لە سلێمانی و گەرمیان 11 تووشبووی کۆلێرا تۆمارکراون

رووداو دیجیتاڵ 

چەند رۆژێکە لە سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان تووشبوون بە سکچوون و رشانەوە زیادیکردووە، دواجار دەرکەوت بەشێک لەوانەی سکیانچووە و رشاونەتەوە تووشی کۆلێرا بوون. 
 
جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی دەڵێت بەشێکی ئاوی خواردنەوەی سلێمانی هۆکاری بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییەیە، گوتەبێژی ئاوی سلێمانیش دەڵێت: "80٪ بۆ 90٪ـی ئاوی سلێمانی لە دوو پڕۆژەی حکومەتەوەن و رۆژانە پشکنینیان بۆ دەکرێت."
 
بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی: 10 تووشبووی کۆلێرا تۆمارکران
 
ماوەی چەند رۆژێکە لە شاری سلێمانی سکچوون و رشانەوە کە یەکێکن لە نیشانەکانی تووشبوون بە نەخۆشی کۆلێرا زیادبووە.
رۆژی پێنجشەممە، 31-8-2023، دکتۆر سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی، لەبارەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی کۆلێرا لەو شارە، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "رۆژانە زیاتر لە 100 نەخۆشی سکچوون و رشانەوە سەردانی نەخۆشخانەکانە حکومییەکان دەکەن، ئەوە جگە لەوانەی سەردانی نەخۆشخانە تایبەتەکان دەکەن، بەڵام مەرج نییە هەموویان تووشی کۆلێرا بووبن، تائێستا نزیکەی 10 کەس تووشبوون، بۆیە پێویست ناکات هاووڵاتییان نیگەران بن، تەنیا پێویستە ئاوی پاک بەکاربهێنن و ئەگەر هەر کەس تووش بوو، راستەوخۆ سەردانی نەخۆشخانە بکات و چارەسەر وەربگرێت و خۆپارێزیش بکات، چونکە نەخۆشییەکە دەگوازرێتەوە."
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی، نەخۆشی کۆلێرا زیاتر لەم وەرزە بڵاودەبێتەوە و دەشڵێت: "هەموو ساڵێک کۆلێرا هەیە، گرنگ ئەوەیە زیاد نەکات، ترسەکە لەوەیە ئەو کەسانەی تووشدەبن، ئەگەر چارەسەر وەرنەگرن رەنگە بە چەند کاژێرێک گیان لەدەستبدەن یان گورچیلەکانیان لەدەستبدەن، یان کۆمەڵێک لێکەوتەی دیکەیان تێدا دەربکەوێت."
 
فەرمانگە تەندروستییەکانی سلێمانی سەرقاڵی چاودێریکردنی سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکەن. بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی سلێمانی بە مەبەستی پێشگیری لە پەتای کۆلێرا رێنوێنیی بڵاوکردووەتەوە و بەکارهێنانی سەوزە و دۆ و ماستاوی لە چێشتخانەکان قەدەخە کردووە، هاوکات داوایکردووە هاونیشتمانییان لە پاکیی سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە دڵنیابنەوە.
 
ئاوی پیس هۆکارێکی بڵاوبوونەوەی کۆلێرایە. سەبارەت بە پاکیی ئاوی سلێمانی، رۆژی هەینی، 1-9-2023، ئامانج جەلال، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند" سلێمانی دوو سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی خواردنەوەی هەیە کە نزیکەی 80 بۆ 90٪ـی ئاوی خواردنەوە دابیندەکات، ئەوانیش پڕۆژەکانی ئاوی دووکان-سلێمانی یەک، دووکان-سلێمانی دوون، ئەو دوو هێڵە بەردەوام تیمەکانی ئێمە و تیمەکانی تەندروستی پشکنین بۆ ئاوەکەی دەکەن و هەرکاتێک بزانین ئاوەکە بەکەڵک نایەت دابەشی ناکەین، ئەو تێستانەشی کراون دەرچووە ئاوەکە هیچ کێشەیەکی نییە." دەشڵێت، "رەنگە هەندێک شوێن هەبێت ئاوی نا فەرمییان هەبێت."
 
بە گوتەی د. سەباح هەورامی، ئاو هۆکاری پەتای سکچوون و رشانەوەیە، دەڵێت: "بە نموونە سەوزە کە بە ئاوی پیس ئاو دەدرێت، یان هەرخۆراکێک کە بە ئاوی پیس ئاو دەدرێت بە هەمانشێوە دەبێتە هۆی گواستنەوەی نەخۆشییەکە، واتا بەشێوەیەکی زۆر سادە؛ ئاو هۆکاری پەتای سکچوون و رشانەوەیە و بەشێک لەو سکچوون و رشانەوەش، هۆکارەکەیان زیندەوەری کۆلێرایە."
 
سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوە لە سلێمانی بریتین لە سێ سەرچاوە، ئەوانیش هێڵی ئاوی خواردنەوەی دووکان-سلێمانی یەک، هێڵی ئاوی خواردنەوەی دووکان-سلێمانی دوو، هەروەها  بیرەکان.
 
هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی دەڵێت: "40% بۆ 50%ی گەڕەکەکانی سلێمانی پشت بە سەرچاوەی ئاوی نافەرمی دەبەستن، کە لە رێگەی شەمعەکانەوە ئاو وەردەگرن، ئەم شەمعانەش زیاتر لە 80 دانەن، کە 15%ی حکومین و ئەوانی دیکە نافەرمین و سەرچاوەیەکن بۆ بڵاوبوونەوەى کۆلێرا، لە ماوەی رابردووشدا لەناو منداڵاندا سکچوون و رشانەوە زۆر بوو، بەڵام ئێستا گەورەشی گرتووەتەوە."
 
کۆلێرا، نەخۆشییەکی رەوانی درمیی ترسناکە، دەبێتە هۆی هەوکردنی تووندی ریخۆڵە، بەهۆی میکرۆبی بەکتریایی"ڤیبیریۆ کۆلێرا" دروستدەبێت، نەخۆش تووشی سکچوونی تووند و رشانەوە و وشکبوونەوە دەبێت، لەوانەیە ببێتە هۆکاری گیانلەدەستدان ئەگەر زوو چارەسەر نەکرێت، نەخۆشییەکە هەندێک کات بەشێوەی پەتا روودەدات و هەندێک کاتیش بەشێوەی تاک تاک دەبێت.
 
نیشانەکانی نەخۆشی کۆلێرا بریتیین لە: "سکچوونی تووند، بەجۆرێک پاشەڕۆی نەخۆشەکە شل دەبێتەوە، رشانەوە و بێهێزی، ئازاری ماسولکەکانی لەش، بەڵام تای لەگەڵدا نییە."
 
لە ئەنجامی سکچوون و رشانەوە نەخۆش تووشی وشکبوونەوە و دابەزینی گوشاری خوێن دەبێت و گورچیلەکانی ‌هێدی هێدی لەکار دەکەوێت و لەوانەیە نەخۆشەکە گیانلەدەستبدات، ئەگەر زوو چارەسەری پێویست وەرنەگیرێت.
 
یەکەم تووشبوو بە کۆلێرا لە گەرمیان تۆمارکرا
 
رۆژی پێنجشەممە، بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی گەرمیان رایگەیاند یەکەم تووشبوونیان بە نەخۆشی کۆلێرا تۆمارکردوە، ئەوە لەکاتێکدایە سکچوون و رشانەوە لەنێو ئەو نەخۆشانەی سەردانی نەخۆشخانەکانی گەرمیان و بەدیاریکراوی گەرمیان دەکەن زیادیکردووە.
 
چەند کاژێرێک پێش راگەیاندنی تۆمارکردنی یەکەم تووشبووی نەخۆشی کۆلێرا کە ئافرەتێکی 24 ساڵە، بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی گەرمیان پێشبینی دەرکەوتنی کۆلێرای کردبوو و لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد: "ئامادەکاری کراوە و بەردەوامین لە دابینکردنی پێداویستی نەخۆشخانەکان، هەر ئەمڕۆش بانکی هەرێم لە سلێمانی 100 ملیۆن دیناری کاشی بۆ تەندروستیی گەرمیان دابینکرد و لە رووبەڕووبونەوەی کۆلێرا و پێداویستیەکانی خەرج دەکرێت."
 
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی گەرمیان لە رۆژی چوارشەممە بۆ پێنجشەممە 106 تووشبووی سکچوون و رشانەوە لە گەرمیان تۆمارکراون، کە بەمشێوەیەبوون، نەخۆشخانەى فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار 83 کەس، نەخۆشخانەی گشتیی شەهید خالد گەرمیانی لە کفری، 23 کەس، ژماره‌ى نه‌خۆشى خه‌وێنراو له‌ نه‌خۆشخانه‌ى گشتى كه‌لار/ قه‌ڵا، 60 نه‌خۆش بووە.
 
لەبارەی سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوەی گەرمیانەوە، رۆژی هەینی، 1-9-2023، سالار عەزیز، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی دەوروبەری گەرمیان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئاوی خواردنەوەی گەرمیان پشت بە سێ سەرچاوەی سەرەکی دەبەستێت، ئەوانیش رووباری سیروانە کە ئاوی قەزای کەلار دابیندەکات، لەگەڵ ئاوی کانیاو و بیرەکان، ئاوی قەزای کفری بەشێکی پشت بە ئاوی رووباری دووز دەبەستێت، بەڵام بەگشتی دەتوانین بڵێن بەشی زۆری ئاوی خواردنەوەی ماڵان پاکوخاوێنن، بەشێکی نەبێت کە بەهۆی پڕۆژەکانی ماسی و پەلەوەر و پاشماوەکانییانەوە کە دەخرێنە نێو رووباری سیروانەوە، پیس دەبێت."
 
سالار عەزیز دەشڵێت: "بەشێکی ئەو ئاوەڕۆیەی کە لە تانجەڕۆی سلێمانییەوە دەڕژێتە نێو رووباری سیروان هۆکارێکی دیکەیە بۆ پیسبوونی ئاوی گەرمیان."
 
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی گەرمیان باسی لەوەشکرد کە ئەوان رۆژانە پشکنین بۆ ئاو دەکەن و لەرێگەی تیمەکانییانەوە ئاگاداری ئاستی خاوێنیی سەرچاوەکانی ئاون.
 
خۆپاراستنی هەولێر: هیچ تووشبوویەکی کۆلێرامان تۆمارنەکردووە
 
بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی کۆلێرا، لەسەرەتای مانگی نیسانەوە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی هەولێر ئامادەکاری دەکات، بەپێی قسەی بەڕێوەبەری خۆپاراستنی هەولێر، "چاودێرییەکان و بڵاوکردنەوەی رۆشنبیری چڕکراونەتەوە."
 
د.بێریڤان عەدنان، بەڕێوەبەری خۆپاراستنی هەولێر، رۆژی هەینی، 1-9-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێمە چەند مانگێکە لەسەر سێ ئاراستە کاردەکەین و ماوەیەکە چڕمانکردووەتەوە، ئەوانیش بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی زیاترە لە نێو خەڵک، زیادکردنی گەڕانی تیمەکانی چاودێرییە لەنێو بازاڕەکان و شوێنە گشتییەکان، چڕکردنی کاری تیمەکانی گەڕان و پشکنینی سەرچاوەکانی ئاو لەشاری هەولێر."
 
د. بێریڤان عەدنان دەشڵێت: "لە هەولێر دوو سەرچاوەی سەرەکی ئاوی خواردنەوەمان هەیە، بەشێکیان ئاوی ئیفرازە کە کلۆری تێدەکرێت و سەد لە سەد خاوێنە، کێشەمان لەگەڵدا نییە، بەشەکەی دیکە ئاوی خواردنەوەی بیرەکانە، ئەمەیان کێشەیان تێدایە و بەشێکیان گونجاو نین، بۆیە دەستمانکردووە بە هەڵمەتی گەڕان و ئاگادارکردنەوەی خاوەن بیرەکان و هۆشیارکردنەوەیان و هۆشداریدان بەو کەسانەی کە کەمتەرخەمن."
 
رۆژی پێنجشەممە، 31-8-2023، لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی سکچوونی توند"کۆلێرا" لە پارێزگای هەولێر کۆبووە، بەپێی قسەکانی بەڕێوەبەری خۆپاراستنی هەولێر لە کۆبوونەوەکە پێداچوونەوە لە رێکارەکانی پاراستنی تەندروستی هاووڵاتیان کرا، بڕیاردرا رێنمایی بە چێشتخانە و شوێنە گشتییەکان بدەن کە زیاتر پابەندی خاوێنی ببن.
 
تەندروستی دهۆک: هیج تووشبوویەکی کۆلێرامان تۆمارنەکردووە
 
رۆژی هەینی، 1-09-2023 د. فەرهاد ئیسماعیل، بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستیی دهۆک، رایگەیاند، هیچ تووشبوویەک بە نەخۆشی کۆلێرا لە پارێزگاکە بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆشەوە تۆمارنەکراوە.
 
سەبارەت بە گرتنەبەری رێکارەکان لەو پارێزگایە، د. فەرهاد ئیسماعیل بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێمە هەموو کارێک دەکەین و چەند مانگێکە پلانێکمان گرتووەتەبەر بۆ بەرگرتن لەو نەخۆشییە گوازراوانەی لەم وەرزەدا دەردەکەون، لەنێویاندا کۆلێرا."
 
لەبارەی سەرچاوەکانی ئاوی دهۆکیش، فەرهاد ئیسماعیل گوتی: "سەرچاوەکانی ئاوی دهۆک خاوێنن کە ئاوی دابینکراوی حکومەتن، بەشێکی ئاوی دەرەوەی شاری دهۆک لە قەزا و ناحیەکان ئاوی بیر و ئاوی دیکەن و بۆ ئەوان تیمەکانمان راسپاردووە چاودێریی زیاتری بیرەکان و شوێنە گشتییەکان بکرێت."
 
باسی لەوەشکرد کە لەرێگەی بڵاوکردنەوەی تیمەکانیانیانەوە لەنێو بازاڕ و لە شوێنە گشتییەکاندا هۆشیاریی زیاتر بڵاودەکەنەوە.
 
چارەسەری نەخۆشیی کۆلێرا لەرێگەی وەرگرتنی ژیناو لەدەمەوە دەکرێت ئەگەر دۆخی نەخۆشەکە سووک بێت، یان لە رێگەی خوێنهێنەرەکانەوە لە نەخۆشخانە ئەگەر دۆخی نەخۆشەکە قورس بێت.بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو شلەیەی نەخۆش لە رێگەی سکچوون و رشانەوە لەدەستی داوە.
 
هەروەها لەرێگەی بەکارهێنانی دەرمان وەکو "تیتراسیکلین، دۆکسیسایکلین، ئیریسرۆمایسین، سپرۆفلۆکساین" دەکرێت، بە مەبەستی کورتکردنەوەی ماوەی سکچوونەکە و کەمکردنەوەی ماوەی فڕێدانی بەکتریان لە پاشەڕۆی نەخۆشەکە و هەروەها لە منداڵ بە بەکار‌هێنانی حەبی زینک ماوەی سکچوون کەمدەکاتەوە.
 
رێژەی مردن بەهۆی نەخۆشیی کۆلێرا ئەگەر چارەسەر وەربگیرێت 1٪ـە و ئەگەر بەبێ چارەسەر بێت رێژەکە لە 50٪ زیاترە.