببنە ئەندامی کۆنگرە.
یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە لەساڵی 1975 دامەزراوە، تاوەکو ئێستا چوار کۆنگرەی بەستووە، لە سێ کۆنگرەدا، جەلال تاڵەبانی، بە سکرتێری ئەو حیزبە هەڵبژێردرا، لە کۆنگرەی چوارەمی ئەو حیزبە لەدوای 44 ساڵ لە دامەزراندنی بۆ یەکەمجار سیستەمی هاوسەرۆکی پەیڕەو کرد و هەر یەک لە لاهوور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی بوونە هاوسەرۆک.
بەشێکی ئەندامانی کۆنگرە یەکلایی بوونەتەوە
بۆ ئامادەکارییەکانی بەستنی کۆنگرەی پێنجەم، یەکێتی نیشتمانی کوردستان کۆمیسیۆنێکی باڵای ئامادەکاری پێکهێناوە کە لە چوار سەرکردایەتی ئەو حیزبە پێکدێن، ئەوانیش تەلار لەتیف، لێپرسراوی ناوەندی کاروباری یاسایی، د. یوسف گۆران، لێپرسراوی مەڵبەندی دیراساتی گشتی، رزگار حاجی حەمە، لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردن و سەرکەوت محەممەد زەکی، لێپرسراوی مەکتەبی رێکخستن.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو بڕیارە لە هەفتەی داهاتووەوە دەست بە کۆنفڕانسی مەڵبەند و مەکتەبەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بکرێت بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرە. بەشێک لە ئەندامانی کۆنگرە بەبێ هەڵبژاردن دەبنە ئەندامی کۆنگرە، لەوانە ئەندامانی سەرکردایەتیی ئێستا، ئەندامانی سەرکردایەتیی شاخ، دامەزرێنەرانی یەکێتی، کە تەنیا دوو کەسیان لە ژیاندا ماون (د. فوئاد مەعسوم و عومەر شێخ مووس)، پێشمەرگەکانی ساڵی 1976.
ئاڕاستەی زاڵ و باوی نێو یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەوەیە ژمارەی ئەندامانی سەرکردایەتی ئەو حیزبە کە 124 کەسن بۆ کەمتر لە نیوە کەمبکرێتەوە، هەروەها ژمارەی ئەندامانی مەکتەبی سیاسییش کەمبکرێنەوە، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی لەگەڵ ئەم ئاڕاستەیەیە و پێیوایە زۆریی ژمارەی ئەندامانی سەرکردایەتی بۆ دۆخی ئێستا گونجاو نییە، جگە لەوەی ئاراستەی باو لەنێو یەکێتی ئەوەیە شێوازێک لە دەسەڵاتی ناوەندی بەهێزبکرێت، بەشێوەیەک بۆچوونی جیاواز بەتایبەت لەسەر هێڵە گشتییەکانی سیاسەتی ئەو حیزبە یەک بێت.
کۆنگرەیەک بەبێ هاوسەرۆک
هەرچەندە بەشداریکردنی لاهوور شێخ جەنگی لە کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان یەکلایی کراوەتەوە و ناتوانێت بەشداری بکات، بەڵام هێشتا خۆی لەبارەی کۆنگرەوە هیچی نەگوتووە، بەڵام بە گوتەی کەسە نزیکەکانی لە دەرەوەی عێراق چەند جوڵەیەکی دەستپێکردووە بۆ مانۆڕێک کە پەیوەندیی بە خۆ ئامادەکردن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە هەیە، بەڵام نە خۆی و نە نزیکەکانی بەشداریی لە کۆنگرەی یەکێتیدا ناکەن.
لاهوور شێخ جەنگی کە لە کۆنگرەی چواری یەکێتی بە هاوسەرۆک هەڵبژێردرا، ئێستا بەشداریی کۆنگرەی ئەو حیزبە ناکات، بەتایبەت دوای ئەوەی لە دادگەکانی عێراقیش لەبارەی کەیسی خاوەندارێتیی یەکێتی و ئەو هەوڵانەی بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی لە یەکێتی تاڕادەیەکی زۆر بێ ئومێدبووە.
کۆنگرەکانی یەکێتی
یەکێتی نیشتمانی کوردستان، کە لە ساڵی 1975 لە شام دامەزراوە، تاوەکو ئێستا چوار کۆنگرەی بەستووە:
- کۆنگرەی یەکەم: دوای 17 ساڵ لە دامەزراندنی یەکێتی لە 28-1-1992 بەسترا. ھەر دوو باڵی کۆمەڵە و یەکێتی شۆڕشگێڕان توانەوە و بڕیاری یەکخستنی ھەردوو باڵەکە درا و جەلال تاڵەبانی بە سکرتێری گشتی هەڵبژێردرا.
- کۆنگرەی دووەم: لە 30-1-2001 لە سلێمانی بەسترا و مام جەلال بە سکرتێری گشتی هەڵبژێردرایەوە.
- کۆنگرەی سێیەم: لە 1-5-2010 بەسترا و مام جەلال بووەوە سکرتێری گشتی.
- کۆنگرەی چوارەم: رۆژی 21-12-2019 دەستی بەکارەکانی کرد و تێیدا ژمارەی ئەندامانی سەرکردایەتی زیادکران و گۆڕانکاری لە پەیکەری یەکێتی کرا و لاهوور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی بە هاوسەرۆکی حیزبەکە هەڵبژێردران.