پێگەی پاڤڵ تاڵەبانی لەنێو یەكێتی بەهێزتر دەبێت
رووداو - هەولێر
لەگەڵ قوڵبوونەوەی كێشە نێوخۆییەكانی یەكێتی، رۆڵی كوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی، سكرتێری گشتیی ئەو حیزبە زیاتر دەبێت. پاڤڵ تاڵەبانی بۆ یەكەمجار پۆستەكەی لەلایەن مەلا بەختیار، بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە رۆژی 31/10/2016 دا لە سەردانی شاندی حیزبەكەیان بۆ ئێران ئاشكرا بوو كە ئەویش "لێپرسراوی كاروباری دژایەتی تیرۆرە". لەپاڵ كاركردن لە سلكی ئەمنی، رۆڵی پاڤڵ تاڵەبانی لە بواری سیاسی زیاتر بوو كاتێك لە هەوڵەكانی بۆ نزیككردنەوەی باڵی زۆرینەی مەكتەبی سیاسی بە سەرۆكایەتی هیرۆ ئیبراهیم ئەحمەدی دایكی و باڵی ناوەندی بڕیار بە سەرۆكایەتی جێگرانی سكرتێری گشتی، سەركەوتوو بوو.
سەركردەكانی یەكێتی پشتگیری دەكەن
مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بە (رووداو)ی راگەیاند "لەو سەردان و كۆبوونەوانەی چ لە ماڵی كاك شێخ جەعفەر لە قەرەداخ، چ ئەوەی ماڵی مام جەلال، هەموومان پشتیوانیمان بۆ هەوڵەكانی كاك پاڤڵ دەربڕی، بەڵام ئەو بابەتە تەنیا بەو ناكرێت، ئەگەر سەركردەكانی یەكێتی بە قەناعەتەوە خەمی حیزبەكەی مام جەلال نەخۆن، هەزار كۆبوونەوەش بكەین ناگەینە ئەنجام".
مستەفا چاوڕەش لەبارەی رۆڵی پاڤڵ تاڵەبانی لەنێو یەكێتیدا گوتی "هەوڵەكانی كاك پاڤڵ جێگای رێزە، بە حوكمی ئەوەی كوڕی مام جەلالە و لەدایكییەوە نزیكە، پەیوەندیشی لەگەڵ كاك كۆسرەت و كاك بەرهەم، هەروەها لەگەڵ سەركردەكانی دیكەش هەیە. ئەو كاریگەریی خۆی هەبووە لەسەر ئەو كەشە هێمنەی ئێستا لەنێو یەكێتیدا دروست بووە".
هەرچی فەرید ئەسەرد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتییە، دەڵێت پاڤڵ تاڵەبانی كادیرێكی یەكێتییە و وەكو هەر كەسێكی دیكە بەو دۆخەی یەكێتی نیگەرانە. ئەسەسەرد گوتی :"دۆخەكە هێور بووەتەوە، بەڵام هەتاوەكو ئێستا هیچ ئەنجامێك لە هەوڵ و دەستپێشخەرییەكان بۆ چارەسەری كێشە نێوخۆییەكانی یەكێتی بەدی نەهاتووە".
شەوی 14/10/2016 پاڤڵ تاڵەبانی بە نوێنەرایەتی باڵی زۆرینەی مەكتەبی سیاسی، لە ماڵی كۆسرەت رەسوڵ لەگەڵ ناوەندی بڕیار بۆ ماوەی سێ كاژێر كۆبووەوە. ئەگەرچی كۆبوونەوەكە بێ ئەنجام بوو، بەڵام پاڤڵ تاڵەبانی سەركەوتوو بوو لەوەی رێگای نەدا لە كۆبوونەوەی رۆژی 15/10/2016ی سەركردایەتیی یەكێتیدا هیچ بڕیارێك لە بەرژەوەندی یان لە دژی هیچ باڵێكی یەكێتی دەربچێت. كە ئەو كۆبوونەوەیە لەلایەن كۆسرەت رەسوڵ (بەپێی بەیاننامەیەك) بە راگەیاندنی "دوولەتكردنی یەكێتی" وەسف كرا، بەپێی زانیارییەكانی (رووداو) كۆبوونەوەی دووەمی سەركردایەتیی یەكێتی لەسەر داوای پاڤڵ تاڵەبانی بە فەرمی نەكرا.
رەخنەی لە باڵی زۆرینە گرتووە
سەركردەیەكی سەر بە ناوەندی بڕیار كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت و بەشداریی زۆربەی كۆبوونەوەكانی كردووە، بە (رووداو)ی راگەیاند "كاك پاڤڵ قسەی باشی لەو كێشانەدا كردووە، هەر كەسێك نێوەندگیری كردبێت تووشی كێشە بووە لەگەڵ یەكێك لەو باڵانە، بەڵام ئەو خوا هەڵناگرێت، قسەی بە هەندێك كەس لەنێو باڵی زۆرینە گوتووە كە بەناوی ماڵی مام جەلال و ئیبراهیم ئەحمەدەوە كێشەكانی نێو یەكێتی قووڵتر دەكەنەوە".
هاوكات هاوڕێیەكی نزیكی پاڤڵ، تێڕوانینی ئەو بۆ كێشەكانی نێو یەكێتی دەخاتەڕوو و دەڵێت "كاك پاڤڵ پێیوایە لە بەڕێوەبردنی یەكێتیدا ماڵی مام جەلال سەنتەرە. لەگەڵ پاراستنی پێگە و دەسەڵاتی هەردوو جێگرانی سكرتێری گشتی. هەروەها بەستنی كۆنگرەش بە چارەسەر دەزانێت، بەڵام بەو مەرجەی نەبێتە هۆی پەراوێزخستن یان دەركردنی باڵ و كەسانێك لەنێو یەكێتی".
پاڤڵ تاڵەبانی كەمترین دەركەوتنی لە كۆبوونەوە و بۆنە فەرمییەكاندا هەبووە. بەدرێژایی ساڵی رابردوو چەند چالاكییەكی كەمی هەبووە كە لە میدیاكانەوە تیشكیان خرابێتە سەر. لەوانەش بەشداریكردنی لە كۆبوونەوەی هاوبەشی مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی بە سەرپەرشتی مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە رۆژی 6/3/2016 لە پیرمان بەڕێوەچوو.
كۆتایی حوزەیرانی 2016 لە هەولێر سەردانی عەلی باپیر، ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامیی كرد. هەروەها رۆژی 6/8/2016 سەردانی د.فوئاد مەعسوم، سەرۆك كۆماری عێراقی لە بەغدا كرد و رۆژی 22/11/2016 سەردانی نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركووكی كرد.
دوایین دەركەوتنی پاڤڵ تاڵەبانی لە میدیاكانەوە رۆژی 4/12/2016 بوو كە بەشداریی كۆبوونەوەیەكی كۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی كرد لەگەڵ برێت مەكگۆرگ، نوێنەری باراك ئۆباما بۆ هاوپەیمانێتی شەڕی دژی داعش.
ساڵی رابردوو كە ساڵێكی پڕ لە كێشمەكێشمی سیاسی و ناڕەزایی خەڵك بوو بەهۆی قەیرانی دارایی، بەپێچەوانەی سیاسییەكانی دیكەوە، پاڤڵ تاڵەبانی تەنیا جارێك لە رێگەی میدیاكانەوە قسەی لەسەر دۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان كردووە، ئەویش لە وتارێكدا كە رۆژی 26/11/2016 بڵاوی كردەوە بە ناونیشانی " ئەوەی پێویستە بكرێت". تاڵەبانی لە بەشێكی وتارەكەیدا گوتبووی "خۆنمایشكردن لەژێر چەتری بێزاریی خەڵك لە كۆمەڵێك نووسین و قسە و كردار، ئەوەندەی دەبێتە هۆی بە پاڵەوانبوونی كەسی، ئەوەندە نابێتە هۆكار بۆ كەمكردنەوەی ئازار و شەكەتیی خەڵك و گەیشتن بە رێگەی چارەسەر".
هاوڕێیەكی نزیكی پاڤڵ تاڵەبانی كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە بە (رووداو)ی گوت "پاڤڵ تاڵەبانی زۆر بڕوای بە سیاسەتی فەیسبووك و پاڵەوانی شەقام نییە".
دەبێ یەكێتی لەگەڵ پارتی حوكم بكات
(رووداو) زانیویەتی پاڤڵ تاڵەبانی، كۆبوونەوەی سەركردایەتی هاوبەشی گۆڕان و یەكێتی لە رۆژی 5/12/2016ی رێكخست بۆ ئەوەی بە یەك بۆچوون لەگەڵ پارتی كۆببنەوە. لە كاتێكدا دوای دروستبوونی باڵی ناوەندی بڕیار لە نێو یەكێتیدا لە رۆژی 1/9/2016 ، سەركردایەتی هاوبەش كۆنەببووەوە.
بەپێی زانیاری ئەو كەسە نزیكەی كوڕە گەورەی تاڵەبانی "پاڤڵ تاڵەبانی پەیوەندی لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و دڵشاد بارزانیی برای كە نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستانە لە ئەڵمانیا، بەهێزە. لەگەڵ سەركردەكانی دیكەی پارتیش پەیوەندیی باشە. جگە لەوە لەگەڵ نەوشیروان مستەفا و سەركردەكانی پێشووی یەكێتی كە ئێستا لەنێو گۆڕانن، پەیوەندی هەیە و بەردەوام سەردانیان دەكات".
ئەو هاوڕێیەی پاڤڵ باسی تێڕوانینی كوڕە گەورەكەی تاڵەبانی دەكات بۆ بەڕێوەبردنی كوردستان و دەڵێت "پاڤڵ تاڵەبانی قەناعەتی وایە دەبێ یەكێتی سلێمانی لەگەڵ گۆڕان، كوردستانیش لەگەڵ پارتی بە هاوبەشی بەڕێوەببات".
پاڤڵ جەلال تاڵەبانی
- ساڵی 1973 لە شاری بەغدا لەدایك بووە.
- بەشی گرافیك و دیزاینی لە كۆلێژی ئەندازیاری تەواو كردووە.
- دامەزرێنەرانی دەزگای دژە تیرۆرە لە سلێمانی
- بەشداری لە 120 ئۆپەراسیۆنی دەزگای دژە تیرۆر كردووە هەر لە هەورامانەوە تاوەكو بەسرا
- وڵاتینامەی بەریتانی هەیە. خولی هەواڵگری، دیبلۆماسی و سیاسی لە ئەمریكا، بەریتانیا و چەند وڵاتێكی دیكە بینیوە.
- زمانەكانی كوردی، ئینگلیزی، ئەڵمانی، فارسی و عەرەبی دەزانێت.
- لەگەڵ لاڤەی كچی مەلا بەختیار خێزانیان پێكەوە ناوە. كوڕێكیان هەیە بە ناوی كۆبان.
- زۆرترین كات لەگەڵ باوكی بووە و كاریگەری و پەروەردەی ئەوی لەسەر بووە.