بە درۆن هێرش کرایەوە سەر فڕۆکەخانەی هەولێر

رووداو دیجیتاڵ

پەیامنێری رووداو لە هەولێر رایگەیاند ئەمڕۆ "بە درۆن هێرش کرایەوە سەر فڕۆکەخانەی هەولێر، درۆنەکە لە رێگەی سیستەمی دژەمووشەکی تێکشکێندراوە، هیچ زیانێکی گیانی و مادی نەبووە."
 
هاونیشتمانییەک بەناوی ئیبراهیم فەرمان بە رووداوی گوت "کاژێر 09:55ـی بەیانیی ئەمڕۆ لە گەزنە دەنگی درۆنمان بیست، هەموو کارمەندەکانی شوێنی کارمان هاتینە دەرەوە و درۆنەکە بەچاو دیار بوو."
 
ئیبراهیم فەرمان کە ڤیدیۆی درۆنەکەی تۆمارکردووە و بۆ رووداوی ناردووە، هەروەها گوتی "ماڵم لە شاوێسە و پێشتر لەکاتی هێرشی درۆنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانم بینیوە، بەڵام ئەوە یەکەمجارە لە گەزنە درۆن ببینم."
 
 
دژەتیرۆری کوردستان: درۆنەکە بۆمبڕێژکراو بووە و خرایەخوارەوە
 
دژەتیرۆری کوردستان لە راگەیێندراوێکدا پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ رایگەیاند، "درۆنەکە بۆمبڕێژکراو بووە. لە لایەن میلیشیا لەیاسادەرچووەکانەوە ئاراستەی بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کرابوو، تێکشکێندرا و خرایە خوارەوە."

 

هێرشی گرووپە چەکدارەکانی شیعە، کە خۆیان بە مقاوەمەی ئیسلامی دەناسێنن، لەدوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە دژی بنکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق، سووریا، هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان دەستیپێکردووە.
 
یەکەم هێرشی ئەو گرووپە بۆ سەر ‌هێزەکانی ئەمریکا، بەپێی ئەو راگەیێندراوانەی لە کەناڵی تەلەگرامی خۆیان بڵاوی دەکەنەوە، لە 17ـی ئۆکتۆبەری 2023 بوو، کە رایانگەیاند بە درۆن هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی عەین ئەسەد لە ئەنبار و هەریر لە هەولێر.
 
لە 17ی ئۆکتۆبەرەوە تائێستا، گرووپە چەکداریی شیعەی بەناو "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" بەرپرسیاریێتیی خۆیان لە 14 هێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و 12 ‌هێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەی هەریر، لە ئەستۆ گرتووە.