وەزارەتی كارەبا: کوژانەوەی کارەبا بەهۆی گرفتی تەکنیکییەوە بوو و بەمزووانە چارەسەر دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لەبارەی کوژانەوەی سەرتاسەریی کارەباوە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "بەهۆی گرفتێکی تەکنیکییەوە، کوژانەوەی گشتی لە سیستمی کارەبای هەرێم[ی کوردستان] روویدا." 
 
وەزارەتی کارەبا باس لەوەش دەکات، تیمەكانی وەزارەتی كارەبا سەرقاڵی چارەسەرکردنی کێشەکە و گەڕانەوەی كارەبای گشتین و "بەمزووانە کێشەی کوژانەوەی گشتی چارەسەر دەکرێت." 
 
لە دوێنێوە کارەبای نیشتمانیی سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کوژاوەتەوە.
 
وەزارەتی کارەبا لەبارەی هۆکاری کوژانەوە گشتییەکە روونیکردووەتەوە، کە ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، بەهۆی گرفتێكی تەكنیكییەوە، تەواوی یەكەكانی بەرهەمهێنانی كارەبای هەرێمی کوردستان كوژانەوە و تیمەکانی وەزارەتی كارەبا دەمودەست کێشەکەیان چارەسەر كرد، بەڵام کاژێر (01:00)ی شەو بۆ جاری دووەم كوژانەوەی گشتی روویدا.
 
وەزارەتی کارەبا دەڵێت: "ئێستا تیمەكانی کارەبای هەرێم سەرقاڵی ئاساییكردنەوەی دۆخی سیستەمی كارەبای هەرێمی كوردستانن و بەم نزیكانە چارەسەر دەکرێت." 
 
کەمال عەساف، بەرێوەبەری دابەشکردنی کارەبای هەولێر بە (رووداو)ی راگەیاند: زیاتر لە 14 کاژێرە کارەبای نیشتمانی سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کوژاوەتەوە، بەڵام نازانن هۆکارەکەی چییە."
 
هاوکات، ئەندازیار غالب محەممەد، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵ و گەیاندنی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، لە کاژێر 4ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینییەوە بە هۆکارێکی نادیار کوژانەوەی گشتیی (Black Out) لە تۆڕی کارەبای هەرێمی کوردستان روویداوە و تائێستا هۆکارەکەی نادیارە.
 
سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای ماس کە بەشێکی زۆری کارەبای هەرێمی کوردستان دابین دەکات بە (رووداو)ی راگەیاند، کێشەی کوژانەوەی کارەبا لە وێستگەکانی ئەواندا نییە.
 
لەگەڵ هاتنی یەکەم شەپۆلی سەرمادا کاژێرەکانی پێدانی کارەبا کەمبوونەوە؛ بە گوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو کە قسەی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە، لە 24 کاژێردا تەنیا سێ بۆ چوار کاژێر کارەبای نیشتمانی لە هەندێک ناوچەی هەولێر هەیە؛ هەروەها لە سلێمانی نزیکەی 7 کاژێر؛ لە دهۆک 6 بۆ 7 کاژێر کارەبا هەیە و لە هەڵەبجەش کاژێرەکانی پێدانی کارەبا کەمبوونەتەوە. 
 
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان سێ هەزار و 800 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت، بەڵام لە وەرزە سارد و گەرمەکاندا خواست لەسەر کارەبا بۆ دوو هێندە بەرز دەبێتەوە و کاژێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی کەمتر دەبنەوە؛ ئەوەی پێویستیی هاونیشتمانییان پڕدەکاتەوە موەلیدە ئەهلییەکانن، کە بەگوێرەی بەدواداچوونێکی رووداو، زیاتر لە پێنج هەزار و 500 موەلیدەی ئەهلی لە هەرێمی کوردستاندا هەن.