یەکێتی زانایان: کۆچی دوایی شێخ ئەحمەد خەیلانی خەسارەتێکی گەورەیە
رووداو دیجیتاڵ
بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە شێخ ئەحمەد شێخ مەلا محەممەد خەیلانی، کەسایەتیی دیاری شاری هەولێر کۆچی دوایی کرد، بەرپرسی راگەیاندنی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان دەڵێت: "ساڵانێکی زۆرە ئەو خانەوادەیە خزمەتی ئایینی ئیسلام و لایەنی کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی دەکەن و لەدەستدانی خەسارەتێکی گەورەیە".
بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 2-1-2022، شێخ ئەحمەد خەیلانی، کەسایەتی ئایینی دیاری شاری هەولێر کۆچی دوایی کرد، مەلا عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، بەرپرسی راگەیاندنی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان لەوبارەیەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "مامۆستا شیخ ئەحمەد خەیلانی لە بنەماڵەیەکی ئایینپەروەر و نیشتیمانپەروەری خزمەتکار بە ئایینی ئیسلام بووە و بە درێژایی تەمەنیان ئەو خێزانە خزمەتی ئایینی ئیسلامیان کردووە و لە خزمەتی خێر و خێرخوازی و کاری مرۆڤایەتیی بوون".
مەلا عەبدوڵڵا شێرکاوەیی هەروەها دەڵێت: "شێخ ئەحمەد خەیلانی، کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی گەورە بووە، کە رۆڵی زۆری هەبووە لە چارەسەرکردنی زۆر کێشەی کۆمەڵایەتی و هێنانەکایەی سوڵح و ئاشتەوایی لەنێوان خەڵکدا، بۆیە لەدەستدانی شێخ ئەحمەد خەیلانی زیانێکی گەورەیە و خوا بە بەهەشتی راسپیرێت".
بەرپرسەکەی یەکێتی زانایانی ئیسلامیی کوردستان ئاماژەی بەوەدا شێخ ئەحمەد خەیلانی، ئەهلی تەسەوف بووە و لەسەر تەریقەتی نەقشبەندیی بووە و مزگەوتێکی گەورەیان هەیە لە شاری هەولێر و حوجرەی خۆیان هەیە و فەقێیەکی زۆریان پەروەردەکردووە و هەمووی لەسەر ئەرکی خۆیان بە سەرپەرشتی خۆیان کارەکان دەکەن و خزمەتی باشیان کردووە.