ئەندامێکی ئەنجوومەنی شاری ورمێ: کورد پەراوێز خراوە

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەندامێکی کوردی ئەنجوومەنی شاری ورمێ دەڵێت، کورد لە بەڕێوەبەریی ئەو شارەدا پەراوێز خراوە و دامەزراندنی خەڵک لە دامودەزگاکانی ئەو شارەش دادپەروەرانە نییە.
 
سادق تەوەکولی‌مێهر، ئەندامی کوردی ئەنجوومەنی شاری ورمێ لە وتارێکدا کە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویکردووەتەوە دەڵێت، "کێشەی سەرەکیی ورمێ ئەوە نییە کە خزمەتگوزاری بۆ چەند شەقام و گەڕەکێک دابین ناکرێت، بەڵکو کێشە لە روانگە و بیرکردنەوەی زاڵ بەسەر بەڕێوەبەری شارەکەدایە و ئەگەر بیانەوێت ورمێ بکەوێتە سەر رێگەی گەشەسەندنی یەکسان، تەنیا رێگە ئەوەیە روانگەی زاڵ بەسەر بەڕێوەبەریی ئەو شارە بگۆڕدرێت."
 
سادق تەوەکولی‌مێهر دەڵێت، "ئەو روانگەیە ناتوانێت قبوڵی بکات، نوێنەری کورد لە ئەنجوومەنی شاری ورمێدا بێت یان وەکو نوێنەری ئەو شارە بچێتە پەرلەمان."
 
هەروەها رایگەیاندووە،" لە پێنج هەزار فەرمانبەری شارەوانیی ورمێ، کەمتر لە 1٪یان کوردن."

 

 
بە گوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی شاری ورمێ، لە ورمێ و هەموو ناوچەی زاگرۆسدا، هیچ گەلێک وەکو کورد مێژوو و ریشەی نییە، بەڵام ئەو خەڵکە رەسەنە لە ماڵ و شوێنی ژیانی خۆیاندا بە میوانی نەخوازراو دادەنرێن. "رێگەچارەی نەهێشتنی نادادپەروەری لە ورمێ هەرچییەک بێت، بێدەنگبوون نییە. بێدەنگبوون بە قازانجی ئەو کەسانەیە سامانی شارەکە بە تاڵان دەبەن و دەرفەتی پێکەوەژیانی ئاشتییانەیان لە خەڵکی شارەکە زەوت کردووە."