بەمنزیکانە پێنج بیری ئاو لە قەزای کفری دەکەونە کار
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی دەوروبەری گەرمیان رایگەیاند، هەڵکەندنی پێنج بیری ئاویان لە سنووری قەزای کفری تەواو کردووە، کە یەکێک بوو لە داواکاریی مانگرتووانی قەزاکە، دەشڵێت: "ئێستا سەرقاڵی داپۆشینی بیرەکان و دواتر دروستکردنی شوێن دەبن بۆیان بۆ ئەوەی لە نزیکترین کاتدا بکەونە کار، کە بەشێکی زۆری گرفتی ئاوی قەزاکە چارەسەر دەکات."
رۆژی هەینی، 1-9-2023 سالار عەزیز، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی دەوروبەری گەرمیان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەماوەکانی رابردوودا بە گوژمەی 800 ملیۆن دینار کە لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تەرخانکرا، پێنج بیرمان لە قەزای کفری لێدا بەمەبەستی کەمکردنەوەی شوێنەواری کەمئاوی و نەهێشتنی گرفتی بێ ئاوی."
سالار عەزیز گوتی: "هەڵکەندنى ئەو پێنج بیرە تەواو بووە، ئێستا سەرقاڵی تەواوکردنی کارەکانی دیکەین لە داپۆشین و رێکخستن و دروستکردنی شوێن بۆیان بۆ ئەوەی لە نزیکترین کاتدا بکەونە کار و خزمەتی دانیشتوانی قەزای کفری بکەن."
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی دەوروبەری گەرمیان ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد هەڵکەندنی ئەو بیرانە لەنێوان 120 بۆ 150 مەتر بووە و دەڵێت: "بە کەوتنەکاری ئەو پێنج بیرە تاڕادەیەکی زۆر گرفتی کەمئاوی لە قەزای کفری چارەسەر دەکرێت."
مانگی تەممووزی ئەمساڵ بەشێک لە دانیشتووانی قەزای کفری لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بۆ داواکردنی خزمەتگوزاری و جێبەجێکردنی پڕۆژەکان بۆ قەزاکەیان دەستیان بە مانگرتن کرد و رۆژی 10ـی ئابی 2023 دوای ئەوەی بەشێک لە داواکارییەکانیان جێبەجێکرا، کۆتاییان بە مانگرتنەکەیان هێنا.