هونەرمەندێکی پێشمەرگە لە سوێد: حەسرەتی دڵی دایکێکی مەریوانی و دهۆکی بۆ من وەکو یەکن

رووداو دیجیتاڵ 

حەسەن شەریف هونەرمەندێکی پێشمەرگەیە، تەمەنێکی زۆر کەمی هەبووە کاتێک چووەتە شاخ، لە کاتی راپەڕین لە کامپەکانی باکووری کوردستان ژیاوە، ساڵانێکی زۆریشە لە سوێد دەژی. ئەو هونەرمەندە باسی ژیانی تایبەتی خۆی و بەرهەمە هونەرییەکانی بەدەم نان خواردنی بەیانییەوە بۆ تیمی دیاسپۆرا باس کرد. 
 
حەسەن شەریف، مرۆڤێکی زیاندۆستە بە دەنگە بەسۆزەکەشی هەستێکی تایبەت دروست دەکات، لە بەشداریکردنی لە بەرنامەی دیاسپۆرای رووداو کە هێمن عەبدوڵڵا پێشکێشی دەکات، گوتی، "ئێمەی هونەرمەندان رووبەرووی رەخنە دەبینەوە بەڵام، ئەگەر هەرشتێک بین، پێویستە کوردستانی بین، حەسرەتی دڵی دایکێکی مەریوانی و دهۆکی بۆ من وەکو یەکن، ئێمە هونەرەکەمان پێشکێش دەکەین لە کەناڵەکانەوە نەوەک بیرۆکە سیاسییەکانمان."
 
لەبارەی شێوازی گۆرانییەکانییەوە حەسەن شەریف دەڵێت، لە هونەرەکەشیدا زمانی گۆرانی گوتنی بەشێوەیەک بەکارهێناوە کە هەموو گەلی کورد لە هەرناوچەیەک بێت بەخۆیەوە گرێ بدات.
 
"گۆرانی بە سوێدی و ئینگلیزی دەڵێیت؟"
 
بەشێک لە هونەرمەندان کاتێک لە وڵاتێکی دیکە دەژین، توانیویانە لە هونەرەکەیان جێگەی گۆرانی بە زمانی ئەو وڵاتەش لە بەرهەمەکانیان بکەنەوە، حەسەن شەریف لەوبارەوە باس لەوەدەکات کە، "زۆر هەوڵم نەداوە، چونکە زۆربەی هونەرەکەمان سیاسی و پەیوەست بە دۆزی گەلەکەمانەوە بووە، راستە لەو نێوەندەدا دڵداریشی لەگەڵ بووە بەڵام لە کاتی ئێمە بەرهەمەکانمان زیاتر سیاسی بوون." 
 
"گۆرانییەک بۆ هەڵەبجە و گوندەکەم"
 
حەسەن شەریف لە گوندی کێستەی سەر بە ناحیەی کانێ ماسێی سنووری قەزای ئامێدی لە دایکبووە، بە گوتەی خۆی، گوندەکەیان لە ساڵی 1976 لەلایەن رژێمی ئەو کاتی بەعسەوە خاپوور کراوە، ئەو باسی ئەو کاتە دەکات کە لە لقی یەکی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشمەرگە بووە و دەڵێت، "ئامادەکارییمان بۆ نەورۆز دەکرد، بەڵام دوای بیستنی ئەو هەواڵە زۆر دڵتەنگی کردین و ئاهەنگەکانمان وەستاند و ماتەمینی راگەیێندرا."
 
حەسەن شەریف گوتیشی، "جەمال ئامێدی پێشمەرگە بوو لەگەڵمان هۆنراوەیەکی نووسی لەسەر هەڵەبجە و ئەو کارەساتە گەورەیە، ئیتر منیش هەر لەنێو بارەگای لق ئامادەکارییم بۆکرد و کردمە گۆرانی، بەڵام پیڕانەگەیشتین تۆماری بکەین و ئیدی ئاوارەیی زیاتر بوو، ئێمە بەرەو ئامەدی باکووری کوردستان رۆیشتین."
 
بەرهەمەکانی حەسەن شەریف بە شێوەزاری کرمانجی یان بادینی گوتراوە؟ 
 
ئەو هونەرمەندە دەڵێت، ئەو زاراوەیەیەی بەرهەمەکانی پێبڵاوکردووەتەوە و تێکەڵە و "وەکو خواردنەکەی بەردەستییەتی"، لەبارەی ئەوەی ئایا ئەم شێوازە گۆرانی گوتنە زاناییە یاخود پەیوەندیی بە ژیانکردنییەوە هەیە لە باکووری کوردستان؟ حەسەن شەریف گوتی، "بابەتەکە زانابوون نییە، بەڵام من هەر بە منداڵی گوێ بیستی رادیۆی یەریڤان بووم، هەروەها لە خانەوادەیەکی هونەری وا گەورەبوومە کە هەموو شێوەزارێکی هونەری تێدا گوێبیست دەبوویت، دوای ئەوەی کەمێک فامم بە دۆزی کورد و کوردستان کرد و گەورەبووم، پێم باشتر بوو مرۆڤ رێچکەیەک بگرێت، لەسەر ئەوەش رەخنەی زۆرم لێگیرا."
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ هونەرمەند حەسەن شەریف:
 
رووداو: بەیانیان کاژێر چەند نان دەخۆیت؟
 
حەسەن شەریف: خۆشترین شتی بەیانیان ئەوەیە کەزوو نان بخۆی، بەتایبەت کاژێر 7 یان 8، ئەگەر دەرفەتی ژیان زیاتر بڕەخسێت، بەڵام هەندێجار ناگونجێت، تاوەکو منداڵ هەڵدەستن و ئامادە دەبن و دەچنە خوێندگە، بۆیە بەریەککەوتن روودەدات، بەڵام ئەگەر شتەکان یەک شت بن ئاسانترە، بۆیە ئەگەر من تەنیابم ئەوا زوو هەڵدەستم و ناندەخۆم و رۆحی بەیانییان دەبینم، بای بەیانییان، هەواڵەکانی بەیانییان، ئەوە گرنگە بۆ من، واتە ئەوەی بۆمن گرنگە ئەوەیە کە لەگەڵ خۆم بم.
 
رووداو: سەرنجم دا کاتێک نانی بەیانیت ئامادە دەکرد، دەتگوت نازانم ئەوە هی کام شوێنی کوردستانە و ئەمە هی کام شوێنە، ئایا کوردستان لەسەر سفرەی بەیانی تۆ هەیە؟
 
حەسەن شەریف: هەرچەند گرنگی بە خۆمان بدەین هەر کەمە، ئەو خواردنانەی کە دەیخۆین کاتێک دەزانین ئەو شتەی ئامادەی دەکەین لە وڵاتەوە هاتووە، جا هەر چییەک بێت، ئەوا ئێمە بۆ خۆمان خۆشتری دەکەین، بۆ نموونە دوو بیبەر لێرە هەن، یەکێکیان رەش و ئەوەی دیکەیان سوورە، کەلە باکووری وڵاتەوە هاتوون، ئەم تەحینەش هی کوردستانە، ئەوانی دیکەش لە دەرەوەی سوێدەوە هاوردەکراون، بەڵام بەگشتی حەزم لە تیژییە، خواردن تیژ نەبێت ناتوانم بیخۆم. حەزیشم لە ئاڤاکادۆ و کاکلە گوێز و هەنگوینە.
 
رووداو: لە دایکبووی گوندی کێستەی، ئەو خواردنانەی لەوێ دەتخوارد کە بیرت ماون چی بوون؟
 
حەسەن شەریف: من لە کێستە لەدایکبوومە، بەڵام لەوێ نەژیاوم، چیرۆکەکە دورودرێژە ناتوانم لێرە باسی هەمووی بکەم، دوای لەدایکبوونم دایک و باوکم لە گوند و ناوچەکانی دەروبەری کێستێ گەڕاون بۆ ئەوەی ژیانێکی باشتریان هەبێت. دواترە گوندەکەمان وەک هەر گوندێکی دیکە لە ساڵی 1976 لەلایەن رژێمی ئەوکاتی بەعسەوە تەختکرا و بەبیانووی بوونی پێشمەرگەوە. لەکاتی کیمیابارانەکەی هەڵەبجە من لە لقی یەکی پارتی دیموکراتی کوردستان بووم لە بادینان، ئامادەکارییمان دەکرد بۆ نەورۆز و لەوکاتە ئەو هەواڵە دڵتەزێنەمان بیست و زۆر دڵتەنگی کردین، ئیتر ئاهەنگەکان وەستان و ماتەمینی راگەیێندرا، کارەساتەکە زۆر جەرگبڕبوو، بەڵام گەورەییەکی زۆری بە دۆزی کورد و شۆرشەکەیدا بەهۆی ئەوەی لە دونیا وێنە و ڤیدیۆکانی بڵاوبوونەوە، جەمال ئامێدی پێشمەرگە بوو لەگەڵمان هۆنراوەیەکی نووسی لەسەر هەڵەبجە و ئەو کارەساتە گەورەیە، ئیتر منیش هەر لەنێو بارەگای لق ئامادەکارییم بۆکرد و کردمە گۆرانی، بەڵام پیڕانەگەیشتین تۆماری بکەین و ئیتر ئاوارەیی زیاتر بوو، ئێمە بەرەو ئامەدی باکووری کوردستان رۆیشتین، لەوێش ماوەیەکی پێچوو تاوەکو توانیم چەند کەسێک بناسم و بە ئیمکانییەتی زۆر کەم و لە ناو کامپدا گۆرانییەکەم تۆمارکرد، سەرەڕای ئەوەی کە قەدەخەش بوو، چیرۆکەکەشی زۆر دوور و درێژە و لە زۆر جێگە گێراومەتەوە.
 
رووداو: ئەوە گرنگبوو کە ئەو کات گەنجێکی بادینان بە شێوەزاری بادینی گۆرانی بۆ هەڵەبجە بڵێت، من کە ئێستا گوێت لێدەگرم هەست دەکەم کوردییەکەت تەواو بادینی نییە و هەروەها کورمانجیش نییە واتە تێکەڵە.
 
حەسەن شەریف: بەڵی وەکو تێشتەکەمە[خواردنەکەمە].
 
رووداو: ئەمە کاریگەری بوونی تۆ بوو لە ئامەد یان بە زانایی بوون وادەکەیت؟
 
حەسەن شەریف: بابەتەکە زانابوون نییە، بەڵام من هەر بە منداڵی گوێ بیستی رادیۆی یەریڤان بووم، هەروەها لە خانەوادەیەکی هونەری وا گەورەبوومە کە هەموو شێوەزارێکی هونەری تێدا گوێبیست دەبوویت، دوای ئەوەی کەمێک فامم بە دۆزی کورد و کوردستان کرد و گەورەبووم، پێم باشتر بوو مرۆڤ رێچکەیەک بگرێت، لەسەر ئەوەش رەخنەی زۆرم لێگیرا، بەڵام ئەگەر ئێستا وەک شێوەزاری گوندەکەم قسەت لەگەڵ بکەم لەوانەیە لە زۆر وشەی من تێنەگەیت.
 
رووداو: یەکێک لەو رەخنانەی لێت دەگرن، دەڵێن حەسەن شەریف گۆرانی زۆری هەن و جەماوەرێکی نەگۆڕیشی هەیە و دەڵێن نازانێت لەناو سۆشیال میدیا باش بۆخۆی کاربکات و خەڵک کەم دەزانێت کە شتێکی تازەی هاتووە، ئەو رەخنەیەت قبووڵە؟
 
حەسەن شەریف: هۆکاری ئەو کەموکوڕییە نەبوونی ئەدمینێکی چالاکە لەو بوارە، بەڵێ ئەو رەخنەم قبووڵە، بەڵام بەلای منەوە هەمەجۆری لە هونەر بۆ من گرنگە، لەوانەیە جارێک گۆرانییەکم دروست کردبێت، باوەڕکە لەسەر یەک وشە یان یەک رستەی ناو گۆرانییەکە لەوانەیە لەگەڵ دەیان مامۆستا و کوردیزان قسەم کردبێت تاوەکو یەکلاییم کردووەتەوە، هونەرمەندە کۆنەکانی کورد، وەک مامڵێ و زیرەک و جزیری و .. سەیرییان بکە چۆن بناخەیەکی پتەویان بۆ هونەری کوردی لە وشە و ئاواز دروستکردووە، سەیرکە ئێستا گەنجێک دێت بە چەند وشەیەکی سادە و ئاسان گۆرانییەک دەڵێت لەوانەیە حەوت ملیۆن بینەری هەبێت، بەڵام لەهەمان کاتدا هونەرمەندێکی گەورە کە گۆرانییەکی میکسیش بکەن و بیخەنە بازاڕ لەوانەیە سێ چوار هەزار کەس سەیری نەکات، منیش وەک هونەرمەندێک کە چەندین ئەلبووم و گۆرانیم هەن هەموویانم بۆ وڵات و دۆز و کولتوور و هونەری گەلەکەم کردووە.
 
رووداو: خەڵک بە گشتی دەزانن فکرەت چییە و پێشمەرگەی پارتی بووی، هەندێجار پارتییەکان رەخنەت لێدەگرن دەڵێن کە هونەرمەندێکی پارتییە، بەڵام لە کەناڵی حیزب و لایەنەکان دەرکەوتووە، هەندێکی دیکەش دەڵێن نەخێر کوردستانییانە بیری کردووەتەوە ئەمە چۆنە؟
 
حەسەن شەریف: ئێمە ئەگەر هونەرمەندبین یان مامۆستا بین یان هەرشتێک بین، هەر کارێک بکەین پێویستە پێش هەموو شت کوردستانی بین، بۆمن حەسرەتی دڵی دایکێکی مەریوانی و دهۆکی و هەر هەمووی وەک یەکە کە بیری لێدەکەمەوە لەبەر ئەوەی کاتێک دەرفەتی کردنەوەی کەناڵە کوردییەکان لە دونیا کرانەوە ئێمە چووین و هونەری خۆمان لەوێ پێشکێش بکەین، نەک فکرە سیاسییەکانمان، بۆیە لەو دووایانە کە دەیان و سەتان کەناڵی کوردی بوونەوە، لەهەر شوێنێک دەنگێکی کوردی بە دوو دەست لێبدرێت، من لای خۆمەوە دەیکەم بە چوار، بۆیە من جیاوازی ناکەم، کارەساتی هەڵەبجە، ئازاری عەفرین کارەساتی شنگال هەموویان بۆ من وەک کوردستانییەک جەرگبڕبوون، لە هونەرەکەشمدا زمانی گۆرانی گوتنم بەشێوەیەک بەکارهێناوە کە هەموو گەلی کورد لە هەرناوچەیەک بێت بەخۆمەوە گرێبدەم.
 
رووداو: کارگەریی سوێد لەسەر هونەری تۆ چی بووە؟
 
حەسەن شەریف: پێویستە ئێمە بۆ سوێد نان و خوێ بین و بێ وەفا نەبین، سوێد بووەتە پەناگەیەک بووە بۆ هەموو پەنابەرانی دونیا، بەتایبەت گەلی کورد، بەشێک لە سیاسییەکانیان زۆر باش بوونە بۆ ئێمە، بەڵام هونەر و کولتوورەکەی کاریگەریی بەسەر هونەری من  و بیرکردنەوە و دۆزەکەم و تەنانەت منداڵەکانیشم نەبووە، بەڵام کاریگەری ئەرێنی زۆر پێداوین بۆ نموونە زۆر کەس لێرە گەورەبوون و بوونتە ئاوازدانەر و میوزیکژەن و خاوەن گرووپی بچووک بچووکی میوزیک ، بۆیە سوێد زۆر پشتیوانیمان دەکات وەک زمان، کولتوور و هونەر، لەکاتی ئاهەنگەکانی دیاسپۆرانشینەکانی سوێد لە رۆژی نەتەوەکاندا هونەری خۆمان نیشانداوە.
 
رووداو: ناوچەی بەرواری ناوچەیەکی خۆش و دڵگیرە و دەڵێن پیرنابن، لەوێ ئیلهام وەردەگریت، بەڵام ئایا لەو شارەی تۆی لێ دەژی شوێنێک هەیە ئیلهامت پێببەخشێت؟
 
حەسەن شەریف: بەڵێ دوو شوێن هەن، زۆر تایبەتن، زۆرجار سازەکەم دەبەم و لەوێ دەیژەنم و گۆرانی دەڵێم.، بەڵام هەمیشە ئیلهامم لە دەرەوە بۆ دێت لەکاتی بیرکردنەوەی قووڵ.
 
رووداو: جگە لە کوردی هەوڵتداوە گۆرانی بە سوێدی یان ئینگلیزی بڵێیت؟
 
حەسەن شەریف: زۆر هەوڵمنەداوە، دەزانی زۆربەی هونەرەکەمان سیاسی و دۆزی گەلەکەمان بووە، راستە دڵداریشی تێدابووە، بەڵام لەکاتی ئێمە و لە ئیمکانیەتەی خۆمان زیاتر سیاسی بوون، بەڵام هەوڵم نەداوە بە زمانەکانی دیکە گۆرانی بڵێم، بەڵام کچێکم هەیە دەنگی زۆر خۆشە لەوانەیە ئەو بتوانێت گۆرانی بڵێت بە زمانەکانی دیکە و منیش پشتیوانییان دەکەم، هەندێجار بیر لە نادادی هونەر دەکەمەوە دەڵێم با منداڵەکەم نەبێتە گۆرانیبێژ، دواتر دەڵێم نا با بە دڵی خۆی بێت و لە چی بەهرەی هەبێت لە هونەر با بەکاربێنێت، بەڵام دەمەوێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بێت.
 
رووداو: دەتەوێت سوێد جێبهێڵیت و بە یەکجاری بگەڕێیتەوە کوردستان؟
 
حەسەن شەریف: ئەوە 10 ساڵە بە خەیاڵ لە کوردستان دەژیم.، لە 2013 گەڕاینەوە و لە کوردستان نیشتەجێبووین، دواتر چەند ساڵێک شەڕ بەرامبەر کوردستان داگیرسا، تاوەکو 2016 ماینەوە، دواتر بەهۆی منداڵەکانم و خوێندیان ناچاربووین بگەرێینەوە، بەڵام لەڕووی فیزیکی هەمیشە لە کوردستانم، ئێستا بنکەی هونەری خۆم لە کوردستان دامەزراندووە و دەمەوێت بەیەکجاری لە کوردستان بژیم.
 
رووداو: ژیانی کەسانی ناسراو وەک جەنابت لە کوردستان زەحمەتە و ژیانی تایبەتی نییە، لە سوێدیش وایە؟
 
حەسەن شەریف: ئێمە لە سوێد ئاسوودەترین، منیش ژیانی خۆم هەیە و دەمەوێت بژیم و بە نۆرماڵی بژیم، لە کوردستان هەوادارانت دەیانەوێت نزیکت بن و ئەوان گەرمن، ئێمە لەپێناو ئارامی خۆمان سوێدمان پێباشترە و ئەمەش بە مانای ئەوە ناڵێم خۆمان لە کەسێکی کورد گەورەتر بزانین، نا بەڵکو پەیوەستە بە ژیانی کەسی خۆمانەوە.
 
رووداو: سوپاس