جەلال مەلەکشا.. شاعیری سەردەمی خۆی
رووداو دیجیتاڵ
جەلال مەلەکشا ئاوێنەی سەردەمی خۆی بوو، شیعرەکانی رەنگدانەوەی شۆڕش لەپێناو مافە نەتەوەییەکان و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بوو. ئەو بە شاعیری بەرەی هەژاران دەناسرا.
مەلەکشا ساڵی 1951 لە گوندی مەلەکشای سەر بە شاری سنە لە دایکبوو و نازناوەکەشی هەر لە گوندەکەیەوە وەرگرت. خوێندنی لە شاری سنە تەواو کردووە.
لەبەر رووحی سەرکێشی لە ناخیدا، مامۆستاکانی قوتابخانەی پێیان گوتووە، "تۆ یان لە برسان دەمری یان جێگات زیندان دەبێت". ئەو تامی هەردووکی چەشت. لەوپەڕی هەژاریدا ژیا و زۆرجاریش کەوتە زیندان. هەم لە سەردەمی حکومەتی پاشایەتی و هەم لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا. خۆی گوتوویەتی، دیواری کەمترین زیندان لە ئێراندا هەیە کە ناوی منی لەسەر نەنووسرابێت.
جەلال مەلەکشا چیرۆکنووس، رۆژنامەنووس، وەرگێڕ و فۆلکلۆرناسیش بوو، بەڵام تەنیا لەبەر شیعرەکانی دەناسرێت. سەردەمی ژیانی جەلال مەلەکشا سەردەمی شۆڕشی بزووتنەوە چەپەکان و کاریگەرییان لەسەر بزووتنەوەی رادیکاڵی کوردستان بووە.
مەلەکشا تاوەکو ساڵی 1979 کە رژێمی پاشایەتی رووخاوە، بە فارسی شیعری نووسیوە، بەڵام دواتر لەژێر کاریگەریی بزووتنەوەی کوردستان شیعر بە کوردی دەنووسێت؛ شیعری بەرگری، شۆڕشگێڕی، واتاگەری ئازادی، ئەوین. لە هەموویاندا رووحیەتێکی دژە ستەمکاری هەبووە.
رەخنەگرانی ئەدەبی ئەو قۆناخەی شیعری مەلەکشا بۆ گەڕانەوە بۆ رەسانەیەتی کوردی لە قەڵەم دەدەن.
عەشق لە شیعری مەلەکشادا، عەشقی رۆمانتیک بووە. ستەم و چەوسانەوەی وەک بەربەستی بەردەم گەیشتن بە عەشقی خەیاڵی خۆی زانیوە.
بەڵام بەشێک لە شاعیر و رەخنەگران، شیعرەکانی مەلەکشا بە دروشم و لێوانلێو لە ئایدیۆلۆژیا لێکدەدەنەوە.
جەلال مەلەکشا ئەندامی کانوونی نووسەرانی ئێران بوو. ئەو 14 ساڵ ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری سروە بوو. سروە 1985 مامۆستا هێمن دایمەزراند، قۆناخی دەرکردنی گۆڤاری سروە وەک قۆناخێکی زۆر پرشنگداری خزمەت بە زمان و ئەدەبی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا دەژمێردرێت. ئەو چەند ساڵێکیش لە باشووری کوردستان ژیاوە و لەوێ سەرنووسەری گۆڤاری پرشنگ بووە، بەڵام تەنیا 5 ژمارەی لێ بڵاوبووەتەوە.
شیعرەکانی مەلەکشا واتایەکی گەشبینانەیان هەیە. بەو مانایە رۆژێک کێشە و ناخۆشییەکان کۆتاییان دێت، خۆری ئازادی هەڵدێ و دادپەروەری دێتەئاراوە.