لە ئامەد 32 کۆچبەری ئەفغانی دەستبەسەرکران

رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان 32 کۆچبەری ئەفغانی دەستبەسەرکران کە لەنێو تانکەرێکی پاشەڕۆی بەستراو بە بارھەڵگرێکەوە شاردرابوونەوە. 
 
تیمەکانی هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتیی کۆچبەران و دەروازە سنوورییەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای ئامەد بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی دووی کانوونی دووەمی 2026 بە گومان تانکەرێکی پاشەڕۆیان راگرت کە بە بارھەڵگرێکەوە بەسترابوو.
 
لە پشکنینی تیمەکاندا بە ئامێری تەکنیکی دەرکەوت کۆچبەرانی نایاسایی لە بارودۆخێکی نامرۆڤانەدا لەنێو تانکەرەکەدان.
 
دوای هەوڵێکی زۆر، 32 کۆچبەری ئەفغانی لەنێو تانکەرەکەدا دەرهێنران. 
 
رێکارەکانی گەڕاندنەوە بۆ کۆچبەرە نایاساییەکان دەستیان پێکرد و پێنج کەس بە تۆمەتی قاچاخچێتی بە کۆچبەران دەستبەسەرکران. هەروەها دەست بەسەر ئەو بارھەڵگر و تانکەرەیشی بەکارهێنرابوون دەستیان بەسەرداگیرا.
 
دوای رێکارەکان لە بەڕێوەبەڕێوەبەرایەتیی ئاسایش، پێنج کەسە دەستبەسەرکراوەکە رەوانەی دادگە کران. بە بڕیاری دادوەر یەکێکیان بە مەرجی "مانەوە لە ماڵەوە" لەژێر چاودێریی دادوەری ئازاد کرا و چوار کەسەکەی دیکەش خرانە زیندانەوە.
 
هەرچەندە تورکیا سنوورەکانی خۆی لەگەڵ رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە دروستکردنی دیواری کۆنکرێتی تووندوتۆڵ کردووە، بەڵام چوونی کۆچبەری ئەفغانستانی لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بەردەوامە و رۆژانە دەیان کۆچبەر دوای پەڕینەوەیان لە سنوور دەستبەسەردەکرێن.