وەزارەتی بەرگریی تورکیا: 22 شوێنمان لە قەندیل و ئاسۆس بۆردوومان کرد
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیدا بەرەبەیانیی ئەمڕۆ 22 ئامانجیان لە چیاکانی قەندیل و ئاسۆس لە هەرێمی کوردستان بۆردوومان کردووە، بەوهۆیەوە "ژمارەیەک گەریلای پەکەکە گیانیان لەدەستداوە." قایمقامی قەزای ماوەت لە ناوچەی شارباژێری سەر بە سلێمانیش دەڵێت، "هێرشەکان بە فڕۆکەی جەنگی و درۆن کراون، بەڵام زیانی گیانی و مادییان نەبووە."
رۆژی هەینی 1-9-2023، وەزارەتی بەرگریی تورکیا راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشەکانی شەوی رابردوو و بەرەبەیانیی ئەمڕۆی بۆ ژمارەیەک ناوچەی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "کاژێر 12:30ـی بەرەبەیانیی ئەمرۆ لە ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیدا هێزەکانمان چەند ناوچە و شوێنێکیان لە چیای قەندیل و ئاسۆس لە باکووری عێراق بۆردومانکرد."
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە داوە، "ئەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج پێشتر بە وردی دەستنیشانکراون کە بریتین لە 16 ئەشکەوت، چوار حەشارگە و دوو کۆگە، سەرجەمیان لەنێوبراون و ژمارەیەک تیرۆریست کوژران."
شەوی رابردوو و بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، ژمارەیەک گوند و ناوچە لە چیاکانی قەندیل و ئاسۆس لە سنووری پارێزگای سلێمانی کرانە ئامانج و خەڵکی ژمارەیەک گوند جووڵە و هاتووچۆی فڕۆکەی جەنگی و درۆنەکانیان درک پێکردبوو، تەنانەت لەنێو شاری سلێمانیشەوە چەندین کەس هەستیان بە دەنگی فڕۆکە جەنگییەکان کردبوو.
رۆژی هەینی 1-9-2022، کامەران حەسەن، قایمقامی قەزای ماوەت لە پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کاژێر 11 ـی شەوی رابردوو تاوەکو یەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا و درۆنەکانییەوە زیاتر لە 10 جار سنووری گوندی گەڵاڵەی سەر بە قەزای ماوەت بۆردوومانکراوە، بەهۆیەوە زیان بە هەندێک لە رەز و باخەکان کەوتووە و بووەتە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە کە کاژێر 10ـی بەیانی ئەمڕۆ کۆنتڕۆڵکرایەوە."
قایمقامی قەزای ماوەت گوتیشی: "چەند ناوچەیەکی دیکەش لە سنووری چیای ئاسۆس بۆردوومانکران، بەڵام تائێستا هیچ زیانێکی گیانی یان دارایی لە خەڵکی مەدەنی نەکەوتووەتەوە، هیچ بریندارێک نەگەیەندراونەتە نەخۆشخانە و هیچ خانوو یان ماڵێکیش زەرەرمەند نەبووە، هۆکارەکەشی ئەوەیە نزیکترین بۆردوومان نزیکەی یەک کیلۆمەتر و نیو لە گوند و شوێنی نیشتەجێبوونەوە دوور بووە."
ئەو هێرشانەی تورکیا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێک دێت کە ناوی چنگ-قوفڵـی لێناوە و بەرەبەیانی رۆژی 18ی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکرد.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 624 گەریلا و کوژرانی 102 سەربازی سوپای وڵاتەکەی راگەیاندووە؛ هەپەگەش کوژرانی دوو هەزار و 996 سەربازی تورکیا و گیانلەدەستدانی 363 گەریلای راگەیاندووە.