رووداو ناوی براوەکانی هەڵبژاردنی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر بڵاودەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجامی هەڵبژاردنی ژووری بارزگانیی هەولێر ئاشکرا کرا، بەپێی ئەنجامی بەرایی تەنیا یەک ئافرەت بووەتە ئەندامی ژووری بازرگانی. لە نێو بەربژێرەکانیشدا گەیلان حاجی سەعید زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 30-11-2023 هەڵبژاردنی ئەندامانی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر بەڕێوەچوو، کە 11 هەزار و 565 کەس بۆیان هەبوو دەنگبدەن و 4 هەزار و 404 کەس دەنگیان بە  33 بەربژێر دا کە کێبڕکێیان لەسەر 13 کورسی ئەنجوومەنی کارگێڕیی ژوورەکە دەکرد.
 
ئەنجامی هەڵبژاردنی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر:
 
1- گەیلان سەعید، 2462 دەنگ
2- سالار سەڵاح، 2351 دەنگ
3- شیرین یەحیا خەلیل، 2233 دەنگ
4- مەعرووف هەركی، 2073 دەنگ
5- كامەران سەڵاح، 887 دەنگ
6- خەلیل گۆڕان،  1943 دەنگ
7- فەیسەڵ گەردی، 1923 دەنگ 
8- لاوەند مەمووندی، 1695  دەنگ
9- ئیسماعیل سوورچی، 1686 دەنگ
10- ئیبراهیم گەردی، 1685 دەنگ
11- رەشید هەركی، 1582  دەنگ
12- كامەران محەممەد، 1425 دەنگ
13- رزگار سێنارە،1236 دەنگ 
 
چوار ئەندامانی یەدەگیش دیاریکراون، بەمشێوەیە: 
 
1- نیاز یوسف، 1164 دەنگ 
2- سەردار عەزیز ، 1163 دەنگ
3- كامەران جەلیل، 1051 دەنگ
4- سەردار سەمەد، 1017 دەنگ
 
گەیلان سەعید، ئەو بەربژێرەی زۆرترین دەنگی لە هەڵبژاردنەکە بەدەستهێناوە، رۆژی هەینی، 1-12-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت": هەڵبژاردن تەواو بوو، هیچ کێشەیەکی ئەوتۆ رووینەدا، لە کەشێکی ئاسایی بەڕێوەچوو، چاوەڕێین ئەنجامەکان بە فەرمی لەلایەن لێژنەی باڵای سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنەوە پەسندبکرێن و ئەنجامی تانەکان یەکلایی ببنەوە کە ئەو پڕۆسەیە نزیکەی یەک مانگی دەوێت، دوای ئەوە لە یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێی هەڵبژێردراو، سەرۆک و دوو جێگری ئەنجوومەن دیاری دەکرێن."
 
دوای 17 ساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکان لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، لە سلێمانی 3760 کەس دەنگیاندا و بەربژێرێکی ژن ریزبەندی یەکەمی لیستەکەی گرتووە و لە هەڵەبجەش 584 دەنگدەر بەشدارییان کرد و هەولێر 13 ئەندام هەڵبژێردران. لە دهۆکیش 11 کەس بوون بە ئەندامی ئەنجوومەن و شەش کەسیش وەکو ئەندامی یەدەگ دیاریکران.